ڕاپۆرتی جیهانی

05:36 - 21/04/2019

ئایا رێگای ئاورێشمی نوێ جێگای بێ دەریایی بۆ کورد دەگرێتەوە؟‌

پەیسەر

بۆ ماوەی نزیک بە دوو هەزار ساڵ رێگای ئاورێشمی چین گەورەترین و گرنگترین رێگای بازرگانی جیهان بوو، قوماشی ئاورێشمی دروستکراوی چین بە حوشتر لە چینەوە دەگەیشتە رۆما و ئیسپانیا و میسر،  شازادە و بازرگان و خاوەن موڵکە گەورەکانی ئەوروپا و باکوری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە لەبەرکردنی جلی ئاورێشمی چینەوە پۆزیان لێ دەدا. رێگای ئاورێشم تەنیا رێگەیەک نەبوو بۆ بازرگانی، بەڵکو لەڕێی ئەم رێگایەوە گەلان بە کلتوری یەکتر ئاشنا دەبوون، کاتێک شاعیرێکی کورد یارەکەی دەچوێنێت بە بتی چینی و ... ئاماژەیە بۆ کاریگەری رێگای ئاورێشم لە گواستنەوەی کلتوری.

 
دوای ئەوەی پیشەسازی کەشتی پێشکەوت، رێگەی دەریایی بۆ بازرگانیکردن جێ پێی بە رێگای وشکانی و رێگای ئاورێشم لەق کرد و رێگای ئاورێشم تەنیا وەک بەشێک لە مێژوو مایەوە، ئەو بەشە لە مێژوو کە نۆستالیژیای هاوبەشی زۆربەی گەلانی ئاسیا و ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵام لە ئێستادا چیتر رێگای ئاورێشم تەنیا بەشێک نییە لە مێژوو و نۆستالیژیا، بەڵکو بووەتە پڕۆژەیەک بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی مێژووی داهاتووی جیهان.


لە ساڵی ٢٠١٣دا چین پەردەی لەسەر خەون و رۆئیایەکی گەورە خۆی لادا، خەونی بوژاندنەوەی رێگای ئاورێشم، کە بە ڕێگای ئاورێشمی نوێ ناسراوە، رێگای ئاورێشمی نوێ لەوانەیە گەورەترین پڕۆژەی ئابوری مێژوو بێت کە جارێکی دیکە لەڕێی وشکانی و دەریاییەوە بەپێی ئەو نەخشەیەی چین دایڕشتووە کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقا پێکەوە دەبەستێتەوە.

چین هەر لە سەرەتاوە بڕی ٩٠٠ بۆ ١١٠٠ ملیار دۆلاری بۆ وەبەرهێنان لەو پڕۆژەیەدا تەرخان کرد، پڕۆژەکە نزیکەی ٧٠ وڵاتی جیهان پێکەوە دەبەستێتەوە و سێ ڕێگا لە خۆ دەگرێت، رێگای باکور کە لە چینەوە دەست پێدەکات بە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست وەک ئەفغانستان و تاجیکستاندا تێپەڕ دەبێت تا دەگاتە مۆسکۆ و لەوێشەوە بە باکوری ئەوروپادا تێپەڕ دەبێت تا دەگاتە رۆتەردام لە هۆڵندا.

رێگەی دووەم کە ئەویش هەر رێگەی وشکانییە و رێگەی ناوەڕاستە، لە چینەوە دەستپێدەکات لقێکی لەڕێی پاکستانەوە دەگاتە کەنداو و لقەکەی دیکەشی لەڕێی ئەفغانستان و ئێرانەوە دەگاتە عێراق و تورکیا، لە تورکیاشەوە بە دەروازەی یۆنانەوە دەگاتە ئەوروپا.

رێگەی سێیەم رێگای دەریاییە، لە باشوری چینەوە دەست پێدەکات و وڵاتانی باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا دەگرێتەوە و لەوێشەوە بەرەو ئەفریقا، لە ئەفریقا دوبارە دەبێتەوە بە رێگای وشکانی تا دەگاتە میسر و باکوری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


ئەم پڕۆژەیە یار و نەیاری زۆرە، دوابەدوای ئەوەی چین پڕۆژەکەی راگەیاند هەندێک لە وڵاتان بە گەرمی پێشوازییان لێکرد، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە سەر رێگاکە، چونکە رێگاکە بە هەر وڵاتێکدا تێپەڕبێت ئەوا دەکەوێتە سەر هێڵێکی گەورەی بازرگانی و دەتوانێت لێی سودمەند بێت، جگە لەوەش لەو بودجەیەکی کە چین بۆ پڕۆژەکەی تەرخان کردووە قەرز دەداتە ئەو وڵاتانە بۆ ئەوەی بۆ دروستکردنی ڕێگاوبان و هێڵی شەمەندەفەری تەرخان بکەن و کۆمپانیا چینییەکانیش بەپێی ستانداردی چینی رێگاوبانەکان دروست دەکەن، بەمەش ئەو وڵاتانەش دەبنە خاوەنی رێگاوبانێکی گونجاو و پێشکەوتوو.

