ڕاپۆرتی جیهانی

10:46 - 04/05/2019

دەوڵەتی سێبەر یان حکومەتی شاراوە چییە؟‌

پەیسەر

دەسەڵاتێکی زۆریان هەیە، لە هەموو شوێنێک ئامادەن، هەوڵ دەدەن هەموو شتێک کۆنتڕۆڵ بکەن، دەتوانن وەزیرێک بگۆڕن، دەتوانن دەست بخەنە ناو بەڵگەنامە گرنگەکان و کتێبەکانی خوێندگا بە مەیلی خۆیان بنووسنەوە، بەرژەوەندیی نیشتمانی و نەتەوەیی هیچ واتایەکی لای ئەوان نییە، ئەوان بە بێ ڕەچاوکردنی توانایی و شیاوی کەسەکان، کەسە متمانەپێکراوەکانی خۆیان لە شوێنە هەستیارەکان دادەنێن، دەست بۆ قوژبنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری وڵاتدا دەبن، کەچی دەستێک نییە دەستیان با بدات.

دەوڵەتی سێبەر، دەوڵەتێکی شاراوە لەناو دەوڵەتدا
"دەوڵەتی سێبەر"  رێک پێچەوانەی دەوڵەتی هەڵبژێردراوە کە یەکەمجار لە زمانی تورکیدا بە دەستەواژەی " دەرین دەولەت" (Derin devlet) واتا دەوڵەتی قووڵ، بەکار هێنرا و چووە زمانی ئینگلیزییەوە و هاوواتای دەوڵەتی سێبەر یان دەوڵەتی قووڵی (Deep State) بۆ دانرا.

بە گشتی فەرماندە و ژەنەراڵەکانی سوپا و کاربەدەستانی دەزگاکانی هەواڵگری رۆڵی سەرەکیان لە دەوڵەتی سێبەردا هەیە، سەردەمێک سیستەمی باڵادەستی تورکیا نموونەیەکی بەرچاوی دەوڵەتی سێبەر بوو بە جۆرێک کە حکومەتی هەڵبژێردراو بەردەوام لە ژێر سێبەر و دەسەڵاتی دەوڵەتی سێبەردا بوو کە زیاتر لە ژەنەڕاڵەکان و کاربەدەستانی دەزگاکانی هەواڵگری میت و ژیتەم پێکهاتبوو، هەر بۆیە لە مێژووی هاوچەرخی تورکیادا چەندین کودەتا ڕوویداوە، ژەنەراڵەکان هەرکاتێک هەستیان کردبێت حکومەت بە دڵی ئەوان ناجوڵێتەوە کودەتایان کردووە.

هەر سیستەمێکی سیاسی هەرچەندەش ڕوون و شەفافیش بێت، دوو ڕووی هەیە؛ ڕوویەکی ئاشکرا  و ڕوویەکی شاراوە. ڕووە ئاشکراکەی هەندێک بەش و تایبەتمەندیی ڕوون و ناسراوی هەیە کە بەپێی دەستور و یاسا رێکخراون، بەڵام ڕووە شاراوەکەی هیچ تایبەتمەندییەکی روون یان بەشێکی دیاریکراوی نییە، چونکە دەسەڵاتە شاراوەکان لە ناو هەموو سیستەمێکدا ژێربەژێر کار دەکەن و هیچ یاسا و ڕێسایەک و دامەزراوەیەک نییە چاودێڕی ڕەفتار و هەڵسوکەوتیان بکات.
نموونەکانی دەوڵەتی شاراوە کە لە ویکیپیدیادا ئاماژەی پێدراوە بریتین لە: دەزگای هەواڵگری ڕوسیای فیدڕاڵ ( روسیا)، پەترۆلیۆس دی ڤەنزوێلا( ڤەنزوێلا)، سوپای گەلی کۆریا( کۆریای باکور)، سوپای ئاڵمانیای نازی ( ئاڵمانیا)، حیزبوڵڵای لوبنان ( لوبنان)، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ( ئێران)، گورگە بۆرەکان، ئانتی گەریلا و ئەرگەنەکۆن ( تورکیا) و چەندین نمونەی دیکە لە وڵاتانی جیهاندا...

