ڕاپۆرتی جیهانی

10:35 - 11/04/2019

كامیان سەرۆكایەتی سودان دەگرێتە دەست؟‌

پەیسەر

لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردووەوە سودانیەكان لەشاری خەرتوم و شارەكانی تر خۆپیشاندان دەكەن و داوای روخانی دەسەڵاتەكەی سەرۆك عومەر حەسەن بەشیر دەكەن كە 30 ساڵ پێش ئێستا بەكودەتای سەربازی گەیشتە دەسەڵات.

لەم چەند رۆژەی رابردوودا خۆپیشاندانەكان فراوانبونێكی دیاریان بەخۆیانەوە بینی، كاتێك سەدان هەزار كەس لەنزیك بارەگای سەركردایەتی سوپا دەستیان بەمانگرتن كرد بەمەبەستی هاندانی سوپا بۆ ئەوەی لایەنگری گەل دژی دەسەڵات بكات لە شۆرشی مەدەنی سوداندا.

لەو كاتەدا چەند روداوێكی نوێ رویاندا سوپا چیتر لەبەیاننامەكانیدا پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆك دووپات نەكردەوە، بەڵكو بەپێچەوانەوە جەختی لەرێزگرتن لەئیرادەی گەل و ئازادی و خەباتەكەی كرد.

تەنانەت پۆلیسیش كە شمشێری دەسەڵات بوو لەدژی خۆپیشاندەران بەیاننامەیەكی دەركرد تێیدا جەختی لەپاراستنی خۆپیشاندەران كرد، هەروەها پێداگری لەسەر گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لەوڵاتدا كردووە.

چاودێران پێیان وایە بەشیر چیتر ناتوانێت لەدەسەڵات بمێنێتەوە و پێویستە پرسیاری ئەوە بكرێت كە كێ لەكۆشكی سەرۆكایەتی جێگەی دەگرێتەوە و كار دەكات بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و سەركردایەتی وڵات دەكات، ئەوەش تا ئەو كاتەی هەڵبژاردنێكی سەرۆكایەتی دەكرێت كە خواستەكانی خۆپیشاندەرانی تێدابێت كە سورن لەسەر گۆڕانكاری.

باسی كەسایەتیە سەربازیە گەورەكان دەكرێت كە سەرۆكایەتی و هێزە چەكدارەكان لەسەری رێك بكەون بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكایەتی وەربگرێت كاتێك  بەشیركۆشكی سەرۆكایەتی جێدەهێڵێت.

یه‌كه‌م/ عەوز بن عەوف
فەریقی یەكەم عەوز محەمەد بن عەوف لەئێستادا دووپۆستی گەورەی هەیە، كە وا دەكات لەبەدەستهێنانی كۆشكی سەرۆكایەتی نزیك بێت ئەوانیش یەكەم جێگری یەكەمی سەرۆكە  و هەروەها لەهەمان كاتدا وەزیری بەرگریە.

بن عەوف كە لەسەرەتای پەنجاكانی سەدەی رابردوو لەدایك بووە چەندین بەرپرسیاریەتی گرنگی لەسوپادا وەرگرتووە، وەك بەرێوەبەری دەزگای هەواڵگری سەربازی و جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، لەساڵی 2010 خانەنشین كرا و پەیوەندی كرد بە وەزارەتی دەرەوە و بووە كونسوڵی وڵاتەكەی لەقاهیرە پاشان بووه‌ باڵیۆزی سودان لە شانشینی عومان،  ، بەڵام بەشیر گەراندیەوە و ساڵی 2015 كردیە وەزیری بەرگری و لەمانگی شوباتی رابردوو بەهۆی زیادبوونی ئاڵۆزیەكانی خۆپیشاندانەكانەوە وەك جێگری یەكەمی سەرۆك لەلایەن بەشیرەوە دیاریكرا لەگەڵ ئەوەی لە پۆستی وەزیری بەرگریش مایەوە. هەفتەی رابردوو رایگەیاند رێز لەخۆپیشاندان و قوربانیدانی گەل دەگرێت.

دووه‌م/ كەمال عەبدولمەعروف
لەساڵی 2018 وە فەریقی یەكەم كەمال عەبدولمەعروف پۆستی سەرۆكایەتی ئەركانی هاوبەشی گرتۆتە دەست، ئەو سێیەم كەسایەتی ناو سوپایە لەداوای سەرۆك كۆمار و وەزیری بەرگری و نازناوی فەرماندەی باڵای هەیە.

