ڕاپۆرتی جیهانی

04:50 - 10/06/2019

ئه‌و كه‌سانه‌ی مردن و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ژیان‌

پەیسەر

ساتێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌، مرۆڤ هه‌ست ده‌كات ئیتر له‌ لێواری مه‌رگدایه‌. له‌و ساتانه‌دا چه‌ندین بیرۆكه‌ی سه‌یر به‌ مێشكیاندا دێت. كاتێك به‌ خۆیان ده‌زانن شته‌كه‌ كۆتایی هاتووه‌ و رۆحی به‌ ئاشتی و ئارامی ئه‌م جیهانه‌ به‌جێ ده‌هێڵێت. به‌ڵام هه‌ندێك كه‌س چێژ له‌وه‌ ده‌بینن كه‌ له‌ دژی ڕۆحیان بجه‌نگن. نایانه‌وێت به‌وجۆره‌ ژیان به‌جێبهێڵن. ده‌ست به‌ ژیانه‌وه‌. رۆحیان درووستكه‌ری فه‌رمانه‌كان نیین، جارێكی دیكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ جه‌سته‌ی ئه‌و كه‌سه‌. به‌ڵام كه‌سانی زیندوو وا ده‌زانن ئه‌و كه‌سه‌ مردووه‌ و ئه‌م جیهانه‌ی جێهێشتووه‌.

"یه‌كجار ژیا و دووجار نێژرا"
مارگۆری مكاڵ له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م له‌ ئیره‌له‌ندای باكور ژیا. ئه‌و نه‌خۆشكه‌وت، هه‌مووان وایانزانی مردووه‌. مارگۆری كاتێك مرد، ئه‌نگوستیله‌یه‌كی گرانبه‌های له‌ په‌نجه‌ بوو. كه‌سوكاره‌كه‌ی ترسان، كه‌ دزه‌كان گۆڕه‌كه‌ی هه‌ڵده‌نه‌وه‌ و ئه‌نگوستیله‌كه‌ی په‌نجه‌ی ببه‌ن. به‌ڵام نه‌یانتوانی ئه‌نگوستیله‌كه‌ له‌ په‌نجه‌ی داكه‌نن، بۆیه‌ به‌ ئه‌نگوستیله‌كه‌وه‌ نێژرا.

دزه‌كانی گۆڕ خۆیان له‌ ئه‌نگوستیله‌كه‌ نه‌پاراست، بۆیه‌ شه‌و په‌لاماری گۆڕه‌كه‌یاندا و گۆڕه‌كه‌یان هه‌ڵدایه‌وه‌. هه‌رچیانكرد، ئه‌نگوستیله‌كه‌ له‌ په‌نجه‌ی مارگۆری دانه‌كه‌نرا، بۆیه‌ دزه‌كان بڕیاریاندا په‌نجه‌ی ببڕنه‌وه‌. كاتێك ویستیان ئه‌و په‌نجه‌یه‌ ببرن، په‌نجه‌ی نوقاند. بۆیه‌ دزه‌كان ترسان و هه‌ڵهاتن. دوای ئه‌وه‌ مارگۆری گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵ و له‌ ده‌رگایدا. مێرده‌كه‌ی ترسی لێنیشت، ده‌گوترێت كه‌ له‌ ترسا جه‌ڵته‌ لێیداوه‌ و له‌و گۆڕه‌ نێژراوه‌ كه‌ ژنه‌كه‌ی تێدابووه‌.[1]

دوای چه‌ندین ساڵ، مارگۆری مرد و هێنرایه‌وه‌ هه‌مان گۆڕ، بۆ ڕاستی ئه‌م ڕووداوه‌، ده‌گوترێت له‌سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی نووسراوه‌" یه‌كجار ژیا و دووجار نێژرا."

