ڕاپۆرتی جیهانی

11:12 - 15/08/2019

چیرۆکی دروستکردن و ڕووخاندنی دیواری بەرلین‌

پەیسەر

سنوورەکان دروستکراوی دەستی مرۆڤن، ئاین، ئایدۆلۆژیا، بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی، نەژادگەری و نەژادپەرستی، نەتەوە گەرایی و پێکەوە نەگونجانی دوو نەتەوە یان زیاتر دەستیان لەدروستکردنیاندا هەیە.

ئەو سنوورانەی ئێستا هەن زادەی چەندین جەنگی سەربازی و ئایدیۆلۆژی یەک لەدوای یەکن کە بە پرۆسەیەکی مێژوویدا تێپەڕیون. ئەڵمانیا کە ئێستا وڵاتێکی کاریگەر و خاوەن ئابوورییەکی زەبەلاحە و بە دایکی یەکێتی ئەوروپا دادەنرێت، لەو پرۆسەیە بێبەش نەبووە.

جەنگی جیهانی دووەم و دابەشکردنی ئەڵمانیا
دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم لە ساڵی ١٩٤٥دا، ئەڵمانیای نازی بەپێی ڕێککەوتنی (یاڵتە) بەسەر چوار ناوچەی داگیرکراودا دابەش کرا. وڵاتە داگیرکەرەکان بریتیی بوون لە ئەمریکا، یەکێتی سۆڤیەت، بەریتانیا و فەرەنسا، هەر چوار ناوچە داگیرکراوەکەی ئەڵمانیا لەلایەن ئەم چوار زلهێزەی جیهانەوە بەڕێوەدەبران. دابەشکردنەکە وایکرد بەرلینی پایتەختیش ببێت بە چوار پارچەوە.

لە هەمان ئەو ساڵانەدا جەنگی سارد لە نێوان هەردوو بلۆکی سۆسیالیستی (خۆرهەڵات) و بلۆکی سەرمایەداری (خۆرئاوا) دەستیپێکرد و بەرلین بووە گۆڕەپانی جەنگی هەواڵگریی نێوان ئەو دوو بلۆکە.

ئەڵمانیای خۆرهەڵات و خۆرئاوا
ساڵی ١٩٤٩ ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا لە ناوچەکانی ژێر دەستیان (کۆماری ئەڵمانیای یەکگرتوو)یان دروستکرد کە بە (ئەڵمانیای خۆرئاوا) ناسرا، لە بەرامبەریشدا یەکێتی سۆڤیەت (کۆماری ئەڵمانیای دیموکراسی) دروستکرد کە بە (ئەڵمانیای خۆرهەڵات) ناسرا.


هەردوو ئەڵمانیا دەستیانکرد بە توندوتۆڵکردنی سنوورەکانیان. بە دروستکردنی ئەو دوو دەوڵەتە ئەڵمانیا تووشی دابەشبوونی سیاسی بوو، لە سنووری نێوانیاندا پۆلیس و پاسەوانی سنوور دانران، دواتر ئەڵمانیای دیموکراسی (ئەڵمانیای خۆرهەڵات) سنوورەکانی پەرژین کرد.

شاری بەرلینی چوار پارچە کراو بە شێوەیەکی فەرمی دەبوو بە سەربەخۆیی بمێنێتەوە و سەر بە هیچ کام لە دوو ئەڵمانیاکە نەبێت، بەڵام بە کرداری وا دەرنەچوو، ئەو ناوچانەی کە دەکەونە بەری خۆرئاواوە وەک ویلایەتێکی ئەڵمانیای خۆرئاوا دەردەکەوت، بە پێچەوانەی پەیماننامەکانیشەوە خۆرهەڵاتی بەرلین کرایە پایتەختی ئەڵمانیای دیموکراسی (خۆرهەڵات).


لەگەڵ پەرەسەندن و هەڵکشانی جەنگی ساردی نێوان هەردوو بلۆکی سۆسیالیستی و سەرمایەداری، هاتوچۆ لە خۆرئاواوە بۆ خۆرهەڵات پەکی کەوت، شەڕی دیپلۆماسی و خۆپڕچەککردن دەستیپێکرد و سنورەکان هێندەی تر توندوتۆڵ کران، سنووری ئەڵمانیای خۆرهەڵات تەنها بەوەوە نەوەستا کە سنوری نێوان هەردوو ئەڵمانیا بێت، بەڵکو بووە سنووری نێوان هەردوو بلۆکی خۆرهەڵات و خۆرئاوا (سۆسیالیستی و سەرمایەداری)، یان سنووری نێوان هاوپەیمانی وارسۆ و ناتۆ، سنووری دوو ئایدیۆلۆژیای سیاسی ، دوو بلۆکی ئابووری و ڕۆشنبیری گەورە.

