ڕاپۆرتی جیهانی

03:28 - 26/06/2019

ئه‌و سیخوڕه‌ی سوپاكه‌ی هیتله‌ری به‌ دۆڕاندا‌

پەیسەر پرێس

پاش ئه‌وه‌ی له‌ نێوان مانگه‌كانی ئایار و حوزه‌یرانی ساڵی 1940 سوپای ئه‌ڵمانیا توانی فه‌ره‌نسا داگیربكات، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌ڵمانیا كه‌وتنه‌ ڕاوكردنی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی تۆڕه‌كانی به‌رگری و سیخوڕی فه‌ڕه‌نسا. چونكه‌ ئه‌و تۆڕانه‌ چه‌ندین كرده‌وه‌یان له‌ دژی به‌رژوه‌ندییه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌ پاریس ئه‌نجامدا.

له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی داگیركاری فه‌ره‌نسا له‌ لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه‌ له‌ نێوان ساڵانی 1940-1944 به‌رپرسانی ئه‌ڵمانیا ژنێكی بیانی له‌سه‌ر خاكی فه‌ره‌نسا نیگه‌رانی كردبوون. چونكه‌ ئه‌و ژنه‌ پشكێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌ ئازادكردنی دژه‌ نازییه‌كانی ئه‌ڵمانیا، له‌ هه‌مان كاتدا چه‌ندین هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری وێرانكرد. به‌ ده‌ر له‌وانه‌ش به‌ ده‌یان زانیاری گرنگی ڕه‌وانه‌ی لای هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی كرد.

ئه‌و ژنه‌ ناوی "ڤێرجینا هاڵ"بوو. به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ قاچێكی نه‌بوو، ئه‌ڵمانه‌كان به‌ شه‌له‌ ناویان ده‌برد. ڤێرجینا له‌ شاری بالته‌یمۆر له‌ ساڵی 1906 له‌ دایك ده‌بێت. ئه‌و له‌ ته‌مه‌نی 27 ساڵیدا ئه‌و كاته‌ی كارمه‌ندی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا ده‌بێت له‌ توركیا، له‌ ده‌رچوونێكیدا پێی ده‌بێت به‌ تۆرێكی ڕاوكردنه‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌و به‌ بێ مه‌به‌ست ته‌قه‌ له‌ خۆی ده‌كات و دواتر قاچێكی ده‌بڕنه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ ناچار ده‌بێت قاچێكی ده‌ستكرد جێگه‌ی قاچه‌كه‌ی خۆی بگرێته‌وه و بتوانێت كاروباره‌كانی خۆی به‌ڕێوه‌ ببات‌. به‌ڵام له‌ دوای ئه‌و كاره‌ساته‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ویلایه‌تی ماریلاند، به‌رپرسانی ئه‌مریكا ڕه‌تیانكرده‌وه‌ چیتر ڤێرجینا ئیشی پێ بسپرێردرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ژنه‌ ئیتر په‌ككه‌وته‌یه‌. له‌ سه‌ره‌تای داگیركردنی فه‌ره‌نسا له‌ لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه‌ ساڵی 1940، ڤێرجنیا به‌ره‌و پاریس به‌ڕێكه‌وت تاوه‌كو له‌وێ له سوپای فه‌ره‌نسادا ئه‌ركی شۆفێری ئه‌مبوڵانس بگرێته‌ ئه‌ستۆ. هه‌رله‌گه‌ڵ داگیركردنی فه‌ره‌نسا، ئه‌و ژنه‌ ئه‌مریكیه‌ فه‌ره‌نسای جێهیشت و ڕۆیشت له‌ به‌ریتانیا نیشته‌جێ بوو.

كاركردن له‌ پێناو ده‌زگای هه‌واڵگری به‌ریتانیا
ئه‌و كاته‌ی له‌ به‌ریتانیا بوو له‌ ڕیزی ده‌زگای هه‌واڵگری به‌ریتانیا وه‌كو كارمه‌ند ده‌ستبه‌كاربوو. هه‌موویان پێی سه‌رسامبوون چونكه‌ به‌ هه‌ردوو زمانه‌كانی فه‌ره‌نسی و ئه‌مریكی به‌ باشی ده‌دوا. ئه‌مجاره‌یان گه‌ڕایه‌وه‌ فه‌ره‌نسا به‌ڵام به‌ شێوازێكی دیكه‌، ئه‌ویش وه‌كو په‌یامنێری ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك پۆست.