"ناتوانم ڕوونی بكه‌مه‌وه‌ بۆچی هێشتا ده‌ژی"
له‌ زستانی 1980 و له‌ دره‌نگانێكی شه‌ودا، ئۆتۆمبیله‌كه‌ی جیان هیلیارد[2] په‌كیكه‌وت. ئه‌و كچێكی ته‌مه‌ن 19 ساڵان بوو. ئه‌و كچه‌  به‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ی خۆی له‌ گوندێكی سه‌ربه‌ ویلایه‌تی مینیسوتا-ی ئه‌مریكی ملی ڕێگای گرته‌ به‌ر بۆ ماڵی هاوڕێیه‌كی به‌ناوی واڵی نیڵسۆن. ماڵه‌كه‌ له‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌وه‌ دوو میل، دووریه‌كه‌ی ئه‌و په‌ڕی سێ كیلۆمه‌تر ده‌بوو. به‌ڵام هیچ چاره‌یه‌كی دیكه‌ی له‌به‌رده‌مدا نه‌بوو.

له‌ دووری نزیكه‌ی پێنج مه‌تره‌وه‌ له‌ ماڵی نیڵسۆن، جیان هیلیارد كه‌وت، كاتێك كه‌وت، ئیتر به‌ستبووی. له‌ كاتژمێری حه‌وتی به‌یانی هاوڕێكه‌ی جیان هیلیاردی به‌ به‌ستووی دۆزیه‌وه‌.[3]

هاوڕێكه‌ی ده‌ڵێت"كاتێك دۆزیمه‌وه‌ ته‌واو ڕه‌ق ببوو. وه‌كو پارچه‌ گۆشتێكی به‌ستووی لێ هاتبوو." دواتر هاوڕێكه‌ی هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌ و به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ ده‌یبات. پزیشكه‌كان ده‌یبینن ده‌موچاوی ڕه‌نگی خۆڵه‌مێشی گرتووه‌. چاوه‌كانی هیچ ڕووناكییه‌كی تێدا نه‌ماوه‌. پله‌ی گه‌رمای له‌شی زۆر دابه‌زیووه‌. ته‌نانه‌ت به‌جۆرێك بوو، پزیشكه‌كان نه‌یده‌توانی گه‌رمی له‌شی بپێون. بۆیه‌ ئه‌و پزیشكانه‌ نا ئومێدبوون له‌وه‌ی ئه‌م كه‌سه‌ بژی.

تیمی پزیشكی بڕیاریاندا[4] هه‌موو ڕێگاكان بگرنه‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی جه‌سته‌ی گه‌رم بكه‌نه‌وه‌. دوای نزیكه‌ی دوو كاتژمێر له‌ گه‌رمكردنه‌وه‌، پزیشكه‌كان گوێبیستی ترپه‌ی دڵی بوون، به‌ڵام زۆر به‌ هێواشی. یه‌كێك له‌ پزیشكه‌كانی[5] ده‌ڵێت"وامانزانی مردووه‌. به‌ڵام دواتر لێدانێكی هێواشی دڵمان گوێ لێبوو." پزیشكه‌كان له‌ گه‌رمكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وام بوون. تاوه‌كو ئه‌و ژنه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ژیان پزیشكه‌كه‌ی ده‌ڵێت" من ناتوانم ڕوونی بكه‌مه‌وه‌، بۆچی ئه‌م كچه‌ هێشتا زیندووه‌ و نه‌مردووه‌... گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌ڕجووه‌[6]"

دایكێك یه‌كێك له‌ منداڵه‌كانی زیندوو ده‌كاته‌وه‌
كه‌یت ئۆگ له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی ساڵی 2010 له‌ ئوسترالیا سه‌رقاڵی ئه‌وه‌بوون، یه‌كه‌مین دوانه‌یان له‌دایك بێت. كه‌یت له‌ هه‌فته‌ی 27هه‌مین و له‌ كۆتای مانگی حه‌وته‌م بوو. پزیشكه‌ ئوسترالییه‌كان كه‌یت-یان برده‌ هۆڵی نه‌شته‌گه‌رییه‌وه‌، دوای ماوه‌یه‌كی كورت، پزیشكه‌كان ڕایانگه‌یاند، كچه‌كه‌ زۆر سه‌لامه‌ته‌ و مناڵه‌كه‌ی دیكه‌ حاڵی خراپه‌. كه‌یت و ده‌یڤیدی مێردی ناوی كچه‌كه‌یان نا، ئه‌میلی و كوڕه‌كه‌شیان ناونا جیمی. به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك پزیشكه‌كان داوای لێبوردنیان كرد، كه‌ جیمی مرد. زۆریش هه‌وڵیاندا كه‌ زیندووبێته‌وه‌ به‌ڵام بێ سوود بووه‌. كه‌یت له‌ هه‌لێك ده‌گه‌ڕا بۆ ئه‌وه‌ی بۆ دواهه‌مین جار كۆرپه‌ مردووه‌كه‌ی له‌ باوه‌ش بگرێت. بۆیه‌ كوڕه‌كه‌ی گرته‌ باوه‌ش، دوای پێنج خوله‌ك منداڵه‌ مردووه‌كه‌ ده‌ستی كرد به‌ جوڵه‌، له‌ پڕێكدا دایك و باوكه‌كه‌ وایان هه‌ستكرد ده‌كرێت، كوڕه‌كه‌یان زیندوو بێته‌وه‌.

كه‌یتی وه‌كو كه‌نگه‌ر مناڵه‌كی له‌سه‌ر سینگی خۆی خه‌واند، ده‌یڤیدی باوك به‌ڕاكردن ڕۆیشت پزیشكه‌كانی ئاگادار كرده‌وه‌، به‌وه‌ی مناڵه‌ مردووه‌كه‌یان جوڵاوه‌. كه‌یتی خێرا كوڕه‌كه‌ی ڕاده‌ستی مردن نه‌كرد، دوای دوو كاتژمێر له‌ باوه‌شگرتن، جیمی گه‌ڕایه‌وه‌ ژیان. به‌ڵام پزیشكه‌كان ڕه‌تیانكرده‌وه‌، بێن سه‌یری مناڵێكی مردوو بكه‌ن. ده‌یڤید سوور بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت پزیشكه‌كان بێن و سه‌رێك له‌ كوڕه‌كه‌ی بده‌ن. دواتر پزیشكێك به‌ خه‌م و ئازاره‌وه‌ هات و بیسته‌رێكی له‌سه‌ر دڵی مناڵه‌كه‌ دانا و گووتی" من باوه‌ڕ به‌مه‌ ناكه‌م" ئێستاش ئه‌و دووانه‌یه‌ پێكه‌و له‌گه‌ڵ كه‌یتی و ده‌یڤید له‌ ئوسترالیا ده‌ژین.

"باوكه‌ ئه‌مڕۆ مه‌مره‌ ‌[7]"
له‌ ئابی 2013 ئه‌نتۆنی یاهلی ته‌مه‌ن 37 ساڵ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی كرد، پزیشكه‌كان پێیان گوت، یان ده‌بێت، دڵێك بچێنێت، یان ئه‌وه‌یه‌ تاوه‌كو له‌ ژیاندایت ببیت به‌ كه‌سێكی ڕووه‌كی. دوای هه‌فته‌یه‌ك میلیسا ژنی ئه‌نتۆنی بینی مێرده‌كه‌ی به‌ ئاسته‌م هه‌ناسه‌ ده‌دات و لێدانی دڵی وه‌ستاوه‌. چه‌ند جارێك هه‌وڵیدا مێرده‌كه‌ی به‌هۆی بهێنێت، به‌ڵام بێسوود بوو. نه‌خۆشه‌كه‌ گواسترایه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌. ماوه‌ی 45 خوله‌ك پزیشكه‌كان هه‌وڵیاندا زیندووی بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئامێری بوژانده‌وه‌ی دڵه‌كه‌ وه‌ستا. پزیشكه‌كان مردنی ئه‌نتۆنیان ڕاگه‌یاند. دواتر كوڕه‌كه‌ی هات.

لۆرانس ته‌مه‌نی 17 ساڵ بوو. كوڕی گه‌وره‌ی ئه‌نتۆنی بوو. هات بۆ نه‌خۆشخانه‌ و له ‌ژوور سه‌ری باوكه‌ مردووه‌كه‌ی گووتی" باوكه‌ ئه‌مڕۆ مه‌مره‌" دوای چه‌ند چركه‌یه‌ك ئامێری بووژانه‌وه‌ی دڵه‌كه‌ كه‌وته‌وه‌ كار. پزیشكه‌كان باوه‌ڕیان نه‌كرد، جارێكی دیكه‌ هه‌وڵی بوژاندنه‌وه‌ی دڵیاندا. به‌ هێواشی لێدانه‌كانی دڵی به‌رزبووه‌وه‌. ئه‌نتۆنی گه‌ڕایه‌وه‌ ژیان. پزیشكه‌كه‌ی ده‌ڵێت"هه‌رگیز نه‌مبیستووه‌ و نه‌شمبینووه‌. نه‌خۆشیك دڵی له‌ لێدان بكه‌وێت و دوای ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ هه‌وڵدان بگه‌ڕێته‌وه‌ ژیان[8]"

واڵته‌ر ولیام... ببورن
شێوه‌یه‌كی كۆمیدی، یان دیمه‌نێكی سینه‌مایی هه‌یه‌، كاتێك كه‌سێك مردوو له‌ تابووته‌كه‌ی زیندوو بێته‌وه‌. به‌ڵام ڕووداوێكی له‌و جۆره‌ ساڵی 2014 له‌ ویلایه‌تی میسیسپی ئه‌مریكا ڕوویدا و پاڵه‌وانی ئه‌و تابووته‌ش واڵته‌ر ویلیامزى ته‌مه‌ن 78 ساڵه‌.

دیكسته‌ر هاوارد، پزیشكی یاسایی سه‌باره‌ت به‌و مردنه‌ دڵێت" ئێواره‌یه‌كی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌، خێزانه‌ی ویلیامز په‌یوه‌ندییان پێوه‌كرد، گومانیان كرد كه‌ ویلیامز مردووه‌. به‌ هیچ جۆرێك دڵی لێنه‌ده‌دا. بۆیه‌ مه‌رگی ئه‌ویان ڕاگه‌یاند. رۆژی دوای خێزانه‌كه‌ی خۆیان بۆ به‌ خاكسپاردنی ئاماده‌ ده‌كه‌ن. پیاوه‌كه‌یان خسته‌ ناو تابووته‌وه‌. یه‌كێك له‌ كرێكاره‌كان بیستی كه‌ مردووه‌كه‌ به‌ شه‌ق له‌ تابووته‌كه‌ ده‌دات. كاتێك سه‌ری تابووته‌كه‌یان لابرد، بینیان زیندووه‌ و نه‌مردووه‌.

خێرا ئه‌مبوڵانس گه‌یشت و پیاوه‌ مردووه‌كه‌یان به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ ڕفاند. له‌وێ واڵته‌ر ویلیامز لێدانی دڵی گه‌ڕایه‌وه‌، پزیشكه‌كه‌ ڕایگه‌یاند[9]" من تووشی شۆك ببووم، باوه‌ڕیشم وایه‌ سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ تووشی شۆك بوون" به‌ڵام خێزانه‌كه‌ی واڵته‌ر سوپاسگوزاری خوابوون. له‌و كاته‌دا یه‌كێك ته‌له‌فۆن بۆ ئه‌ندامی خێزانه‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت كه‌ی پرسه‌كه‌ی باوكته‌؟ ئه‌ویش ده‌ڵێت" ئه‌مرۆ ناینێژین.باوكم هێشتا زیندووه‌."

ئه‌و گه‌نجه‌ كینییه‌ی خۆی كوشت
له‌ ساڵی 2014 گه‌نجێكی كینی به‌ناوی پۆڵ مۆتورا هه‌وڵی خۆكوشتنیدا. چه‌ندین دنكه‌[10]ی له‌ناوبردنی مێرووی قووتدا. دواتر ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كرا. له‌وێ مه‌رگی ڕاگه‌ێندرا. باوك و ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی هاتن بۆ ئه‌وه‌ی بۆ دواجار بیبین. خۆیان ڕێكخست بۆئه‌وه‌ی چۆنیه‌تی پرسه‌كه‌ی ڕێكبخه‌ن. ته‌رمه‌كه‌ش ڕه‌وانه‌ی پزیشكی دادوه‌ری و توێكاری ته‌رمكرا.

كرێكارانی توێكاری ته‌رم، ئاماده‌نه‌بوون، به‌وجۆره‌ ته‌رمه‌كه‌ی هه‌ڵدرن، سه‌رقاڵی ئیشی خۆیان بوون. له‌پڕ هه‌موویان پێكه‌وه‌ ڕایانكرد و ته‌رمه‌كه‌یان جێهێشت. كاتێك پزیشكه‌كان هاتن بینیان كه‌ گه‌نجه‌كه‌ هه‌ناسه‌ده‌دات و دڵی لێیده‌دات.[11] پزیشكه‌كان ده‌ڵێن ئه‌و ده‌رمانه‌ی ئه‌و خواردوویه‌تی ته‌نیا لێدانی دڵ كه‌مده‌كاته‌وه‌. دوای ئه‌وه‌ی به‌ئاگا دێته‌وه‌ یه‌كسه‌ر ده‌ڵێت" له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و كاره‌ هه‌ڵه‌بووه‌، بۆیه‌ داوای لێبوردن له‌ باوكم ده‌كه‌م".

مرد؟
له‌ ساڵی 2007 له‌سه‌ر ڕێگایه‌كی خێرا، ڕووداوێكی هاتوچۆ ڕوویدا. به‌و هۆیه‌وه‌ دووكه‌س بوونه‌ قوربانی. یه‌كێك له‌وانه‌ هاوڵاتییه‌كی ڤه‌نزه‌ویلی بوو به‌ناوی كارلۆس كامیجۆ كه‌ ته‌مه‌نی 33 ساڵ بوو. ئه‌میان دواهه‌مین كه‌س بوو كه‌ پزیشكه‌كان مه‌رگی ئه‌ویان ڕاگه‌یاند. جه‌سته‌ی شه‌ڵاڵی خوێن بوو. دواتر پزیشكه‌كان بڕیاریاندا توێكاری بۆ ته‌رمه‌كه‌ی بكه‌ن تاوه‌كو بزانن هۆكاری ئه‌م خوێنه‌ چییه‌؟

ژنه‌كه‌ی كارلۆس خێرا به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ ڕۆیشت. دواتر چووه‌ ژووری توێكاری ته‌رمه‌وه‌ تاوه‌كو ته‌رمه‌كه‌ ده‌ستنیشان بكات. كاتێك پزیشكه‌كان خه‌ریكبوون چه‌قۆیان له‌ جه‌سته‌یدا. كارلۆس له‌ ئازاردا به‌ ئاگا هاته‌وه‌ و گوتی" به‌ ئاگا هاتمه‌وه‌، چونكه‌ به‌ڕاستی ئه‌و ئازاره‌ له‌ وزه‌ی مندا نه‌بوو."[12]

 

په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان

[1] http://www.bbc.co.uk/northernireland/yourplaceandmine/armagh/mccall_grave.shtml
[2] https://en.wikipedia.org/wiki/Jean_Hilliard
[3] https://www.nytimes.com/1981/01/03/us/dakota-teen-ager-recovers-after-being-frozen-stiff.html
[4] https://allthatsinteresting.com/jean-hilliard
[5] https://news.google.com/newspapers?nid=1946&dat=19801230&id=EQoiAAAAIBAJ&sjid=uaQFAAAAIBAJ&pg=2053,2485011&hl=en
[6] معجزه‌
[7] https://abcnews.go.com/Health/ohio-man-declared-dead-back-life/story?id=20027401
[8] https://www.medicaldaily.com/-died-45-minutes-being-brought-back-life-lazarus-phenomenon-253421
[9] https://edition.cnn.com/2014/02/28/us/dead-man-comes-back-life/
[10] حه‌پ
[11] https://www.bbc.com/news/world-africa-25681048
[12] https://www.sasapost.com/people-coming-back-to-life/