عەبدولمەعروف  رێزێكی گەورەی لەناو هێزە چەكدارەكان و لەناو شەقامی سودانیش هەیە، و ساڵی 2012 فەرماندەی فەیلەقی 14 بوو كاتێك سەرۆكایەتی هێزی وڵاتەكەی كرد بۆ دەركردنی هێزەكانی باشوری سودان لەشاری هجلیج ی دەوڵەمەند بەنەوت.

عەبدولمەعروف چەند بروانامەیەكی باڵای لەپلانی سەربازی و ئیدارەدانی هەیە و لەماوەی چل ساڵی رابردوودا چەندین پۆستی سەربازی باڵای وەرگرتووە، لەوانەش راگری كۆلیژی سەربازی سودان و بەرپرسی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان لەوەزارەتی بەرگری و جێگری سەرۆكی ئەركان، هەروەها وەك پاشكۆی سەربازی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لەهەریەك لەچین و كۆریای باشور و كۆریای باكور و ڤێتنام كاری كردووە.

بەم دوایانە رایگەیاند كە هێزە چەكدارەكان لایەنگری گەلن و پابەندن بە ئاسایشی و پاراستنی هاوڵاتیان و پارێزگاریكردن لەگیانی هاوڵاتیان و موڵك و ماڵەكانیان، لەهەمان كاتدا سورە لەسەر جێبەجێكردنی كارەكانی سەرشانی بەپێی دەستور.

سێیه‌م/ عماد عەدوی
پلەی فەریقی یەكەمی هەیە و تاساڵی 2018 فەرماندەی ئەركان بووە و لەوكاتەدا لەهەنگاوێكی چاوەروان نەكراودا لەلایەن بەشیرەوە لەپۆستەكەی دوورخرایەوە و خانەنشین كرا، بەڵام تائێستاش پێگەی هەیە لەناو هێزە چەكدارەكان و ناویشی لەناو ئەو ناوانەدا دەهێندرێت كە جێگەی بەشیر دەگرنەوە، پێش ئەوەی سەرۆكایەتی ئەركان وەربگرێت چەند بەرپرسیاریەتێكی تری لەناو سوپادا هەبووە و ماوەیەكیش لەناو هێزە وشكانیەكان كاری كردووە.

چواره‌م/ مستەفا عوسمان عەبید
فەریقی یەكەم ئەندازیار مستەفا عوسمان عەبید بەیەكێك لە كەسایەتیە سەربازیە دیارەكانی سودان دادەنرێت و پێشتر هەردوو پۆستی سەرۆكی ئەركان و وەزیری بەرگری هەبووە، ژیاننامەی عەبید دوای وەرگرتنی فەرماندەیی هێزە ووشكانیەكان و پەیوەندیكردنی بە چەند خولێكی راهێنان لە سوریا و ویلایەتەیەكگرتووەكان روون بۆوە، چەند راپۆرتێك ئاماژە بەوە دەكەن كە عەبید لەو كەسایەتیە سەربازیانەیە كە توانای ئەوەی هەیە جێگەی بەشیر بگرێتەوە، دەنگۆی ئەوەش هەیە كە سەردانی خۆپیشاندەرانی كردووە و پشتیوانی بۆ دووپاتكردونەوە.

پێنجه‌م/ یاسر عەتا
پلەی لیوا روكنە، پێشتر فەرماندەی فرقەی 14ی پیادە بووە و سەرۆكایەتی ڕووبەڕووبونەوەی یاخی بوانی لە باشوری كردفان لەئەستۆ بووە، هەروەها فەرماندەی هێزەكانی پاسەوانی سنور بووە و بەیەكێك لەكەسە كاریگەرەكانی ناو سوپای سودان دادەنرێت.

شه‌شه‌م/ عەلی محەمەد سالم
مانگی ئەیلولی رابردوو پلەكەی بۆ فەریق بەرزكرایەوە و لەئێستادا پۆستی والی ویلایەتی جەزیرەی هەیە و پێشتر پۆستی وەزیری دەوڵەتی لەناو وەزارەتی بەرگریدا هەبووە.