بەڵام پڕۆژەکە نەیاریشی زۆرە، لە ئاسیادا ژاپۆن و هیندستان نەیاری پڕۆژەکەن، ژاپۆن وەک رکەبەرێکی مێژوویی چین پێیوایە ئەم رێگایە پێگەی چین لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەهێز دەکات و ژاپۆن پەراوێز دەکەوێت هەربۆیە دژایەتی دەکات، هیندستانیش بەشێک لە دژایەتییەکەی بۆ پڕۆژەکە هەمان ئەو پاساوەی ژاپۆنە و بەشێکی دیکەشی لە بەر ئەوەیە کە پێیوایە پڕۆژەکەی چین شەفاف نییە و ئەو وڵاتانەی کە چین قەرزیان پێدەدات بۆ دروستکردنی جادە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ دەکەونە ژێر باری قەرزی چینەوە و ناچار دەبن لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بەهۆی قەرزەکانەوە گوێڕایەڵی چین بن، بۆ نمونە دوای ئەوەی سریلانکا نەیتوانی قەرزەکانی بە چین بداتەوە چین لە بری وەرگرتنەوەی قەرزەکە دەستی بەسەر بەندەری ستراتیژی هامبانتوتادا گرتووە و بۆ ماوەی ٩٩ ساڵ ئەو بەندەرە بۆخۆی بەکار دەهێنێت کە ئەم بەندەرە لە داهاتووشدا رۆڵێکی گرنگی دەبینێت لە رێگای ئاورێشمە دەریاییەکەدا بۆ ئەفریقا.

ئەمریکاش بە هەمان شێوە نەیاری پڕۆژەکەیە، چونکە ئەمریکا زۆر لە پێگەی داهاتووی چین لە سیاسەت و ئابوری جیهاندا دەترسێت، ئەمریکا چین بە گەورەترین و مەترسیدارترین رکەبەری خۆی دادەنێت و ئەم پڕۆژەیەش یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ ئەوەی چین لەڕێیەوە دەست بەسەر ئابوری و بازرگانی بەشێکی گەورەی جیهاندا بگرێت و کاڵاکانی خۆی لەو وڵاتانەدا ساخ بکاتەوە، ئەمەش شوێنپێی ئەمریکا لەق دەکات لەوەیکە وەک گەورەترین زلهێزی ئابوری و سەربازی جیهان بمێنێتەوە.


لە ئەوروپاش تا ئێستا بە دوو دڵییەوە سەیری پڕۆژەکە دەکرێت، هەندێک لە وڵاتان پێیانوایە سودمەند دەبن لێی و هەندێکیش بە مەترسی بۆسەر داهاتووی بازرگانی و پیشەسازی خۆیانی دادەنێن، چونکە ئەم رێگەیە دەرفەتی کەمتر بۆ ئەوروپا دەهێڵێتەوە کە لە بازاڕەکانی ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئاسیادا رکەبەرایەتی پیشەسازی چین بکەن، جگە لەوەش کۆمپانیا ئەوروپییەکان و وڵاتانی ئەوروپا نیگەرانییەکی دیکەشیان هەیە ئەویش ئەوەیە چین ئەم پڕۆژەیەی بۆ خۆی قۆرخ کردووە، نزیکەی لەسەدا ٩٠ی ئەو رێگایانەی دروست دەکرێت لەلایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە دروست دەکرێن، تەنانەت ئەو کۆمپانیا ئەوروپیانەش کە بیانەوێت لە دروستکردنی پڕۆژەکەدا بەشداربن دەبێت مادە و کاڵا چینییەکانی وەک چیمەنتۆی چینی بەکاربهێنن.

وڵاتانی ئەوروپا تا ئێستا هەڵوێستێکی یەکگرتوویان نییە بەرامبەر پڕۆژەکە و هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی بە ستراتیژێکی هاوبەش رووبەڕووی ببنەوە بەڵام تا ئێستا بەم ستراتیژە هاوبەشە نەگەیشتوون.
بەشێکی دیکە لە نەیارەکانی پڕۆژەکە نەک وڵاتان بەڵکو هەندێک لە چاودێرانن کە پێیانوایە پڕۆژەکە جۆرێکی نوێیە لە کلۆنیالیزم، کە کلۆنیالیزمی چینییە، چین لەڕێی ئەم پڕۆژەیەوە بەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتیدا زاڵ دەبێت و ئەو وڵاتانەی کە  لە قۆناغی گەشەسەندندان دەکەونە ژێر باری قەرزی چینەوە و هەروەها دەرفەتی ئەوەیان نابێت لە داهاتوودا رکابەرایەتی بەرهەمە چینییەکان بکەن بۆیە بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ هەمیشە وابەستە و گرێدراوی چین دەبن، جگە لەوەش لە داهاتوودا پرۆژەکە پێویستی بە سەقامگیری ئەو وڵاتانە هەیە کە رێگاکەیان پێدا تێپەڕ دەبێت، هەربۆیە لە ئەگەری هەرجۆرە ناسەقامگیرییەک لەو وڵاتانەدا چین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ناچار دەبێت لەڕووی سەربازیشەوە دەستێوەردان بکات، بەمەش هەژمونی چین بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەسەپێنرێت، بە واتایەکی دیکە رێگەی ئاورێشم تەنیا رێگایەک نییە بۆ سەپاندنی هەژمونی ئابوری چین بەڵکو رێگایەکە بۆ سەپاندنی هەژمونی سیاسی و سەربازی و کلتوری چینیش بەسەر هەموو ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە سەر رێگاکە.


