ڕاپۆرتی جیهانی

04:07 - 28/07/2019

برایان مەگی فەلسەفەی بە خەڵک ئاشنا کرد‌

پەیسەر

برایان مەگی فەلسەفەزان، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەداری بەریتانی لە ١٢ی نیسانی ١٩٣٠ لە ڕۆژهەڵاتی لەندەن لە دایکبووە و دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە ٢٦ی تەمموز لە شاری ئۆکسفؤردی بەریتانیا کۆچی دوايی کرد.

 مەگی فەیلەسوف نەبوو، بەڵام توانی فەلسەفە لە کتێبە فەرامۆشکراوەکانی گۆشەی کتێبخانەکان و لە سیستمی خوێندنی زانکۆ تایبەتەکان بهێنێتە دەرەوە و لەناو خەڵکیدا بڵاویان بکاتەوە و بە زمانێکی سادە بۆ خەڵکی شیبکاتەوە، ئەمەش هۆکاربوو بۆ ئەوەی ناوبانگی بڵاوببێتەوە.

بەو شێوەیە ڕۆڵێکی گەورەی لە ئاشتکردنەوەى خەڵک و فەسەفەدا بینی، بێجگە لە بەریتانیا بەرهەمەکانی بۆ زۆربەی زمانە جیهانییەکان وەرگێڕدراون و وەک سەرچاوەی زانست و پێشکەوتنخوازی مۆری خۆی لە مێژوو داوە.

فریدریک مەگی باوکی برایان مەگی دوکانێکی جلوبەرگی هەبوو و باری داراییان مامناوەند بوو. پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوانیاندا هەبوو، خولیای موزیک و شانۆی خستە دڵى برایانەوە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دواتر برایان مەگی دوو کتێب لە سەر ریچارد ڤاگنەر موزیکزان و ئاهەنگساز و ڕابەری ئۆرکێسترای سەدەی نۆزدەهەم لە ئەڵمانیا بنووسێت. لەو دوو بەرهەمەدا برایان باس لە کاریگەریی فەلسەفە لە سەر ڤاگنەر و کارەکانی دەکات. مەگی لە ڕۆژنامەکاندا، وەک ڕەخنەگرێکی موزیکى دەستی بە نووسین کرد.

 

مەگی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕامین جەهانبێگلۆ ڕۆژنامەنووسی ئێرانی دەڵێت، ئەگەر جارێکی تر لەدایکببمەوە، لەبری فەلسەفە، بە دوای موزیکدا دەگەڕێم. لەبەرئەوەی هونەر لە فەلسەفە قوڵترە.

پەیوەندی برایان لەگەڵ دایکیدا باش نەبوو. دایکی بڕوای بە بیروبووچوونی کوڕەکەی نەبوو. لەبارەی پەیوەندی خۆی و دایکی دەڵێت، دایکم کەسی خۆشنەدەویست، مرۆڤێکی بێ هەست و سۆز بوو. برایان لە تەمەنی ٩ ساڵیدابوو کە خێزانەکەی لە ترسی بۆردومانی ئەڵمانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی لەندەن کۆچییان کرد. خانوو و ناوچەکەیان لە لەندەن بە بۆردومانی نازییەکان خاپوورکرا.

لە تەمەنی گەنجێتیدا برایان مەگی لە زانکۆی ئۆکسفورد لە بەشی فەلسەفە دەستی بە خوێندن کرد، بەڵام دکتوراکەی لە نیوەدا جێهێشت و لە زانکۆی یەڵ دەستی بە خوێندن کرد. لەو زانکۆیەش تەنها ساڵێک لەسەر خوێندنی فەلسەفە بەردەوام بوو. برایان یەکەمین بەرهەمی شیعری خۆی لە ساڵی ١٩٥١ چاپ و بڵاوکردەوە. دواتر لە چەند نووسینێکی دیکەدا، ڕەخنەی لە کتێبە شیعریەکەی گرت و ڕایگەیاند، کارێکی هەڵەی کردووە.

برایان کە ئەندامی حزبی کرێکارانی بەریتانیا بوو، لە ساڵی ١٩٧٤ وەک پارلەمانتاری ئەو پارتە لە لەندەن هەڵبژێردرا. هەشت ساڵ کاری پارلەمانتاری کرد و دواتر بەهۆی بیروبۆچوونە چەپەکانی حزبی کرێکاران دەستی لەکارکێشایەوە. برایان بۆ هەمیشە دەستی لە سیاسەت هەڵگرت و ژیانی پارلەمانتاریی وەک بێنرخترین ساتەکانی تەمەنی لە قەڵەمداوە.

برایان مەگی بە بەرهەمەکانی کارڵ پوپەر فەیلەسوفی نەمسایی سەرسام بووە. لە ساڵی ١٩٧٣دا کتێبێکی شیکاری لە سەر فەلسەفەی ئەو فەیلەسوفە نووسی. برایان ساڵی ١٩٧٠ و ١٩٧١ بەرنامەیەکی هزری لە کەناڵی بی بی سی پێشکەشکرد و ژمارەیەک بەرنامەی گرنگی لە بارەی فەلسەفەی ئەخلاق، فەلسەفەی دین، فەلسەفەی هونەر و فەلسەفەی زانستی کۆمەڵایەتی بە میوانداری بیرمەندە ئەوروپی و ئەمریکییەکان پێشکەشکرد.

زۆربەی گفتوگۆی بەرنامەکانی برایان مەگی لەلایەن زانکۆی ئۆکسفوردەوە لە کتێبێکدا "فەلسەفەی نوێی بەریتانیا" چاپکران و بۆ زۆربەی زمانەکانی جیهانیش وەرگێڕدراوە.

مەگی لە ساڵی ١٩٧٧ ڕۆمانێکی "ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەرگدا" بڵاوکردەوە. بە بۆچوونی مەگی، تەنها مردن دەتوانێت واتایەک بە ژیانی مرۆڤ ببەخشێت. شتێک کە هەموو کاتێک بوونی هەبێت، نرخی خۆی لە دەست دەدات.

لە ساڵی ١٩٨٧دا مەگی دەستی بە پێشکەشکردنی بەرنامەیەکی دیکە کرد لە کەناڵی بی بی سی بە ناوی "پیاوانی بیرکردنەوە". مەگی ١٥ بەرنامەی گرنگی لەگەڵ مارکس چارلز تیلۆر و هاربێرت مارکۆز و خان سێڕل و نوام چۆمسکی و هیلاری پاتنم، ڕۆناڵد دۆرکین و ئایرس مۆردۆچ تۆمار کرد.

مەگی هەمان ساڵ ناوەڕۆکی ئەو بەرنامانەی لە کتێبێکدا بە ناوی "پیاوانی بیرکردنەوە" چاپکرد. دوای ساڵی ١٩٨٧ ژمارەیەک بەرنامەی دیکەی لە بی بی سی پێشکەش کرد و کتێبێکی دیکەی بە ناوی "فەیلەسوفە گەورەکان" نووسی، کە بە بەرهەمێکی زۆر گرنگ لە فەلسەفەی ڕۆژئاوا دادەنرێت.

برایان مەگی ساڵی ١٩٨٣ کتێبێکی تری "فەلسەفەی شۆپنهاوەر" فەیلەسوفی پۆڵەندی بڵاوکردەوە. مەگی ئەم بەرهەمەی بە باشترین بەرهەمەکانی لەقەڵەمداوە.

ساڵی ٢٠٠١ مەگی کتێبی "مێژووی فەلسەفە"ی نووسی کە باس لە مێژووی فەلسەفە دەکات لە یونانەوە تا ئەم سەردەمە.