ڕاپۆرتی جیهانی

01:32 - 09/12/2018

تونێلی مەرگی پەنابەران
دەریای ئیجە ناوێکی زانراوو جوگرافیایەکی نەزانراو‌

پەیسەر

کاتێک لە کەناراوەکانی شاری ئیزمیرەوە دەڕوانیتە رووبەرە پان و بەرینەکانی دەریای ئیجە، تەنها شەپۆل و رەنگێکی شینی سیحراوی بەدی دەکەیت کە لەگەڵ دەنگی نەورەسەکان و هاژەی نەرمە شەپۆلەکانیدا، تابلۆیەکی ستاتیکایان پێکهێناوەو لە رووکەشیدا جوانیەکی سادەو ئارامبەخش بە بینەرو میوانەکانی دەدات، بەڵام هەر ئەوەندەی دەچیتە نێو وردەکاری و ناواخنیەوە، ئەم رووبەرە بەرفراوانە شینە وەکو جوگرافیایەکی ترسناک خۆی نمایش دەکات، بە تایبەتی لە نێو یادەواری ئەو رێبوارو موسافیرانەی وەکو پەنابەر بەنێویدا گەشتیانکردووە.

دەریای ئیجە ساڵانێکی زۆرە رێڕەوی پەڕینەوەی زۆرینەی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی ناوینە بەرەو بەهەشتی ئەوروپا، بەوپێیەی نزیکترین رێگای ئاویە کە بەشێوەیەکی نایاسایی دەتوانیت خاکی تورکیا ببڕیت و بگەیتە سەرزەمینی کیشوەری ئەوروپا کە بە دوورگەکانی لیسبۆسی وڵاتی یۆنان دەستپێدەکات. دووری نێوان کەناراوەکانی شاری ئیزمیری تورکیاو دوورگەی لیسبۆسی یۆنان تەنها ١٠ کیلۆمەترەو پەڕینەوەی بەو یەختانەی کۆچبەرە نایاساییەکان بەکاری دەهێنن تەنها دوو بۆ سێ کاژێرە. هەربۆیە لەگەڵ دۆزینەوەی چەندین رێگای دیکەی نایاسایی بۆ پەڕینەوە بەرەو کیشوەری ئەوروپا بەڵام هێشتا رێگای دەریای ئیجە کێبرکێی سەختی هەموو رێگاکانی دیکە دەکات.


لە دوای راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ەوەو وردتر دوای دەستپێکردنی شەپۆلە جیاوازەکانی کۆچ لە باشوری کوردستانەوە بەرەو ئەوروپا، دەریای ئیجە وەک ناوێکی دیار دێتە نێو فەرهەنگ و یادەوەری دەستەجەمعی شەقامی کوردیەوە، هێواش هێواش دەریای ئیجە دەبێتە تاکە رێڕەوی کۆچبەران بۆ گەیشتن بە ئەوروپا بە شێوەیەکی نایاسایی، بەپێی بەدواداچونێکی پەیسەر زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەی لە نێوان ساڵانی ١٩٩٢ بۆ ٢٠٠٤ زۆرینەیان لە رێگەی دەریای ئیجەوە گەشتی ترسناک و دوورو درێژی کۆچیان دەستپێکردووە، هاوکات ئەوەی جێگەی هەڵوێستە لەسەر کردنە ئەو پەنابەرانەی پەیسەر قسەی لەگەڵ کردوون زۆرینەیان هەتاوەکو ساتی ئەزمونکردنی گەشتی نێو دەریای ئیجە هیچ زانیاریەکیان لەبارەی دەریاکەو سروشت و کەشو هەواو جوگرافیا جیاوازەکانی نەبووە، هەڵبەت ئەم قسەیە بۆ ئەو پەنابەرانەش هەر راستە کە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە کوردستانیان بەجێهێشت لە شەپۆلێکی نوێی کۆچکردندا بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا.

 

لەنێو یادەوەری کۆچبەراندا دەریای ئیجە تەنها شاڕێگەی پەڕینەوە نەبووە بۆ ئەوروپا، بەڵکو جوگرافیایەکی ترسناکیش بووەو چەندەها رووداوی مەرگی بە کۆمەڵی کۆچبەران تێیدا روویداوە. لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا چەندین خێزان خۆیان و رۆڵەکانیان لە نێو دەریای ئیجەدا بوونە قوربانی و خەون و هیواکانیان لەگەڵ خۆیاندا بردە نێو قوڵایی شەپۆلەکانی دەریاکەوەو کۆچەکەیان بۆ ئەوروپا بووە کۆچی مەرگ و بۆ هەمیشەیی ماڵئاواییان کرد، لە نێو رووداوەکانی نوقم بوون و خنکانی کۆچبەراندا، روداوێکی ترسناک لە نێو یادەوەری چیرۆکەکانی کۆچدا هێشتا زیندووە، ساڵی ١٩٩٧ لەنێو دەریای ئیجەدا یەختێکی کۆچبەران ژێرئاوکەوت و بەهۆیەوە ٩٣ کەس گیانیان لە دەستدا، زۆرینەی قوربانیەکان خەڵکی شاری رانیە بوون، ئەگەرچی ئەو رووداوە رووداوێکی خەمناک بوو بۆ باشوری کوردستان بەڵام تاکە رووداوو دواهەمین رووداوەکانی مەرگ نەبوو لە نێو چیرۆکەکانی کۆچبەراندا.

سروشت و جوگرافیای دەریای ئیجە

دەریای ئیجە یەکێکە لە رێڕەوە ئاویەکانی سەر بە دەریای سپی ناوەڕاست، رووبەری گشتی دەریای ئیجە ٢١٤ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، درێژیەکەی ٦٤٣ کیلۆمەترو ٥٠٠ مەترە، پانیەکەشی ٣٢٢ کیلۆمەترەو لە رێگەی گەرووی دەردەنێلەوە بەستراوەتەوە بە دەریای مەرمەرەوە. دەریای ئیجە یەکێکە لە رووبەرە ئاویە نێودەوڵەتیەکان و سنوری هاوبەشی هەریەکە لە وڵاتی تورکیاو یۆنان پێک دەهێنێت.

لە نێو دەریایکەدا ژمارەیەکی زۆر دوورگەی گەورەو بچوک بونیان هەیە کە زۆرینەی ئەو دوورگانە لە رووی جوگرافیای سیاسیەوە بەشێکن لە خاکی یۆنان. سێ دوورگەی گەورە لە نێو دەریاکەدا بەهۆی نزیکیان لە خاکی تورکیاوە، سێ وێستگەی سەرەکی کۆچی کۆچبەرانیان پێکهێناوەو زۆرینەی گەشتە جیاوازەکانی کۆچبەران لەو سێ وێستگەیەوە ئەنجام دەدرێن ئەوانیش هەرسێ رێڕەوەی :
تورکیا (شارۆچکەی دیکیلی) بۆ یۆنان (دوورگەی لیسبۆس) دووری نێوانیان ١٥ کیلۆمەترە


تورکیا (شارۆچکەی چێشمە) بۆ یۆنان (دوورگەی کیۆس) دووری نێوانیان ٨ کیلۆمەترە


تورکیا (شارۆچکەی بۆدروم) بۆ یۆنان (دوورگەی کۆس) دووری نێوانیان ١١ کیلۆمەترە


هاوکات رێگایەکی دی هەیە بەڵام بەهۆی سەختی بەری تورکیاوە کەمتر بەکاردەهێنرێت ئەویش رێڕەوەی تورکیا (شارۆچکەی سۆکە)یە بۆ یۆنان (دوورگەی سامۆس) ئەم رێڕەوە ئەگەرچی دووریەکەی تەنها ٤ کیلۆمەترو ٥٠٠ مەترە بەڵام لەبەر سەختی بەری تورکیا زۆر بە کەمی بەکاردەهێنرێت.

 

قوڵترین پنتی دەریای ئیجە ٥٠٠٠ مەترە، بەڵام ئەو رێڕەوەی کۆچبەران بەکاری دەهێنن بۆ پەڕینەوە بۆ بەری یۆنان قوڵیەکەی لە نێوان ١٠٠ بۆ ٢٠٠ مەتردایە. ئاووهەوای دەریاکە وابەستەی کەشی دەریای ناوەڕاستە، واتە لە هاویندا گەرم و بێ باران و لە زستاندا ساردو باراناویە، بەڵام لە هەردوو وەرزدا جموجۆڵی با بونێکی بەرچاوی هەیەو لە هەندێ رۆژی وەرزی زستاندا خێرایی با لەسەر دەریاکە دەگاتە ١٥٠ کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بەوهۆیەشەوە شەپۆلی گەورە لە نێو دەریاکەدا دروست دەبێت و هەندێجار بەرزی شەپۆلەکانی دەگاتە ٢٥ مەتر، کە ئەوەش مەترسیەکی گەورە بع هاتوچۆی کەشتیوانی لە نێو دەریاکەدا دروست دەکات.

هۆکارەکانی ژێرئاو کەوتنی یەختەکان و خنکانی کۆچبەران
دەریای ئیجە هەر لە رۆژگارە دێرینەکانەوە بە گۆڕستانی کەشتیگەلەکانی شارستانیەتی ئەوێ رۆژ دانراوە، تەنانەت زانایانی ئارکیۆلۆژی دەڵێن خودی ناوی دەریاکە (ئیجە) لە ناوی سەرکردەیەکی یۆنانی کۆنەوە هاتووە کە ناوی ئامازۆن ئیجیا بووەو کەشتیەکەی بەهۆی شەپۆلەکانی دەریاکەوە ژێر ئاو کەوتووەو خنکاوەو دواتر دەریاکە بە ناوی ئەو سەرکردەیەوە ناونراوە. بەڵام لە رۆژگاری ئەمڕۆدا ئەوانەی لە نێو دەریاکەدا دەخنکێن چانسی ئەوەیان نیە دەریاکە ناویان بۆ هەمیشە نەمر بکات بەڵکو زۆرینەیان ئەگەر دەریاش تەرمەکانیان بداتەوە، ئەوا تەنها گۆڕێکی بێ ناونیشانیان لە گۆڕستانی پەنابەران لە تورکیاو یۆنان دەست دەکەوێت، کە ژمارەیان ١٤ گۆڕستانەو تایبەتن بە ناشتنی ئەو کۆچبەرانەی لە دەریای ئیجەدا دەخنکێن. بە پێی ئامارێکی نافەرمی چەند ئاژانسێکی فریاگوزاری تورکیا لە ماوەی ٢٥ ساڵی رابردوودا نزیکەی ١٠ هەزار کەس لە نێو دەریای ئیجەدا خنکاون.

لە ساڵی ٢٠١٥ەوە کاتێک شەپۆلی بەرفراوانی کۆچکردن لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەستی پێکرد، ٨٠ لە سەدی ئەو کۆچبەرانە رێڕەوی ئیجەیان بەکارهێنا بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، کە ژمارەیان بە یەک ملیۆن کەس دەخەمڵێنرا، لەگەڵ ئەوەی دووری کەناراوەکانی تورکیا و دوورگەکانی یۆنان لە نێوان ٤ بۆ ١٥ کیلۆمەتردایە بەڵام ژمارەیەکی زۆر رووداوی وەرگەڕان و ژێر ئاوکەوتنی یەختی کۆچبەرانی تێدا روویداوە، تەنها لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا ١٨٣ رووداوی ژێر ئاوکەوتنی بەلەم یان یەختی کۆچبەران لە نێو دەریای ئیجەدا روویداوە کە بە هۆیەوە ١٢١٦ کەس لە نەتەوە جیاوازەکان گیانیان لەدەستداوە، دیارە کوردیش پشکی شێری بەردەکەوێت لە نێو ئەو ئامارانەدا، دواهەمین رووداوی ژێرئاوکەوتنیش کە زۆرینەی سەرنشینەکانی کورد بوون رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ روویدا، کاتێک یەختێکی پەنابەرانی کورد ژێر ئاودەکەوێت و لە کۆی ٣٥ سەرنشینی یەختەکە تەنها ئافرەتێک رزگاری بووەو ٣٤ کەسەکەی دی گیانیان لەدەستدا کە زۆرینەیان خەڵکی دهۆک و زاخۆ بوون. هەڵبەت هەر لە میانی ئەم سێ ساڵەی دواییدا چەندین رووداوی دیکەی لەو شێوەیە روویانداوە کە کۆچبەری کورد تیایدا بونەتە قوربانی لە دیارترینیان رووداوی ژێر ئاوکەوتنی دوو یەختی کۆچبەران بوو لە مانگی کانونی دووەمی ٢٠١٦دا کە بەهۆیەوە لە کۆی ٨٥ کۆچبەر ٧٠ کۆچبەر لە نێو دەریای ئیجەدا خنکان. پرسیارە جەوهەریەکە لێرەدا ئەوەیە ئەو رووداوانە بۆچی روودەدەن؟

بە پێی ئەو بەدواداچونەی پەیسەر ئەنجامی داوەو هەروەها بە پێی قسەی ئەوانەی لەو سەفەری مەرگە رزگاریان بووە، کۆچبەران کاتێک لەلایەن قاچاخچیەکانەوە دەهێنرێنە سەر کەناراوەکانی دەریای ئیجە بەڵێنی یەختی سەلامەت و پارێزراوو کەشتی گەشتیاری بە کۆچبەران دەدەن، بەڵام کاتێک گەشت دەست پێدەکات یەختەکان یان یاختی کۆنی راوەماسین یاخود لە باشترین دۆخدا بەلەمی لە چوپ دروستکراوە کە بە بزوێنەرێکی سادەو کۆن تەیار کراوەو ژمارەی سەرنشینەکانی دیاریکراوە، بەڵام هەمیشە قاچاخچیەکان سێجارو چوارجار زیاتر لە کێشی رێگەپێدراوی خۆی سەرنشینی تێدەخەن، کێشەکە لێرەوە دەستپێدەکات کاتێک کۆچبەران بەلەمەکە دەبینن راستەوخۆ پەشیمان دەبنەوە لەوەی سواری بن بەڵام بۆ ئەوەی کاروانەکە تێک نەچێت و لای پۆلیس ئاشکرا نەبن، قاچاخچیەکان رێگە بە کەس نادەن بگەڕێتەوەو هەندێجار لە ژێر هەڕەشەو بەکارهێنانی دەمانچەو چەقۆو توندوتیژیدا قاچاخچیەکان کۆچبەران ناچار دەکەن سواری کەشتیەکان بن.

بە شیوەیەکی ئاسایی ئەگەر دەریا هێمن و بێ شەپۆل بێت بڕینی دەریای ئیجە لە کەناراوەکانی تورکیاوە بۆ یۆنان ٢ بۆ ٣ کاژێر دەخایەنێت، بەڵام گرفتەکە ئەوکاتە دەست پێدەکات کە زۆرینەی قاچاخچیەکان خۆیان هاوسەفەری کۆچبەرەکان نابن و هاژوشتنی بەلەمەکان دەدەنە دەستی خودی کۆچبەرەکان کە ئەوانیش زۆرینەیان شارەزایی و ئەزمونی هاژوشتنی بەلەمێکی لەو شێوەیەیان بیە لە دەریایەکی وا بەریندا، هەربۆیە بەلەمەکان بەهۆی ناشارەزایی شۆفێرەکانیەوە کە لە خودی کۆچبەران خۆیان پێکهاتون، بەلەمەکان لە رێڕەوی خۆی لا دەدەن و لە بری ئەوەی  بگەنە کەناراوەکانی یۆنان بەرەو قوڵایی دەریا دەچن، هەندێ کات هەتا بەنزین و گاز لە نێو بزوێنەرەکانیاندایە، بەلەمەکان دەریا دەبڕن بەڵام ئیدی کاتێک بزوێنەرەکان لە کار دەکەون، بەلەمەکان دەبنە تەنێکی بێ سەنگ بە دەم شەپۆلە بەهێزەکانی دەریای ئیجەوەو بە ئاسانی ژێر ئاو دەکەون ئەمە ئەگەر بزانین زۆری ژمارەی سەرنشینانی ئەو بەلەمانە هەمیشە هاوسەنگی بەلەمەکان دەشێوینن و ئاسانتر رووبەڕووی ژێر ئاوکەوتنیان دەکەنەوە. 

جگە لەو هەزاران کەسەی لە سالانی رابردوودا لە نیو شەپۆلەکانی دەریاکەدا خنکاون، هاوکات بە هەزارانی دیکەش لە رێگەی پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنانەوە رزگارکراون، لە نێو رزگارکەرانی کۆچبەرە ژێرئاوکەوتووەکاندا ناوێکی دیار ئامادەیی هەیە کە ئەویش كیریاكۆس بابادوبولۆسە، کە ئەفسەر بووە لە پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان و لە سێ ساڵی رابردوودا خۆی و کەشتیەکەی PLS 620 توانیویانە ٥ هەزار کۆچبەر لە دەریای ئیجە رزگار بکەن، هەرچەندە كیریاكۆس بابادوبولۆس لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨دا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە تەمەنی ٤٤ ساڵیدا کۆجی دوایی کرد بەڵام یۆنانیەکان و کۆچبەرانیش هەمیشە وەکو رزگارکەرو پاڵەوانێک لە ناوبراو دەڕوانن.

دەریای ئیجە هەر دەمێنێ و رەنگە بۆ ساڵانێکی درێژی دیکە هەر شا رێگەی پەڕینەوەی کۆچبەرە نایاساییەکانی رۆژهەلاتی ناوەراست بێت، ئەوەی دەگۆڕێت تەنها چیرۆکی تراژیدی کۆچبەران و زیادبوونی ئاماری مەرگەساتەکانیانە.