ڕاپۆرتی جیهانی

10:32 - 07/05/2019

لە ترسی باجی زۆر نایانەوێت ببێتە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەمەریكی‌

پەیسەر

لەم رۆژانەدا میدیاكانی جیهان چاویان لەسەر منداڵێكی زۆر تایبەتە كە لە مێژوودا بەوشێوەیە وێنەی نەبووە، لەبەر ئەوەی (ئەمیر هاری) لە خیزانەكەی (میگان ماركڵ) كوڕێكی بووە، پێدەچێت ئەم هەواڵە هێندە بایەخی گەورەی نەبێت تا ئەو كاتەی بچیتە ناو وردەكاریەكانی یەوە، لە كاتێكدا یاساكان ڕێگەی پێدەدەن لەیەك كاتدا ببێتە پادشای شانشینی بەریتانی و سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكاش لە هەمان كاتدا.

رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی بەریتانی لەڕاپۆرتێكیدا تیشكی خستۆتە سەر ئەو حاڵەتە نوێیەو نوسیویەتی ئەم حاڵەتە دەگمەنەو یەكەمجارە لەناو خێزانی پاشاكانی بەریتانیادا ڕوو دەدات. رۆژنامەكە نوسیویەتی منداڵەكەی (هاری و میگان) هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانی دەبێت لەبەر ڕەگەزی باوكی كە شازادەی بەریتانییەو بەو پێیەش دەكرێت ببێتە شازادەی حەوتەمی كە بچێتە سەر كورسی پاشایەتی ئەو وڵاتەو وەك هەشتەم نەوەی پادشای بەریتانیا ئەلیزابیسی هەشتەم.

هەروەك منداڵە تازەبووە بەریتانیەكە، كە تا ئێستەش لە لایەن باوك و دایكیەوە ناوی بۆ دەستنیشان نەكراوە، دەتوانێت ببێتە هەڵگری ڕەگەزنامەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا، لەبەر ئەوەی دایكی ئەمەریكییەو بەشێكە لە جەستەو رۆحی ئەوو وەك بەشێكی دانەبڕاو خۆی مەڵاس داوەو لەو ڕێگەیەشەوە یاسا ڕیگەی پێدەدات خۆی كاندیدی سەرۆكایەتی ئەمەریكاش بكات لەبەر ئەوەی دایكی بەڕەگەز ئەمەریكییەو دەكرێت لەو ڕێگەیەشەوە ببێتە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمەریكی.

ئەوەی میدیاكان زانیویانە (میگان ماركڵ) بە ئارەزو ویستی خۆی وازی لە ڕەگەزنامە ئەمەریكیەكەی نەهێناوەو تا ئێستەش هاوڵاتی ئەووڵاتەیە، ئەو كارەش لەلایەن دەوڵەتی بەریتانیەوە داوای لێنەكراوەو بە پێی یاسای ڕەگەزنامەی بەریتانیش ئەو منداڵە دەتوانێت ڕەگەزنامەی هەروڵاتێكی دیكەشی هەبێت.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە تا ئێستە ئەمیر هاری و میگان ماركڵ بیریان لەوە نەكردوەتەوەو كاریان بۆ ئەوە نەكردووە كە ڕەگەزنامە بۆ منداڵەكەیان داوابكەن لەكاتی لەدایك بونیدا، شارەزایان هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە پێدەچێت ئەو منداڵەیان باج و پێداویستی مادی بكەوێتەسەر، لەبەر ئەوەی لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا باجەكان قورس و زۆرن، و بەپێی یاسای ئەمەریكا هەر هاوڵاتیەكی ئەمەریكی پێویستە باجە فەرمیەكانی لەكات و ساتی خۆیدا بدات، ئیتر باسی لەوە نەكردووە داهاتی هاوڵاتی ئەمەریكیەكە لەناوخۆی ویلایەتە یەكگرتوەكان دەستی دەكەوێت یان لە دەرەوە، بەو هۆیەشەوە منداڵە شازادەكە هەر بە وەرگرتنی ڕەگەزنامە ئەمەریكیەكەی ناوی دەچێتە خانەی ئەوانەی پێویستە باجەكانیان لەكاتی خۆیدا ڕادەست بكەن و ئەمەش زۆر لەسەر ئەو منداڵەو شازادەكانی بەریتانیا دەكەوێت لەكاتێكدا پێدەچێت لە ئێستەدا پێویستیان بەو ڕیسكە نەبێت و هێشتا زوو بیت بیر لەو كارە بكەنەوە..

پێشتر لە راپۆرتێکی رۆژنامەی (International Business Times)دا هاتووە، بەهۆی ئەوەی مێگان مێرکل لە تەمەنی 37 ساڵیدا دووگیانبووە، ئەگەری زۆرترە رووبەرووی گرفتە تەندروستییەکانی پەیوەست بە دووگیانییەکەی ببێتەوە، پزیشکانی پسپۆر روونیدەکەنەوە، دووگیانبوون دوای تەمەنی 35 ساڵی بۆ خانمەکە و کۆرپەکەی تا ڕادەیەک مەترسیدارە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، پزیشکانی پسپۆری خانمان و منداڵبوون چەند گرفتێکی تەندروستی پەیوەست بە دووگیانبوونی دوای تەمەنی 35 ساڵی دەخەنەڕوو کە لەوانەیە مێرکل لەکاتی دووگیانییەکەی تووشییان ببێت لەوانەش، بەرزەپەستانی خوێن، شەکرە، گرفتە کرۆمۆسۆمییەکان، منداڵبوونی پێشوەختە و لەبارچوون.

هەرچەندە کۆشکی شاهانەی کێنسینگتنی بەریتانی، لە دۆخی تەندروستی مێگان مێرکل و کۆرپەکەی دڵنیاییداوە، بەڵام پزیشکانی پسپۆر دەڵێن دەبێت مێرکل زیاتر ئاگاداری باری تەندروستی خۆی و کۆرپەکەی بێت، ئەویش بە پەیڕەوکردنی رژیمێکی خۆراکی تەندروست و راوێژی بەردەوامی پزیشکی تایبەت..

بەڵام ئەوەی كە میدیاكان زانیویانە منداڵەكە لە حاڵەتێكی باشدایەو خۆی و دایكیشی هیچ كێشەیەكی تەندروستییان نیە. ئەو منداڵەش یەكەم منداڵی هاری و میگانە كە یەك ساڵ پێش لە ئێستە هاوسەرگیرییان كردووە، میگان ئەكتەری سینەمایی 37 ساڵانەو شازادەكەی بەریتانیاش كوڕی ئەمیر چارلزی بەریتانیایەو تەمەنی 34 ساڵە و كوڕی ئەمیرە دیانایە كە لە ڕوداوێكی تەم و مژاوی كارەساتی ئۆتۆمبێل 1997 گیانی لەدەست داوە..


سەرلەبەیانی دووشەممە 6/5/2019 منداڵەكە لەدایك بووەو كێشی 3.268 گم و بەرپرساكانی كۆشكی پاشایەتی گوتویانە كاتژمێر (5.26)ی سەرلەبەیانی شازادەكەی بەریتانیا لەدایك بووەو لەكاتی لەدایك بوونی منداڵەكەشدا شازادە لەگەڵ میگان بووە لە نەخۆشخانەو ئیتر هیچ شتێكی تریان لەوبارەیەوە باس نەكردووە.

ساڵێك پێش لە ئێستە شازادەی بەریتانیاو هونەرمەندە ئەمەریكیەكە سوێندیان خوارد و ئەڵقەی ھاوسەرگیریان گۆڕیەوە لە پێش شاژن و 600 میوانی تایبەتی بانگهێشتكراو، لە کەنیسەی سانت جۆرج. به‌پێی ئاماره‌كان زیاتر لە 10.000 کەس لە سەر شەقامەکان وەستابوون و لەڕێگەی جۆراوجۆرەوە سەیری دیمەنە تایبەتەكانی ئەو مەراسیمەیان دەكرد.
 لە ئاهەنگە تایبەتەدا زۆر کەسایەتی ناودار بەشداربوون لەوانەش ئۆپرا وینفری، جۆرج کلونی و خێزانەکەی، دەیڤد بێکھام و خێزانەکەی وە چەندانی تر.

میدیاكان باسیان لەوە كردووە خەرجییە پێشبینیکراوەکانی ئاهەنگی هاوسەرگیریی شازادەیەکی بەریتانی یەکێک بووە لە گرانترین ئاهەنگەکان لە مێژوودا. کەناڵی (سکای نیوز) لە چەند ئاژانسێکی رێکخستنی ئاهەنگە تایبەتەکانەوە گواستوویەتییەوە، کە خەرجیی ئاهەنگی هاوسەرگیریی شازادە هاری و خاتوو مێغان مارکڵ گەیشتووەتە 32 ملیۆن پاوەند كە(زیاترە لە 43 ملیۆن دۆلار).


هەروەک ئەو کەناڵە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی پێ کردووە، خەرجیی ئەو هاوسەرگیرییە و خەرجییەکانی دیکەی بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا، لە باجی هاووڵاتییان دابین دەکرێت.
شازادە هاری لەدایكبووی ساڵی 1984 ە و منداڵی دووەمی خێزانی شاژنە دیانا ی كۆچكردو و شازادە تشارلزە و پێنجەم كەسە لە ریزبەندی خێزانی شاهانە و كوڕەزای شاژنی گەورەی بەریتانیانە و برای شازادە ولیامە ، ئەم گەنجە خوێندنی لە بەشی ئەكادیمی (ساندهیرست) ی سەربازی شاهانە تەواوكردوە كە لەم شوێنە تەواوی  ئەفسەرەكانی سوپای پیادەی بەریتانیا خوێندویانە.

میگان ماركڵ لە رۆژی 4/8/1981 لە ویلایەتی لۆس ئەنجیلۆسی ئەمەریكا لەدایك بووە، لە ساڵی 2011 ەوە كاری نواندن دەكات و بەشداری چەندین فیلمی كردووە بە ڕۆڵی سەرەكی ولاوەكیشەوە.