ڕاپۆرتی جیهانی

05:16 - 23/06/2019

سۆڤێت چۆن كه‌سانی ئۆپۆزسیۆنی شێت ده‌كرد؟‌

پەیسەر

كێ تۆ وه‌كو شاعیر ده‌ناسێت؟ كێ ناوی تۆی له‌ ڕیزی شاعیراندا تۆماركردووه‌؟.
هیچ كه‌س، كێ منی له‌ ڕیزی مرۆڤ ناونووس كردووه‌؟.

ئه‌م وه‌ڵامی شاعیری گه‌وره‌ی سۆڤێتیه‌ كه‌ پێشتر خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بی پێبه‌خشراوه‌. جۆزیف برۆدسكییه‌. كه‌ به‌وجۆره‌ وه‌ڵامی دادوه‌ری داییه‌وه‌. به‌رواری ئه‌م دادگاییه‌ شوباتی 1964ه‌. سه‌ره‌تای دادگاكه‌ به‌وه‌ ده‌ستی پێكرد كه‌ ساڵێك پێش ئه‌و به‌رواره‌ وتارێك له‌ رۆژنامه‌یه‌كی لینینگراد بڵاوكراییه‌وه‌ تێیدا شعره‌كانی برۆدسكی به‌ سێكسی و دژه‌ یه‌كێتی سۆڤێت وه‌سفكرد. دوای ئه‌وه‌ له‌ كۆتای ئه‌و ساڵه‌دا، به‌ تۆمه‌تی ئاكاری مشه‌خۆری له‌ ژیان ده‌ستگیركرا، له‌ كاتی دادگایكردنه‌كه‌یدا بردۆسكی به‌وه‌ تۆمه‌تباركرا كه‌ له‌ ڕاپه‌ڕاندنی كاروبار و پیشاندانی دڵسۆزی و وه‌فا له‌ پێناو وڵاتدا، شكستی هێناوه‌.  

دواتر دادگا سزای پێنج ساڵ زیندانی له‌گه‌ڵ ئیشكردنی قورس به‌سه‌ردا سه‌پاند. له‌گه‌ڵ ئامۆژگاریكردن. پاشان ده‌خرێته‌ ژێر پشكنینی نه‌خۆشی ده‌روونییه‌وه‌، تاوه‌كو بزانرێت ئه‌م كه‌سه‌ هیچ جۆره‌ نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونی هه‌یه یان نه‌؟ له‌ مانگی شوبات و ئازاردا، ئه‌و شاعیره‌ ماوه‌ی سێ هه‌فته‌ی له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ دروونییه‌كان به‌سه‌ربرد. هه‌موو رۆژێك ده‌رزی ئارامكه‌ره‌وه‌ی لێده‌درا، شه‌وانیش له‌و خه‌و هه‌ڵیانده‌ستاند و له‌ ئاوی سارد هه‌ڵیانده‌كێشا و پاشان به‌ په‌توویه‌كی ته‌ڕ داپۆشرا، ئه‌وجا ‌له شوێنێكی گه‌رم داده‌نرا تاوه‌كو وشك ده‌بووه‌وه‌. دوای ماوه‌یه‌ك نه‌خۆشخانه‌كه‌ راپۆرتێكیان نووسی و تێیدا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كه‌ بردۆسكی تووشی نه‌خۆشی "شیزۆفرینیای هێواش" بووه‌. ‌

داهێنانی نه‌خۆشی
ئه‌و كاته‌ی بردۆسكی له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ بوو، پزیشكێك به‌ ناوی سنیزنڤسكی سه‌رپه‌ره‌شتی ده‌كرد، كه‌ خاوه‌نی چه‌ندین مه‌دالیای ئازایه‌تی و سه‌رۆكی ئه‌كادیمیای زانستی پزیشكی بوو. داهێنه‌ری ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ بوو. شیزۆفرینیای هێواش. سنیزنڤسكی پزیشك و زانای سۆڤێتی ژماره‌ یه‌ك بوو له‌ ئاستی پزیشكانی دروونیدا. له‌ لایه‌ن هاوڕێكانیه‌وه‌ به‌ "خوێندنگای مۆسكۆ" ناویان ده‌برد.

شیزرۆفرینیا بۆ سێ جۆر دابه‌ش ده‌كرێت:-

یه‌كه‌م: درێژخایه‌نه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی هێواش گه‌شه‌ده‌كات و چه‌ندین نیشانه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دۆخی ئاسایی.

دووه‌م: سه‌خته‌ و دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌. له‌ كاتی تووشبووندا چه‌ند جارێك جه‌ڵته‌ی مێشك له‌ نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌دات، نیشانه‌كانی روونه‌ پاشان ده‌وه‌ستێت.

سێهه‌م :  تێكه‌ڵه‌ی هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌یه‌ و نه‌خۆشه‌كه‌ چه‌ند جارێك جه‌ڵته‌ی توند لێی ده‌دات، به‌ڵام نیشانه‌كانی ناوه‌ستێت و به‌ شێوه‌ی هێواش گه‌شه‌ ده‌كات. به‌ڵام پزیشكیه‌ ڕووسه‌كه‌ ئه‌وه‌ی بۆ زیادكرد كه‌ هه‌ندێك شیزۆفرینا هه‌یه‌ ده‌چێته‌وه‌ خانه‌ی جۆری یه‌كه‌م كه‌ به‌ هێواشی ده‌ست پێده‌كات، له‌ یه‌كه‌مین نیشانه‌دا نه‌خۆشه‌كه‌ هیچی بیر ناكه‌وێته‌وه‌. بۆ نموونه‌ هه‌ندێك جۆری دڵه‌ڕاوكێ هه‌یه‌ ده‌كرێت له‌ ڕێزی شیزۆفرینیا دابنرێت. له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا ده‌كرێت ڕه‌شبینی ببێته‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كانی شیزۆفرینیا. هه‌ندێكجاریش باس له‌ وڕینه‌ ده‌كرێت، كه‌ چاو و گوێ و هه‌سته‌كان به‌ گشتی ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ هیچ پێویست ناكات نه‌خۆشه‌كه‌ جۆری نه‌خۆشییه‌كه‌ی ده‌ستنیشان بكرێت.

یه‌كێك له‌ نه‌خۆشه‌كانی دیكه‌ به هه‌ڵه‌تاوی (توهم) داده‌نرێت، كه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ به‌ هه‌ڵه‌ قسه‌ ده‌كات و شتی سه‌یری دێته‌ به‌ر چاو. بۆیه‌ ئه‌مجۆره‌ نه‌خۆشییه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆی به‌ شێتیه‌وه‌ هه‌یه‌. زۆرجار هه‌ڵه‌تاوی تووشی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بێت كه‌ خۆی به‌ گه‌وره‌ و شوێنی خۆیان له‌ پێگه‌ی پێغمبه‌ران ده‌بینن.

له‌م خاڵه‌وه‌ سنیزنڤسكی و هاوڕێكانی باسیان له‌و جۆره‌ هه‌ڵه‌تاوییه‌ ده‌كرد به‌ هێواشی تووشی كه‌سانی تووشبوو به‌ شیزۆفرینا ده‌بێت. دواتر ناویان نا" هه‌ڵه‌تاوی چاكسازی" یات هه‌ڵه‌تاوی خه‌بات له‌ پێناو حه‌قیقه‌تدا. لای خوێندنگای مۆسكۆ زۆرجار بۆ ناسینه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كان په‌نا ده‌بارایه‌ به‌ر فه‌لسه‌فه‌، ئاین و هونه‌ر.

