ڕاپۆرتی جیهانی

01:43 - 10/07/2019

ئه‌پڵیكه‌یشنێكی ساخته‌ی سامسۆنگ له‌ گوگڵ بڵاوده‌كرێته‌وه‌‌

پەیسەر پرێس

له‌نوێترین هه‌وڵی هاككردنی مۆبایلی به‌شداربوانی سیستمی ئه‌ندرۆید و به‌كارهێنه‌رانی مۆبایلی سامسۆنگدا، له‌ڕێگه‌ی (گوگڵ پله‌ی Google Play)ه‌وه‌ ئه‌پڵیكه‌شنێكی ساخته‌ به‌ناوی گه‌شه‌پێدان و نوێكردنه‌وه‌ی سیستمی ئه‌ندرۆید بڵاوكرایه‌وه‌، له‌ئێستاشدا له‌ ملیۆنان مۆبایلدا به‌رنامه‌كه‌ دابه‌زێنراوه‌.

به‌شێكی زۆر له‌ به‌كارهێنه‌رانی مۆبایلی سامسۆنگ كاتێك ئه‌و نامه‌یه‌یان بۆ هاتوه‌ كه‌ نوێترین (ئه‌پده‌یت-نوێكردنه‌وه‌)ی سیستمی ئه‌ندرۆیده‌كه‌یان ئاماده‌یه‌، فایله‌كه‌یان داگرتوه‌ته‌ ناو مۆبایله‌كه‌یان به‌ناوی (Updates for Samsung) و داوای پاره‌ی لێكردوون بۆ ته‌واوكردنی پرۆسه‌كه‌، هه‌ر بۆیه‌ بڕێكی زۆر پاره‌ به‌ ساخته‌ نێردراوه‌ بۆ پرۆگرامه‌ ساخته‌كه‌. ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌پده‌یتی مۆبایل به‌شێوه‌یەکی بێ به‌رامبه‌ر ئه‌نجام دەدرێت.

توێژەرانی سکیوریتی له‌ (CSIS Security Group) كه‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ چاودێری ئه‌و ئه‌پڵیكه‌شنه‌ ساخته‌یه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچی هۆشداری ئه‌وه‌یان نه‌داوه‌ كه‌ ئه‌پڵیكه‌یشنه‌كه‌ زیاتر له‌ چ وڵاتێك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و كام مۆدێله‌ی مۆبایلی سامسۆنگ زیاتر گرفتاری هێرشه‌كه‌بوون، به‌ڵام ده‌ڵێن؛ هه‌ندێك له‌ فرۆشیاران جۆری تایبه‌تی ئه‌ندرۆید به‌كارده‌هێنن كه‌ پرۆگرامی مه‌ترسیداری تێدا به‌كارهاتووه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر سیستمی كارپێكردنی مۆبایله‌كه‌ دروست ده‌كات.

له‌ئێستادا (گوگڵ پله‌ی Google Play)، ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی راگرتووه‌ و هۆشداری داوه‌ته‌ كۆمپانیای سامسۆنگ له‌وه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌كانی كارپێكردن ناگونجێت. ده‌بێت چاره‌سه‌ری بابه‌ته‌كه‌ بكه‌ن. چونكه‌ رێگا به‌ به‌رنامه‌ی متمانه‌پێنه‌كراو نادرێت متمانه‌ی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كان به‌كاربهێنن بۆ دروستكردنی هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر زانیارییه‌كانی خه‌ڵك.

هه‌روه‌ك له‌ وێنه‌كه‌دا دیاره‌، سه‌ره‌تا ئه‌پڵیكه‌یشنه‌كه‌ سێ بژارده‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م به‌كارهێنه‌ره‌كان، یه‌كێك له‌ رێگاكان بێ به‌رامبه‌ره‌ (Free)، به‌ڵام دواتر به‌كارهێنه‌ره‌كه‌ ناچار ده‌كات بڕی (34$) بدات به‌ به‌رنامه‌كه‌ وه‌كو به‌شداریی ساڵانه‌، جگه‌ له‌وه‌ی به‌رنامه‌كه‌ به‌ته‌واوی دانابه‌زێته‌ ناو مۆبایله‌كه‌ و خاوه‌نی مۆبایله‌كه‌ ناچار ده‌كات بڕێكی زیاتر پاره‌ بدات.