ڕاپۆرتی جیهانی

10:09 - 14/08/2019

ئەگەری کارەساتێکی هاوشێوەی چێرنۆبڵ لە ئارادایە؟‌

پەیسەر

بوونی وێستگەی ئەتۆمی و تەکنەلۆژیای ئەتۆمی، بۆ بواری پزیشکی، بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا یان سەربازی بێت پارێزراو نییە. ئەگەر هەیە ڕووداوێکی سروشتی وەک بومەلەرزە، یان هەڵەیەکی مرۆیی، یان کەموکوڕی تەکنیکی لەو وێستگانەدا کارەساتی ئەتۆمی هاوشێوەی چێرنۆبڵی ئۆکرانیا و فۆکۆشیمای ژاپۆن یان هاوشێوەی کارەساتە نوێیەکەی ڕووسیای لێبکەوێتەوە.


کارەساتی چێرنۆبڵ بە گەورەترین کارەساتی ئەتۆمی دادەنرێت لە جیهاندا کە ٢٦ی نیسانی ساڵی ١٩٨٦ لەسەردەمی دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤیەتدا ڕوویدا. هێندەی ئاشکراکراوە ئەو کارەساتە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٣٦ کەس و برینداربوونی زیاتر لە ٢٠٠٠ کەسی دیکە، ١٠١ هەزار کەس لەناوچە کارەساتبارەکان ڕاگوێزران. سەرەڕای وێرانبوونی وێستگە ئەتۆمییەکە، زیانە مادیەکانی بە زیاتر لە ٣ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

مانگی ئازاری ٢٠١١ بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٨.٩ پلە بەپێوەری ڕێختەر باکووری خۆرهەڵاتی ژاپۆنی هەژاند و بەهۆیەوە تسۆنامی ڕوویدا. بەهێزی بومەلەرزەکە و تسۆنامییەکە بوونە هۆی گڕگرتن و لەکارکەوتنی وێستگەی ئەتۆمی فۆکۆشیما و بە پانتایی ١٠ کیلۆمەتر کرایە ناوچەیەکی قەدەغەکراو و هەزاران کەس ڕاگوێزران.

تەقینەوەکەی ڕووسیا
٨ی ئەم مانگە تەقینەوەیەک لە دامەزراوەیەکی سەربازی ڕووسیا لە جەمسەری باکووری گۆی زەوی ڕوویدا. سەرەتا میدیا جیهانییەکان وەک تەقینەوەیەکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ ڕووداوەکەدا کرد.

چەند ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە و گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێکی تایبەت لە دەوروبەری شاری سڤرۆدڤنسک لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕووسیاوە، گومانی زۆری لەسەر چۆنیەتی و چییەتی تەقینەوەکە دروستکرد و میدیاکانی هاندا زیاتر بەدوای ڕووداوەکەدا بچن.

دوای چوار ڕۆژ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوەکرد بەرپرسان و پسپۆڕانی ئەمریکا پێیانوایە ئەو تەقینەوەیەی لە کەناراوەکانی باکووری ڕووسیا ڕوویداوە تەقینەوەیەکی ئەتۆمیی نوێیە.

بە وتەی ڕۆژنامەکەن بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا هەوڵی زۆریان داوە زانیاری لەبارەی ئەو تەقینەوە تەمومژاوییەوە پەیدابکەن کە لانی کەم بووەتە هۆی کوژرانی ٧ کەس، کە پێنجیان زانای ئەتۆمی بوون.

تەقینەوەکە ئەو بڕوایەی لای ئەمریکییەکان دروستکرد کە خاڵی لاوازی لە تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی چەکە نوێیەکانی ڕووسیادا هەیە و پسپۆڕان وتیان، پێدەچێت تەقینەوەکە پەیوەندی بە موشەکی کروزی (بۆریڤیسنیک)وە هەبێت کە ڕووسیا سەرقاڵی تاقیکردنەوەیەتی و چەند جارێک ڤلادیمێر پووتین باسی لەسەرکەوتنی تاقیکردنەوەکانی موشەکەکە دەکرد و دەیگوت، ئەو موشەکە نوێیە کۆتایی بە کێبڕکێی خۆپڕچەککردنی ڕووسیا و ئەمریکا دەهێنێت. واتا ئەمریکا ناتوانێت دروستی بکاتەوە.

ڕووسیا دانی بە ڕاستییەکەدا نا
دوای ئەو ڕاپۆرتە دەسەڵاتدارانی ڕوسیا دانیان بە ڕاستی تەقینەوەکەدا نا و وتیان ئەتۆمی بووە. بە وتەی بەرپرسی ئاژانسی ئەتۆمی ڕووسیا (ڕووس ئەتۆم) ڕووداوەکە لەکاتی تاقیکردنەوەی موشەکێک ڕوویداوە لە کەناراوەکانی ناوچەی ئەرخانگیلسکی باکووری ڕووسیا.


ئاژانسەکە باسی لەوەشکرد، موشەکەکە بە وزەی ئەتۆمی کاریکردووە و لەکاتی تاقیکردنەوەکەدا تەقیوەتەوە.

لە سەرەتادا چی وترا؟
ئاژانسی ئەتۆمی ڕووسیا باسی لەوەکرد ڕێژەیەکی کەم لە تیشکی ئەتۆمی لەناوچەکەدا بڵاوبووەتەوە. شارەوانی سڤرۆدڤنسک کە لە شوێنی تەقینەوەکەوە نزیکە ڕایگەیاند، ئامێرەکانیان بۆ ماوەیەکی کەم بەرزبوونەوەیەکیان لە ئاستی تیشکدانی ئەتۆمی تۆمارکردووە. ئەو هەواڵە ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتوانی ناوچەکە بڵاوکردەوە و هەموو ترسیان لە دووبارەبوونەوەی کارەساتەکەی چێرنۆبڵ هەبوو و لە بازاڕدا کەوتنە کڕینی مادەی یۆد تا خۆیان لە بەرکەوتنی تیشکی ئەتۆمی بپارێزن.

ترەمپ چی لەبارەی تەقینەوەکەوە گوت؟
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە جریوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، ئەمریکا زانیاری زۆری لەبارەی تەقینەوەی موشەکەکەی ڕووسیاوە هەیە، وتیشی، ئەمریکاش تەکنۆلۆژیایەکی هاوشێوەی هەیە، بگرە پێشکەوتووتریشە، تەقینەوەی موشەکی سکای ڤال دڵەڕاوکێی زۆری لای خەڵک دروستکرد لەبارەی پیسبوونی هەوای ناوچەکەوە، شتێکی باش نییە.


ڕووسیا بە موشەکە نوێکەی دەڵێت بۆریڤیستینک، پەیمانی ناتۆش ناوی ناوە (ئێس ئێس سی ئێکس ٩ سکای ڤال).
هەرزوو پسپۆڕیکی چەکی ئەمریکا ئەو قسانەی ترەمپی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمریکا تەکنۆلۆژیایەکی هاوشێوەی نییە. لای خۆشیەوە سەرۆکی سندوقی بلاوشیرز، ئەو ڕێکخراوەی کە داوای قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی دەکات، ڕایگەیاند (شتێکی نامۆیە، تا ئێستا موشەکی کروزمان نەبووە بە وزەی ئەتۆمی کاربکات).


بوونی موشەکی کروز کە بە وزەی ئەتۆمی کاربکات و لە زەوییەوە ئاراستە بکرێت، هێندە کارێکی ئەستەمە کە بە شێتی ئەتۆمی ناودەبرێت. لە سەردەمی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤییەت هەوڵدرا کارێکی لەو شێوەیە بکرێت بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانی ئەو چەکە
سەرۆکی ئاژانسی ئەتۆمی ڕوسیا ڕایگەیاند، لە تەقینەوەکەدا پێنج پسپۆڕی ئەتۆمی گیانیان لەدەستداوە کە کاریان لەسەر پەرەپێدانی چەکێکی نوێ دەکرد، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر وتەکانی ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا جەختیکردەوە، سەرەڕای ئەو ڕووداوە لە تاقیکردنەوەی ئەو جۆرە چەکە بەردەوام دەبن تا سەرکەوتن بەدەستدەهێنن.

مەترسی کارەساتێکی ئەتۆمی لە ئارادیە
سەرەتا بەرپرسانی ئاژانسی ئەتۆمی ڕووسیا باسیان لەوەکرد لە دوای تەقینەوەی موشەکەکەوە بڕێکی کەم چالاکی ئەتۆمی تۆمارکراوە، بەڵام لە ئێستادا باس لەوە دەکەن کە تیشکی ئەتۆمی لە ناوچەکە بڵاوبووەتەوە و ڕێژەکەی بۆ ١٦ ئەوەندە زیادیکردووە.

ئەو ڕاگەیاندنە نوێیەی دەسەڵاتدارانی ڕووسیا ترس و دڵە ڕاوکێی لای خەڵکی ناوچەکە دروستکردووە، جگە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ خۆ پاراستن لە تیشکی ئەتۆمی، ترسیان هەیە کە کارەساتێکی هاوشێوەی چێرنۆبڵی لێبکەوێتەوە کە تا ئێستاش لێکەوتە خراپەکانی بەردەوامن.