ڕاپۆرتی جیهانی

05:37 - 06/08/2019

هیچ کاتێک ڕەچەڵەکی خۆی لەبیرنەکرد‌

پەیسەر

کچێکی بچووک بەهۆی جەنگی جیهانیی دووەمەوە لە وڵاتی لاتیڤیا لەگەڵ خێزانەکەیدا هەڵات و دوای نزیکەی ٥٠ ساڵ گەڕایەوە وڵاتەکەی و بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا.

ئەمە تەواوی چیرۆکی ژیانی " ڤایرا فریبێرگا" یەکەم سەرۆک کۆماری ژنی لاتیڤیایە کە سەربەخۆیی لە "یەکێتی سۆڤیەت" بەدەستهێنا.

ڤایرا فریبێرگا لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ماڵپەری بی بی سی دەڵێت، "خێزانەکەم هەموو هەوڵێکیاندا بۆ ئەوەی وڵاتەکەم (لاتیڤیا) لەبیرنەکەم".

لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا، ئەڵمانیای نازی و یەکێتی سۆڤیەت لە دەریای باڵتیک شەڕێکی گەورەیان بەرپاکرد. سەربازانی سوپای سووری سۆڤیەت لە لاتیڤیا جێگیربوون.

ڤایرا فریبێرگا بەسەرهاتی تاڵی لەو شەڕەدا هەیە و دەڵێت: "کاتێک سوپای سۆڤیەت هاتنە لاتیڤیا منداڵ بووم. دەستم بەرزکردەوە و هاوارم کرد و خۆشیم دەربڕی. دوایی چاوم بە دایکم کەوت. پشتی بە تاوەرێکی کارەباوە دابوو و دەگریا، چوومە لای و پێیوتم، کچەکەم وا مەکە. ئەمە ڕۆژێکی زۆر تاڵە بۆ خەڵکی لاتیڤیا".
ژیانی ئاوارەیی
لەبیری دێ لە ساڵی ١٩٤٤ باوکی گوێی لە رادیۆی بی بی سی دەگرت و چاودێری دۆخی شەڕی دەکرد، دوای ساڵێک دایک و باوکی بڕیاریاندا لاتیڤیا جێبهێڵن.

ڤایرا فریبێرگا و خانەوادەکەی دوای ساڵێک لە چوونی سوپای سۆڤیەت بۆ لاتیڤیا، زێدی خۆیان جێهیشت. لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت، ساڵی ١٩٤٥ لەگەڵ دایک و باوکی سواری کەشتیەک بوون و بەرەو ئەڵمانیا بەرێکەوتن. لەهەمانکاتدا ژمارەیەک خەڵکی دیکەش لەناو کەشتییەکەدا بوون و هەوڵیاندەدا بەهەر جۆرێک بێت لە دەستی دەسەڵاتی سۆڤیەت ڕزگاریان بێ و خۆیان گەیاندە ئەڵمانیا و لە کەمپێک نیشتەجێبوون، بەڵام بەهۆی بارودۆخی سەختی کەمپەکە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەوە خوشکێکی گیانی لە دەستدا.


ڤایرا فریبێرگا دەڵێت، دوای ساڵێک دایکی دووگیان دەبێت و بووەتە خاوەنی برایەک. ئەو شەوەی لە نەخۆشخانە دەبێت، چاوی بە ژنێکی ١٨ ساڵ دەکەوێت کە کچێکی بووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئامادەنەبووە سەیری کچەکەی بکات. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە ئەو ژنە بەهۆی دەستدرێژی سەربازێکی سوپای سۆڤیەتەوە دووگیان بووبوو.

هەر کاتێک پەرستارەکان کچە ساواکەیان دەبردە لای دایکی، رووی دەکردە دیوارەکە و ئامادەنەبوو ناوێکیشی لێبنێ و دەڵێت، "پەرستارەکانیش لە سەر پێشنیازی دایکی فریبێرگا منداڵەککەیان ناوناوە "مارا" کە ناوی خوشەکەکەم بوو و ساڵێک پێش لەدایکبوونی براکەم گیانی لەدەستدابوو.

