ڕاپۆرتی جیهانی

01:42 - 20/06/2019

مێژووی سروودی نیشتمانی پێنج وڵاتی گه‌وره‌ی جیهان‌

پەیسەر

سروودی نیشتمانی پارچەیەک موزیكی تێکەڵاو بە هەڵبەستە لەلایەن وڵاتانه‌وه‌ به‌ مارشی نیشتمانی ناوده‌برێت. لە سەدەی 18وه‌ بە تایبەت دوای هاتنەئارای پرۆژەی دەوڵەت، گرنگیی زۆری پێدرا و بووە یەکێک لە هێما سەرەکییەکانی ناسینەوە و جیاکردنەوەی سنووری زمان و نه‌ته‌وه‌ی وڵاته‌ جیاوازه‌كانی جیهان.

ڕۆڵی دەوڵەت وەک ناوەندێکی جێی متمانە و خاوەن پێگەی یاسایی نێودەوڵەتی، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیە لە بایەخدان و بە فەرمیكردنی سروود لە ناو کۆمەڵگەدا، تەنانەت لە په‌یوه‌ندی وڵاتان لەگەڵ یەکتردا. 

سروودی نیشتمانی لە کوێ بەکاردێت؟ 
سروودی نیشتمانی لە هەر وڵاتێکدا پێگە و بواری بەکارهێنانی تایبەتی هەیە. لە زۆربەی وڵاتان له‌ كاتی وتنه‌وه‌یدا هەموو کەسێك لە جێی خۆی هەڵدەستێت، یاخود وه‌ك ڕێزێك کڵاوه‌كانی سەریان لاده‌به‌ن. لەلایەکی دیکەوه‌ لە ڕێوڕەسمە فه‌رمییه‌كانی حكومه‌ت و شوێنی کاری دیپلۆماسیدا ده‌وترێته‌وه‌.

چه‌ندین وڵات بە ئامانجی بەرزکردنەوەی گیانی نیشتمانپه‌روه‌ریی هاونیشتمانییه‌كانیان، هەموو بەیانییه‌ك لە قوتابخانەکاندا سروودی نیشتمانی ده‌وترێته‌وه‌. زۆربەی ڕادیۆ و كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌ فه‌رمییه‌كانی وڵاتان ڕۆژانە لە کاتژمێرێکی دیاریکراودا سروودی نیشتمانی وڵاتەکەیان لێده‌ده‌ن.

له‌ چین، زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌كان له‌ سەرەتای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانیاندا سروودی نیشتمانی لێده‌ده‌ن.

لە کۆلۆمبیا یاسایەکی تایبەت بە سروودی نیشتمانی پەسەندکراوە و كاتژمێر ٦ی بەیانی و ٦ی ئێواره‌ی هه‌موو ڕۆژێك لە هەموو تەلەفزیۆن و ڕادیۆکانی ئەو وڵاتەدا لێده‌درێت.

لە تایلەند هه‌موو ڕۆژێك کاتژمێر ٨ی به‌یانی و 6ی ئێواره‌، سروودی نیشتمانی له‌ سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا لێده‌درێت.
سروودی نیشتمانی له‌ ئه‌ڵمانیا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا، به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا:
ئه‌ڵمانیا: نه‌یارانی سروودی نیشتمانی ئه‌ڵمانیا لەو باوەڕەدان كه‌ تەنها باس لە پیاوان و کوڕان دەکات و هیچ ئاماژه‌یه‌كی بۆ ژنان تێدانییە.

ئیسپانیا: له‌م وڵاته‌ سروودی نیشتمانی هۆنراوه‌ی له‌گه‌ڵدا نییه‌، هه‌رێمه‌كانی ئەم وڵاتە ئامادەنین سروودەکە بە زمانی ئیسپانی بڵێنه‌وه‌.

ئیتاڵیا: سروودی نیشتمانی ئیتاڵیا له‌ ساڵی ١٨٤٧دا لەلایەن خوێندکارێکی ٢٠ ساڵەی ناسیۆنالیستی خەڵکی "چێنوا" وتراوە. ئەو سروودە لە ساڵی ٢٠١٧وه‌ وەک سروودی فەرمی ئیتاڵیا ناسێندراوه‌.

به‌ریتانیا: سروودی نیشتمانی نییە، بەڵام  سروودی " خودا شاژنمان بۆ بپارێزێت" بەهۆی مێژووی دوور و درێژی میلۆدییه‌كه‌یه‌وه‌ بە شێوه‌یه‌كی كرداری بووەتە سروودی نیشتمانی ئەو وڵاتە، لە هەمان کاتدا خەڵکی نیوزلەندا ئەو سروودە بە هی خۆیان دەزانن.

فه‌ره‌نسا: دیارترین سروودی نیشتمانی جیهان، سروودی نیشتمانی "مارسەیز"ی فه‌ره‌نسایە کە لەلایەن هەموو خەڵکی فه‌ره‌نساوه‌ ده‌وترێته‌وه‌، لە ڕاستیدا ئەو سروودە بووەته‌ ئیلهامبه‌خشی زۆر سروودی دیکەی جیهان.

پوختەی زانیاری لەسەر سروودی نیشتمانی ئه‌م پێنج وڵاته‌
سروودی نیشتمانی ئه‌ڵمانیا: ماوەیەک لەمەوبەر سروودی نیشتمانی ئه‌ڵمانیا لە نێوان سیاسەتوانان و میدیاکاندا مشتومڕ و باس و خواسی زۆری لەسەرکرا و جارێکی دیکە کۆمەڵێک بابه‌تی وەک په‌یوه‌ندی نیشتمانی، یەکێتی نێوان هه‌ردوو ئه‌ڵمانیا و سڕینەوەی شوێنەوارەکانی نازیزمی بەدوای خۆیداهێنا.

سروودی نیشتمانی هەر وڵاتێک هێمای وەفاداری خەڵک و دەسەڵاتدارانه‌ بە ئاو و خاکی وڵاته‌كه‌یان كه‌ لە بۆنە نیشتمانی و ڕووداوە وەرزشییەکان و ڕێوڕەسمی پێشوازییە نێودەوڵەتییەکاندا دەیڵێنەوە.

٧٠ ساڵ دوای لە دایکبوونەوەی ئه‌ڵمانیا و ٣٠ ساڵ دوای ڕووخانی دیواری بەرلین، تا ئێستا ئه‌ڵمانیه‌كان نەیانتوانیوە له‌سه‌ر سروودی نیشتمانی وڵاتەکەیان بگه‌نە کۆدەنگیی.

١٧٨ ساڵ به‌سه‌ر تەمەنی سروودی نیشتمانی ئه‌ڵمانیادا تێدەپەڕێت، هۆنراوەی سروودی نیشتمانی ئه‌ڵمانیا بە ناوی "سروودی ئه‌ڵمانییەکان" ، لەلایەن "هوفمان ڤۆن ڤالێرزلین"ی شاعیر و لەسەر بنەمای میلۆدی "گۆرانی قه‌شه‌" كه‌ بەرهەمی "یۆزۆف هایدێن"ی موزیكژه‌نه‌وه‌ داڕێژراوە.

لەو سەردەمەدا یەکەیەکی سیاسی بە ناوی ئه‌ڵمانیا بوونی نەبوو، سەرەڕای ئەوەش یەکەمین كۆپله‌ی هۆنراوەکە بەم شێوەیه‌ دەستپێدەکات:

"ئه‌ڵمانیا، ئه‌ڵمانیا لەسەرووی هەمووشتێک، سەرووتر لە هەموو شتێکی جیهان".

هۆنراوەكه‌ سێ بەشە، ئێستا بەشی سێیەمی كراوه‌ته‌ سروودی نیشتمانی. ساڵی ١٩٢٢ کۆماری وایمار سروودەکەی بە سروودی نیشتمانی ئه‌ڵمانیا ناوبرد. لە سەردەمی هیتلەردا تەنها بەشی یەکەمی هۆنراوه‌كه‌ وەک سروودی نیشتمانی ده‌وترایه‌وه‌. 

نه‌یارانی ئەو سروودە ده‌ڵێن بەشی سێیەمی هۆنراوه‌كه‌ تەنها پیاهه‌ڵدانه‌ به‌ شان و باڵی پیاوان و کوڕانی ئه‌ڵمانیادا و باسی ژنان ناكات. بە بڕوای هه‌ندێك کەس ئەو هۆنراوه‌یه‌ وەبیرهێنەرەوەی سەردەمی نازییەکانە و لەو ڕووه‌وە خەڵکی ئه‌ڵمانیای ڕۆژئاوا هۆگرییان بۆ وتنه‌وه‌ی سروودەکە نییە.

سروودی نیشتمانیی ئیسپانیا: سروودی نیشتمانی "مارچا ڕیاڵ" هاوشێوەی سرودی نیشتمانیی ئه‌ڵمانیا ڕووبه‌ڕووی کێشەیەکی گەورە بووه‌ته‌وه‌. کەس نازانێت هۆنراوه‌كه‌ی كێ نووسیویه‌تی، بەڵام بۆ یەکەم جار موزیكه‌كه‌ی ساڵی ١٧٦١ لەلایەن کەسێک بە ناوی "مێنۆێل ئێسپینۆزا" لە فێستیڤاڵێكی موزیكدا پێشكه‌ش كرا. لە سەرەتادا بە مارش ناویان نەدەهێنا. ساڵی ١٧٧٠ کارلۆسی سێیه‌می شای ئیسپانیا ئەو میلۆدیەی لەژێر ناوی "مارشی شانازی"دا كرده‌ فه‌رمی. لەوکاتەوە لەهەر ڕێوڕەسمێکدا کە بە بەشداریی خانەدانی پاشایەتی به‌ڕێوه‌بچووایه‌، ئەو سروودەیان دەوتەوە. 

لە سەردەمی ئاڵفۆنسۆی سێزدەیەمدا، کە لە نێوان ساڵانی (١٨٨٦-١٩٣١) پادشای ئیسپانیا بوو، چەند كۆپله‌یه‌كیان بۆ زیادکرد، بەڵام هیچ کاتێك ئه‌و كۆپله‌ زیادكراوانه‌ شێوازێكی فەرمیان وەرنەگرت و نەبوونە بەشێکی دانەبڕاو لە سروودەکە. ژه‌نه‌ڕاڵ فرانکۆ، دیکتاتۆری ئیسپانیا لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە (١٩٣٦-١٩٣٩)، لەژێر هەمان ناوی مارشی شانازیدا كردییه‌ سروودی فه‌رمی. لە سەردەمی فرانکۆدا (١٩٣٩-١٩٧٥)، لە دوو قۆناغدا هه‌ندێك كۆپله‌ی نوێ بۆ سروودەکە زیادکران و لە قوتابخەنەکاندا بە فه‌رمی ده‌وترایه‌وه‌. 

ئەو دۆخە زۆری نەخایاند، دوای گەڕانەوەی دیموکراسی بۆ ئەو وڵاتە "مارچا ڕیاڵ" بووە مارشی فەرمی ئیسپانیا، بەڵام مارشێكی بێ هۆنراوه‌.

هه‌رێمه‌ خۆبەڕێوەبەرەکانی کاتالۆنیا، ڤالێنسیا، باسک و گالیسیا، نەچوونە ژێرباری ئەوەی کە هیچ هۆنراوه‌یه‌ك بە زمانی ئیسپانی بۆ سروودی "مارچا ڕیاڵ" زیادبکرێت.

سروودی نیشتمانی فه‌ره‌نسا: سرووده‌كه‌ ناوی "مارسەیز"ە. مارسەیز بە ناوبانگترین سروودی نیشتمانی جیهانە و لەلایەن ئەفسەرێکی ئەندازیاری سوپای فه‌ره‌نساوه‌ چەند ڕۆژێك دوای ڕاگەیاندنی شەڕ له‌دژی نەمسا وتراوە.
نازانرێت كێ میلۆدی سروودەكه‌ی داڕشتووە، بەڵام موزیكزانانی فه‌ره‌نسا ده‌ڵێن، کەسێکی خاوەنهەست کە پسپۆڕی لەو کارەدا نەبووە خاوەنی ئەم میلۆدیەیە.

بەهۆی ئەوەی هەڵبەستەکە ناوەڕۆکێکی شۆڕشگێرانەی هەیه‌، هه‌رزوو بووه‌ ئیلهامبه‌خشی زۆربەی شۆڕشگێرانی جیهان. لە ڕووسیا "مارسەیزی کرێکاران" دانرا، کە ساڵی ١٨٧٥ چاپكرا.

