ڕاپۆرتی جیهانی

06:46 - 27/04/2019

ئیسلام لە سەردەمی رێنسانسدا‌

پەیسەر

لە سەردەمی رۆشنگەری و رێنێسانس دینی ئیسلام و پێغەمبەرەکەی لەناو رۆشنبیران و کۆمەڵگای ئەوروپا پێگەیەکی بەرزیان هەبوو، پێغەمبەری ئیسلام وەک ئەفسانەیەک سەیر دەکرا دژ بە بیری دواکەوتووانە، کەچی لەم چەند دەیەی دواییدا بەهۆی پەرەسەندنی توندوتیژییەکانی گروپە ئیسلامییەکان و سەرهەڵدانی تیرۆر لە جیهانی ئیسلام، ئیسلامفۆبیا و نەفرەت لە ئیسلام لە رۆژئاوا بەهێز بووە، لەم ساڵانەی دواییدا جاروبار روویداوە لە رقی گروپە تیرۆریستییەکان کەسانێک قورئانیان سووتاندووە، بە بەراوردکردنی ئەو پێگەیەی کە پێشتر ئیسلام و پێغەمبەری ئیسلام لە ئەوروپا و رۆژئاوا هەیانبووە لەگەڵ ئەم چەند دەیەی رابردوودا دەکرێت بەو دەرەنجامە بگەین کە گەورەترین دوژمنی ئیسلام گروپ و کەسە توندڕەوەکانن، هەرچی بیری توندڕەوی لە ئیسلامدا پەرە بستێنێت بە هەمان ئەندازەش نەفرەت لە ئیسلام زیاتر دەبێت و خەڵک زیاتر لە ئیسلام دوور دەکەونەوە.

محەمەد پاڵەوانێکی دژە کلێسا لە سەردەمی رێنێسانسی ئەوروپا
نووسینی : جۆن تۆلان
لە سەدەی شازدەیەمدا لە ئەوروپا وەرگێڕان یان چاپ و بڵاوکردنەوەی قورئان بڤە بوو و لە هەمان کاتدا کارێکی مەترسیداربوو، قەشە و رێبەرانی ئایینی مەسیحی تۆمەتباریان دەکردی بەوەی بە چاپکردنی قورئان هەوڵی بەلارێدابردن و چەواشەکردنی کۆمەڵگات داوە، بۆ نمونە ساڵی ١٥٤٢ لە شاری بازیلی سویسرا بە بڕیاری ئەنجومەنی پرۆتسانتەکان خاوەنی چاپخانەیەک دەستگیرکرا کە ویستبووی قورئان چاپ بکات، کار گەیشتە ئەوەی مارتین لۆتەر کە قەشە و بیرمەندێکی ریفۆرمخوازێکی ئایینی مەسیحی بوو دەستێوەردانی کرد و رێگایدا کە قورئان چاپ بکرێت، چونکە لۆتەر پێیوابوو: " بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژمونی تورکەکان و ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی هیچ چەکێک بە قەد ئەوە کاریگەر نییە کە قورئان و درۆکانی پێغەمبەری ئیسلام چاپ و بڵاو بکەیەوە، چونکە کاتێک خەڵک درۆ و دەلەسەکانی قورئانیان خوێندەوە ئیتر لە راستییەکە تێدەگەن."