فریبێرگا ١١ ساڵان بوو کە باوکی ئەڵمانیای جێبهێشت و بەم شێوەیە باس لە چوونیان بۆ مەغریب دەکات:
" شەوێک باوکم کۆیکردینەوە و بارهەڵگرێکی بە کرێگرت و بەرەو مەغریب بەڕێکەوتین، دوای چەند سەعاتێک سنووری ئەڵمانیامان بڕی و لە گوندێکی بچووکی مەغریب گیرساینەوە. ئەو کاتە مەغریب لەژێر دەسەڵاتی فەڕەنسادا بوو. لەو گوندەی لێی نیشتەجێبووین ژمارەیەک خەڵکی بیانی هەبوون، هەندێکیان خەڵکی ئیسپانیا و هەندێکیان خەڵکی ئیتاڵیا و هەندێکیان خەڵکی رووسیا بوون. لەو لادێیە کەسێکی بە ڕەگەز عەرەب داوای لە باوکم کردبوو هاوسەرگیریم لەگەڵدا بکات و گوتبووی، ئامادەیە دوو گوێدرێژ و کترییەکی چا و ١٥٠٠٠ فرانک بە باوکم بدات. بەڵام باوكم قبوڵی نەکردبوو".


ژیانی ڤایرا فریبێرگا لە کەنەدا
دواتر فریبێرگا و خێزانەکەیهەلێکیان بۆ ڕەخسا و چوونە کەنەدا و لەوێ نیشتەجێبوون. ڤایرا لە کەنەدا لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا کارێکی لە بانک دەستکەوت و لە قۆناغی ناوەندی دەستی بە خوێندن کرد. دواتر چووە زانکۆی "تۆرنتۆ" و دوای تەواوکردنی قۆناغی زانکۆ لەگەڵ پیاوێک بە ناوی "ئیمانتس" هاوسەرگیری کرد.
ڤایرا لە تۆرنتۆ دەرونناسی خوێند، دواتر لە ساڵی ١٩٦٥ بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێنا. ٣٣ ساڵ وەک مامۆستا لە زانکۆی مۆنتراڵی کەنەدا کاری کرد و پێنج زمانی جیهان دەزانێت و ١٠ کتێبی نووسیوە.


گەڕانەوە بۆ لاتیڤیا
ساڵی ١٩٩٨ خانەنشینکرا. بەڵام دوای چەند مانگێک لەلایەن سەرۆک وەزیرانی لاتیڤیاوە پیشنیازی بۆکرا بگەڕێتەوە لاتیڤیا و ببێتە سەرۆکی رێکخراوێکی حکومی.
سەرۆک وەزیر پێی ڕاگەیاند، کەسانێکیان دەوێت کە کاتی خۆی ئاوارە بووبوون و شارەزاییان لە زمان و کەلتوری ڕۆژئاوا و لاتیڤیادا هەبێت.

ڤایرا پێشنیازەکەی قبوڵکرد و لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا و لە ساڵی ١٩٩٨دا گەڕایەوە وڵاتەکەی، بەڵام تەنها دوای هەشت مانگ و بەهۆی لێهاتووییەکەوە وەک کاندیدی حزبی دیموکرات بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری کرد و وەک یەکەم سەرۆک کۆماری ژن لە لاتیڤیا هەڵبژێردرا.


ڤایرا فریبێرگا دوو خول لە پۆستی سەرۆک کۆماری لاتیڤیا مایەوە و ڕۆڵێکی گەورەی لە پێشخستنی وڵاتەکەی و بەهێزکردنی پێگەکەی لە یەکێتی ئەوروپا و پەیمانی ناتۆدا بینی.

ڤایرا ڕۆڵێکی گەورەی لە بەهێزکردنی پەیوەندی لاتیڤیا و ئەمریکا دا گێڕاوە و دەڵێت، "ژن بوون بۆ من دەرفەتێک بوو. ساڵی ٢٠٠٤ڕۆژێکیان لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ئیستانبوڵ، قۆندەرەیەکی بەرزم لەپێکردبوو و نەمدەتوانی بە باشی بەڕێگادا بڕۆم. جۆرج بوشی سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا قۆڵی گرتم و یارمەتی دام و پێکەوە پیاسەیەکمان کرد. من تا توانیم بە گرنگیەوە باسم لە گرنگی پەیمانی ناتۆ و گرنگیدانی وڵاتەکەم بە ڕێکخراوەکە کرد و تا توانیم پڕوپاگاندەم بۆ لاتیڤیا کرد و زۆر پێی سەرسام بوو".

ڤایرا تا ئێستاش وازی لە کار و چالاکییەکانی نەهێناوە و لەبواری مافەکانی مرۆڤ و ژناندا کاردەکات.