ڕاپۆرتی جیهانی

02:30 - 14/05/2019

نامۆترین جۆرەكانی رۆژووگرتن لەناو ئایینه‌ جیاوازه‌كاندا‌

پەیسەر

رۆژووگرتن بەیەكێك لەو پەرستشانە دادەنرێت كە لەزۆرترین ئاین و باوەڕی جیاواز تێیدا هاوبەشن، بەڵام شێوەكەی لەئاینێكەوە بۆ ئاینێكی تر جیاوازە بەپێی جیاوازی نەتەوە و گەلەكان و ئەوشتانەی پەیوەندیدارن پێوەی و ئەو هۆكارانەی كە بانگەشەی بۆدەكەن، بەڵام ناوەرۆك و تێگەیشتن لە رۆژوو كە هەموو ئاینە جیاوازەكان لەسەری كۆكن بریتییە لە" كۆنترۆڵكردنی حەز و رێگری لەچەند كارێك كە دەرون حەزی پێدەكات" لە چەند ساڵی كەمی رابردوودا بەهای رۆژووگرتن تەنها لەلای باوەردارانی ئاینە جیاوازەكان كورت نەكراوەتەوە بەڵكو رۆژوو بەتێگەیشتنی خەڵك سنوری باوەر بەئاین تێدەپەڕێنێت و بۆچوونی رۆژووگرتن مێژوویەكی دووروودرێژ و نامۆی هەیە، لەمێژووی ئاینی مرۆڤایەتیدا.

رۆژووگرتنی بێدەنگی
چەند گروپێك لەكۆمەڵگەدا هەبوون كە رۆژووگرتنەكانیان تەواو لەوە جیاوازبووە كەئێمە ئاشنایەتیمان پێی هەیە، لەوانەش رۆژووگرتن لە قسەكردن بەهەموو شێوە و رەنگەكانیەوە، ئەم جۆرە رۆژووگرتنە لەلای زۆرینەی گەلانی سەرەتایی بڵاوبووە، لەلای دانیشتوانی رەسەنی ئوسترالیا، ئافرەت ئەگەر مێردەكەی بمردایە ئەوە رۆژووی لەقسەكردن دەگرت، هەندێك جار ئەو رۆژووە دەگەیشتە یەك ساڵ، لەیەكێك لە باسەكانی قورئان ئەم جۆرە رۆژووە دەردەكەوێت كە لەئاینی یەهودیدا هەبووە  "فإما ترين من البشر أحدًا فقولي إني نذرت للرحمن صومًا فلن أكلم اليوم إنسيا" سورە مریم.

رۆژووگرتن لەهەندێك خۆراك نەك هەموو خۆراكەكان
زۆر ئاین هەیە كە تێیاندا رۆژووگرتن خۆی لە نەخواردنی بەرهەمە ئاژەڵییەكان دەبینێتەوە، بەڵام بەرهەمی گیای دەخۆن، لەوانەش ئاینی جاینی كە بەیەكێك لەو ئاینانە دادەنرێت كە لە پەرستشەكانی پەیرەوی خۆگری و زاڵ بوون بەسەر دەروون و رزگاركردنی روح دەكات، لەپێناوی پەیوەندی لەگەڵ خوا، هەروەها نەخواردنی خواردن تا ئاستی برسییەتی، هەروەها ئاینی جاینی لە رۆژووگرتندا دەچێتە ژێر رێكێفی ژمارەیەك یاسای دیاریكراو لەكرۆكی بیروباوەری جاینی، كە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە توند و تیژی بەرامبەر هیچ دروستكراوێكی گیانداری تر پیشان نەدەن، پەیرەوانی ئەو ئاینە خۆیان بەدووردەگرن لە تەواوی خواردنە ئاژەڵیەكان لەناویشیاندا خواردنی هێلكە، بەڵام خواردنەوەی شیر رێگە پێدراوە بەوپێیەی كە هیچ ئاژەڵێك لەكاتی پرۆسەی بەرهەم هێنانی شیردا ڕووبەرووی توند و تیژی نابێتەوە.