دەوڵەتی سێبەر لە تورکیا
دەوڵەتی قووڵ یان بە واتا تورکییەکەی ( Derin Devlet) دەستەواژەیەکە کە لە تورکیا بە گشتی وەک جۆرێک لە تاوان سەیر دەکرێت و ئاماژەیە بۆ گروپێکی خاوەن دەسەڵاتی دژە دیمۆکراتی لە ناو سیستەمی سیاسی تورکیا کە لە کاربەدەستانی باڵای دەزگا ئەمنییەکان و سوپا و داد و مافیا پێکهاتووە.

سلێمان دەمیرێل، سەرۆک کۆماری پێشووتری تورکیا دەیوت هەڵسوکەوت و ڕەفتاری نوخبە سەربازی و هەواڵگرییەکانی پێکهێنەری دەوڵەتی سێبەر کە بۆ بەهێزکردنی نەتەوەپەرستی کار دەکەن،  کاریگەری ڕوخانی ئیمپراتۆری عوسمانی و لە بەریەکهەڵوەشانەوەی تورکیایان بەسەرەوە ماوە و پێیانوایە  " تورکیا بەردەوام لە دۆخێکی هەستیاردایە و لە ژێر مەترسیدایە".

هەر گروپێکیش لە تورکیا دەوڵەتی سێبەر بە جۆرێک پێناسە دەکات، چونکە دەوڵەتی سێبەر دژی هەموویان کاری کردووە، بۆ نمونە  چەپەکان وەک ئایدۆلۆژیایەکی نەتەوەپەرستیی توندڕەو یان دژەکرێکاری پێناسەی دەکەن،  ئیسلامییەکانیش وەک ئایدۆلۆژیایەکی سیکۆلاریستی و دژەئیسلامی دەیناسن و لەلایەن کوردیشەوە وەک ئایدۆلۆژیایەکی دژە کورد و ناسیۆنالیزمی توندڕەوەی تورک پێناسە لێک دەدرێتەوە.

بۆچوونێکی باو سەبارەت بە دەوڵەتی سێبەر لە تورکیا ئەوەیە کە دەوڵەتی سێبەر پێکنەهاتووە لە گروپێکی تۆکمە و یەکگرتوو کە  ئامانجێکی هاوبەشیان هەبێت، بەڵکو  لە کۆمەڵێک  گروپی خاوەن بەرژەوەندی جیاواز پێکدێت کە  ژێربەژێر پێکەوە کار دەکەن و هەر کامیان  بەرژەوەندی تایبەت بە خۆیان هەیە.

لە سەردەمی بولەنت ئەجەویت لە حەفتاکاندا پرسی دەوڵەتی سێبەر ورووژێندرا، ئەجەویت هاوشێوەی تورکیی یەکەی ئۆپەراسیۆنی گلادیۆی کەشف کرد و ناوی ئانتی گەریلای بۆ ئەم یەکەیە بەکارهێنا. لە دوای ئەم ڕووداوەوە زۆربەی  سیاسییەکان بیروڕای خۆیان سەبارەت بە دەوڵەتی سێبەر خستووەتەڕوو، ئەردۆغان کاتی خۆی دەوڵەتی قووڵی وەک " بە چەتە بوون یان چەتەگەری دامەزراوەکان" پێناسە کرد.

دەوڵەتی سێبەر لە ئێران
لە ئێران چەندین ساڵە باس لە بوونی دەوڵەتی سێبەر دەکرێت، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن سوپای پاسداران بە دەسەڵاتە ئابووری و سیاسی و سەربازییەکەیەوە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر سەرجەم جومگەکانی دەسەڵات لەو وڵاتەدا هەیە و هیچ بڕیارێک بە بێ ڕەزامەندی سوپا دەرناکرێت یان سەرناگرێت.

