ڕاپۆرتی جیهانی

12:28 - 18/06/2019

چەند خولەكێك پێش مردنی محەمەد مورسی چی ڕوویدا؟‌

پەیسەر

سەرۆكی پێشووی میسر بەشێوەیەكی لەناكاو لەكاتی پڕۆسەی دادگایكردنەكەی بە جەڵتەی دڵ كۆچی دوایكرد، چەند خولەكێك بەر لەمردنی، سەرۆكی دادگا مافی قسەكردنی پێداوە، بەڵام هەر لەو چەند خولەكەشدا گیانی لەدەستدا.

لەهەڵچونەوە بۆ جەڵتەی دڵ
پێگه‌ی رووسیا ئه‌لیه‌وم وردەكاریی چەند خولەكێك پێش مردنی محەمەد مورسی بڵاوكردەوە، كە تیایدا مورسی داوای لە شیرین فەهمی، سەرۆكی دادگا كردوە مافی قسەكردنی پێبدات، كاتێكیش ئەو مافە بەمورسی دراوە، ناوبراو 25خولەك قسەیكردووە، بەڵام لەخولەكانی كۆتایدا بەهەڵچوونەوە قسەیكردووە و ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردوەتەوە كە ئاڕاستەی كراون و وتویەتی "من هێشتا سەرۆكی میسرم".

دوای ئەوەی لەكاتی قسەكردندا زیاتر هەڵدەچێت، مورسی باری تەندروستی تێكدەچێت و لەنێو هۆڵی دادگا دەكەوێت، بەر لەوەی هێزە ئەمنییەكان فریابكەون 
ناوبراو بگەیەننە نەخۆشخانە، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە مورسی كۆچی دوایدەكات.
لەگەڵ محەمەد مورسیدا چەند سەركردەیەكی دیكەی ئیخوان موسلمین لەنێو هۆڵی دادگایكردنەكەدا بوون، كاتێكیش دەبینن كە مورسی لەسەر زەوییەكە كەوتووە و دڵنیادەبنەوە لە مردنی، لەنێو قەفەسی زیندانیكردنەكەیانەوە هاواردەكەن و دەیانەوێت بچنە دەرەوە، دەستبەجێ سەرۆكی دادگا دانیشتنەكە جێدەهێڵێت و داواشدەكات هێزی ئەمنی زیاتر بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە ڕەوانەی دادگا بكرێت.

سەرچاوەیەكیش بۆ ڕۆژنامەی وەتەن باسی لەوەكردووە، مورسی بەتەندروستییەكی باشەوە بەشداریی لە دانیشتنەكەی دادگا كردوە ‌و هیچ ئاماژەیەكی خراپی تەندروستیی پێوە دیار نەبووە، تەنانەت داوای دواخستنی دانیشتنی دادگایكردنەكەی نەكردووە.

ئەو كەیسەی ئەمڕۆ مورسی لەسەر دادگایكرا چی بوو؟
لەدانیشتنەكەی ئەمڕۆی دادگادا نه‌بیل سادق داواكاری گشتی تۆمەتی هەبوونی پەیوەندیی هەواڵگریی مورسی بە بزوتنەوەی حەماس و چەند هێزێكی دەرەوەی میسری ئاڕاستەی سەرۆكی پێشووی ئەو وڵاتە كردووە، هاوكات وتوویەتی كە مورسی نهێنییەكانی پەیوەست بەئاسایشی نیشتمانی میسری بۆ قەتەر دزەپێكردووە.

داواكاری گشتی دادگا هاوكات تۆمەتی "كردەوەی تیرۆرستی لەنێوخۆی میسر" و هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی ئاڕاستەی محەمەد مورسی كردوە.

پەیوەندی بەسوپای پاسداران و بردنە دەرەوەی چەك لەمیسرەوە بۆ هەندێك لە میلیشیاكان بەتایبەت حزبوڵای لوبنانی، دوو تۆمەتی دیكە بوون كە داواكاری گشتی ئاڕاستەی محەمەد مورسی كردوون، بەڵام مورسی سەرجەمیانی ڕەتكردوەتەو بێبەریی بوونی خۆی لەهەموویان ڕاگەیاندوە، بەڵام بەهەڵچوونەوە بەرگریی لەخۆیكردوە و ئەوەش بوەتە هۆی نۆبەتی جەڵتەی دڵ و مردنی مورسی.

كەمترین كەس دەبێت بەشداریی لەمەراسیمی ناشتنەكەیدا بكات
دەسەڵاتدرانی میسر لەسەر داوای خێزانەكەی، تەرمی مورسی بۆ گوندی عەدوە لەپارێَزگای شەرقییە لەمیسر دەگوازنەوە و لەوێ بەخاكی دەسپێرن، بەڵام ڕێگە بەبەشداریكردنی ژمارەیەكی دیاریكراو لە كەسوكاری مورسی دەكەن و ناهێڵین مەراسیمەكە بە قەرەبالغی بەڕێوەبچێت.

دوابەدوای مردنی مورسی، وەزارەتی ناوخۆی میسر باری نائاسایی لەتەواوی ئەو وڵاتە ڕاگەیاند، ئەویش بەهۆی ترس لەپەرچەكرداری ئەندامانی ئیخوان موسلمین بەهۆی مردنی یەكێك لەسەركردەكانی ئیخوانەوە، هاوكات هێزێكی ئەمنی بەرچاو ڕەوانەی پارێزگای شەرقییە كراوە بۆئەوەی ڕێگە بەهیچ خۆپیشاندان و پشێوییەك لەكاتی ناشتنی مورسی نەكرێت.

لەنێو قاهیرەی پایتەختی میسر هێزێكی زۆری ئەمنی بڵاوەیان پێكراوە و باری نائاسایی "جی" ڕاگەیاندراوە، لەنزیك باڵیۆزخانەی وڵاتان لەمیسر، هۆتێل و دامەزراوە فەرمییەكان هێزێكی زۆری ئەمنی دەبیندرێت، ئەوەش وەك ئامادەكاریی بۆ هەر پێشهاتێك كە بەهۆی ناڕەزایەتی لە مردنی مورسی بكەوێتەوە.
لەیەكەم كاردانەوەشدا دوای مردنی محەمەد مورسی، ئیخوان موسلیمن مردنەكەی مورسی بە "كوشتنی بەئەنقەست ناودەبات".

بەگوێرەی میدیای میسری، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی محەمەد مورسی كرابوون سزاكەی 48 ساڵ زیندانیكردن بووە، بۆیە پێشوەخت مورسی هەستی بەوە كردوە سزایەكی لەوشێوەیەی بەسەردا دەسەپێندرێت، بۆیە باری تەندروستی تێكچووە.

نزیكبوونەوە لە ئێران و دژایەتی ئەمریكا كۆتایی بە مورسی هێنا
محەمەد مورسی كە دوای شۆڕشی بەهاری عەرەبی و لادانی حوسنی موبارەك لەپۆستی سەرۆكایەتی میسر، بەهەڵبژاردن بوە سەرۆكی ئەو وڵاتە، دوای ماوەیەكی كەم لەدەستبەركاربوونی لەپۆستەكەی بەشێوەیەكی نهێنی لەگەڵ ئێران لەپەیوەندیدا بوو، هاوكات لەچەند بۆنەیەكی جیاوازدا دژایەتی خۆی بۆ ئەمریكا دەربڕی، بۆیە سەرەنجام تەنیا یەك ساڵ لەدەستبەكاربوونی لەپۆستەكەی، لەساڵی 2013 بەكودەتای سەربازیی لەپۆستەكەی دورخرایەوە.

ئەوەی بۆ ئەمریكا جێگەی نیگەرانی بو ئەوەبوو، مورسی دەیویست پەیوەندی میسر و ئیسرائیل لەئاستێكی باشدا نەبێت، بۆیە واشنتۆن دەترسا كێشەی ئەو دوو وڵاتە بگەڕێتەوە ئاستی كێشەی ساڵای شەستەكانی سەدەی ڕابردوو كاتێك زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی بەسەركردایەتی میسر كەوتنە جەنگەوە لەگەڵ ئیسرائیل، سەرەنجام ئەو وڵاتە عەرەبییانە لەو جەنگەدا شكستیان هێنا.

مانگی ڕابردوو ئەمریكا بەشێوەیەكی فەرمی ئاشكرایكرد، كاردەكات بۆ ئەوەی ئیخوان موسلمین بخاتە لیستی تیرۆرەوە، ئەوەش هەنگاوێك بوو كە چاودێران بە ڕیسكێك لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە تەماشایانكرد، چونكە ئێستا ئیخوان و هەندێك وڵاتی عەرەبی وەك قەتەر هێندە بەنێو یەكدا چوون، بڕیارێكی لەوشێوەیە زریانێكی نائارامی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهێنێت.