ڕاپۆرتی جیهانی

10:14 - 15/08/2019

کشمیرییەکانیش وەک کورد سێ خاوەنیان هەیە و هەرخۆیان خاوەنی خۆیان نین‌

پەیسەر

بۆچی هیند و پاکستان و چین سەرەڕای جوگرافیای پان و بەربڵاوی خۆیان چاوی تەماحیان بڕیوەتە کشمیر و دەستبەرداری ئەو ناوچە بچوکە نابن؟

لە چەند رۆژی ڕابردوودا جارێکی دیکە کێشەی نێوان پاکستان و هیند وەک ژیلەمۆی بن ئاگر گەشایەوە. هێرشەکانی گروپی جەیش محەمەد بۆ سەر سەربازانی هیندی لە هەرێمی کشمیری ژێر هەژمونی هیند بوو بە سەرەتای قووڵبوونەوەی زیاتری ناکۆکییەکانی نێوان هیند و پاکستان وەک وڵاتانی خاوەن پرس لەو کێشەدا.

 لە بەرامبەر هێرشەکەی گروپی جەیش محەمەد سوپای هیندستان هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو گروپە لە بەشی کشمیری پاکستان و فرۆکەیەکی شەڕکەری ئەو وڵاتە لەلایەن پاکستانەوە خرایە خوارەوە.
 
دابەشبوونی کشمیر بە سەر چین و هیند و پاکستان
کشمیر ناوی ناوچەیەکە لە هیمالیا و هەر دوو وڵاتی هیند و پاکستان بانگەشەی ئەوە دەکەن ئەو ناوچەیە خاکی ئەوانە. هەندێک لە پسپۆڕانی ژیۆپۆلەتیک لەسەر ئەو باوەڕەن کشمیر دڵی ئاسیایە. لە پەرتوکە کۆنەکاندا کشمیر بە سەرەتا و دەروازەی بەهەشت ناسراوە و هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن لە کۆندا هۆکاری سەرەکی هێرشەکانی پاشاکانی ئێران بۆ سەر هیند دەگەڕێتەوە بۆ گرنگی کشمیر.

هەڵکەوتەی جوگرافیایی کشمیر و هۆکاری گرنگی پێگەی ئەو هەرێمە
کشمیر لە نێوان سێ وڵاتی چین و هیند و پاکستان هەڵکەوتووە. زۆربەی رووبەری خاکی ئەو هەرێمە لە ژێر دەسەڵاتی هیندستاندایە. بە وتەی شارەزایان لەو ناوچەیە دوو "هارتلەند" بوونی هەیە. یەکێکیان ئەفغانستانە و ئەوەی دیکەشیان کشمیرە. جیا لەوەیکە زاڵبوون بەسەر کشمیردا هێزێکی گەورە دەبەخشێت بە هەر وڵاتێک بۆ ئەوەی بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بێت، لە ڕووی کاری سیخوڕی و هەواڵگریشەوە بە ناوچەیەکی زۆر گرنگ دادەنرێت.

کشـمیر خاوەنی چەندین سەرچاوەی گرنگی ئاوە  و یەکێک لە ڕێککەوتنەکانی نێوان پاکستان وهیندستان لەسەر رووبارە گەورە و پڕ ئاوەکانی ئەو ناوچەیەیە.

دوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی بریتانیا لە هیند و دابەشبوونی ئەو وڵاتە بە سەر دوو وڵاتی پاکستان و هیندستان، زیاتر لە ٥٠٠ ناوچەی ماهاراجەنشین سەرپشک کران بۆ ئەوەی پەیوەستی یەکێک لەو دوو وڵاتە بن.

بزاڤی ئاشتیخوازانەی هیندییەکان بە سەرۆکایەتی مهاتما گاندی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی پاکستان بە سەرۆکایەتی  موسلیم لیگ توانیان بەردی بناغەی دوو وڵاتی سێکیولاری هیند و کۆماری ئیسلامی پاکستان داڕێژن

لە کۆتاییدا ناوچەی ماهاراجەنشینی جامو و کشمیر کە خەڵکەکەی موسڵمان و مهاراجەکەی هیندو بوو بەپێی رێککەوتنێک بەر هیندستان کەوت.

