ڕاپۆرتی جیهانی

09:56 - 22/05/2019

چەند راستییەك لەبارەی شورای چینەوە‌

پەیسەر

باوترین ئەو قسانەی لەسەر شورای چین هەیە ئەوەیە، كە گوایە لەسەر رووی مانگ دەبینرێت، ئەمە جگە لەبوونی چەندین قسەی تر لەسەر ئەو شورا پۆڵاینە.

بەشێك لەقسەكان لەسەر هۆكاری دروستكردنییەتی، بەشێكی تر لەسەر بتەوی شوراكەیەو بەشێكی تریش پەیوەندی بەپانی‌و درێژی‌و بەرزییەكەیەتی، كە بەردەوام بابەتی مشتومڕی میدیاكان بوون.

بەپێی رووپێوییەك، كە لەلایەن ئیدارەی كەلەپوورو مێژووی نیشتمانی چینی لەساڵی 2012 ئەنجامدراوە، درێژی شورای چین 21 هەزار كیلۆمەترە، كە پێگەی ئەلیكترۆنیHistory Extra چەند راستییەكی لەسەر شوراكە بەم دوایانە ئاشكراكردووە.

لەسەر مانگەوە نابینرێت
هەرچەندە خەڵێكی زۆر باس لەو قسە باوە دەكەن، كە شورای چین لەسەر رووی مانگەوە دەبینرێت، بەڵام زۆرێك لەكەشتیوانە بەناوبانگەكانی گەردوونی جەختیانكردووەتەوە، لەبۆشایی ئاسمانەوە ئەو شورایە نابینرێت.

چینییەكان بە شورای مەزنی نازانن
هەرچەندە زۆرێك لەخەڵكی جیهان، وەك قەڵایەكی گەورە سەیری شورای چین دەكەن، بەڵام لای زۆرێك لەچینییەكان ئەو قەڵا ئەو گەورەییەی نییەو تەنیا بەشورایەكی درێژی دەزانن.

بۆ رێگری لەهێرشی مەغۆلەكان دروست نەكراوە
شورای چین، بە بڕیاری ئیمپراتۆرییەكەمی چین دروستكراوە، كە ئەو ئۆمپراتۆرە 210 ساڵ پێش زاین لەدایك بووە، كە ئەو بەروارەش دەكاتە هەشت ساڵ پێش دەركەوتنی مەغۆلەكان.

ئەمە لەكاتێكدایە، زۆرێك لەبابەتە مێژووییەكان هۆكاری دروستكردنی شورای چین، بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، كە بۆ ئەوەی رێگری لەهێرشی مەغۆلەكانی پێبكرێت.

زۆر كۆن نییە
مێژووی دروستكردن‌و بونیادنانی شورای چین بۆ 221 ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە، كە سەرەتا كۆمەڵێك قولەی لە بەرد دروستكراو بووەو دواتر لە ساڵەكانی 1358 بۆ 1644 فراوانكراوە، ئەوەش لەلایەن دەسەڵاتی مینگ.

جەستەی مرۆڤی تێدا نییە
وا باس دەكرێت، كە بەهۆی سەختی كاركردن لەدروستكردنی شوراكە، سەدان كەس گیانیان لەدەستداوەو هەر لەوێشدا بەخاك سپێراون، بەڵام تائێستا هیچ بەڵگەیەك نییە بۆ بوونی جەستەی مرۆڤ لەناو دیوارو بەشەكانی شوراكە.

تەنیا شورا نییە
ئەو شوێنەوارە مێژوویە، جگە لەبوونی دیوارێكی دورو درێژ،چەندین قەڵا و خاڵی چواودێری لەنزیكییەوە دروستكراوە، كە بۆ مەبەستی جیاواز بەكارهێنراون.

رێگری لەهێرشەكان نەكردووە
زۆرێك لەقسە باوەكان ئەوەیە، كە ئەو قەڵایە رێگری لەزۆرێك لەهێرشەكان بۆ سەر چین كردووە، بەڵام مێژوو ئەوە دەردەخات، هۆزەكانی باكووری چین، توانیویانە قەڵاكە ببڕن‌و هێرش بكەنە سەر چین.

هەروەها مەغۆلەكان لەساڵی 1449 توانیان هێرش بكەنە سەر چین‌و دەسەڵات مینگ لەناو بەرن، كە هێرشەكەیان لەرێگەی شورای چین ئەنجامدا.