بەڵام راهیبەكانی ئەو ئاینە ( ئەوانەی خۆیان تەرخان دەكەن بۆ ئاین) رێگەیان پێنەدراوە ئەو بەرهەمە روكیانە بخۆن كە رەگی دووروودرێژیان لەناو زەویدا هەیە ئەوەش دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی كە پرۆسەی رنینی بەرهەمی ئەو دارانە، زیان بەچەند بەشێكی ئەو درەختانە دەگەیەنێت، هەروەها پەیرەوانی ئەو ئاینە رێگەیان پێنادرێت لەكاتی رۆژووگرتندا ئاوبخۆنەوە بەبێ ئەوەی بیكوڵێنن، ئەوەش بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ بونەوەرێكی ورد كە لەناو ئاودا دەژیەن نین.

رۆژووگرتن لەنەخواردنی تەواوی ئەو بەرهەمانەی كە سەرچاوەكەیان گیاندارانن، لەناو ئاینەكانی تردا ناسراوە و لەهەموو ساڵێكدا كاتەكەی دیاریكراوە، وەك ئاینی مەسیحی و ئاینی سابیئە و چەند ئاینێكی تر، رۆژووگرتن لەنەخواردنی بەرهەمی گیانداران بۆتە دیاردە لەلای زۆر كەس، ئەوان هۆكاری تەندروستی دەكەنە هۆی رۆژووگرتن نەك پاڵنەری باوەربوون بە ئاین.

رۆژووگرتن لە خاوێنی
رۆژووگرتن لە خۆشۆردن یان پاككردنەوەی جەستە یەكێكە لەجۆرەكانی رۆژووگرتن لەلای یەهودیەكان، رۆژووگرتن لەلای یەهودیەكان دابەش دەبێت بەسەر دوو بەشدا، جۆرێكیان وەك رۆژووگرتنی ناو ئاینی ئیسلام وایە، بەجۆرێك یەهودیەكان رۆژوودەگرن و خۆیان لەخواردنی هەموو خۆراك و خواردنەوە و سێكسكردن دەپارێزن لەبەری بەیانیەوە تا شەو، بەڵام لەدوو رۆژی كیبور (كە بەواتای رۆژی لێخۆش بوون دێت) هەروەها لەرۆژی وتیشعا بائاڤ كە خەفەتبارترین رۆژی رۆژمێری یەهودیەكانە بەوپێیەی یەهودیەكان پێیان وایە لەو كاتەدا هەیكەلی پێغەمبەر سولەیمان لەسەردەستی بابلیەكان لە قودس لەناوبراوە، رۆژووگرتن لەو دوو رۆژەدا رۆژووگرتنە لەخۆراك و خواردنەوە و سێكسكردن، سەرباری ئەوەش خۆشۆردن و خۆبۆن خۆشكردن و تەنانەت ددان شۆردنیش حەرامن، هەروەها لەبەركردنی ئەو جل و بەرگانەی كە لەپێس دروستكراون لەو دوو رۆژەدا حەرامە، بەڵام ئەمە لە تەواوی رۆژوەكانی تری رۆژووگرتن رێگە پێدراون.

رۆژووگرتن لەكاركردن
هەندێك لە ئاینەكان رۆژووگرتن لە كاركردنیانیان هەیە، لەئاینی بوزیدا لەهەموو مانگێك بەپێی سیستمی قەمەری چوار رۆژ رۆژووگرتن هەیە كە رۆژەكانی ( یەكەم و نۆیەم و پانزیەم و بیست و دووەم )ن، رۆژووگران پێویستە لەو چوار رۆژەدا خۆیان لەهەر جۆرە كاركردنێك بەدووربگرن و كاتەكانیان بۆ پارانەوە و خۆ خاڵیكردنەوە لەوزەیی نەرێنی بەكاربهێنن و خۆیان لەهەر جۆرە كاركردنێكی دونیایی بپارێزن، لەناویشیاندا خۆ پاراستن لە گۆرانی و هەڵپەركێ و هەموو جۆرە كەرەستەیەكی جوانكاری، پەیرەوانی ئاینی بوزی رۆژی پێش رۆژووگرتنەكە خواردن بۆ رۆژی رۆژووگرتن ئامادە دەكەن، چونكە هەموو جۆرە كارێك رێگە پێنەدراوە لەناویشیاندا ئامادەكردنی خواردن، ئەم جۆرە رۆژووگرتنە لە رۆژووگرتنی ئاینی یەهودی دەچێت كە زۆر كاریان لەرۆژانی شەممەدا قەدەغە كردووە، دەگوترێت پێشووتر یەهودیەكان خواردن و خواردنەوەشیان نەدەخوارد، بەڵام لەئێستادا تەنها كاری تێدا ناكەن.

رۆژووگرتن هەتا مردن
رۆژوو گرتن هەتا مردن رێكارێكە لەلایەن پەیرەوانی ئاینی یانیەوە دەگیردرێتە بەر، ئەو پەیرەوانەی كە نەخۆش دەكەون و دەرمان ناتوانێت چارەسەریان بكات رۆژووی هەتا مردن دەگرن، ئەوان پێیان وانیە ئەم جۆرە رۆژووگرتنە خۆكوژی بێت، چونكە لەژێر كاریگەری تورەی و خەفەت ئەم جۆرە هەستە خراپانەدا نیە، بەڵكو بڕیارێكە لەكاتێكدا دەدرێت كە كەسەكە دڵنیاییە كە هەر دەمرێت بەهۆی ئەو نەخۆشیەی كە دووچاری بووە، بۆیە نەخۆشەكە بەمەبەستی خۆپاكردنەوە لەهەموو جۆرە حەز و لابردنی هەموو هەڵەیەك و رزگاركردنی روح و ئامادەكاری بۆ زیندووبونەوەی سەرلەنوێ ئەو هەنگاوە دەنێت.

بەرای شارەزایان بەدیاریكراوی لەهیندستان ساڵانە 200 كەس بەو رێگەیە دەمرن، لەگەڵ ئەوەی هەندێك كەس داوای قەدەغەكردن و رێگری لەو كارە دەكەن بەڵام پەیرەوانی ئاینەكە بەكارێكی باشی دەزانن و پێیان وایە ئەمە خۆكوژی نیە بەڵكو بیركردنەوەیەكی عەقڵانی و ئازایانەیە.

كارەكە لەو كاتەوە دەست پێدەكات كە یەكێك لەپەیرەوانی ئەو ئاینە هەست دەكات لەدوا قۆناغەكانی ژیانیدایە، بۆیە داوای رەزامەندی لە هاورێ و خێزانەكەی دەكات بۆ ئەوەی دەست بكات بەو رۆژووگرتنە، و بەرەبەرە دەستبەرداری خواردن و خواردنەوە  و تەواوی كاری دونیایی دەبێت لەپێناوی ئەوەی لەكاتی مردندا ئاشتی بۆ روح بەدی بهێنێت، بەڵام ئەوانەی كە توانای تەواوكردنی ئەو رۆژووەیان نیە وەك شكستخواردوو لەنەزر وێنا دەكرێن وپێویستە دەستبەرداری رۆژووەكەیان ببن.

درێژترین ماوە كە یەكێكیان توانی بەزیندووی لەژیاندا بمێنێتەوە لەگەڵ ئەوەی بەرۆژوو بوو پیاوێك بوو بەناوی باسم راجستان راجستانی تەمەن 60 ساڵ لەساڵی 2009 دا و تێیدا هەزاران كەس لەلایەنگرانی ئەو ئاینە بۆ بینینی دواساتەكانی سەردانیان كرد و ئاهەنگیان گێرا.

لەكاتێكدا كە رۆژووگرتن كارێكی باشە كە زۆرینەی ئاینەكان لەسەری كۆكن بەوپێیەی بانگەوازی نوێ بوونەوەی روح و جەستەیە و تەنانەت لە كۆمەڵگە سەرەتاییەكانیشدا هەبووە، رۆژووگرتن كارێكی باشە و هەندێك كەس پێیش ئەوەی بچن بۆ شەر رۆژوودەگرن، هەروەك مرۆڤ لەهەندێك جاردا بۆ خۆپارێزی لە كارەسات و برسیەتی پەنا بۆ رۆژووگرتن دەبەن وەك ئەوەی دانیشتوانی رەسەنی ئەمریكا پەیرەویان دەكرد، رۆژووگرتن لەلای هەندێك گەل بەشێكە لە پەرستشەكانی تەمەنی پێگەیشتن، رۆژوو لەهەموو ئاینەكاندا پێگەكەی یەكسانە بە دان بەخۆداگرتن و پێشوازی كردن لەكاری باشە و خواپەرشتی كە رێگایەكە بۆ خۆپاكردنەوەی دەرونی و جەستەیی بەوەش نزیكترین رێگای هەستكردنە بە نزیكی لەخوا.