ڕاپۆرتی جیهانی

01:56 - 08/07/2019

چۆن میسرییه‌كان مردووه‌كانیان مۆمیاكردووه‌؟‌

پەیسەر

هه‌ره‌مه‌كان تاكه‌ شتی سه‌رسوڕهێنه‌ری ژیاری میسریه‌ كۆنه‌كان نییه‌، مۆمیاكردنیش گه‌واهیده‌رێكی تره‌ بۆ ئه‌وه‌ی فیرعه‌ونه‌كان به‌ چه‌ند قۆناغێك پێش سه‌رده‌می خۆیان كه‌وتوون و چه‌ندین شوێنه‌واریان جێهێشتووه‌ كه‌ تا ئه‌مڕۆش هه‌ندێكیان نهێنیه‌كه‌یان ئاشكرا نه‌كراوه‌.

میسیریه‌ كۆنه‌كان له‌و باوه‌ڕه‌دابوون كاتێك كه‌سێك ده‌مرێت به‌ گه‌شتێك ده‌چێته‌ جیهانێكی دیكه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و جیهانه‌شدا له‌ ژیان به‌رده‌وام بن پێویستبووه‌ له‌دوای مردنیان جه‌سته‌یان وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی ئه‌مریكی (History On The Net)، ئه‌و باوه‌ڕه‌ی میسرییه‌ كۆنه‌كان پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مردووه‌كانیان مۆمیا بكه‌ن.

مۆمیاكردن چییه‌؟
هه‌رچه‌نده‌ مۆمیاكردن ته‌نها بۆ ئه‌ندامانی چینه‌ باڵاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی میسرییه‌ كۆنه‌كان بووه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا یه‌كێك بووه‌ له‌ كۆڵه‌كه‌كانی ئاینه‌كه‌یان.
دوای مردن جه‌سته‌ ده‌ستده‌كات به‌شیبوونه‌وه‌، بۆ ڕێگرتن له‌ شیبوونه‌وه‌شی پێویسته‌ له‌ شێ و ئۆكسجین داببڕێنرێت.


له‌ سه‌ره‌تادا میسرییه‌ كۆنه‌كان مردووه‌كانیان له‌ چاڵێكدا له‌ بیابان به ‌خاك ده‌سپارد، چونكه‌ لمه‌ وشك و گه‌رمه‌كه‌ی بیابان به‌ خێرایی لاشه‌ی مردووه‌كانی وشكده‌كرده‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی سروشتی ده‌بووه‌ مۆمیا.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا میسرییه‌كان بۆیان ئاشكرابوو ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تا لاشه‌ی مردووه‌كانیان بخه‌نه‌ تابوته‌وه‌ شیده‌بێته‌وه‌ و ناتوانن پارێزگاری لێبكه‌ن.

بۆ دڵنیابوونیان له‌ پارێزگاریكردن له‌ مردووه‌كانیان، میسریه‌ كۆنه‌كان پرۆسه‌یه‌كیان به‌كارهێنا به‌ ناوی مۆمیاكردن، لاشه‌ی مردووه‌كه‌ به‌ چه‌ند چینێكی ته‌نكی كه‌تان ده‌پێچرێته‌وه‌.

ئه‌مرۆ نهێنی مۆمیاكردن ئاشكرابووه‌.. میسرییه‌ كۆنه‌كان چۆن مردووه‌كانیان مۆمیا كردووه‌؟

پرۆسه‌ی مۆمیاكردن لای فیرعه‌ونه‌كان نزیكه‌ی 70 ڕۆژی خایاندووه‌ و چه‌ند هه‌نگاوێكی پێویست بووه‌:

سه‌ره‌تا لاشه‌كه‌ ده‌شۆن.
لای چه‌پی سك هه‌ڵده‌دڕێت و ڕیخۆڵه‌ و جگه‌ر و گه‌ده‌ و هه‌ردوو سییه‌كانی لێوه‌ ده‌رده‌هێنرێت. به‌ڵام دڵ، كه‌ له‌لای میسرییه‌ كۆنه‌كان به‌ سه‌رچاوه‌ی سۆز و ژیریی دانراوه‌، له‌ شوێنی خۆی جێده‌هێڵرێت تا كه‌سی مردوو له‌ ژیانی كۆتادا به‌كاریبهێنێته‌وه‌.
پاشان "مێشك" به‌ ئامرازێكی تیژ و چه‌ماوه‌ی وه‌ك "داس" له‌ لوته‌وه‌ ده‌رده‌هێنرێت. له‌ دیدی میسریه‌ كۆنه‌كاندا مێشك گرنگ نه‌بووه‌ و فڕێدراوه‌.

پاشان جه‌سته‌ و ئه‌ندامه‌كانی ناوه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی 40 ڕۆژ پڕده‌كران له‌ خوێی ناترۆن، به‌و خوێیه‌ لاشه‌كه‌یان وشكده‌كرده‌وه‌.

ئه‌ندامه‌ وشككراوه‌كان به‌ قوماشی كه‌تان ده‌پێچرانه‌وه‌ و ده‌خرانه‌ چه‌ند كوپه‌یه‌كه‌وه‌.


هه‌ر كوپه‌یه‌ك ده‌مامكی یه‌كێك له‌ چوار كوڕه‌كانی حۆرسی خوداوه‌ندی له‌سه‌ر داده‌نرا كه‌ بریتین له‌:
- ئیمستی: شێوه‌ی مرۆڤه‌ و به‌رپرسه‌ له‌ پاراستنی جگه‌ری مردووه‌كه‌. واتا جگه‌ری مردووه‌كه‌ ده‌خرایه‌ ناو ئه‌و كوپه‌یه‌ی ده‌مامكی "ئیمستی" له‌سه‌ر بوو.
- حابی: شێوه‌ی مه‌یمونی بابۆنه‌ و به‌رپرسه‌ له‌ پاراستنی سییه‌كان.
- كه‌بحه‌سنوف: شێوه‌ی هه‌ڵۆیه‌ و به‌رپرسه‌ له‌ پاراستنی ڕیخۆڵه‌كان.
- دۆمۆتیڤ: شێوه‌ی ڕێوییه‌ و به‌رپرسه‌ له‌ پاراستنی گه‌ده‌.

له‌ هه‌نگاوی دواتردا لاشه‌كه‌ پاكده‌كرایه‌وه‌ و پێسته‌كه‌ی به‌ رۆنی زه‌یت چه‌ورده‌كرا.

لاشه‌كه‌ به‌ كا و پارچه‌ قوماش پڕده‌كرایه‌وه‌ و ئه‌و كونانه‌ش كه‌ كرابوونه‌ جه‌سته‌ی مردووه‌كه‌ به‌ مۆم ده‌گیران.

دوای ته‌واوبوونی ئه‌و هه‌نگاوانه‌، لاشه‌كه‌ به‌ 20 چینی ته‌نكی كه‌تان ده‌پێچرایه‌وه‌، ته‌نها ئه‌م قۆناغه‌ 15 بۆ 20 ڕۆژی خایاندووه‌.

دوای پێچانه‌وه‌ی لاشه‌كه‌ ده‌مامكی مردنی ده‌خرایه‌ سه‌ر.

پاشان لاشه‌كه‌ ده‌خرایه‌ ناو پارچه‌یه‌ك قوماشی گه‌وره‌وه‌، وه‌ك كفن، ئه‌ویش به‌ كه‌تان پارێزگاری لێده‌كرا.

له‌ قۆناغی كۆتاییدا مردووه‌كه‌ ده‌خرایه‌ ناو سندوقێكی نه‌خشێنراوه‌وه‌.

میسریه‌ كۆنه‌كان به‌م هه‌نگاوانه‌ مردووه‌كانیان مۆمیاكردووه‌، تا ئێستاش زاناكان له‌ سه‌رجه‌م شاره‌كانی میسردا، كه‌ كاری كنه‌ و پشكنین ده‌كه‌ن، لاشه‌ی مۆمیاكراوی سه‌رده‌می فیرعه‌ونه‌كان ده‌دۆزنه‌وه‌.