ڕاپۆرتی جیهانی

06:48 - 29/04/2019

سوپای نیشتمانی لیبیا: قەتەر و توركیا تیرۆرستان لەسوریاوە دەگوازنەوە‌

پەیسەر

لەكاتێكدا هەریەك لە توركیا و قەتەر وەك دوو وڵاتی پارێزەری گروپە تیرۆرستیەچەكدارەكانی لیبیا ناو دەهێندران جارێكی تر ئەحمەد مسماری وتەبێژی هێزی نیشتمانی لیبیا جەختی لەهاوكاری توركیا و قەتەر بۆ گروپە چەكدارە تیرۆرستیەكانی ناو خاكی لیبیا كردەوە
مسماری لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لەشاری بەنغازی سازیكرد و ئاژانسی هەواڵی فەرمی لیبی ( لانا ) ی سەربەحكومەتی كاتی رۆژهەڵاتی لیبیا كەهێزی نیشتمانی لیبیاش سەر بەو حكومەتەیە بڵاویكردەوە " هێزە چەكدارەكانیان رووبەڕووی گروپە تیرۆرستیەكان و هێزە چەكدارە توند رەوەكان دەبنەوە، لەهەمان كاتدا چەند وڵاتێكی وەك قەتەر و توركیا بەئاشكرا شەریان دژی ئێمە راگەیاندووە"

مسماری راشیگەیاندووە " توركیا تیرۆرستان لەسوریاوە لەرێگەی خاكەكەیەوە دەگوازێتەوە بۆ لیبیا"  ئاماژەی بەوەشكردووە ئەنكەرە دوای ئەوەی رێگەی پێنەدرا بچێتە ناو یەكێتی ئەوروپا لەئێستادا حزبی فەرمانرەوا تەبەنی پرۆژەی شكستخواردووی ئیخوان موسلمینی كردووە.

دەشڵێت " هیوامان دەخواست توركیا دەوڵەتی دۆستی هەمووان بێت و رۆڵ لەپرۆسەی گەشەپێدانی لیبیا ببینێت لەبری هاوكاری تیرۆرستان"

پێشتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا جارێكی تر بەناوی وڵاتەكەیەوە ئیدانەی هێرشی هێزەكانی موشیر خەلیفە حەفتەری كرد بۆ سەر شاری تەرابلوسی پایتەخت، ئەوەش لەمیانی پەیوەندیەكی تەلەفۆنی كە رۆژی یەك شەممە لەگەڵ فائز سەراج سەرۆكی حكومەتی وفاقی نیشتمانی ئەنجامیدا  تێیدا دوا پەرەسەندنەكانی دۆخی لیبیا تاوتوێكران.

نوسینگەی رۆژنامەوانی سەراج لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند ئەردۆغان لەمیانی پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەی ئاماژەی بەوەكردووە كە هەموو تواناكانی وڵاتەكەی دەخاتەگەر بۆ رێگری لەو هێرشەی خەلیفە حەفتەر بۆ سەر شاری تەرابلوس، راشیگەیاندووە ئەوان پشتیوانی گەلی لیبیا دەكەن و رێگەی سەربازیش چارەسەری پرسی لیبیا ناكات

پێگەی " بوابە افریقا الاخباریە" لەزاری لوا ئەحمەد مسماری وتەبێژی هێزی نیشتمانی لیبیا گواستەوەكە" توركیا فرۆكەی بێفرۆكەوانی رادەستی گروپە چەكداریەكانی مسراتە كردووە و تەواوی پێداویستیەكانی كارپێكردنیشی پێداون".

مسماری جەختیشی لەوەكردۆتەوە كە هێزەكانی سوپای لیبیا سیاسەتی پشوودرێژی لەپرۆسەی رزگاركردنی تەرابلوس بەكاردەهێنێت، و سوپای نیشتمانی لیبیا پابەندە بەتەواوی یاساكانی شەر و پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی مەدەنی.

دەشڵێت هێزەكانی سوپای لیبیا كۆگاكانی چەكی گروپە چەكدارەكانیان لەرۆژهەڵاتی شاری تەرابلوس كردۆتە ئامانج و ژووری ئۆپەراسیۆنی رێكخراوی قاعدەش لەنزیك شاری تەرابلوسی پایتەخت بەئامانج گیراوە، و پرۆسەسەربازیەكانیشیان بەردەوامن.
مسماری دەشڵێت فرۆكەكانی سوپا هێرشیان كردۆتە سەر بارەگای پرۆسەسەربازیەكانی سەر بە " هێزەكانی بنیان مەرسوس"ی توندرەو و ژووری ئۆپەراسیۆنی سەر بەرێكخراوی قاعدەی توندرەو.

مسماری جەختیش لەوە دەكاتەوە كە فرۆكە جەنگیەكانی سەر بەحكومەتی وفاقی نیشتمانی هێرشی ئاسمانیان كردۆتە سەر ناوچەكانی " تەرهونە و سوق خەمیس و سبیعە"

لەئێستادا شەر لەكۆڵانەكانی بەشی باشوری شاری تەرابلوسی پایتەختی لیبیا هەیە لەنێوان هێزەكانی سەر بەحكومەتی وفاقی نیشتمانی و هێزەكانی سەر بەسوپای نیشتمانی لیبیا بەسەرۆكایەتی خەلیفە حەفتەر و بەپێی زانیاریە رۆژنامەوانیەكانیش حەفتەر چەند بەرەوپێشچوونێكی بەدەست هێناوە.

هێزەكانی سەر بە حكومەتی وفاقی نیشتمانی كە جل و بەرگری مەدەنیان پۆشیەوە لەناو خانووە روخاوەكاندان و شەر دژی هێزەكانی حەفتەر دەكەن و زۆرینەشیان ناچاربوون موشەكی دژە فرۆكە لەئۆتۆمبێلەكانیان بێنەخوارەوە و بەشان بیانگوازنەوە بۆ ئەوەی دەرفەرتی ئەوەیان هەبێت بەكۆڵانە تەنگەبەرەكاندا برۆن.

سوپای نیشتمانی لیبیا كە هاوپەیمانی حكومەتەكەی رۆژهەڵاتی لیبیایە نزیكەی سێ هەفتە پێش ئێستا هێرشی بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شاری تەرابلوس دەستپێكردووە.

هەوڵەكانی نەتەوەیەكگرتووەكانیش بۆ گەیشتنە رێككەوتنی ئاشتی نێوان لایەنەشەركەرەكانی ئەو وڵاتە شكستیان هێنا، درێژەكێشانی ئاڵۆزیەكانیش بۆتە هەرەشە بۆسەر پیشەسازی نەوت و لەو وڵاتەدا.