نه‌خۆش حه‌زی له‌ چاره‌سه‌ره‌
كاتێك له‌گه‌ڵ كه‌سێكی ئاسایی قسه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌و باس له‌ وڵات و ماركس و لینین و ستالین و شیوعیه‌ت یان هه‌ر شتێك كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ قسه‌كانه‌وه‌ نه‌بێت، بۆیه‌ له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌ كه‌سێكی ئۆپۆزسیۆنه‌. ئه‌م جۆره‌ مامه‌ڵه‌ كردنه‌ پیشاندانی هه‌ڵه‌تاوی(توهم) یه‌. بۆیه‌ به‌ ئاسانی به‌سه‌ركه‌سه‌كه‌دا زاڵده‌بیت، نه‌خۆشه‌كه‌ ڕاسته‌وخۆ داوای چاره‌سه‌ر ده‌كات. له‌ راستیدا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تووشی هه‌ڵه‌تاوی ده‌بن ده‌توانن به‌ ئاسانی له‌ كۆمه‌ڵگادا ئیش بكه‌ن، بۆیه‌ پزیشكه‌ رووسه‌كه‌ گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد، هه‌ركه‌سێك دژی ئایدۆلۆژیای یه‌كێتی سۆڤێت بێت ئه‌وا دووچاری نه‌خۆشی ده‌روونی بۆته‌وه‌.

له‌ حاڵه‌تێكی دیكه‌دا، ڕه‌نگه‌ ئێوه‌ی خوێنه‌ر باوه‌ڕ نه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیویستایه‌ و هه‌وڵی كۆچكردنی بدایه‌، یان ته‌نیا وتار و په‌رتووكی قه‌ده‌غه‌كراوی بڵاو بكردایه‌ته‌وه‌ ده‌چووه‌ چوارچێوه‌ی نه‌خۆشی دروونییه‌وه‌. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێك داوای خۆپیشاندانی بۆ مافه‌كانی خۆی بكردایه‌ و به‌شداری مه‌راسیمی ئاینی بكردایه‌، پێی ده‌گوترا نه‌خۆشی شیزۆفرینای له‌ جۆری یه‌كه‌م هه‌یه‌. له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كانیشدا ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سێك زۆر په‌یوه‌ستی ئاین بوایه‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌خرایه‌ شێتخانه‌وه‌.

له‌ دوای سنیزنڤسكی تیمێكی ڕاهێنراوی پزیشكی ده‌روونی دانران، ئه‌وان به‌ ته‌واوه‌تی باوه‌ڕیان به‌ ئه‌زموونی شوعیه‌ت هه‌بوو، له‌سه‌ر كه‌سانی ئۆپۆزسیۆن. هه‌ركه‌سێك له‌ بازنه‌كه‌ی ئه‌وان نه‌بوایه‌ ئه‌وا ده‌خرایه‌ ژێر چاودێری نه‌خۆشی ده‌روونییه‌وه‌، چونكه‌ سه‌رانی سۆڤێت بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد، ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ كۆمه‌ڵگادا چالاك نه‌بوایه‌ پێیان ده‌گوت " ئاماده‌ نه‌كراوه‌" ده‌بێت چاره‌سه‌ری پزیشكی ده‌روونی وه‌رگرێت.


زیندانی تایبه‌ت
ئه‌و نه‌خۆشانه‌ سودێكی زۆری بۆ ده‌زگای هه‌واڵگری ڕووسیا هه‌بوو. به‌ تایبه‌تی كاتێك یاسا ده‌ستی له‌و كه‌یسانه‌دا هه‌بوو. یان به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كانی نهێنی و ئابڕووچوونی ده‌زگا سه‌ركووتكه‌ره‌كانی ڕووسیای پێداده‌پۆشی، بۆ نموونه‌ پزیشك بۆی هه‌بوو یان یاسا ڕێگه‌ی پێده‌درا كه‌سێك له‌ شوێنێكی داخراودا زیندانی بكات وه‌كو نه‌خۆشخانه‌ی دروونی، بیانی ئه‌وه‌یان بۆ ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆی ئازاردانی خۆی یان كۆمه‌ڵگه‌. له‌و كاته‌دا ئه‌و كه‌سه‌ پێوستی به‌ چاره‌سه‌ر بوو، یان به‌ شێوه‌یه‌كی ناچاری ده‌بوو چاره‌سه‌ر بكرێت. ده‌زگای هه‌واڵگری ڕووسیا له‌و درزه‌وه‌ خۆی گه‌یانده‌ پزیشكانی دروونی، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پزیشكه‌كانی دروونی به‌ پشت به‌ستن به‌ یاساكانی سۆڤێت ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌خۆشبووایه‌ نه‌داخرایه‌ شێتخانه‌وه‌ تاوه‌كو كه‌سوكاره‌كه‌ی ڕازی نه‌بوونایه‌، له‌و كاته‌داش ڕازی بوونی نه‌خۆشه‌كه‌ و یان لاریبوونی له‌ بڕیاره‌كه‌ هیچ گرنگ نه‌بوو.

به‌ پێی یاسای تایبه‌تی دیاریكردنی نه‌خۆش وه‌كو سنیزنڤسكی داینابوو، خواست له‌سه‌ری زۆربوو. ڕێژه‌ی شیزۆفرینیا زۆر كه‌م بوو. له‌ هه‌زار كه‌سدا حه‌وت كه‌س نه‌خۆشبوو. بۆ نموومه‌ ماوه‌یه‌ك نه‌خۆشه‌كه‌ گه‌یشته‌ سێ كه‌س له‌ هه‌زار كه‌س، بیانووه‌كه‌ش ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ چاره‌سه‌ریان بۆ كراوه‌. له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، ڕێژه‌ی نه‌خۆشی له‌ وڵاتانی سۆڤێت كه‌متر بوو له‌ چاو وڵاتانی ئه‌ڵمانیا و ئوسترالیا و ژاپۆن، سێ هێنده‌ی نه‌خۆشه‌كانی ئه‌مریكا بوو. له‌و ماوه‌یه‌دا مۆسكۆ وه‌كو گه‌وره‌ترین شاری جیهانی بوو كه‌ مێژووه‌كه‌ی پڕبووه‌ له‌ نه‌خۆشی شیزۆفرینیا. ئێستا ده‌زانین كه‌ دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤێت شیزۆفرینیا  ته‌نیا له‌ یه‌كێتی سۆڤێت دانه‌هێنرا بۆ ئه‌وه‌ی جیابووه‌كان له‌ناوبه‌رێت، به‌ڵكو ڕاسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگری ڕووسیا كه‌ی جی بی فه‌رمانیان پێده‌كرا، كه‌ هه‌زاران كه‌س خزێنرانه‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌روونییه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ته‌نیا به‌ مه‌به‌ستی بنبڕكردنی كه‌سانی ئۆپۆزسیۆن. دوای ڕووخانی یه‌كێتی سۆڤێت كۆلیژی پزیشكی شاهانه‌ سنیزنڤسكیان به‌وه‌ ناوزه‌ند كرد كه‌ ڕێگایه‌كی نا ئه‌خلاقی گرتۆته‌ به‌ر چونكه‌ هاتووه‌ پزیشكی ده‌روونی به‌ مه‌به‌ستی سیاسی به‌كارهێناوه‌.

پاساوی بنبڕكردن
ئه‌وه‌ی  زۆر به‌لای سه‌رانی یه‌كێتی سۆڤێته‌وه‌ جێگای مشتومڕبوو، ئه‌وه‌بوو بتوانن چۆن باوه‌ڕ به‌ پزیشكه‌كانی ده‌روونی بهێنن، ئه‌وان به‌كاربهێنن بۆ له‌ناوبردنی سیاسیه‌كان، بۆیه‌ ده‌بوو سنووری نێوان نه‌خۆشی ڕاسته‌قینه‌ و نه‌خۆشی درۆكانی بهێننه‌ ئاراوه‌. یه‌كێك له‌وانه‌ی پشتیان پێ به‌ست تاقیكردنه‌وه‌كانی لیۆن فیسنتگه‌ر زانای دروونناسی ئه‌مریكی بوو، كه‌ توانی له‌ په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا چه‌ندین توندڕه‌وی ئاینی له‌ناوبه‌رن. یه‌كێكی دیكه‌ له‌و ڕێگایانه‌ ڕێگای ژیراندن كه‌ ئاكارێك بوو كه‌سه‌كان به‌ شێت ناوده‌بران، دواتر له‌ ڕێگای سیاسیه‌وه‌ بیروبۆچۆنیان ده‌گۆڕی و پاشان ده‌گوترا ئه‌و كه‌سه‌ چاره‌سه‌ری وه‌رگرتووه‌ و چیتر پێویستی به‌ نه‌خۆشخانه‌ نییه‌.

سه‌ركووتكاری
چی له‌وه‌ شه‌رمتر هه‌یه‌، له‌ بری ئه‌وه‌ی به‌ ئۆپۆزسیۆنت ناوبه‌رن، پێت بگوترێت شێت و كه‌س هیچی لێ ناگرێت؟ ئه‌و كاتانه‌ هاوڵاتیان باوه‌ڕیان وابوو كه‌ دامه‌زراوه‌ ته‌ندرووستیه‌كانی وڵات زۆر جێگای باوه‌ڕن و به‌ ڕاستی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی شیزۆفرینیا وه‌رگرن، كاتێك خه‌ڵكی له‌ ماڵه‌كانی خۆیان داده‌نیشتن له‌ رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ گوێیان له‌ گه‌وره‌ترین زانا و پزیشكی ده‌روونی ده‌گرت، ده‌یانبیست كه‌ پزیشكه‌كان ده‌ڵێن هه‌ركه‌سێك دژی ده‌سه‌ڵات و سیستمی سیاسی وڵات بێت، شێته‌. یان ئه‌گه‌ر كه‌سێك دژی ده‌وڵه‌ت بوه‌ستێته‌وه‌ ئه‌وا ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی دروونی ده‌كرێت، ده‌بێت چی له‌وه‌ مه‌ترسیدارتر بێت؟.

له‌ كاتێكدا ئه‌و دۆخه‌ ماوه‌یه‌كی زۆری خایاند، به‌ ئاشكرا په‌یام ده‌گه‌ێنرایه‌ هاوڵاتیان ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیر بكاته‌وه‌، ته‌نیا بخوێنێته‌وه‌، خوێندنه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی هونه‌ر و ئاین و فه‌لسه‌فه‌، ئه‌وا یه‌كێكه‌ له‌ نیشانه‌كانی هه‌ڵه‌تاوی، ئه‌م دۆخه‌ له‌ هه‌مان كاتدا كۆمیدیه‌ و تراژیدیه‌، ئه‌و كه‌سه‌ی تووشی هه‌ڵه‌تاوی بوو، ده‌سه‌ڵاتی شیوعیه‌ت بوو له‌ یه‌كێتی سۆڤێت.

سیستمی سیاسی ئه‌و وڵاته‌ كارێكی كرد كه‌ هه‌موو مرۆڤه‌كان له‌ ترسی ئه‌وه‌ی نه‌خرێنه‌ نه‌خۆشخانه‌ی دروونیه‌وه‌ ده‌یانگوت" باشترین ده‌سه‌ڵاتمان هه‌یه‌."

یه‌كێك له‌ خراپترین قۆستنه‌وه‌ی هه‌له‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زانست به‌كاربهێنێت، بۆ مه‌به‌ستی سیاسی. ئه‌وكاته‌ مرۆڤه‌كان متمانه‌ به‌ زانایان نامێنێت. ئه‌گه‌ر تۆ نه‌وێری باسی نه‌خۆشییه‌كانی خۆت بكه‌یت چۆن متمانه‌ به‌ پزیشك ده‌كه‌یت؟ ئه‌و كاره‌ چه‌ندین ساڵی ویست تاوه‌كو جارێكی دیكه‌ خه‌ڵكی متمانه‌یان به‌ پزیشكه‌كان كرده‌وه‌.