ڕاپۆرتی جیهانی

03:22 - 10/08/2019

کاندیدەکانی سەرۆکایەتی تونس ڕووبەڕوو دەکرێنەوە‌

پەیسەر

بەهۆی کۆچی دوایی باجی قائید سبسی سەرۆکی تونسەوە، ئەو وڵاتە خۆی بۆ هەڵبژاردنێکی پێشوەختی سەرۆکایەتی ئامادەدەکات. بۆ یەکەمجاریش لە مێژووی ئەو وڵاتە و وڵاتانی دیکەی عەرەبیدا، هاوشێوەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا، مێزگردی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنی لە نێوان کاندیدەکانی سەرۆکایەتیدا بەڕێوەدەچێت. ئەم هەوڵەی تونس بۆ چەسپاندنی بنەمای دیموکراسییە، هەرچەندە دیموکراسییەکەی تونس زۆر نوێیە و لە منداڵدانی شۆڕشەکانی وڵاتانی عەرەبییەوە لەدایکبووە کە بە (بەهاری عەرەبی) ناسراوە و تونس بە لانکەی ئەو شۆڕشانە دادەنرێت.

تەلەفزیۆنی فەرمی تونس (دامەزراوەی تەلەفزیۆنی نیشتمانی) دەڵێت، ئەم هەوڵە بۆ پتەوکردنی دیموکراسی فرەیی و هاوڵاتیبوونی ڕاستەقینەیە، لە بەیاننامەیەکیشدا جەختی لەوە کردەوە کە "بۆ یەکەم جارە مێزگردی تەلەفزیۆنی لەنێوان کاندیدەکانی سەرۆکایەتیدا ئەنجام بدرێت و لە سەرەتای دەستپێکردنی بانگەشەوە بەڕێوەدەچێت".

تەلەفزیۆنی تونس ئاشکرایکرد، لە نێوان ٢ تا ٧ی ئەیلولی داهاتوودا بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆ لەژێر ناوی "ڕێگا بەرەو قرتاج" پەخش دەکات، سەرجەم کاندیدەکانی سەرۆکایەتی بانگهێشت دەکرێن تا بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیان بخەنەڕوو.

نەریتێکی چەسپا و لە دیموکراسیەتێکی تازەپێگەیشتوودا
لە ٢ی ئابەوە پێشکەشکردنی کاندیدەکان بۆ هەلبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی لە بارەگای "دەستەی باڵای سەربەخۆی هەلبژاردنەکان" دەستپێکردووە و تا ٩ی مانگ بەردەوام دەبێت.

تونس کە بەردەوامە لە تەواوکردنی ڕێچکەکەی بەرەو دیموکراسی، دەیەوێت ئەم نەریتە چەسپاوەی دیموکراسیە ڕەسەنەکان بە دامەزراوەیی بکات تا دیموکراسیە تازەپێگەیشتووەکەی پێ دەوڵەمەندتر بکات، ڕای گشتی تونس زۆر باش بەدەم ئەم هەنگاوەوە هاتن، سیاسەتوان و ڕۆژنامەنووسان و کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش پێشوازی گەرمیان لێکرد.

عەبید بریکی ئەم هەنگاوەی بە "لەبێژنگدانی سەرەتایی پاڵێوراوەکان" ناوبرد و بە باڵاترین ڕێوشوێنەکانی دیموکراسی دەزانێت، بە تایبەت کە یارمەتیدەرە لە وێناکردنی خاڵە هاوبەشەکانی نێوان کاندیدەکان و ئەو دروشمانە سادە دەکاتەوە کە پاڵێوراوەکانی سەرۆکایەتی بەرزی دەکەنەوە.

دەشڵێت "هەموان بەدواداچوون بۆ ئەم مێزگردانە دەکەن، بە تایبەت کە ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێت، دەرگا بەڕوی دەنگدەراندا دەکاتەوە تا زیاتر کارلێک لەگەڵ کاندیدەکان و بەرنامەی هەڵبژاردنەکانیاندا بکەن، زۆربەیان لەیەکتر دەچن و پشتیان بە دروشمی گەشەپێدان بەستووە، کە لە داخوازی خەڵکەوە سەرچاوەی گرتووە".

ترس لە شکست
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە ڕاگەیاندنی فەرمی دەوڵەت ڕووبەڕووی لێشاوێک ڕەخنە بووەتەوە، بەوەی نەیتوانیوە بە جوانترین شێوە ڕۆڵی خۆی ببینێت و نەیتوانیوە بەرامبەر سەرجەم پاڵێوراوەکان بێلایەن بێت، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی تونسیش ترسی خۆی لە پاک و بێگەری ڕووماڵی ڕێچکەی هەلبژاردنەکە نیشاندا.

فەرید عەلیبی کە ئەندامی کۆمەڵەی توێژینەوەی فەلسەفی تونسە دەڵێت "بەدووری دەزانم ئەم ئەزموونە سەرکەوتووبێت، دەیگێڕمەوە بۆ سێ هۆکاری گرنگ، یەکەمیان ئەوەیە کە ئەزموونەکە کۆپی کراوی ئەمریکا و ئەوروپایە، سەرەڕای ئەوەی کە دۆخەکان جیاوازن، وێڕای ئەوەی کە هەوڵێکە بۆ دروستکردنی ئەو تێڕوانینەی کە کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆکی وڵات جدی و ڕاستەقینەیە، لەپێناو ئەوەدا کە قەناعەت بە دەنگدەر بکرێت بەشداری پرۆسەکە بکەن تا ڕووبەڕووی هەمان دوورەپەرێزی ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٨ نەبێتەوە.

عەلیبی باس لەو لەیەکچوونە زۆرە دەکات کە لە بەرنامەی هەڵبژاردنی کاندیدەکاندا بەدیدەکرێت، تەنانەت تاکە جیاوازی لە نێوانیاندا ناوی پاڵێوراوەکان خۆیانە، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەکان بەهای خۆیان لەدەست بدەن، ئەوەش تێڕوانینی دەنگدەران لەسەر ئەو خاڵە زیاددەکات کە کاندیدەکان بە تەنگ کورسی دەسەڵاتەوەن نەک بەرژەوەندی وڵات.

لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨دا، کە یەکەم هەڵبژاردنی دوای ڕووخانی دەسەڵاتەکەی زەینەلعابدین بوو، تەنها یەک لەسەر سێی دەنگدەران بەشدارییانکرد، لە هەڵبژاردنی ٢٠١٤دا ٧٥%ی ئەو گەنجانەی مافی دەنگدانیان هەبوو هەڵبژاردنی گشتی وڵاتەکەیان بایکۆتکرد. ئەمەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی دادەنرێت لە بایکۆتکردنی هەلبژاردنەکاندا.

ڕووبەڕووبوونەوەی تەلەفزیۆنی و پاڵێوراوە مشەخۆرەکان
نزیکەی ١٥ کەس خۆیان بۆ هەلبژاردنی سەرۆکایەتی کاندیدکردووە، دیارترینیان محەمەد عەبو سدامەزرێنەری پارتی ڕەوتی دیموکراسی، نەبیل قورەوی خاوەنی کەناڵی ئاسمانی نیسمە، عەبیر موسا سەرۆکی پارتی دەستوری ئازادن. خۆکاندیدکردنی هەندێک کەس کە پێشینەی سیاسییان لە هیچ حزب و کۆمەڵەیەکدا نییە، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. هەندێک وەک ئارەزوویەک ناوی دەبەن، هەندێکی دیکەش بە دەستی هەندێک لایەنی سیاسی ناویان دەبەن بۆ پەرتەوازەکردنی ڕای گشتی و بوغزاندنی کاندیدەکان و تەنانەت پۆستی سەرۆکایەتیش.

بوونی چوار کاندیدی سەربەخۆ لەناو پاڵێوراوەکاندا بووەتە مایەی سەرنجی ڕای گشتی و هەندێک لە حزبەکان، بە تایبەت کە لەکاتی خۆکاندیدکردنیاندا چەند لێدوانێکی نامۆیان دا، ئەمانە زوو بوونە بابەتی چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

ئەحمەد وەنیس، کە دیپلۆماتکارێکی پێشووی تونسە دەڵێت، ئەزموونی ڕووبەڕووبوونەوەی تەلەفزیۆنی نێوان کاندیدەکان، مشەخۆرەکان بۆ دەنگدەران ئاشکرا دەکات، ئەوانەی کە توانایەکیان نییە بەڵام تەنها سوودیان لە مافی دەستووری خۆپاڵاوتن وەرگرتووە. لەهەمان کاتدا یارمەتیان دەدات لەسەر بنەمای دیموکراسی و لێهاتوویی دەنگبدەن.

وەنیس ئەو کارە بە هەنگاوێکی ئەرێنی ناودەبات و پێی وایە کە تونس دەبوو لە ٢٠١١وە کاری پێبکردایە، چونکە بەردی بناغەی فرە حزبی و کێبڕکیی شەریفانەیە بۆ گەیشتن بە کورسی دەسەڵات.

باس لەوەش دەکات، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٠دا حەسیب بن عەمار کاندیدی سەربەخۆ بۆ سەرۆکایەتی تونس، داوای لە هادی نوێرە کاندیدی پارتی فەرمانڕەواکرد ڕووبەڕووبوونەوەی تەلەفزیۆنی ئەنجام بدەن، بەڵام نوێرە داواکەی ڕەتکردەوە. لەو کاتەوە تونس چووە لۆژیکی حزبی فەرماندەوە کە بانگەشەی کۆدەنگی و رەهایی دەکات. ساڵی ٢٠١١ شۆڕشی گەلی تونس سیستمی تاکە حزب و تاکە سەرۆکیان بەیەکجاری ڕیشەکێش کرد.


وەنیس جەختیکردەوە جیهان دان بەوەدا دەنێت کە تونس ئەزموونێکی سەرکەوتووە بە ئاراستەی تەواوکردنی قۆناغی گواستنەوە و ڕیشە داکوتانی دیموکراسی، سەرەڕای ئەوەی دیموکراسیەکی تازەپێگەیشتووە.

دەنگدان دەبێتە بریارێکی عەقڵانی
ژمارەیەک لە کاندیدەکان بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە خەڵکانێکی پۆپۆلیستن و هیچ بەرنامەیەکی ئابووریی و سیاسییان نییە و لەکاتی گەیشتنیان بە کوردسی دەسەڵات دیدگایەکی ڕوون و ئاشکرایان بۆ داهاتووی وڵاتەکەیان پێنییە. هەر ئەوەش شیکەرەوە سیاسییەکانی تونسی هانداوە ڕووبەڕووبوونەوەی تەلەفزیۆنی کاندیدەکانیان لا پەسەندبێت، تا دەنگدەران هۆشیار بن و ئاستی هۆشیاری ئەو کەسانەشیان بۆ ئاشکراببێت کە خەون پۆستی سەرۆکایەتییەوە دەبینن.

تاهیر شەقروش بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی مەغاریبە لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تەلەفزیۆنی نێوان کاندیدەکان دەڵێت، باشییەکانی زیاترن لە خراپییەکانی، لەبەرئەوەی دەنگدەر دەخاتە سەر ڕێیە ڕاستەکە و پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک ئاسانتر دەکات، بەو مەرجەی چاوپێکەوتنەکان نەبنە گۆڕەپانی زۆرانبازی کاندیدەکان.

شەقروش لەو بڕوایەدایە ئەم ڕێوشوێنە جێبەجێکردنی دیموکراسی لە وڵاتدا  قوڵتر دەکاتەوە، بە تایبەت کە هەڵبژاردنەکە لە دۆخێکی نائاساییدا بەڕێوەدەچێت، سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی خۆیان بۆ پۆستی سەۆکایەتی کاندید کردووە.


لەلایەکی دیکەوە سادق حەمامی پسپۆڕ لە زانستی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان دەڵێت، ڕووبەڕووبوونەوەی تەلەفزیۆنی یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی دەنگدەر بە مێشکێکی کراوەوە بڕیارێکی عەقڵانی بدات، نەک بە سۆز و ئایدیۆلۆژیاگەری و ئینتیمای سیاسی، وەک چۆن لە هەڵبژاردنەکانی دوای ٢٠١١وە دەنگیداوە.