ڕاپۆرتی جیهانی

10:44 - 13/08/2019

بازاڕی چەکە کۆکوژەکانی جیهان کوێیە؟‌

دەستەواژەی (چەکی کۆکوژ) بۆ وەسفکردنی چەند جۆرە چەکێک بەکاردەهێنرێت کە لە دوو خەسڵەتدا هاوبەشن، توانایەکی فراوانی وێرانکاریان هەیە، لەگەڵ کاریگەرییە هەڕەمەکییەکانی، بەتایبەت لە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی.

چەکی کۆکوژ بۆ سێ جۆری سەرەکی پۆلێن دەکرێت: چەکی ئەتۆمی، چەکی کیمیایی و چەکی بایۆلۆجی. بەشێک لە پسپۆڕان هەندێک لە مادە تیشکدەرەکانیش دەخە لیستەکەوە. وێڕای تەکنەلۆژیای موشەکیی و سیستمەکانی ئاراستەکردنی وەک فڕۆکە و موشەکی بالیستی.

مێژووی پیشەسازیی چەکی ئەتۆمی، لە قۆرخکارییەوە بۆ بڵاوبوونەوە
لە سەرەتای سەردەمی ئەتۆمیدا ئەمریکا دەیویست چەکە نوێیەکەی بۆخۆی قۆرخ بکات، بەڵام هەرزوو نهێنی و تەکنەلۆژیای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بڵاوبووەوە، نەک تەنها بۆ وڵاتانی دیکەی جیهان، بەڵکو بۆ بازاڕی ڕەشیش، بەجۆرێک هەر کەسێک پارەی پێبێت و ڕێگاکە بزانێت، چی ویست دەتوانێت بیکڕێت.

تەمموزی ١٩٤٥ ئەمریکا یەکەم بۆمبی ئەتۆمی تاقیکردەوە، لە مانگگی ئابی هەمان ساڵدا دوو بۆمبی ئەتۆمی بەسەر هەردوو شاری هێرۆشیما و ناگازاکی ژاپۆندا بەردایەوە. دوای چوار ساڵ یەکێتی سۆڤیەت یەکەم تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامدا، ساڵی ١٩٥٢ بەریتانیاش بە کاروانەکە گەیشت، فەرەنسا ١٩٦٠ و چینیش لە ساڵی ١٩٦٤دا دەستیان بەو تەکنەلۆژیایە گەیشت.

بۆ ڕێگرتن لە فراوانبوونی لیستی وڵاتە ئەتۆمییەکان، ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی هەمان تێڕوانینیان هەبوو لە ساڵانی ١٩٦٨ و ١٩٩٦دا دەستیان کرد بە دانوستان لەسەر دوو پەیماننامە، پەیماننامەی سنوردارکردنی چەکی ئەتۆمی و  پەیماننامەی قەدەغەکردنی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ناسراو بە (CTBT).

 

عێراقی سەردەمی سەدام حسێنیش لە ساڵی ١٩٩١و بەر لە جەنگی کەنداو بەنهێنی دەستی دایە پرۆگرامی ئەتۆمی

هیندستان و ئیسرائیل سەرەڕای ئەوەی خاوەنی چەکی ئەتۆمی بوون، پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی ئەو چەکەیان واژۆ نەکرد. عێراقی سەردەمی سەدام حسێنیش لە ساڵی ١٩٩١و بەر لە جەنگی کەنداو بەنهێنی دەستی دایە پرۆگرامی ئەتۆمی. کانونی دووەمی ٢٠٠٣ کۆریای باکوور لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی کشایەوە و لەو کاتەوە چەندین تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامداوە. ئێران و لیبیاش بە نهێنی چالاکی ئەتۆمیان دەستپێکرد و گومان دەکرێت سوریاش خەریک بووبێت. 


لەکاتی ئەنجامدانی پەیماننەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دا، پاشخانی چەکە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت دەیان هەزاری تێپەڕاندبوو. لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا سەرکردەکانی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت لەسەر چەندین پەیماننامە و دەستپێشخەری دوو قۆڵی لە دانوستاندابوون، کە بوونە هۆی سنوردارکردنی جبەخانە ئەتۆمییەکانیان، دواتریش هۆکاربوون بۆ کەمکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانیان. ئەمڕۆ ئەمریکا و ڕووسیا نزیکەی ١٤٠٠ کڵاوەی ئەتۆمیی ستراتیییان لەسەر سەدان موشەک و فرۆکە جێگیرکردووە و لە پەرەپێدانی سیستمەکانی ئاراستەکردنی ئەو موشەکە ئەتۆمیانە بەردەوامن.