ئایا کورد دەتوانێت لە ڕێگای ئاورێشمی نوێ سودمەند بێت؟
هەرچەندە تا ئێستا لەناو کورددا هیچ توێژینەوەیەک لەسەر رێگای ئاورێشم و دەرەنجامەکانی نەکراوە، بەڵام ئەم رێگایە کورد ڕووبەڕووی هەندێک ئەگەر دەکاتەوە، کە هەم دەرفەتن  و هەم مەترسی.
رێگای ئاورێشم بە دوو بەشی رۆژهەڵات و باکوری کوردستاندا تێپەڕ دەبێت، لەوانەیە ئەگەر عێراق و هەرێمی کوردستان هەوڵ بدەن بتوانرێت هەرێمی کوردستانیش بکەوێتە سەر رێگاکە، بەمەش لەڕووی جیۆپۆلەتیکەوە پێگەی کوردستان بەهێز دەبێت، ئەگەر رێگاکە بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕبێت ئەوا جگە لەوەی هەرێم دەکەوێتە سەر شاڕێگەی بازرگانی جیهانییەوە بەڵکو بۆ سەقامگیری جیهانی پێویست دەبێت کە سەقامگیری هەرێمی کوردستانیش پارێزراو بێت.

بۆ باکور و رۆژهەڵاتی کوردستانیش بە هەمان شێوە دەتوانرێت رێگای ئاورێشم هەم ببێتە مەترسی و هەم ببێتە دەرفەت، لەم رووەوە دەبێتە مەترسی کە دەبێت سەقامگیری رێگاکە پارێزراوبێت بۆ ئەمەش وڵاتانی ئێران و تورکیا هێزێکی زیاتر لە کوردستان جێگیر دەکەن و هەر چەشنە جموجۆڵێکی هێزێکی کوردی لەو ناوچانە بە واتای ئەوە دێت کە بازرگانی جیهانیان خستووەتە مەترسییەوە، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی وەک هێزی تیرۆر سەیری هەر جوڵەیەکی چەکداری کوردی بکرێت.

لەوانەشە ببێتە دەرفەت، چونکە بۆ پاراستنی سەقامگیری رێگاکان ئەگەر ئەوە دێتە ئاراوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی فشار لەسەر ئەو دەوڵەتانە دروست بکات لەگەڵ کورد رێکبکەون بۆ ئەوەی کورد بە دەستبردن بۆ چەک ناسەقامگیری دروست نەکات.


لە حاڵەتێکی دیکەشدا دەکرێت ببێتە دەرفەت، ئەویش ئەوەیە بەهۆی دروستبوونی ململانێیەکی جیهانی قوڵ لەنێوان ئەمریکا و چین و ئەوروپا، ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی رکابەری چین دەکەن بۆ کۆسپ دروستکردن لەبەردەم پڕۆژەکەدا یارمەتی ئەو گروپ و لایەنانە بدەن بۆ دروستکردنی ناسەقامگیری، لەم حاڵەتەشدا دەرفەت بۆ کورد دروست دەبێت لەم نێوانەدا یاری بکات، ئەمەش پێگەی کورد بەهێزتر دەکات.

کورد زۆر جار دەڵێت کە بووەتە قوربانی ئەوەی دەریای نییە بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی دەوڵەت، دەوڵەتێک کە دەریای نەبێت دەبێتە دەوڵەتێکی گەمارۆدراو و بۆ هەمیشە ناچار دەبێت سازش بۆ دراوسێکانی بکات، بەڵام لەوانەیە خەون نەبێت ئەگەر بڵێین ئەگەر بێتو رێگای ئاورێشم بە کوردستاندا تێپەڕبێت ئەوا وەک ئەوە وایە کوردستان لەسەر دەریا بێت و ئەگەر رۆژێک لە رۆژان دەوڵەتێک دروست بێت ئەوا بۆ بازرگانیکردن پەکی ناکەوێت.

ئەمانە هەموو ئەگەر بوون و پێویستە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت کە کورد چۆن دەتوانێت لەم پڕۆژەیە سودمەند بێت و دەرفەت و مەترسییەکانی پڕۆژەکە تاوتوێ بکرێت بۆ ئەوەی روانینێکی ستراتیژی بۆ پڕۆژەکە هەبێت، ئامانجی ئێمەش لە ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەش هەر ئەوەبوو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵ بدەن توێژینەوەی لەسەر بکەن و گرنگی پێ بدەن.