ڕاپۆرتی جیهانی

04:37 - 24/07/2019

لایەنگرانی ئەتاتورک باپیرە گەورەی جۆنسۆنیان پارچە پارچە کرد‌

پەیسەر

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی تەمموز، پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بۆریس جۆنسۆنیان وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی وەڵاتەکەیان هەڵبژارد.

 پێشتر بۆریس جۆنسۆن سەرۆکی شارەوانی لەندەن بووە و دواتر بە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هەڵبژێردرا، بەڵام بەهۆی سیاسەتەکانی تێرێزا مای سەرۆک وەزیری پێشووەوە دەستی لە پۆستەکەی هەڵگرت و لە ئێستادا دۆسیەی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و کاردانەوەکانی وەک میرات بۆ ماوەتەوە.

میدیاکانی بەریتانیا گرنگییەکی زۆر بە ناسنامەی بۆریس جۆنسۆن دەدەن و ڕایانگەیاندووە، لە نیویۆرک لەدایکبووە و لە خێزانێکی بەناوبانگە و لە چینێکی دەستەبژێرە، بەڵام لە ئێستادا لەدژی ئەو چینە کاردەکات.


هەرچەندە لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا جۆنسۆن باسی لەوەکردووە کە لە بنەماڵەیەکی موسوڵمانی تورکە، بەڵام بەهۆی ڕەخنەکانی لە موسوڵمانان و لە قەڵەمدانی ژنانی پۆشتە وەک (سندوقی پۆستە) رەخنەى زۆری لێگیراوە.

میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردووەتەوە، بۆریس جۆنسۆن نەوەی (عەلی کەمال) دوایین وەزیری ناوخۆی ئیمپراتۆری عوسمانی بووە. واتە، عەلی کەمال باوکی باپیری بۆریس جۆنسۆنە.

باوکی عەلی کەمالیش، بازرگانێکی گەورەی تورکیا بووە و خەڵکی گوندی کالفاتی باکووری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیایە. لە کۆتایی ساڵانی ١٨٠٠دا کۆچیانکردووە بۆ ئیستانبوڵ. منداڵەکانی عەلی کەمالیش لە ئیستانبوڵ لەدایکبوون.

بەپێی لێکۆڵینەوەی ڕاگەیاندنەکانی بەریتانیا، باوکی عەلی کەمال لەگەڵ کەنیزەیەکی بە ڕەگەز قەفقازیدا هاوسەرگیری کردووە کە لە بازاڕی کۆیلەکانی ئیستانبوڵ بە بەهای ١٠٠ پاوەنى ئێستا کڕیبووی. واتە، باپیرە گەورەی جۆنسۆن کوڕی ئەو کەنیزە قەفقازییەیە. لەبەرئەوەیە شێوەو و ڕەنگی قژ و چاوی جۆنسۆن دەچێتەوە سەر دایەگەورەکەی.

 

عەلی کەمال لە ژیانی سیاسیدا تا رادەیەک بەرەوپێشەوە چووە کە توانیویەتی مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرێنەری دەوڵەتی تورکیا دەستگیربکات، بەڵام دواتر بەهۆی ئەوەوە لەلایەن لایەنگرانی ئەتاتورکەوە کوژراوە و تەرمەکەیان پارچە پارچە کردووە.

دوای ئەو ڕووداوە، عوسمان عەلی باپیری بۆریس جۆنسۆن هەڵهاتووە بۆ لەندەن و بۆ ئەوەى نەناسرێتەوە ناوی خۆی گۆریوە بۆ "وێڵفرێد جۆنسۆن".

برایەکی عوسمان عەلی، واتە برای باپیری بۆریس جۆنسۆن بە ناوی "زەکی کۆنەرئاڵپ" باڵیۆزی تورکیا بووە لە بەریتانیا و پاشان لە ئیسپانیا، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٨ لەلایەن ژمارەیەک چەکداری ئەرمەنییەوە تیرۆر کراوە.

باپیری بۆریس جۆنسۆن دوای ئەوەی لە بەریتانیا نیشتەجێدەبێت، ناو و نازناوی خۆی و خێزانەکەی دەگۆڕێت و بەهۆی دەوڵەمەندی و ناوبانگی بنەماڵەکەیانەوە وەک چێنێکی دەستەبژێر و وەک خێزانی جۆنسۆنییەکان دەناسرێن.

جۆنسۆن لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت، کەسێکى فرەنەژادە لەبەرئەوەی ئەندامانی خێزانەکەیان ژن و ژنخوازییان لەگەڵ چەند بنەماڵەیەکی فەڕەنسی و ڕووسی و جوو دا کردووە. ئەویشیان بە ناوی پەنابەرێکی ڕووسی بە ناوی بۆریس ناوناوە کە ماوەیەک پەیوەندی خێزانی لەنێوانیاندا هەبووە.

سینان کونەرئاڵپ برازازاى باپیری بۆریس جۆنسۆن لە بەشە ئاسیاییەکەى ئیستانبوڵ دەژی و خاوەنی کتێبخانەیەکە و کتێبی "مێژووی عوسمانییەکان" لە کتێبخانەکەدا دەپارێزێت، کە لەلایەن عەلی کەمال باوەگەورەی بۆریس جۆنسۆنەوە نووسراوە.

سەرچاوە: ڕادیۆ فەردا