ئەڵمانیای خۆرئاوا بوژایەوە، هەلی کاری زۆری تێدابوو، خەڵکەکەی ژیانی خۆشیان دەبردەسەر. لەدوای دامەزراندنی کۆماری ئەڵمانیای سۆسیالیستی، دیاردەی کۆچکردنی خەڵکەکەی بەرەو ئەڵمانیای خۆرئاوا دەستیپێکرد، باشترین ڕێگاش بۆ دەربازبوون شاری بەرلین بوو. بەرلین سنووری هەردوو ئەڵمانیا بوو، تەنانەت سنووری نێوانیان گەڕەکەکانی شارەکەی کردبوو بە دوو کەرتەوە، لەبەر ئەوە چاودێریکردنی ئەو هەموو کۆڵان و گەڕەکە کارێکی ئاسان نەبوو.

لە نێوان ساڵانی ١٩٤٩ تا ١٩٦١ دیاردەی کۆچ لە ئەڵمانیای خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا زیادی کرد و نزیکەی ٣ ملیۆن کەس ئەلمانیای سۆسیالیستیان جێهێشت. لەبەرئەوەی زۆربەی ئەو خەڵکەی کۆچیان دەکرد لە چینی خوێندەوار بوون، دەسەڵاتدارانی هەستیان کرد کە ئابوورییەکەیان لەژێر هەڕەشەدایە، تەنانەت خودی وڵاتەکەش کەوتووەتە بەر هەڕەشە و کەوتنە خۆیان، سەرەتا هاتوچۆیان بۆ کارکردن لە ئەڵمانیای خۆرئاوا سنووردار کرد، خاڵی پشکنین و چاودێری لە کۆڵانەکانی بەرلین دانران، تا کار گەیشتە ئەوەی دیوارێک لە سنووری هەردوولا دروستبکرێت.

دروستکردنی دیوارەکە
١٣ی ئابی ١٩٦١ دەستکرا بە درووستکردنی دیوارەکە، دیوارێک گەلی ئەڵمانیای دوولەت کرد و دواتر بە دیواری بەرلین ناسرا. ئامانج لە دروستکردنی ڕێگرتن بوو لە دیاردەی کۆچ بەرەو ئەڵمانیای خۆرئاوا، بەڵام ئەڵمانیای خۆرهەڵات پاساوی ئەوەی دەهێنایەوە کە دەیەوێت ڕێ لە دزەکردنی سیخوڕ و دوژمنەکانی بەری خۆرئاوا بگرێت، پێی وابوو هێشتا لەو بەرەی ئەڵمانیا نازیەت لە بەرگێکی دیکەدا بەردەوامە.


لەماوەی چەند هەفتەیەکدا دیوارێک بە درێژایی ١٥٥ کیلۆمەتر و بەبەرزی ١٢ مەتر دروستکرا، سەر دیوارەکەش کرابووە تەلی دڕکاوی و تاوەری چاودێری لەسەر دروستکرا و ئامێری ئاگادارکردنەوەشی تێدا دانرا.

لەو کاتەدا کە دیوارەکە دروستکرا، ڕۆژانە ٥٠ هەزار کەس لە بەرلینەوە دەچوونە ئەڵمانیای خۆرئاوا، لەوێ پارەیەکی زیاتریان دەستدەکەوت، جگە لەوەش بی بەرامبەر شوێنی نیشتەجێبوونیان پێدەدرا و لەوێ دەمانەوە.

گەیشتن بە ئەڵمانیای خۆرئاوا هەروا ئاسان نەبوو، خەڵکێکی زۆر دەیانویست بە دیوارەکەدا بچنە ئەو دیو، نزیکەی ١٣٨ لەپێناو گەیشتن بە ئەو دیوی دیوارەکە گیانیان لەدەستدا. هەندێکیان بە گولـلەی پاسەوانی سنوورەکانی ئەڵمانیای خۆرهەڵات کوژران و هەندێکیشیان لە ئاوی ساردی ڕووباری سپریدا خنکان. (ڕووباری سپری یان شپریە بە بەرلیندا دەڕوات). 


هەندێک باس لەوە دەکەن زیاتر لە ١٠ هەزار کەس هەوڵیانداوە دیوارەکە ببڕن، بەڵام تەنها پێنج هەزاریان سەرکەوتووبوون.

ڕووخانی دیوارەکە
ڕۆژی ٩ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩، واتا دوای ٢٨ ساڵ لە دروستکردنی دیواری بەرلین، گۆنتەر شابۆڤسکی وتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی سۆسیالیستی ئەڵمانیا لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا بە هەڵە باسی لەوەکرد کە کۆت و بەندەکانی بەردەم هاتوچۆی هەردوو ئەڵمانیا هەڵگیراون.


ئەو لێدوانە تەلەفزیۆنییە بووە هۆکاری دروستبوونی گەڕەلاوژێیەکی زۆر لەبەردەم دەروازەکانی دیوارەکەدا. دەیان هەزار کەس لە هەردوو دیوی خۆرهەڵات و خۆرئاوای بەرلین کۆبوونەوە و خەڵکێکی زