ڕاپۆرتی جیهانی

09:56 - 07/08/2019

هەسارۆکەیەکى مەترسیدار بە هێزی "30 بۆمبی ئەتۆمی" لەزەوی نزیكدەبێتەوە‌

پەیسەر

هەسارۆکەیەکى مەترسیدار لەهەسارەی زەوی نزیكدەبێتەوە، زانایان لەوەسفی هەسارۆکەکەدا بە "وێرانكەر" ناویدەبەن، ناسا-ش بە گەورە و مەترسیدار ناویدەبات، كە تەنیا 70 هەزار كیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورە.

پرۆفیسۆ مایكڵ براون، زانای فیزیا و گەردونناسى لە زانكۆی مۆناشی ئوسترالیا لەبارەی نزیكبوونەوەی ئەو هەسارۆکەیە لە زەوی دەڵێت "بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر لەزەوی نزیكبووەتەوە".

زانایان هەسارۆکەکەیان ناوناوە "OK 2019" و تیرەکەیان بە 187 بۆ 427 پێ هەژماركردووە، هاوكات دەشڵێن، نزیكەی 70 هەزار كیلۆمەتر لەزەوییەوە دوورە، كە ئەوەش مەودایەكی هێندە زۆر نییە.

نزیكبوونەوەی هەسارۆکەکە لە زەوی و تەقینەوەی، یەكێكە لە بابەتە گەرمەكانی نێوان زانایانی گەردونناسى، ئەوان دەڵێن ئەگەر ئەو هەسارۆکەیە خۆی بە زەویدا بكێشێت، تەقینەوەیەكی گەورە دروستدەكات كە هاوشێوەی تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمییە. 

مانگی ئایاری ڕابردوو جیم برایدنستاین، بەڕێوەبەری ئاژانسی ناسا هۆشداریدا لە نزیكبوونەوەی هەسارۆکە بكوژەكان و وتی "زەوی بەرگەی پێكدادان لەگەڵ ئەو هەسارۆکانە ناگرێت" بەڕێوەبەری ناسا نمونەی ئەوەیشی هێنایەوە، كە ئەوەی هەمووان لە فیلمەكانی هۆلیوود لەبارەی پێكدادانی زەوی و تەنە گەردونییەکان بینیویانە، بەڕاستی ئەگەر ڕووبدات لەوە مەترسیدارترە.

لەزانكۆی سوینبێرن-ی ئوسترالیاوە لێكۆڵینەوە لەبارەی قەبارەی زیانەكانی ئەو هەسارۆکەیە لەكاتی خۆكێشانی بە زەویدا كراوە و گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی، هەسارۆکەکە 30 هێندەی ئەو بۆمبەی بەسەر هێرۆشیمادا بەردرایەوە، بەهێز و وێرانكەرە.

ناسا هۆشداریی لە مەترسیداریی هەسارۆکەکە دەدات
ئاژانسی ناسا لەبارەی هەسارۆکەى"OK 2019" هۆشداریدەدات و دەڵێت، یەكێكە لە هەسارۆکەکە نزیكەكان لەزەوییەوە و "مەترسیدارە" ئەویش بەهۆی ئەوەی هەم نزیكە لە زەوییەوە، هەم قەبارەكەشی گەورەیە.

ئەوە تەنیا یەكەم هەسارۆکە نییە كە بووەتە مەترسیی بۆسەر زەوی، بەڵكو سێ هەسارۆکەى دیكە لەزەوییەوە نزیكن و بەهەمان شێوە بوونەتە مەترسی، ئەوە جگە لەوەی 165 هەسارۆکەى دیكەش هەن كە مەترسین بۆسەر زەوی، بەڵام هێشتا لەزەوییەوە نزیك نین.

زانایانی ئوسترالیا هەواڵێكی ناخۆشیان بۆ دانیشتوانی هەسارەی زەوی پێیە و دەڵێن، تا ساڵی 2116 ساڵانە ئەو 165 هەسارۆکەیە دەبنە مایەی هەڕەشە بۆسەر هەسارەی زەوی.

هاوشێوەی ئەو هەسارۆکانە بوون كە لەسەردەمی دیناسۆرەكاندا خۆیان بە زەویدا كێشا و كۆتاییان بە ژیانی دیناسۆرەكان هێنا، بۆیە زانایان ئێستا هەمان نیگەرانییان هەیە لەبارەی ئەو تەنانەى دیکە کە لە ساڵانی داهاتوودا لەزەوی نزیكدەبنەوە.

شەممەی داهاتوو، ڕۆژێكی مەترسیدارە
سەنتەری لێكۆڵینەوەی تەنەكانی نزیك لە زەوی كە سەر بەئاژانسی ناسایە لە ڕاپۆرتێكی نوێدا ڕایەكی جیاوازتری لەبارەی ئەو هەسارۆکەیە هەیە كە لەزەوی نزیكبووەتەوە و دەڵێت، ڕۆژی 10ی ئاب كاتژمێر 3ی بەیانی بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر لە زەوی نزیكدەبێتەوە.

گۆڤاری نیوزویك-ی ئەمریكی لەڕاپۆرتێكدا پێشبینی كارەساتی پێكدادانی ئەو هەسارۆکەیەى لەگەڵ زەوی كردووە و دەڵێت، دەتوانێت شارێك وێران بكات و تەنانەت كاریگەریی لەسەر "كەشوهەوای" زەوی بۆ ساڵانی داهاتوو دەبێت.