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای كاركردنیه‌وه‌، ڤێرجینا ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه‌ توانایه‌كی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ری هه‌یه‌، زۆر به‌ وردی جموجۆڵی سوپای ئه‌ڵمانیای له‌ فه‌ره‌نسا ده‌گوازته‌وه‌. هه‌روه‌ها چووه‌ ڕیزی به‌رگریكارانی فه‌ره‌نسا، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت زیاتر وه‌كو تۆڕێكی سیخوڕی به‌ریتانیا له‌ناو خاكی فه‌ره‌نسادا كاربكات. ئه‌م ژنه‌ ئه‌مریكیه‌ كه‌ نازناوه‌كه‌ی شه‌له‌ بوو، بووه‌ هۆی تووڕه‌بوونی پۆلیسی نهێنی ئه‌ڵمانیا كه‌ نازناوی (گیستاپۆ) بوو. ئه‌و ژنه‌ تاوه‌كو 1942 له‌ كاره‌كه‌ی خۆی به‌رده‌وام بوو. دواتر توانی به‌ قاچێكی ده‌ستكرده‌وه‌ هه‌ڵبێت و چیایی بیرینی ببڕێت و بچێت له‌ ئیسپانیا نیشته‌جێ بێت.

ساڵی 1944 ڤێرجێنا جارێكی دیكه‌ چووه‌ ڕیزی ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مریكاوه‌. ئه‌مجاره‌یان ڕه‌وانه‌ی فه‌ره‌نسا كرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پشتیوانی هێزی به‌رگری فه‌ره‌نسا بكات، ئه‌وه‌ش له‌ دوای ئه‌وه‌ی ناسنامه‌یه‌كی ساخته‌ی په‌یدا كرد كه‌ پیشه‌كه‌ی به‌خێوكردنی مانگا بوو. له‌م گه‌شته‌دا ڕه‌نگی قژی گۆڕی چه‌ندین زانیاری له‌سه‌ر شوێن و پێگه‌ی ئه‌ڵمانه‌كان  و ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانیان بۆ ئه‌مریكا گواسته‌وه‌.

نۆرماندی
سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو خزمه‌ته‌ی ڤێرجینا به‌شداری كرد له‌ شه‌ڕی نۆرماندی كه‌ بووه‌ هۆی شكستی ئه‌ڵمانیا. له‌ سه‌ره‌تای پرۆسه‌كه‌وه‌ كه‌ رۆژی شه‌شی حوزیرانی 1944 بوو، ئه‌و كه‌تیبه‌ی كه‌ سه‌ربه‌م ژنه‌ ئه‌مریكییه‌ بوو، توانیان چوار پرد بته‌قێننه‌وه‌ و چه‌ندین هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری تێكدا كه‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كان پێداویستیان ده‌گوازته‌وه‌. بۆیه‌ له‌م ڕێگایه‌وه‌ ئه‌ڵمانیا ئیتر نه‌یتوانی شتی پێبگات و له‌و جه‌نگه‌دا دۆڕا.

مه‌دالیای ئازایه‌تی
له‌ كۆتای جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا هاری ترۆمان سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ساڵی 1945 مه‌دالیای ئازایه‌تی به‌ ڤێرجینا هاڵ به‌خشی كه‌ به‌ ژنه‌ شه‌له‌كه‌ ناسرابوو. ئه‌و مه‌دالیایه‌ ناوی (Distinguished Service Cross) كه‌ به‌ گرنگترین مه‌دالیای ئازایه‌تی سوپای ئه‌مریكا داده‌نرێت. ئه‌م ژنه‌ تاوه‌كو كۆتایی ژیانی له‌ ئه‌مریكا ڕێزێكی تایبه‌تی لێنرا. به‌ڵام دواجار له‌ هه‌شتی ته‌مموزی ساڵی 1982 كۆچی دوایی كرد.