بەمجۆرە ساڵی ١٥٤٣ بۆ یەکەمجار قورئان لە ئەوروپا چاپکرا و کەوتە بەر دیدی رۆشنبیران و خوێندەوارانی ئەوروپا، لەو کاتەدا زۆربەی ئەوانەی قورئانیان دەخوێندەوە بۆ ئەو مەبەستە بوو باشتر ئیسلام بناسن و لەو ڕێگەیەوە بە شێوەیەکی باشتر بەرەنگاری موسڵمانان ببنەوە، لەم نێوانەدا کەسانێکیش هەبوون کە مەبەستێکی دیکەیان هەبوو ئەویش ئەوەبوو لە بەر رۆشنایی قورئان چەمکی سیانەی ئایینی مەسیحی رەت بکەنەوە،( چەمکی سیانە لە ئایینی مەسیحیدا ئاماژەیە بۆ خودا، مەسیح و روحی پیرۆز یان باوک و کوڕ و روحولقودوس)، یەکێک لەو کەسانە زانا و بیرمەندی کەتەلۆنی مایکڵ سەرڤەتوس بوو کە بە پشتبەستن بە قورئان چەمکی سیانەی ئایینی مەسیحی ڕەتکردەوە و لە نووسینێکدا محەمەد پێغەمبەری ئیسلامی وەک ریفۆرمخوازێک دەناسێنێت کە خەڵکی هانداوە بۆ خوداپەرستییەکی پاک و بێگەرد، بەڵام کلێسا لەڕێی چەمکی ناعەقڵانی  سیانەوە ئەو جۆرە خوداپەرستییەی لاواز کردووە، سەرڤەتوس دوای بڵاوبوونەوەی بۆچوونەکانی لەلایەن کڵێساوە تەکفیرکرا و لە دادگای پشکنینی کڵێسەی کەتۆلیکدا سزای مەرگی بەسەردا سەپێندرا و دواجار لە شاری جێنۆڤای ئیتالیا خۆی و کتێبەکانی سوتێندران.

لە سەردەمی رێنسانس( رۆشنگەری) کۆمەڵێکی دیکە لە نووسەران و بیرمەندانی رۆژئاوایی پێغەمبەری ئیسلامیان وەک سیمبۆل و پاڵەوانێک سەیر دەکرد دژ بە دەسەڵاتی ئایینی کڵێسا، هەندێکیان پێیانوابوو ئیسلام پاکترین شێوازی خوداپەرستییە و قورئانیش رازونیازە لە حزوری خودادا، ساڵی ١٧٣٤ جۆرج سەیل جارێکی دیکە قورئانی تەرجەمە کردەوە و بڵاویکردەوە، لە پێشەکییەکەیدا کورتە مێژوویەکی ئیسلامی باس کردبوو و تیایدا محەمەدی وەک بت شکێن و ریفۆرمخواز و نەیاری دەسەڵاتی پیاوانی ئایینی مەسیحی پێناسەکردبوو کە دژی بیر و بۆچوونە خورافی و دواکەوتووانەکانی ئایینی مەسیحییەتە.

قورئانەکەی جۆرج سەیل لە بەریتانیا پێشوازییەکی زۆری لێکرا، زۆربەی خوێنەرانی بەریتانی پێیانوابوو محەمەد سیمبۆلی کەسێکی کۆماریخوازە و دژی دەسەڵاتی دینینییە، قورئانەکەی جۆرج سەیل سنوورەکانی ئەوروپا و بریتانیای تێپەڕاند، تۆماس جێفێرسۆن لە دامەزرێنەرانی ئەمریکا ساڵی ١٧٦٥ دانەیەک لەم قورئانەی لە کتێبخانەی ویلیازبۆرگی ویرجینیا کڕی، بە خوێندنەوەی قورئان بە جۆرێک لە خوداپەرستی گەیشت کە زۆر جیاوازبوو لەو خوداپەرستییەی کلێسا بانگەشەی پێ دەکرد، ئەو قورئانە ئێستا لە کتێبخانەی کۆنگرێس هەڵگیراوە و کۆنگرێسمان و سیناتۆرە موسڵمانەکان سوێندنی پێ دەخۆن، بۆ یەکەمجاریش ساڵی ٢٠٠٧ کیس ئەلیسۆن سوێندی بەو قورئانە خوارد.

لە ئەڵمانیاش شاعیری مەزن گۆتە قورئانەکەی جۆرج سەیلی خوێندبووەوە و لە ژێر کاریگەری قورئاندا بۆچوونەکانی خۆی سەبارەت بە محەمەد وەک شاعیرێکی پێغەمبەرئاسا دەردەبڕێت، لە فەڕەنساش بیرمەندی ناسراو ڤۆلتێر ساڵی ١٧٥٦ لە کتێبی " مێژووی جیهان روحی گەڵان" ستایشی قورئانە تەرجەمەکراوەکەی جۆرج سەیلی کردووە، ڤۆلتێر محەمەدی وەک کەسێکی ریفۆرمخواز ناساندووە کە توانیویەتی باوەڕە خورافییەکانی ئایینی مەسیحی ڕەتبکاتەوە و بنەبڕیان بکات، لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٨دا ئیدوارد گیبۆن کە هەم قورئانەکەی جۆرج سەیل و هەمیش بوچوونەکانی ڤۆلتێری خوێندبووەوە لە کتێبەکەیدا " مێژووی داڕمانی ئیمپراتۆری رۆم" بەم شێوەیە وەسفی محەمەد دەکات:

" بیر و بۆچوونەکانی محەمەد هیچ جۆرە گومانێک هەڵناگرێت، قورئان بەڵگەیەکی مەزنە بۆ ئەوەی یەک خودا هەیە، پێغەمبەرەکەی مەککە بت پەرستی و پەرستشی خۆر و ئەستێرەکانی ڕەتکردەوە،  لۆژیکەکەشی ئەمەبوو کە هەر شتێک هەڵبێت ئاواش دەبێت و هەر شتێک خەلق کرابێت رۆژێک دەمرێت و لەناو دەچێت، ئیلهامە عەقلانییەکانی محەمەد خودا وەک بوونێکی بێ کۆتا و ئەبەدییەتێکی بێ هاوتا و بێ وێنە و بێ شکڵ و شێواز وێنا دەکات، خودا واجب الوجودێکە کە لەوپەڕی جەلال و کەمالدایە، خوداپەرستێکی ژیر و زانا لەوانەیە بچێتە سەر رێبازی محەمەد، چونکە باوەڕەکانی محەمەد ئەوەندە بەرز و بە شکۆن کە ئێمە ناتوانین لێی تێبگەین." 

ساڵی ١٧٨٣ کلۆد ئەتینە ساڤاری قورئانی وەرگێڕایەوە سەر زمانی فەڕەنسی و بڵاویکردەوە، ناپلیۆن بوناپارت قورئانە فەڕەنسییەکەی خوێندەوە و زۆر ژیرانە لە پێغەمبەر تێگەیشت، هەوڵی دەدا خۆی وەکوو محەمەدی سەردەم بناسێنێت، ساڤاری لە میسر قورئانەکەی تەرجەمە کردبووەوە و هەوڵی دابوو دەقە فەڕەنسییەکە وەک دەقە عەرەبییەکە ئاوازێکی تایبەت بە خۆی هەبێت، بە هەمان شێوەی جۆرج سەیل محەمەدی وەک کەسێکی مەزن پێناسە کردبوو کە لە کاتی جەنگدا وەک فەرماندەیەکی بلیمەت دەردەکەوێت و دەیزانی لایەنگرەکانی لەسەر وەفاداری و گوێڕایەڵی پەروەردە بکات، ناپلیۆن ساڵی ١٨٩٨ لەکاتی لەشکرکێشی بۆسەر میسر لەناو کەشتییەکدا قورئانی خوێندەوە و زۆر کاریگەر بوو بەو وێنەیەی کە ساڤاری لە محەمەدی دروست کردبوو و محەمەدی وەک ژەنەراڵێکی مەزن و یاسادانەرێکی ژیر و فەرزانە ناساندبوو، هەربۆیە ناپلیۆن هەوڵی دەدا خۆی وەک محەمەدی سەردەم بناسێنێت و گەشبین بوو بەوەی کاتێک گەیشتە میسر زانایانی ئایینی ئیسلام ناپلیۆن وەک محەمەدی سەردەم بناسێنن کە هاتووە میسر لەژێر داگیرکاری و ستەمی تورکەکانی عوسمانی رزگار بکات، هەوڵی دەدا میسرییەکان ناپلیۆن و سوپاکەی وەک دۆستانی ئیسلام و موسڵمانان بناسن، تەنانەت بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لە قورئاندا ئاماژە بە چوونی ناپلیۆن بۆ میسر کراوە.

