ڕاپۆرتی جیهانی

01:46 - 10/08/2019

ترسناكترین نەریتەکانی بەخاک سپاردن لە جیهاندا‌

عومەر عەبدول

هەموو گەل و نەتەوەکانی سەرڕوی زەوی لە کۆن و نوێدا خاوەنی چەندین نەریت و بیرو باوەڕەی تایبەتن و بە شێوازی جیاواز خۆیانیان ناساندوە بە ئەوانی تر . مردن و بەخاک سپاردنیش یەکێکە لەو بابەتانەی کە بە جۆرو شێوازی جیاواز پەیڕەو کراوە و لەناو گەلاندا وێنەی سەیرو سەمەرە دەبینین . 


لەم بابەتەدا ئاشنا دەبین بە شێوازە سەیرو سەمەرەکانی بەخاکسپاردن و شاردنەوەی مردوان ،ترسناكترین نەریتەکانی بەخاک سپاردن لە جیهاندا. لەوانەیە باوەڕ نەکەن ، بەڵام لە شارە جیاوازەکانی وڵاتانی دونیا و کلتورە هەمە چەشنەکاندا جۆری جیاواز لە مەراسیمی تایبەت بەخاکسپاردن هەیە کەتەنانەت بەبیستنیشی مرۆڤ توشی سەرسامی دەبێت . مەراسیمی بەخاکسپاردن لەجیهاندا بەچەندین شێواز و ڕێوڕەسم بەڕێوە دەچێت ، بەڵام هەندێ لەوڵاتانی دونیا ڕێوڕەسمی جیاوازیان هەیە کە زۆر جار بۆ ئێمە جێگای سەرسوڕمان و باوەڕ نەکردنە . هەرچەندە ئێمەی مرۆڤ هەوڵ دەدەین کە هەمیشە بە ساغی و تەندروستی بمێنێنەوە ، بەڵام درەنگ یان زوو ناچار دەبین ئەم گۆی زەویە جێبهێڵین و بەرەو شوێنێکی نادیار ملی ڕێبگرین . 

خۆشبەختانە بەشێوەیەکی ئاسایی ئەم ڕوداوە زۆر زوو ڕوو نادات و چەند بەیانیەک لەم ژیانەدا دەمێننەوە ، بەڵام هیچ کەس بەو شێوەیەی خۆی ئارەزوی لێیەتی نامێنێتەوە . دیارە کەبابەتی مردن بابەتێکی ئازاربەخشە ، بەڵام ئەگەر تۆ مردیت حەز ئەکەیت ڕێ و ڕەسمی بەخاکسپاردنەکەت بە چی شێوەیەک بێت؟ هەندێک پێیان خۆشە کە لە خاکدا ئەسپەردە بکرێن و هەندێكی تریش پێان وایە دوای مردن جەستەیان بەئاگر بسوتێندرێت. هەشە پێی باشە کە لە سەر شاخێکی بەرز فڕێ بدرێتە خوارەوە و هەندێکی تر حەز دەکەن فڕێ بدرێنە ناو دارستانێک . 


لە زۆرێک لە شارستانییەتەکان دا مەراسیمی تایبەت بەخاکسپاردنی مردوان، نەک تەنها هەر گرنگ بوە ، بەڵکوو زۆر سەرسوڕهێنەر و نامۆیە، لە درێژەی ئەم بابەتەدا بە هەندێ ڕێوڕەسمی سەیر و سەمەرە ئاشناتان دەکەین کە لە گۆشەو کەنارەکانی ئەم جیهانەدا ڕوو دەدەن.

1-مردوو خواردن بەداخەوە هەر بەو شێوەیەیە کە بیری لێدەکەنەوە ، لەهەندێک لە شارستانیەتەکاندا خواردنی گۆشتی مردوو یەکێکە لە بابەتە گرنگ و سەیرو سەمەرەکانی پرسەی مردوان. ئەڵبەتە ئەم نەریتە ئێستا زۆر بەکەمی ماوەتەوە ، بەڵام لە ڕابردوویەکی زۆر دووردا نا ، ئەم بابەتە وەک نەریتێک لەهەندێ شوێنی وەک (پاپوئاگینە) و هەندێ شوێنی وڵاتی بەرازیل پەیڕەو کراوە . لە ڕاستیدا ئەمانە بۆ خواردنی گۆشتی مردووەکانیان هەوڵیان دەدا لەو ڕێگایەوە ببنە بەشێک لە ئەوان و پێیان وابوو بەو شێوەیە نزیک دەبن لە مردوەکانیانەوە . ئەڵبەتە لە هەندێ ناوچەدا کە گۆشتیان وەک پێویست بۆ دابین نەدەبوو، ناچار سودیان لە گۆشتی مردوەکان وەردەگرت بۆ پێداویستیەکانی ئەندامانی خێزان و هۆزەکانیان.

2-سەرو ژێر کردنی ئێسقانەکان : خەڵکی مالاگاسی لە (مەدەغەشقەر) حەز ناکەن مردووەکانیان لە ئارامیدا بێت ، بۆیە لە چوارچێوەی مەراسیمێکدا بەناوی (فامادیهانا) بە واتای (سەرو ژێر کردنی ئێسقانەکان)پەیکەری مردوەکان لە گۆڕەکانەوە هێنراونەتە دەرەوە و پێچراون لە جل وبەرگ و پارچەی تازە ، ئەم نەریتە هەر بۆ خۆی مایەی سەرسوڕمانە ، بەڵام لەدوای ئەمە شتی سەیر تر ڕوو دەدات ، ئەوان هەروەها تەرمی مردووەکە کە ئەسپەردە کراوە و پچڕاوە بەو پارچە پەڕۆ یانەوە دەخەنە سەر سەریان و هاوکات دەست دەکەن بە سەماو گۆرانی وتن .


3- ئەسپەردە کردن لە ئاسمان : لە (تبت) لاشەی مردوەکان لە سەر تاشە بەردەکانەوە فڕێ دەدەن تا داڵ و ئاژەڵەکانی دیکە گۆشتەکانیان بخۆن . هەندێ جار لاشەی مردووەکە پارچەپارچە دەبێت و هەندێ جاریش وەک خۆی بەسەر تاشە بەردەکانەوە دەمێنێتەوە . لە ئاینی بوزیەکاندا خەلکی (تبت) لاشەی مردوەکان وەک پەیکەرێکی خاڵی دەبینن کە هیچ ڕوحێک یان پەیوەندیەک نایبەستێتەوە بەوانی دیکەوە . لەم ڕوەوە ئەم مەراسیمە وەک دوچەرخەی بەردەوامی ژیان لە پێش چاو دەگرن و مردوەکان خواردنی زیندووەکان دابین دەکەن . ئەسپەردە کردنی سەرۆکی (ڤایکینگ) ەکان ئەمەیان بەراستی کارێکی تەواو شێتانەیە ، (ئەحمەد بن فەزلان) کە لە سەدەی دەیەمی زاینی گەشتی کردوە بۆ وڵاتانی ئەسکەندنافیا ، زانیاری زۆری لەبارەیانەوە خستۆتە ڕوو ، ئەگەرچی ناکرێت متمانەی تەواو بە قسەکانی بکرێت بەلام (ڤای کینگ)ەکان ڕەفتارو نەریتی سەیرو سەمەرەیان زۆر بوە و ئەم بابەتەش ئەکرێت یەکێک بێت لەوانە . لەسەر زانیاریەکانی (فەزلان) کاتێ سەرۆکی (ڤایکینگ) دەمرێت ، تەرمەکەی لە ناو گۆڕێکی کاتیدا دەنێژن و لەو سەرو بەندەدا هەندێ پۆشاکی نوێی بۆ ئامادە دەکەن ، لەو کاتەدا یەکێک لە کچان یان ژنانی کۆیلە و خزمەتکاری سەرۆک دەهێن تا لە ژیانی داهاتوویشدا دیسانەوە خزمەتکاری بۆ بکات . ئەم کچە یان ئەم کەسە شەو و ڕۆژ دەخرێتە ژێر چاودێریەوە و شلەمەنی ژەهراوی دەرد خوارد دەدەن و پاشان لەگەڵ کۆمەڵێک (ڤایکینگ) پەیوەندی سێکسی ئەنجام دەدات و لە کۆتاییدا بە گوریسێک دەخنکێندرێت . دوای ئەوە یەکێک لەژنە بەتەمەنەکانی هۆزەکە بۆ دڵنیابوونەوە لە مەرگی ، بە چەقۆ هەموو گیانی ونجر دەکات . پاشان تەرمی سەرۆک و ئەم کچە داماوە دەخرێتە ناو بەلەمێکەوە و ئاگری لێ بەردەدرێت . ئەسپەردە کردن بەقەد پاڵی تاشە بەردەکانەوە : خەڵکی ناوچەی (همپ چوند) لە پارێزگای (کونگ جیان) لە باشوری ڕۆژئاوای چین ، خەڵکێکی زۆر شارستانی بوون تا ئەو کاتەی لەلایەن خانەدانەکانی (مینگ) وە قەتل و عام دەکرێن . ئەگەرچی زانیاری کەم لەبارەیانەوە هەیە ، بەڵام ئەوەی کە لە بارەی فەرهەنگی ئەمانەوە ماوەتەوە زۆر سەرنج راکێشە و جێگای بڕوا پێکردن نیە . ئەمانە مردووەکانیان دەخەنە ناو تابوتێکی دار و بە قەد پاڵی تاشە بەردی شاخەکاندا هەڵیان دەواسین ، هەندێ لەو تابوتانە بەرزیەکەی لە سەر ڕوی زەویەوە نزیکەی (140) مەتر دەبێت ، لەوانەیە هۆکاری ئەم جۆرە ئەسپەردە کردنە ئەوە بێت کە باوەڕیان وایە مردوەکان لە ژیانی ئەو دنیایاندا دیدێکی باشتریان هەبێت بۆ دونیای زیندووەکان.


ئاینی ساتی : لە وڵاتی هیندستان ئەو ژنانەی کە تازە پیاوەکانیان لەدەست دەدەن ، جەستەی خۆیان لەگەڵ جەستەی مێردەکانیان دەسوتێنن و هاوڕێ لەگەل تەرمی پیاوەکانیان دا هەر بە زیندویی ئاگریان لێ بەردەدەن . لە ڕواڵەتدا ئەم کارە خۆویستانە بوە ، بەلام لەڕاستیدا بوە بە حاڵەتێکی ناچاری .

 

هەندێک دەڵێن کە ئەم نەریتە لەوەوە سەرچاوەی گرتوە کە ژنانی هیند پیاوەکانی خۆیانیان کوشتوە و ڕەدوو کەوتون و لەگەڵ خۆشەویستە دەوڵەمەندەکانیان هەڵهاتوون ، بەڵام زۆرێکیش ئەم بابەتەیان ڕەت کردۆتەوە ، هەرەوها هەندێکیش باوەڕیان وابو کە ژنانی هیند بۆیە ئەم کارە دەکەن لەبەر ئەوەی لەژیانی دواڕۆژدا لەگەڵ پیاوەکانیان بن

 

ئەڵبەتە ئەم نەریتە لە وڵاتەکانی تری وەکو میسر ، یۆنان و هەندێ شوێنی تر ڕەواجی هەبوە . بڕینی پەنجەکان : خەڵکی هۆزی (دانی) لە رۆژئاوای (پاپوئاگینە) نەریتی سەیرو سەمەرەیان هەیە لەبارەی ناشتنی مردوەکانیانەوە ، ئەگەر چی ئەم نەریتە ئێستا لە لایەن دەوڵەتەوە پوچەڵ کراوەتەوە بەڵام لە ناو جەنگەڵەکانی ئەم ناوچەیە هێشتا بەرقەرارە . کاتێ لەناو ئەم کۆمەڵەیەدا پیاوێک دەمرێت ، ژنەکەی یان هەندێ جار یەکێک لە منداڵەکانی دەبێت پەنجەی باوکیان ببڕن، ئەم نەریتە دەرخەری لایەنی سۆزداری بوەو وەک شێوەیەک لە پەند وەرگرتن یان پیرۆز کردن پەیڕەو کراوە.

لە ڕاستیدا لەم نەریتەدا ، ئەوانە پەنجەکانیان بە توندی بەستوە و پاشان بە تەوەرێک بڕیویانەتەوە ، دواتر پەنجەکەیان لە شوێنێکی تایبەت هەڵگرتوە یان سوتاندویانە . مەراسیمی ئەسپەردە کردنی (توراجا) ڕوداوێکی کۆمەڵایەتی گرنگە و دەرفەتێکیشە بۆ خڕبونەوەی ئەندامانی خێزان لەدەوری یەک و هەرەوها بەشداری خەڵکی گوندەکان لە بابەتێکی هاوبەشدا ، نوێ کردنەوەی پەیمان و پێداگریە لەسەر ئەو نەریت و بیرو باوەڕەی کە لە لایەن باو باپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە .

ئەم مەراسیمە چەند ڕۆژێک درێژە دەکێشێت ، کاتێ کەسێکی (توراجایی) دەمرێت . ئەندامانی خێزانی کۆچکردوو دەبێ هەندێ مەراسیم ئەنجام بدەن ، بەڵام ئەم مەراسیمە ڕاستەوخۆ دوای مردنەکە جێبەجێ ناکرێت ، چونکە لەوانەیە خئزانێکی (توراجایی) پارەی پێویستیان نەبێت بۆ ئەنجام دانی مەراسیمەکە ، لەبەر ئەوە چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک و بگرە جاری وا هەیە ساڵیش چاوەڕێ دەکەن ، تا پارەی پێویستیان دێتە چنگ، لەو ماوەیەدا مردووەکە بە هیچ شێوەیەک نانێژرێت ، بەڵام مۆمیایی دەکرێت و لە خانویەکی کۆندا و لە ناو خێزانەکەی خۆی دەمێنێتەوە و ئاگایان لێی دەبێت .

کاتێ مەراسیمەکە کۆتایی هات ، ئەو کەسە بە مردویەکی ڕاستەقینە دانانێن و وا هەڵس و کەوت دەکەن کە وەک نەخۆشێک ئازاری چەشتووە . کاتێ کە پارەی پێویستیان دەست کەوت ، مەراسیمەکە دەست پێ دەکات . یەکەم جار دەست دەکەن بە کوشتنی (بوفالو) ئەو باڵندەیەی بەسەر پشتی گامێشەوە دەنیشێتەوە لەگەڵ (بەراز) ئەمانە تێکەڵ بە سەماو مۆسیقا دەکرێت و کوڕە گەنجەکان خوێنەکە دەڕژێنن بەسەر ئەو کەڕەنایەدا،کە مۆسیقای پێ لێدەدەن.

هەر کەسێک کە بمرێت زیاتر ڕێزی لێ دەنرێت و باڵندەی (بوفالو) ی زیاتری لەپێناودا بۆ دەکوژرێت ، سەیر نیە لە لەیەک مەراسیمدا دەیان (بوفالو) لەگەڵ (بەراز) دەکوژرێن لەدوای ئەم قوربانیەش گۆشتەکە دابەش دەکرێت بەسەر میوانەکاندا، پاشان دەست دەکەن بە ئەسپەردە کردنی مردووەکە، بەڵام هۆزی (توراجا) بەکەمی تەرمی مردوەکان لە خاکدا دەنێژن ، بەڵکو لە ئەشکەوت یان قەدپاڵی شاخەکان لە تابوتێکی داردا هەڵدەواسن، چونکە گۆڕ هەڵکەندن کارێکی سەختەو چەند مانگێک درێژە دەکێشێت تا تەواو دەبێت ، هەر بۆیە تابوتێکی دارینی بۆ دروست دەکەن بەناوی (تاو تاو) بە نوێنەرایەتی نزیکانی کۆچکردوو لە ئەشکەوتدا سەر بەرەو خوار دادەنرێت یان هەڵدەواسرێت . تابوتەنان بەجوانی دەڕازێنرێتەوە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبونی کاتدا دارەکە دەڕزێت و ئێسکی مردووەکە دەکەوێتە زەوی، هەر بەو شێوەیەی باس کرا ئەم ئێسکانە وەک منداڵی تازە لە دایک بوو دەپێچرێن بە پارچە پەڕۆوە و لەناو کرۆکی درەختەکان دا دادەنرێن ، باوەڕیان وایە کە ئەوانە دەبنە سەرچاوەی لەدایک بوونی دەیان چڵ و لقی نوێی درەختەکان..

ڕێ و ڕەسمی بەخاکسپاردن کۆتایی دێت میوانەکان دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان ، بەڵام مەراسیمەکە هێشتا کۆتایی نەهاتوە چەند ساڵ جارێک لە مانگی (ئۆگەست) مەراسیم ڕێکدەخرێت و لاشەکان دەردەهێندرێن و پاک دەشۆردرێن و پۆشاکی نوێیان لەبەر دەکرێت.. پاشان مۆمیا کراوەکان لە گوند ، وەکو (زامبیەکان) کە بە واتای مردویەکی جوڵاو یان بوکەڵە دێت مەراسیمەکە بەڕێوە دەبەن . ئەم ڕێ و ڕەسمە سەیرو سەمەرانە ساڵانە هەزاران گەشتیار بۆ ئەو دورگەیە ڕادەکێشن. 

تێبینی. ڤایکینگ :واتە جەنگاوەری ئەسکەندنافی