هەندێک لە کاربەدەستانی حکومەتی ئێران تا ئێستا بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دانیان بە بوونی دەوڵەتی سێبەردا ناوە، مەعسوومە ئیبتکار، جێگری سەرۆک کۆمار بۆ کاروباری ژنان، ساڵی رابردوو لە لێدوانێکدا ڕاشکاوانە هەموو گیروگرفتەکانی حکومەتەکەی ڕوحانی خستە  ئەستۆی حکومەتی سێبەرەوە و وتی " هەندێک کەس خاوەن پێگەیەکی تایبەتن لە ئێران و وەڵامی هیچ کەسیش نادەنەوە. خاڵی جێ سەرنج ئەوەیە کە دەوڵەتی سێبەر ناڕاستەوخۆ دەست وەردەداتە سەرجەم کاروبارەکانی حکومەت و ئەمەش حاشای لێ ناکرێت و وای کردووە  هەندێکجار سیاسەتی دژ بە پەیڕەو بکرێت"، مەحمود ئەحمەدینژادیش لە کۆتاییەکانی خولی دووەمی سەرۆک کۆماریدا بە " برایانی قاچاخچی" ناوی هێنان.

حەمیدڕەزا جەلایی‌پوور، نووسەر و کۆمەڵناسی ئێرانی پێیوایە کە چالاکییەکانی ئەم گروپە "ژەهرێکی کوشندەیە بۆ پێشکەوتنی ئێران"، مستەفا تاجزادە کە یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی باڵی ڕیفۆرمخوازی ئێران پێیوایە سەرهەڵدانی دەوڵەتی سێبەر دەرەنجامی نەبوونی هەڵبژاردنی ئازاد و دیمۆکراتییە.

بۆچوونێک هەیە کە لە ئێراندا دەوڵەتی سێبەر هەر لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩وە ئامادە بووە و خۆی خزاندووەتە هەموو قوژبن و کەلەبەرێکی دەسەڵاتەوە. بۆ نمونە ئەو کاتەی حکومەتی کاتیی بە سەرۆکایەتیی مەهدی بازرگان لەگەڵ کورد لە دیالۆگ و دانوستاندا بوو و دەیویست مافی خۆبەڕێوەبەری بۆ کورد ڕەچاو بکات، دەوڵەتی سێبەر پێشی پێگرت و بووە ڕێگر، بازرگان پاش ئەوەی لە کوردستان دەگەڕێتەوە و دەرەنجامی دانوستانەکان دەگەیەنێتە خومەینی و دەڵێ تاکە چارەسەر ئەوەیە ئۆتۆنۆمییەکی سنووردار بدەینە کوردەکان، بەڵام ئایەتوڵا مورتەزا موتەهەری و بەهەشتی لێی دێنە دەنگ و دەڵێن: "یانی تۆ دەڵێی لەگەڵ دیمۆکرات و چەپەکان بسازێین و مافیان بدەینێ، شتی وا هەر نابێ و ئیتر باسیشی نەکەی".

لە عێراقیش ئەو بۆچوونە هەیە کە مەترسی ئەوە هەیە لە داهاتوودا هێزەکانی حەشدی شەعبی رۆڵی دەوڵەتی سێبەر ببینن و دزە بکەنە ناو هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە و سیاسەتی داهاتووی ئەم وڵاتە بە شێوەی ژێربەژێر دابڕێژن و بەڕێوەی ببەن.
چەند تایبەتمەندییەکی  دەوڵەتی قووڵ یان دەوڵەتی سێبەر بریتین لە:

- وەڵامدەرەوەی هیچ کەس و دامەزراوەیەک نین.
- لەگەڵ ڕوونی و شەفافییەت نێوانیان نییە و کردار و رەفتارەکانی خۆشیان هیچ شەفافییەتێکی تێدا نییە.
- هەوڵ دەدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە هێزی سەربازی و توندوتیژی کەڵک وەربگرن.
- دەسەڵاتێکی زۆریان هەیە.
- توندوتیژیی و هات و هاواریان لەگەڵ شۆڕشگێڕی لێ تێکچووە و لاسایی شۆڕشگێڕان دەکەنەوە.
- هەوڵ دەدەن ئاڵۆزی لە وڵاتدا دروست بکەن.
- لەڕێی میدیاوە پەنا دەبەنە بەر ناوزڕاندن و شەڕەجنێو لە دژی نەیارەکانیان.
-  دژی ئازادیی ڕاگەیاندن و رادەربڕینن
- دەوڵەتی شاراوە مانەوەی خۆی لە بەردەوامبوونی ئاڵۆزی و سەروەرنەبوونی یاسادا دەبینێت.