ئەو سروودە لەلایەن فه‌رمانده‌یه‌كی سوپای ڕووسیاوه‌ بە ناوی "پیۆتر لاڤرۆڤیچ"، کە فەیلەسوف و نووسەر بوو، خوێندرایەوە. ساڵی ١٩٠٠ پۆلیسی ڕووسیا ئەو کەسانەیان دەستبەسەردەکرد کە سرووده‌كه‌یان ده‌وته‌وه‌‌. مانگی نیسانی ساڵی ١٩١٧، کاتێک لینین گه‌ڕایه‌وه‌ ڕووسیا، بە سروودی مارسەیز پێشوازی لێکرا.

ساڵی ١٩٣١ کاتێک دووەمین کۆماری ئیسپانیا دامەزرا، زۆربەی ئیسپانییەکان بە وتنەوەی سروودی مارسەیز بەرەو پێشوازی دامەزراندنی حكومه‌تی کۆماری ڕۆیشتن.

لە کاتی ڕێپێوانی دوورودرێژی سوپای سووری چیندا، ماو تسی تۆنگ داوای لە شۆڕشگێرانی وڵاتەكه‌ی کرد سروودی مارسەیز بڵێنه‌وه‌. تاوه‌كو ساڵی ١٩٧٠ لە قوتابخانەکانی چین منداڵانیان فێری ئەو سروودە دەکرد.

لە چیلی"مارسەیز سۆسیالیستی" سروودی فەرمی سالڤادۆر ئالندە، سەرۆك کۆماری ئەو وڵاتە بوو. دوای مردنی ئالندە، پینۆشێ سروودەكه‌ی قه‌ده‌غه‌كرد.

سروودی نیشتمانی ئیتاڵیا: لە داڕشتنی سروودی نیشتمانی ئیتاڵیادا ئیلهام لە هۆنراوه‌ی مارسەیز وەرگیراوە. خوێندکارێکی تەمەن ٢٠ ساڵەی ناسیۆنالیست بە ناوی "گۆفۆردۆ ماملێی" کردوویەتی بە سروود. 

سروودی نیشتمانی ئیتاڵیا کە بە سروودی ئیتاڵییەکان یاخود برایانی ئیتاڵیا ناسراوه‌، جێی ڕه‌زامه‌ندی لایه‌نگرانی یه‌كێتی خاکی ئیتاڵیایە. دوای شەڕی جیهانیی دووەم و لە ڕێکەوتی ١٢ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٦،سروودی ماملێی كرایه‌ سروودی کاتی ئیتاڵیای تازه‌ ئاوه‌دانكراوه‌. ڕێکەوتی ١٧ی تشرینی دووه‌می ٢٠٠٥ سروودەکە پەسەندکرا و 12 ساڵ دواتر و لە ڕێکەوتی ١٥ تشرینی دووه‌می ٢٠١٧ كرایه‌ فه‌رمی.

به‌ریتانیا: سروودی نیشتمانی نییە، بەڵام سروودی "خودا شاژنمان بۆ بپارێزێت" بەهۆی مێژووی دوورودرێژی موزیكه‌كه‌یه‌وه‌ بە كرداریی بووەتە سروودی نیشتمانی ئەو وڵاتە. بە وتەی هه‌ندێک كه‌س هەڵبەستی سروودەكه‌ له‌ سەدەی 17دا، بە وتەی هه‌ندێک کەسی دیکەش له‌ سەدەی 18دا وتراوە. ئەگەرچی میلۆدییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 17، به‌ڵام ساڵی ١٧٤٤ میلۆدی سروودەکە پەسەندکراوە.

"خودا شاژنمان بۆ بپارێزێت"، كۆپله‌ی یەکەمی سروودەکەیە، لەو قۆناغانەشدا کە پیاوێك پاشای ئەو وڵاتە بووە بە "خودا پادشامان بۆ بپارێزێت" دەخوێندرایەوە.

ئەو سروودە لە کۆندا سروودی نیشتمانی زۆربەی وڵاتانی كۆمۆنوێڵس بووه‌، به‌ڵام ئێستا ته‌نها لە به‌ریتانیا و نیوزلەندا بە سروودی نیشتمانی داده‌نرێت.