ڕاپۆرتی جیهانی

06:20 - 28/04/2019

ژمارەی پێڵاو یەکەم جار بە چی پێوەرێک دانراوە ؟‌

پەیسەر

دەگوترێت پادشایەك دەوڵەتێكی فراوانی هەبووە، رۆژێك ئەو پادشایە دەیەوێت بچێتە بازاڕ و پیاسەیەك بكات، بۆیە فەرمان دەكات بە ڕووپۆشكردنی شەقامەكانی شار، بەڵام یەكێك لە ڕاوێژكارەكانی پێشنیاری ئەوەی بۆ دەكات ژێر پێی خۆیان بە چەرمێك بگرن ... ئیتر ئەمە بوەتە سەرەتایەك بۆ داهێنانی پێڵاوو دواتر بە تێپەڕبوونی كات گەشتوەتە ئەم قۆناغەی ئێستە.

 پێڵاو بە یەكێك لە داهێنراوە باش و جوانەكانی مرۆڤایەتی دێتە ئەژمار، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر تەندروستیی جەستە هەیە، بەتایبەت پێکان تا دەگات بە پشت، مێژوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستە، لە ئێستەدا بوەتە بەشێك لە پێداویستیە تایبەت و گرنگەكانی ژیانی مرۆڤایەتی بۆیە دەبێت بەهەند وەربگیررێت.

پێڵاو لە چەند بەشێكی سەرەكی پێكدێت، كە بەشی سەرەوەو بنەكەیەتی، هەرچەندە بەشی سەرەوەی پەیوەندی بە جوانی و ڕواڵەتی دەرەوەی هەیە، بەڵام بنی پێڵاو کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر چۆنیەتیی و باش و خراپی پێڵاو. شارەزایان باس لەوە دەكەن دەبێت بایی ئەوەندە ئەستوور بێت، کە کاریگەریی بەرزی و نزمی بەهۆی بەرد و شتە تیژو زبرەكان بگەڕێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت باییی ئەوەندە نەرمیی تێدا بێت، کە لەگەڵ هەنگاو هەڵناندا ژێرەکەی بنوشتێتەوە. لە كۆندا لە تەختە دروست دەكرا بەڵام دواتر گۆڕا بۆ پێكهاتەی تر.

وا باشە ئەو ماددەیەی کە پێڵاوەکەی لێ دروست کراوە، نەرمییەکی تێدا بێت، تا بە پێی پێ شێوە وەربگرێت. بۆ ئەو مەبەستە زۆرینەی خەڵك پێیان وایە پێڵاوی چەرم بژاردەیەکی باشە.

 بە پێی هەندێك لەسەرچاوە  رۆژنامەوانیەكان 90%ی کچان پێڵاوی بچووکتر لە ئەندازەی پێی خۆیان لەپێ دەکەن، لەپێناوی ئەوەدا پێیان بچووك دەربكەوێت، زۆرینەیان نازانن پێڵاوی بچووكتر لە ئەندازەی خۆی دەبێتە هۆی هەو کردنی جومگەکانی پێ. هەر وەک منداڵانیش پێڵاوی قەبارە ناتەواو لەپێ دەکەن، کە ئەمەش بەهۆی ئەوەی پێکانیان لە گەشە کردندایە، دەبێتە هۆی شێوانی پێکانیان.

یەکێک لەو شتانەی زۆر باوە، کەچی زۆر لە خەڵکی وا دەزانن هەر ئەوان وان، ئەوەیە کە پێیەک لە پێکەی تر گەورەترە. بەزۆری لە ڕاستەوانەکان پێی ڕاست و لە چەپانەکانیش پێی چەپ گەورەترە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەو لایە زیاتر بەکاردەهێنن. زۆر جار ئەمە دەگاتە نیو ڕەقەم، بەتایبەتی ژنان بەدەست ئەمەوە گرفتارن. هەر بۆیە شارەزایان دەڵێن دەبێت بە پێی پێیە (گەورە)کە پێڵاو بکڕرێت.

ڕاستییەکی زانستیی تریش کە زۆر کەس لێی بێئاگان، ئەوەیە کە پێکان لەگەڵ تێپەڕینی کاتی ڕۆژدا دەئاوسێن، بە جۆرێک کە ڕەنگە 10-15%ی قەبارەیان زیاد بکات! بۆیە وا باشە پێڵاو کڕین بخرێتە کاتی دوای نیوەڕۆوە.

هەڵەیەکی زۆر باو ئەوەیە کە پێڵاوی قەبارە بچووک دەکڕرێت بە ناوی ئەوەی لەگەڵ کاتدا دەکشێت. ئەمە کارێکی خراپە، چونکە ڕەنگە تا ئەو کشانە ڕوو دەدات، پێکان زیانیان پێبگات. ئینجا لە کاتی پێڵاو کڕینیشدا، وا باشە پشت بە ژمارەکانی سەریان نەبەسترێت، چونکە لە کۆمپانیایەکەوە بۆ یەکێکی دی جیاوازییان هەیە، بۆیە دەبێت زیاتر پشت بەوە ببەسترێت کە پێڵاوەکە تاقیبكرێتەوە تا بزانرێت پڕ بە پێیە یان نا. 

نووک تیژیی پێڵاو دەبێتە هۆی ئەوەی سەری پەنجەکانی پێ بگوشرێن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروست بوونی ژان و تڵۆق کردنیان. بۆیە دەبێت پێڵاو بایی ئەوەندە پێشی پان بێت کە پەنجەکان بە ڕەحەتی جێیان ببێتەوە تێیدا.
پێڵاوی قەیتاندار باشترە لە هی بێ قەیتان، چونکە دەتوانرێت کۆنتڕۆڵی پانیی پێڵاوی پێ بکرێت. بەڵام نابێت زۆر توند بکرێت بەڵام پێڵاوی بێ قەیتان بەدەست مرۆڤ خۆی نیە. 

لە کاتی مەشقدا، پێڵاو گونجاو نەبێت، کاریگەریی زۆر زیاتر دەکاتە سەر تەندروستی. بۆیە هەق وایە بە کالە نەبێت، وەرزش نەکرێت.

ڕەچاو کردنی ئەم خاڵانەی سەرەوە بۆ هەموو کەسێک گرینگە، بەڵام بۆ هەندێک کەس گرنگترە، بەتایبەت: بەساڵاچووان، شەکرەداران، ئەوانەی کێشەی تەسک بوونەوەی لوولەکانی خوێنیان هەیە، ئەوانەی پشت ئێشەیان لەگەڵە، ئەوانەی نەخۆشیی ئێسک و جومگەکانیان هەیە (وەک سەوەفان و ڕۆماتیزم) و ... هتد. باشترین بژاردەیەک بۆ ئەوان، لەپێ کردنی پێڵاوی پزیشکییە.

زۆرجار پرسیار لەبارەی ئەوەوە دەكرێت كە ئایا ژمارەی پێڵاوەكان لە چییەوە هاتوون؟ یەكەمجار كێ بیری لەوە كردەوە ژمارە بۆ پێڵاوەكان دابنرێت؟


 شارەزایان باس لەوە دەكەن ئەو پێوەرەی یەکەم جار دانراوە بۆ دانانی ژمارە لەسەر پێڵاو بیرۆکەو داهێنراوی زانایەکی (چینی) یە . بۆ نمونە کاتێ ژمارەی پێڵاوێک (45) بێت بەواتای ئەوە دێت کە (45)دەنکە برنج بە ڕیزی یەکدا دابنرێت ، بەو شێوەیە هاوتا دەبێتەوە لەگەڵ پێڵاوی ژمارە (45) ئەم پێوەرە بۆ دیاری کردنی ژمارە جیاوازەکانی (پێ) لە گەورەوە بۆ بچووک دروستە، چیرۆکی دیاریکردنی ئەو ژمارەیە ئەوەیە کە کرێکارێکی چینی لە یەکێک لە کارگەکانی پێڵاو کار دەکات و لەهەمان کاتدا جوتیارە و کێڵگەی برنجی هەیە پاشا پێویستی بە پێڵاو دەبێت و دەنێرێت بەدوای ئەم کرێکارەدا تا بە ئەندازەی پێیەکانی پێڵاوی بۆ دروست کەن هەر بۆیە جوتیارەکە ژمارەی پێیەکانی بە دەنکە برنج دیاری دەکات و چەند دەنکە برنجی ڕیز کردبێت ، ئەوەی کردوە بە پێوەر بۆ ژمارەی پێڵاوەکان و دواتر ئەم شێوازە لەلایەن کارگەکانی تریشەوە کراوەتە نەریت .

چەبد پێوەرێکی دیکە باس دەکرێت کە وەک دیاری کردنی ژمارەی پێڵاو کاری لەسەر کرابێت بۆ نمونە: 1-  یەکەی پێوانەی پەنجەکانی پێ ، واتە بەگوێرەی پانی و درێژیی پێیەکان.

2-  یەکەی پێوانەیی کۆن (کلاسیکی) وە هەر یەکەیەک یەکسانە بە نزیکەی یەک لەسەر سێی ئینجێک. 3- پێوەری درێژی دەنکە جۆیەک کراوەتە دیاری کردنی ژمارەی پێڵاو.

بە کورتی ئەوەی گومانی تێدانیە ئەوەیە کە دەنکە (جۆ) وەک پێوەر کاری لەسەر کراوە و لێرە وردەکارییەکەی دەخەینە ڕوو
پاشا (ئێدوارد) ی دووەمی پاشای ئینگلیز لەساڵی (1324) ی زایینی ئەوەی ئاشکرا کرد کە درێژی هەر (سێ) دەنکە جۆیەک یەکسانە بە نزیکەی (ئینجێک) یانی ئەگەر بوترێت ژمارەی پێڵاوێک (39)یە بۆ نمونە، یانی یەکسانە بە درێژی (39)دەنکە جۆ و ئەمە بوەتە بنەما . ئەگەر پێیەک درێژیەکەی لەو پێوانەیە زیاتر بو (کە کراوەتە بنەما) بە (یەک لەسەر سێی ئینجێک) ئەو کاتە پێوانەکەی دەبێتە     13× 3 +1= 40  وە ئەگەر پێیەکە درێژتر بێ بە (سێیەکی ئینجێک) ئەوا دەبێتە 13 × 3 + 2 =41 و بەو شێوەیە..... بەڵام ئەگەر بچوک تر لەو پێوەرە بە (سێ ئینج) ئەو کاتە پێوانەی ژمارەی پێڵاوەکە دەبێتە 13 × 3- 1 = 38 و بەو شێوەیە...