ڕاپۆرتی جیهانی

11:14 - 01/07/2019

سپلێت هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکات‌

پەیسەر

لەگەڵ گۆڕانی پلەی گەرما لە جیهاندا، داواکاری بەکارهێنانی سپلیت لەبەرزبوونەوەدایە و کە بە هۆکارێکی خراپ بۆ زیاتر گەرمبوونی بەرگەهەوا دادەنرێت، به‌ڵام ئه‌و ئامێره‌ ئه‌گه‌رچى له‌ گه‌رما ده‌مانپارێزێت به‌ڵام مه‌ترسى گه‌وره‌شى هه‌یه‌.

بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و بەرزبوونەوەی ئاستی دارایی و داهاتەوە، مەزەندە دەکرێت لە ناوەڕاستی ئەم سەدەیەدا بەکارهێنەرانی ئەم ئامێرە (سپلێت) لە ١.٦ ملیارەوە بۆ ٥.٦ ملیار زیادبکات.

زۆرترین ڕێژەی بەکارهێنانی سپلێت لە ئەمریکادایە، پێچەوانەی ئەڵمانیا کە خەڵکەکەی کەم یان هیچ بەکاریناهێنن.

لە ڕاپۆرتێکی نوێی ماڵپەڕی (بلومبێرگ)داهاتووە، نیوەی دانیشتوانی چین سپلێت بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا لە کۆی ١.٦ ملیار دانیشتووی هیندستان وهیندۆسیەکان تەنها هه‌شت ملیۆنیان سپلێت بەکاردەهێنن.

قازانجی کۆمپانیاکانی سیستمی ساردکەرەوەی ئاسیا لە بەرزبونەوەیەکی زۆردایە وەکو کۆمپانیاکانی DaikinIndustries ،Gree Electric Appliances  ،Haier Smart Home ، Midea Group.

لەلایەکی دیکەوە لە ساڵی ٢٠١٨دا بەهۆی بەکارهێنانی سپلێتەوە، ڕێژەی دەرچوونی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بە سه‌دا دوو(٪٢) زیادیکرد کە لە حه‌وت ساڵی ڕابردوودا هاوشێوەی نەبووە. ئەمەش کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر تێکچوونی لەناکاوی کەشوهەوا.

زیانێکی دیکەی ئەم ئامێرە فێنككه‌ره‌وانه‌، زیادبوونی بەکارهێنانی وزەی کارەبایە (كه‌ گرانترین جۆری وزه‌یه‌ له‌سه‌ر زه‌وی).

ڕاپۆرتەکەی ماڵپه‌ڕی بلومبێرگ پێشبینی دەکات، بەهاتنی ساڵی ٢٠٥٠بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنانی سپلێتەوە خواست لەسەر بەکارهێنانی وزەی کارەبا بە ڕێژەی سه‌دا ١٤٠ زیاد بکات، کە دەکاتە هەمان ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبا لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە. بەوەش لەو ساڵەدا بەراورد بە ئێستا خواست لەسەر بەکارهێنانی وزەی کارەبا لە سەدا نۆ(٩٪)وە بۆ سەدا ١٢.٧ بەرزدەبێتەوە. ئەو زیادە بەکارهێنانەی کارەباش بە وزەی خۆر ووزەی بەردینەوە پڕدەکرێتەوە. 

لەو مشتومڕانەی کە لە ڕابردوودا کراون لەسەر خراپبوونی کەش و هەوای گۆی زەوی، خراپی شێوازی بونیاتنانی خانوو و باڵەخانەکان لەبەرچاو نەگیراون، کە ساڵانە یەک لەسەر پێنجی وزەی جیهان بەهۆی خراپی یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبونه‌وه‌ بەفیڕۆ دەڕوات.

دیزاینی بنیادنانی خانوەکان، یاخوود ئۆفیس و تەنانەت ئۆتۆمبیلەکان لە جیهاندا بەشێوەیەکی خراپکراون و ڕەچاوی کەش و هەوا نەکراوە.

بەڵام لە ئەڵمانیا ڕێگاکانی بنیادنانی خانووەکان بە شێوەیەکە کە کەمتر گەرما یان سەرما  دزە ئەکات و  مرۆڤ هەست بە ئاسوودەیی ئەکات، هه‌ربۆیه‌ باشتره‌ ئەم شێوه‌ ئه‌ندازه‌یه‌ پەرەی پێبدرێت و بەکاربهێنرێت تا بەکارهێنەرانی سپلێت کەم ببێتەوە و هەم خەرجی کەمتر بکرێت.

لە ئەمریکا ڕێژەی بەکارهێنانی سپلیت سەدا (٩٠)ە وە لە ئەڵمانیا سەدا٣٠ یە هاوتای بەریتانیا.