ڕاپۆرتی جیهانی

05:44 - 27/07/2019

فلتەری جگەرە نزیکەی ١٤ ساڵ لەناو خاکدا دەمێنێتەوە‌

پەیسەر

تا ئێستا باس لەوە کراوە پلاستیک دوژمنی گەورەی سرووشتە، بەڵام لەوە مەترسیدارتر، فلتەری جگەرەیە کە لە هەموو شوێنێکی نیشتەجێبوون و لەسەر زەوی و لە کەناری دەریاچە و دەریاکاندا دەبینرێن.

ساڵانە نزیکەی پێنج ملیار فلتەری جگەرە فڕێدەدرێتە سرووشتەوە و زیانی پێدەگەیەنێت. فڕێدانی فلتەری جگەرە لە ناو سرووشتدا جگە لەوەی کاریگەریی خراپ لە سەر تەندروستی مرۆڤ دادەنێت، دەبێتە هۆی مردنی ملیۆنان گیانەوەر و بەکتریای سوودبەخش لە جیهاندا.

مەترسی فلتەری جگەرە کاتێک دروست دەبێت کە لەناو ئەو کاغەزەی بە دەوریدا پێچراوەتەوە دێتە دەرەوە و بە باران یان ئاوی دەریا و دەریاچە و ڕووبارەکان شی دەبێتەوە و تێکەڵی خاک و ئاو دەبێت. 


لە ساڵی ٢٠١٦دا پێنج ملیار و ٧٠٠ ملیۆن جگەرە لە لایەن ملیارێک کەسەوە کێشراون، کە ٨٠% یان پیاو بوون. سێ لە سەر چواری فلتەری جگەرەکانیش لەناو سرووشتدا فڕێدراون.

بە پێی ئاماری ڕێخراوی تەندروستی جیهانی، کارگەکانی دروستکردنی جگەرە لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، ٤٥ ملیۆن تەن پاشماوەی ڕەق و ٤٠٠ هەزار تەن پاشماوەی کیمیایی و شەش ملیۆن تەن پاشماوەی نیکۆتینیان بەرهەمهێناوە. هەروەها مادەی وەک ئەمۆنیۆم و تۆلۆینی ژەهراوی بەرهەمی ئەو کارگانەن.

لە کاتی چاندنی توتندا ڕێژەیەکی زۆر مادەی کیمیایی قەڵاچۆکەری مێروو بەکاردەهێنرێت کە رێژەیەکی زۆری لە تووتندا دەمێنێتەوە و جگەرەکێشەکان ئەو مادەیە هەم لە ناو گیانی خۆیاندا، هەم بەهۆی فڕێدانی فلتەری جگەرەوە، لە ناو سرووشتدا بڵاودەکەنەوە.


لە ساڵی ٢٠١٨دا بە پێی ئامارێک، بەهۆی بەکارهێنانی جگەرەوە، دوو ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تەن گازی دوانۆکسیدی کاربۆن و پێنج ملیۆن و ٢٠٠ هەزار تەن گازی میسان لە ناو سرووشتدا بڵاوبووەتەوە، کە دوو مادەی مەترسیدارن و مرۆڤ و گیانەوەرانیش لەناودەبەن.

کێشی فلتەرێکی جگەرە نزیکی ١٧٠ مللی گرامە، بەو پێیەش ساڵانە ١٧٥ هەزار تەن فلتەری جگەرە لەناو سروشتدا بڵاودەکرێتەوە. فلتەری جگەرەی ساختە نزیکەی حەوت ساڵ  و فلتەری جگەرەی کوالیتیش نزیکەی ١٤ ساڵ لە سرووشتدا دەمێننەوە. ئەگەر لە ساڵێکدا چوار تا پێنج ملیار فلتەری جگەرە لە سرووشتدا فڕێبدرێت، مادە زیانبەخشەکانی ناو فلتەری جگەرە، دەچنە ناو لەشی ٧٠%ی گیاندارانی زەوییەوە.

رێخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، لە جیهاندا زیاتر لە یەک ملیار کەس جگەرە دەکێشن. لە ساڵێکدا نزیکەی ٧ ملیۆن کەس بەهۆی جگەرەکێشانەوە گیانیان لەدەستدەدەن. نیو ملیۆنیان ئەو کەسانەن کە جگەرە ناکێشن، بەڵام بەهۆی هەڵمژینی دووکەڵی جگەرەوە تووشی نەخۆشی مەترسیدار دەبن. ١٥٠ هەزار کەسیان منداڵن.


بەپێی ڵێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی ئەنگێلا رەسکینی بەریتانی، فلتەری جگەرە کاریگەریی لە سەر گەشەی ڕووەکیش دروست دەکات. لە لێکۆڵینەوەکەدا ژمارەیەک فلتەری جگەرە لە ناو گوڵدانێکدا کە دوو گوڵیان تێدا چێنرابوو دانران و دوای ٢١ رۆژ دەرکەوت هەموو جۆرە گەشەیەکی گوڵەکان وەستاوە و بەرەو لەناوچوون ڕۆیشتوون.

هەندێک رێکخراوی بواری مافەکانی مرۆڤ وڕێکخراوە ژینگەدۆستەکان داوا دەکەن، لەبەرئەوەی بە تەواوی ڕێ لە دروستکردن و بەکارهێنانی جگەرە ناگیرێت، دەتوانرێت جگەرەی بێ فلتەر دروست بکرێت و هیچ نەبێت مەترسی فلتەری جگەرە لەسەر گیانەوەر و ڕووەکەکان نەهێڵرێت.