دوای ئەوەی هیند توانی  بەشی زۆری جامو و کشمیر کۆنتڕۆڵ بکات، جەنگاوەرانی موسڵمانی ئەو ناوچەیە ساڵی ١٩٤٧ توانیان هەندێک ناوچەی کشمیر بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان. ساڵی ١٩٤٨ شەڕێکی گەورە لە نێوان هیند و پاکستان ڕوویدا و ئەوە بووە هۆی ئەوەی قەیرانی کشمیر لە نەتەوەیەکگرتووەکان قسەی لەسەر بکرێت.

لە ئەنجامدا نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە دوو دەسەڵاتی هیند و پاکستان کرد ریفراندۆمێک بەڕێوە ببەن بۆ ئەوەی دیار بێت کە خەڵکی ئەو ناوچەیە خۆیان بڕیاربدەن سەر بەکام وڵات بن، بەڵام تا ئیستا بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کشمیر جێبەجێ نەکراوە.

تا ئیستا سێ ڕێککەوتن سەبارەت بە کشمیر کراوە


ڕێککەوتنی یەکەم: ئەو ڕێککەوتنە ساڵی ١٩٤٨ واژۆکرا و بە پەیمانی دوورکەوتنەوە لە تووندوتیژی ناسراوە. بەپێی ئەو رێککەوتنە هێزەکانی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو ناوچەیە جێگیر کران و تا ئێستا لەوێ جێگیرن.

ڕێککەوتنی دووەم: ئەو ڕێککەوتنە کە بە ڕێککەوتنی هێڵی کۆنترۆڵی سنور ناسراوە ساڵی ١٩٧٢لە نێوان هیند و پاکستان واژۆ کرا. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە هێڵی ئاگربەست کە لە ڕێککەوتنەکەی ١٩٤٨ دیاری کرابوو، وەک هێڵی کۆنترۆڵی سنوور دیاری کرا. ئەو ڕێککەوتنە دوای ئەوە هات کە پاکستان هەوڵی دا کێشە سنوورییەکانی لەگەڵ هیند لەڕێی سەربازییەوە چارەسەر بکات. ساڵی ١٩٧١ بۆ جاری سێیەم شەڕ لە نێوان ئەو دوو وڵاتە هەڵگیرسایەوە، رێککەوتنی دووەم دەرەنجامی ئەو شەڕە بوو.

ڕێککەوتنی سێهەم: کە بە ڕێککەوتنی " ئیندوس" ناسراوە و  لە ناوچەی ئیندوس ئەنجام درا. لەو ناوچەیە شەش زێی زۆر گەورە و گرنگ بوونیان هەن کە شۆڕ دەبنەوە بۆ وڵاتەکانی هیند و پاکستان. سەرچاوەی ئەو ئاوانە زیاتر لە کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیندەوەیە. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە هیند و پاکستان هەر کامیان سێ زێیان بەر کەوت.

هیندستان حکومەتی ئۆتۆنۆمی کشمیری هەڵوەشاندەوە
 
هەرچەندە هەر لەسەرەتاوە  و بەپێی مادەی ٣٧٠ی دەستوری هیند، مافی ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەری بە جامۆ و کشمیر بە فەرمی ناسراوە بەڵام شەڕ لە نێوان موسڵمان و هیندووەکانی ئەو ناوچەیە هەر بەردەوام بووە.


زیاتر لە ٣٠ ساڵە چەکدارە جیاخوازەکانی نەیاری هیندستان لە ناوچەی کشمیری ژێر دەسەڵاتی هیند، کاری تووندوتیژانە دەکەن.

نارندا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیند و سەرۆکی حیزبی نەتەوەپەرستی بەهاراتیا جاناتا  دژی ئەو یاسایە کار دەکات کە مافی مافی ئۆتۆنۆمی بە کشمیر داوە و یەکێک لە دروشمەکانی کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی نارندا مودی، هەڵوەشانەوەی ئەو یاسایە بوو. لە دوای سەرکەوتنی بەرچاوی حیزبەکەی نارندرا مودی، ناوبراو بەڵینەکەی کاتی هەڵبژاردنی بردە سەر و مافی خۆبەڕێوەبەری لە هەرێمی جامو و کشمیر سەندەوە.

قەیرانی کشمیر تا دێت قوڵتر دەبێتەوە و بە هەڵوەشانەوەی مافی خۆبەڕێوەبەری ئەو ناوچەیە لەلایەن هیند گەڕێکی دیکەی کێشەی نێوان پاکستان و هیند دەستی پێکردووەتەوە و چارەنووسی ئەو ناوچەیە پێدەچێت بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ هەر شەڕ و کێشە و تووندوتیژی بێت.