گۆتە شاعیری مەزنی ئەڵمانیش ناپلیۆنی وەک " محەمەدی جیهان" پێناسە کرد، واتە ئەگەر محەمەد تەنیا بۆ عەرەب و مسوڵمانەکان بێت ئەوا ناپلیۆن بۆ هەموو جیهانە، ڤیگتۆر هۆگۆ نووسەری بەناوبانگی فەڕەنسیش دەیوت ناپلیۆن محەمەدی رۆژئاوایە، ناپلیۆن لە کۆتایی تەمەنیشیدا تەنانەت ئەو کاتەی کە دوورخرابووەوە بۆ دورگەیەک لەسەر بۆچوونەکەی خۆی سەبارەت بە محەمەد سور بوو، لەو قۆناغەدا نووسیوویەتی کە محەمەد ئەو پیاوە مەزنەیە کە توانی ڕەوتی مێژوو بگۆڕێت، ئەو محەمەدەی کە ناپلیۆن لە خەیاڵی خۆیدا وێنای کردبوو محەمەدێک بوو کە بەردەوام سەردەکەوێت، یاسادانەرێکی مەزنە، کەسایەتییەکی کاریزمایە کە دەتوانێت بە ئاسانی قەناعەت بە خەڵک بهێنێت، ئەم تایبەتمەندیانەش هەمان ئەو تایبەتمەندیانە بوو کە پێیوابوو خۆی هەیەتی بۆیە ناپلیۆن خۆی وەکوو محەمەدی سەردەم دەناساند، بەو جیاوازییەوە کە محەمەدی پێغەمبەری ئیسلام لە خۆی سەرکەوتووتر بوو و لە کۆتایی تەمەنیدا شکستی نەخوارد و دووریش نەخرایەوە بۆ دوورگەیەک.

وێنەی محەمەد وەک یاسادانەرێکی مەزن تەنانەت لە سەدەی بیستەمیشدا لە رۆژئاوا هەر بەردەوام بوو، ئادۆلف وینمان پەیکەرتاشی ئەمریکی بە ڕەچەڵەک ئەڵمانی سالی ١٩٣٥ لە هۆڵی سەرەکی دادگای باڵای ئەمریکادا لە مۆنۆمێنتێکدا پێغەمبەری ئیسلامی لە ریزی ١٨ یاسادانەری مێژوودا داناوە، لە کڵێساکانی ئەوروپا رۆڵی محەمەد وەک پێغەمبەری ئیسلام لە وانەکانی خوێندندا دەخوێندرا، هەندێک لە گەورەپیاوانی کەسۆلیک وەک لویس مەسینیۆن، هانز کۆنگ ئان مۆنگۆمێری وات پێیانوابوو ئەوەیکە لە کڵێسادا بە گەورەییەوە باسی محەمەد دەکرێت ئەمە درفەتێکی گەورەیە بۆ دروستبوونی پێکەوەژیان لەنێوان هەر دوو ئایینی ئیسلام و مەسیحییەتدا.

لە رۆژئاوا ئەم جۆرە بۆچوونە لەسەر ئیسلام و پێغەمبەری ئیسلام ئێستاش تا رادەیەک هەیە، بەڵام بە داخەوە لە ئێستادا ئەم بۆچوونە بەهۆی بەهێزبوونی گوتاری سیاسەتمەدارە راستڕەوەکان کە دژە کۆچبەر و موسڵمانانن لاواز بووە، ئەوان وێنەیەکی چەوت و شەیتانیان لە محەمەد دروست کردووە و لەم ڕێگەیەوە هەستی دژە ئیسلامی لەناو رای گشتیدا دەورووژێنن، گیرت ویڵدێرز سیاسەتمەداری هۆڵندی لەو سیاسەتمەدارنەیە پێغەمبەری ئیسلام وەک کەسێکی تیرۆریست و نەخۆش دەناسێنێت، ئیسلامییە سەلەفییەکان و گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکانیش کە لەژێر ناوی بەرگری لە ئیسلام دەستیان داوەتە تیرۆر و رەشەکوژی رۆڵێکی گەورەیان هەیە لەو وێنە خراپەی لەم دوایانەدا لە ئیسلام و پێغەمبەرەکەی لە رۆژئاوادا دروست بووە.
لە ئێستادا پێویستە جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ رابردوو و بە شێوازێکی دیکە خوێندنەوە بۆ ئیسلام و محەمەد بکەین.