بە گشتی وڵاتە ئەتۆمییەکانی جیهان نزیکەی ١٤ هەزار کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە، ٩٠%یان لە ئەمریکا و ڕووسیان


بە گشتی وڵاتە ئەتۆمییەکانی جیهان نزیکەی ١٤ هەزار کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە، ٩٠%یان لە ئەمریکا و ڕووسیان. بە پێی هەریەک لە  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و پەیمانگای نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەی ئاشتی و یەکێتی سنوردارکردنی بڵاوبوونەوەی چەک،  ٩٥٠٠ کڵاوەی ئەتۆمی خراونەتە خزمەتی سەربازییەوە، واتە ئامادەن بۆ بەکارهێنان.

هەریەک لە چین و هیندستان و پاکستانیش لە هەوڵدان بۆ ئەوەی موشەکی بالیستی نوێ و موشەکی کروز و سیستمی ئەتۆمی دەریایی بخەنە خزمەتی سەربازییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پاکستان ڕێگرییەکانی بەردەم بەکارهێنانی چەکە ئەتۆمییەکانی لە ڕێی پەرەپێدانی توانی چەکە ئەتۆمییە تاکتیکییەکانی بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی هەڕەشە سەربازییەکانی هیندستانی بەرتەسک کردووەتەوە. هاوکات کۆریای باکوور لە هەوڵە ئەتۆمییەکانی بەردەوامە و لە بەڵێنەکانی بۆ دەستبەرداربوونی لە چەکە ئەتۆمییەکانی پاشگەزبووەوە

ئەزموونێکی ڕاستەقینە..کڕینی کڵاوەی ئەتۆمی لە بازاڕی ڕەشی بولگاریا
لە بازاڕی ڕەشی بولگاریادا هەموو شتێک دەکڕدرێت، مادەی هۆشبەر، سێکس، چەکی ئاسایی و تەنانەت کڵاوەی ئەتۆمیش. تا ئەو ئاستەی بە بڕوای (ماتیۆ بۆرنواسەر) ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی، ئەم ناوچەیەی باشووری خۆرهەڵاتی ئەوروپا کە لە بەری خۆرئاواوە بەسەر دەریای ڕەشدا دەڕوانێت، بە هەموو ئابڕوچوونەکانی چەکە گەورەکانی جیهانەوە گرێ دەدرێت.

ئیڤانۆڤ پێشترعەقیدێکی دەزگای هەواڵگری بووە و دواتر بووەتە خاوەنکار، بارودۆخ گەیاندییە ئەوەی لە کەرتی بیناسازی عەرەبستانی سعودیدا کاربکات

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەنووسێکی فەرەنسی کڵاوەیەکی ئەتۆمی لە بازاڕی ڕەشی بولگاریادا کڕی، چەند ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی کە لە ماڵپەڕی (VICE) کاریان دەکرد بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەیەک چوونە سۆفیا و لەڕێی برۆنواسەرەوە توانیان چاوپێکەوتن لەگەڵ ئیڤانۆڤ دا بکەن، ئیڤانۆڤ پێشترعەقیدێکی دەزگای هەواڵگری بووە و دواتر بووەتە خاوەنکار، بارودۆخ گەیاندییە ئەوەی لە کەرتی بیناسازی عەرەبستانی سعودیدا کاربکات.

لەڕێی مامەڵە بازرگانییەکانیەوە ئیڤانۆڤ (ناوێکی خواستراوە) چاوی بە ئوسامە بن لادن سەرۆکی ڕێکخراوی قاعیدە کەوت، بن لادن دەیویست لە پاشماوە ئەتۆمییەکانەوە بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات و گرنگی پێدەدا، ئیڤانۆڤ پیشنیازی بۆکرد و پێی گوت: "بۆچی شتێکی ڕاستەقینە بەدەستناهێنیت: کڵاوەیەکی ئەتۆمی؟"

تیمە ڕۆژنامەوانییەکە لە شاری سلیڤنی خۆرهەڵاتی بولگارییەوە دەستیان بە توێژینەوە کرد، گرنگترین شت ئەوە بوو کە کۆگایەکی گەورەی پاشماوەی سەربازیی تیدایە. ئیتر زانیان کە ئیڤانۆڤ لە هاوینەهەواری سانی بیچە کە ٣٥ کیلۆمەتر لە باکووری بۆرگاسەوە دوورە.

بۆ پیاوێکی وەک ئیڤانۆڤ هیچ جیاوازییەک لە نێوان پرۆژەکانی بیناسازی و کڵاوەی ئەتۆمیدا نییە، لەبەرئەوەی هەردووکیان بازرگانین. وەک چۆن هەلی وەبەرهێنان لە سعودیە و کوەیت بدەستدەهێنێت، زۆر بە ئاسانی لەلایەن یاریدەدەرێکی ئوسامە بن لادنەوە داوای لێکرا پاشماوەی ئەتۆمییان بۆ بکڕێت

بۆ پیاوێکی وەک ئیڤانۆڤ هیچ جیاوازییەک لە نێوان پرۆژەکانی بیناسازی و کڵاوەی ئەتۆمیدا نییە، لەبەرئەوەی هەردووکیان بازرگانین. وەک چۆن هەلی وەبەرهێنان لە سعودیە و کوەیت بدەستدەهێنێت، زۆر بە ئاسانی لەلایەن یاریدەدەرێکی ئوسامە بن لادنەوە داوای لێکرا پاشماوەی ئەتۆمییان بۆ بکڕێت. ئەو یەکتربینینە بە دەنگ و ڕەنگ تۆمارکراوە، هەرچەندە ئیڤانۆڤ داوایکرد دەموچاوی نیشان نەدرێت و تەڵخ بکرێت، بەڵام زۆر ئاسایی وەک چۆن باسی پرۆژەی باڵەخانە زەبەلاحەکانی دەکرد ئاواش باسی کڵاوەی ئەتۆمی دەکرد.

بەر لە ٣٠ ساڵ.. چۆن ئەمریکا لە گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی هاوکاریی ئێرانی کرد؟
"کارێکی گران نییە، ئەگەر ٣٠ ملیۆن دۆلارت پێبێت، دەتوانیت بچیتە بازاڕی ڕەشی ئاسیای ناوەڕاست و پەیوەندی بە زانایەکە ئەتۆمی توڕەی ڕووسیەوە بکەیت، جانتایەکی چەکی ئەتۆمیت دەداتێ"، چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەیمەن زەواهیری سەرۆکی ئێستای ڕێکخراوی قاعیدە، ئەم قسەیەی بە ڕۆژنامەنووسێکی پاکستانی گوت. ئەوەی لەم لێدوانەدا مایەی سەرنجە ئەوەیە زەواهیری ئاماژە بە ناوچەی دەریای ڕەش دەکات، ناوچەیەک کە جێی گەڕانە بەدوای ئەم مادە زۆر مەترسیدارانەدا، ئەوەش بووە هۆکاری تیشک خستنە سەر باندەکانی تاوانی ڕێکخراو کە دەستیان لە بازرگانی چەکی ئەتۆمیدا هەیە.

دەریای ڕەش سەنتەری بازاڕی ڕەشی چەکی ئەتۆمییە لە جیهاندا

دەریای ڕەش ڕێگایەکی ستراتیژییە و ڕیڕەوەکانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا و باکوور و باشوور پێکەوە دەبەستێتەوە، ئازادانە خەڵک و ئایدیۆلۆجیا و کاڵای لە ئاسیاوە بۆ ئەوروپا و لە خاکی یەکێتی سۆڤیەتی جارانەوە بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا پێدا دەگوازرێتەوە، سەنتەری بازاڕی ڕەشی چەکی ئەتۆمییە لە جیهاندا.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕووداوانەی کە لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەسەر بە قاچاغبردنی ئەو چەکە تۆمارکراون و وڵاتانی ئەندام لەو ئاژانسە پشتڕاستیانکردووەتەوە، لەگەڵ ئەو داتایانەی لە زانکۆی سالزبۆرگ تۆمارکراون و چەندین پسپۆڕی ئەکادیمی سەربەخۆ لێکۆڵینەوەیان تێدا کردووە، وێنە تاریکەکەی پرۆسەکانی بە قاچاغبردنی چەکی ئەتۆمی لە ناوچەی دەریای ڕەشدا ڕووناک دەبێتەوە.

 

جگە لە یەک حاڵەت سەرجەم ڕووداوەکانی بە قاچاغبردنی چەکی ئەتۆمی سەرچاوەکانیان ڕووسیا بووە


ڕاپۆرتەکانی ئەو دوو دامەزراوەیە جەختیان لەوە کردەوە، جگە لە یەک حاڵەت سەرجەم ڕووداوەکانی بە قاچاغبردنی چەکی ئەتۆمی سەرچاوەکانیان یان تۆمەتباری سەرەکی ڕووسیا بووە. باشترین شوێنیش کە ئەو چەکانەی بۆ براوە تورکیایە، چونکە فرۆشیارەکان دەتوانن لەم وڵاتە کڕیاری تامەزرۆیان دەستبکەوێت.

پاشاکانی بە قاچاغبردن..بازاڕی ڕەشی چەک و کەرەستەی ئەتۆمی
ماتڤینیکۆ زانای فیزیای ناوکیی ڕووسیا دەڵێت: "ئەمڕۆ لە وڵاتەکەماندا هەموو شتێک دەکڕدرێت، تەنانەت چەک و کەرەستەی ئەتۆمیش"، لەبەر دوو هۆکار: بوژانەوەی بازاڕی ڕەشی یۆرانیۆم و پلۆتۆنیۆم، لەگەڵ لە خشتەبردنی زانا ئەتۆمییەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران تا توانا ئەتۆمیەکانی خۆیان بفرۆشن.

ئەمەش چەند فاکتەرێکی هەیە: قەیرانی توندی ئابووریی، بەربڵاوی تاوان، بەربڵاوی گەندەڵی، زانا ئەتۆمییەکان موچەیەکی کەمیان پێدەدرا، بوونی کەلێنی ئەمنی لە پاراستنی پێگەکانی هەڵگرتنی چەکە ئەتۆمییەکان و هتد...


ئەوەی وا لە ڕووسیا دەکات ببێتە یەکەم سەرچاوەی مەزەندەکراوی بەقاچاغبردنی چەکی ئەتۆمی ئەوەیە کە خاوەنی گەورەترین جبەخانەی ئەتۆمییە لە جیهاندا

ئەوەی وا لە ڕووسیا دەکات ببێتە یەکەم سەرچاوەی مەزەندەکراوی بەقاچاغبردنی چەکی ئەتۆمی ئەوەیە کە خاوەنی گەورەترین جبەخانەی ئەتۆمییە لە جیهاندا (١١ هەزار کڵاوەی ئەتۆمی هەیە). بە قاچاغبردن تەنها چەکی کۆکوژی نەگرتووەتەوە، بەڵکو بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە دوو ملیۆن پارچە چەک لە ڕووسیا تۆمارنەکراون. تەنانەت هەندێک لە پسپۆڕان دەڵین ژمارەی ڕاستەقینەی چەکە تۆمارنەکراوی ڕووسیا دەگاتە نزیکەی ١٠ ملیۆن پارچە و ساڵانە بە ڕێژەی ١٠% چەکە دزراوەکان زیاد دەکات.

داهاتی ئەو چەکانەی لە ڕووسیا بە قاچاغ دەفرۆشرێن ڕێژەی ٥% تا ١٥%ی کۆی داهاتی چەکی فرۆشراوی ڕووسیا پێکدەهێنێت. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠دا کاتێک داهاتی فرۆشتنی چەکی ڕووسیا گەیشتە سێ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار، داهاتی چەکە قاچاغەکانی ڕووسیا ٣٨٠ ملیۆن دۆلار بوو. لەو کاتەوە ئەو تێڕوانینەوە دروستبوو کە داهاتی چەکە بە قاچاغفرۆشراوەکانی ڕووسیا لەو ڕێژەیە زیاترە و چەکەکان بەو وڵاتانەدا بڵاوبووەتەوە کە پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمییان واژۆکردووە یان شەڕیان تێدابووە.

لە دوای ڕووسیا، یەکێکی تر لە گەورەترین سەرچاوەکانی بە قاچاغبردنی چەکی ئەتۆمی، پاکستان و ئەو وڵاتانەی دیکەیە کە وێستگەی پیتاندنی یۆرانیۆمیان تێدایە، وڵاتانی پێشووی ناو یەکێتی سۆڤیەتی جاران یەک لەسەر سێی ئەو وێستگانە لەخۆدەگرن کە بە یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئاستێکی باڵادا کاردەکەن.


یەکێتی سۆڤیەت بەر لە هەڵوەشانەوەی لە ١٩٩١دا ٢٧ هەزار بۆمبی ئەتۆمی و بڕێکی زۆر پلۆتۆنیۆم و یۆرانیۆمی هەبوو کە دەکرا سێ هێندە بۆمبی ئەتۆمییان لێ دروستبکرێت. کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران (ئۆکرانیا، بیلاڕووسیا، کازاخستان) ئەو بۆمبە ئەتۆمیانەیان دایەوە بە ڕووسیا کە لە وڵاتەکانیان هەڵگیرابوون، بەڵام ئەم وڵاتانە ئێستاش هێندەیان پلۆتۆنیۆم و یۆرانیۆم هەیە کە دەتوانن بۆمبی ئەتۆمی دروستبکەن.

ئۆکرانیا و کازاخستانیش وێستگەی بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمییان هەیە، ڕاستە کە ناتوانرێت بەرهەمە لاوەکییەکانی ئەو وێستگانە لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیدا بەکاربهێنرێن، بەڵام جێی سەرنجی ئەو کەسانەیە کە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا دەگەڕێن. پاکستان کە خاوەنی ٩٠ بۆ ١٠٠ کڵاوەی ئەتۆمییە، سەرقاڵی پەرەپێدانی پیشەسازی دروستکردنی پلۆتۆنیۆمیشە. ئەوەی مایەی نیگەرانییە لاوازی سیستمە ئەمنییەکەی و زیادبوونی ئەو کەسانەیە کە چاویان بڕیوەتە ئەو سامانە سەربازییە.


داعش لە ٢٠١٥دا ئەو ئەگەرەی خستە ڕوو کە دەتوانێت لەماوەی ساڵێکدا بۆمبی ئەتۆمی لە پاکستان بکڕێت

دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە ٢٠١٥دا ئەو ئەگەرەی خستە ڕوو کە دەتوانێت لەماوەی ساڵێکدا بۆمبی ئەتۆمی لە پاکستان بکڕێت، لەو کاتەدا داعش پارەیەکی زۆری لە فرۆشتنی نەوتی عێراق و سوریاوە دەستدەکەوت.

لە دوای سوریا و مۆڵدۆڤا..پەلهاویشتنی داعش بە کوێ دەگات؟
ساڵی ٢٠١٥ لە پرۆسەیەکی هاوبەشی نێوان پۆلیسی مۆڵدۆڤا و نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی سێ کەس دەستگیرکران کە دەیانویست مادەی تیشکدەر بە ئەفسەرێکی پۆلیس بفرۆشن، کە وای نیشاندابوو سەر بە داعشە. قاچاغچییەکان مادەی سیزیۆمی تیشکدەریان دابووە ئەفسەرەکە، مادەیەکە چەند هاوتایەکی لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیدا بەکاردەهێنرێت. فرۆشیارەکە شانازی بەوەوە کردبوو کە بڕیکی باش هاوتای سیزیۆم-١٣٧ ی هەیە و ئامادەیی نیشاندابوو بە داعشی بفرۆشێت.

رۆژانێک کە داعش لە لوتکەی دەسەڵاتیدابوو دەستی بەسەر ناوچەیەکدا گرتبوو کە دوو سەرچاوەی مادە تیشکدەرەکانی تێدابوو ئەوانیش پاشکۆی تویژینەوە زانستییەکان و ئامیرە پزیشکییەکان. بە تایبەت ئەو ئامێرانەی مادەی کۆبەڵت-٦٠ی تیشکدەری گامایان تێدایە.

لەبەرئەوە لە ساڵی ٢٠١٣دا کاتێک بارهەڵگرێک بە کەرەستەی پزیشکییەوە لە مەکسیک دزرا کە کۆبەڵت-٦٠یان تێدابوو، دەزگای هەواڵگری ئەمریکا نیگەران بوو و ترسی لەوە هەبوو دواتر ئەو مادیە لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدا بەکاربهێنرێت.

کۆبەڵت-٦٠ مادەیەکی تیشکدەرە، ئەگەر بۆ ماوەی چەند خولەکێک یان چەند سەعاتێک تیشکەکەی بەر هەرکەسێک بکەوێت دوور نییە ببێتە هۆی مردنی


چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی هەواڵ بە بەڵگەوە ئەوەیان بڵاوکردەوە کە پێدەچێت ڕێکخراوی داعش لە کۆگا نهێنی یان چۆڵکراوە کیمیاییەکانی عێراق و سوریادا مادەی کیمیایی دەستکەوتبێت. بەڵام ڕێکخراوەکە نەیتوانی لە پرۆگرامی چەکە کیمیاییەکانیدا سوود لە کەسانی شارەزا وەربگرێت.

کانونی دووەمی ٢٠١٥ کەسێک بەناوی ئەبو مالیک لە هێرشێکی ئاسمانی هاوپەیماناندا کوژرا، ئەبو مالیک ئەندازیاری چەکی کیمیایی بوو و ئەندامی داعش بوو، پێشتر لە بەرنامە کیمیاییەکەی عێراقدا کاری کردبوو. بە گوتەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا: "مەشقپێکردن و پسپۆڕییەکەی ئەبو مالیک توانایەکی زۆری بەو گروپە تیرۆریستییە دابوو لە گەیشتن بە چەکی کیمیایی".

لاوازی ئاسایش و بێویژدانی..هاوکێشە نمونەییەکەی بە قاچاغبردن
ئەمریکا بە پاسەوان و بەربەستی کۆنکرێتی و کامیرای چاودێری و ئامێری هەستیار و سکانەری تایبەت چەکە ئەتۆمییەکانی دەپارێزێت. زۆربەی وڵاتە ئەتۆمییەکانی دیکەش هەمان ئەو ڕێوشوێنانە دەگرنە بەر.

لەبەرئەوەی کۆگاکانی هەڵگرتنی چەکە ئەتۆمییەکان لەژێر چاودێرییەکی توندان، یان دەبێت وابێت، هەلی دەستخستنی بۆمبی ئەتۆمی لەڕێی بەدەستهێنانی هێزەوە کارێکی زۆر ئەستەمە. بەڵام هەلی ڕاستەقینە لە کۆگاکانی پلۆتۆنیۆم و یۆرانیۆمی پیتێنراودایە. هەردووکیان لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی سەرەتاییدا بەکاردەهێنرێن.


لە ٣٠ وڵاتی جیهاندا نزیکەی دوو هەزار تەن (دوو ملیۆن کیلۆگرام) لەم مادانە لەناو سەدان کۆگادا لە نێوان سیستمێکی ئەمنی توند یان زۆر فشەڵ و لاوازدا هەڵگیراون


ئێستا لە ٣٠ وڵاتی جیهاندا نزیکەی دوو هەزار تەن (دوو ملیۆن کیلۆگرام) لەم مادانە لەناو سەدان کۆگادا لە نێوان سیستمێکی ئەمنی توند یان زۆر فشەڵ و لاوازدا هەڵگیراون.

کاتێک مادەی تیشکدەر و نەبوونی ئاسایش پێکەوە یەکدەگرن و دەبنە هەویرێک ، ئەگەری ئەوەی ئەو مادانە بکەونە دەست خەڵکانی هەڵەوە زۆر زیاد دەکات. هاوکێشەکە بە وێرانبوونی متمانەی زانایان و کارمەندانی وێستگە ئەتۆمییەکان کۆتایی دێت. ئەی ئەگەر وەک لە ڕووسیا ڕوودەدات، ڕێوشوێنە ئەمنییەکان ساختە بن و پاسەوانەکانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان چەند مانگێک موچەیان نەدرابێتێ چی ڕوودەدات؟

هەنگاوەکانی پرۆسەی بە قاچاغبردنی چەکی ئەتۆمی چین؟
هەر پرۆسەیەکی بە قاچاغبردن پێویستی بە سێ هەنگاو و بنەمای سەرەکییە:
شێوازی دەستکەوتنی کاڵاکە، کەرەستەی پەیوەندیکردن بە کڕیارەکانەوە، لەگەڵ ڕێگەیەک بۆ گواستنەوەی کاڵای قاچاغ.

لە زۆربەی حاڵەتە ئاشکرابووەکانی بە قاچاغبردنی مادە و بۆمبە ئەتۆمییەکاندا فەرمانبەرانی وێستگە ئەتۆمییەکان خۆیان مادە ئەتۆمییەکانیان دزیوە (ئەمە هەنگاوی یەکەمە). بەڵام زۆربەی کات دزییەکە ئاشکرا دەبوو، لەبەرئەوەی فەرمانبەرەکان هەمان ئەزموون و پسۆڕیی قاچاغچییەکانیان نییە و کڕیاریشیان نییە (ئەمەش هەنگاوی دووەمە)، ڕێگاکانی گواستنەوەی ئەو مادانەش شارەزا نین کە دزیویانە (هەنگاوی سییەم).

بەڵام دوای چەند ساڵێک ئەم شێوازە گۆڕانکاریی بەسەردا هات، ساڵی ٢٠٠٦ لە جۆرجیا ڕووداوێک ڕوویدا، ڕووداوەکە بە شێوازە کلاسیکییەکە دەستیپێکرد، پۆلیس بە هەوڵێکی فرۆشتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی زانی، تیمێکی کاری پێکهێنا و ئەندامانی پۆلیس وەک کڕیار خۆیان نیشاندا و ویستیان فرۆشیارەکان بخەڵەتێنن.

ئەم ڕووداوە بووە وانەیەک کە چیتر قاچاغچییەکان نابنە پارویەکی چەور بۆ ئەندامانی ئەو هێزە ئەمنیانەی لە جلوبەرگی کڕیاردا کاردەکەن

بەڵام لە کاتی تەواوکردنی گرێبەستەکەدا فرۆشیارە ڕووسەکان نەچوون و لەجێی خۆیان نوێنەرێکیان بە نمونەیەک لە یۆرانیۆمەکەوە ناردبوو، ئەندامانی تیمەکە بە بیانوی ئەوەی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی ناشێت، یۆرانیۆمەکەیان نەکڕیبوو. ڕاستە دواتر نوێنەری قاچاغچییەکان دەستگیرکرا، بەڵام ئەمە بووە وانەیەک کە چیتر قاچاغچییەکان نابنە پارویەکی چەور بۆ ئەندامانی ئەو هێزە ئەمنیانەی لە جلوبەرگی کریاردا کاردەکەن.

سەدان هەوڵی بە قاچاغبردنی دۆکیومێنتکراو
ئەوە یەکەمجار نەبوو لە مۆڵدۆڤا خەڵکانێک لەسەر بازرگانیکردن بە مادەی تیشکدەرەوە دەستگیربکرێن، لە کانونی یەکەمی ٢٠١٤دا شەش کەسی دیکە لە کاتی فرۆشتنی یۆرانیۆم- ٢٣٨، کە بەربڵاوترین هاوتاکانی یۆرانیۆمە، لەو وڵاتەی خۆرهەڵاتی ئەوروپا و نێوان ئۆکرانیاو ڕۆمانیا دەستگیرکران.

لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووشدا دەسەڵاتدارانی ئەمریکا چەندین هەوڵی ڕێکخراوی قاعیدەیان بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی ئاشکرا کرد

لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووشدا دەسەڵاتدارانی ئەمریکا چەندین هەوڵی ڕێکخراوی قاعیدەیان بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی ئاشکرا کرد. دەسەڵاتدارانی ڕووسیاش دەڵێن لە سەدەی ڕابردوودا سەدان هەوڵی بەقاچاغبردنی مادەی تیشکدەریان پوچەڵکردووەتەوە.

لە نێوان ساڵانی ١٩٩٣ و ٢٠١٤دا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، دوو هەزار و ٧٣٤ هەوڵی بازارگانیکردنی نایاسایی بە مادە تیشکدەرەکانەوە بە دۆکیومێنت کردووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٣ و ٢٠٠٦دا  ئاژانسەکە هۆشداری لەبارەی ١٠٠ حاڵەتی بە قاچاغبردنی چەک و مادەی تیشکدەری ئەتۆمی داوە، ١٨ حاڵەتیان بەقاچاغبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بووە لە ئاستی باڵادا، کە پێکهاتەی سەرەکییە لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیدا و مەترسیدارترین بەرهەمی بازاڕی ڕەشی چەکە ئەتۆمییەکانە.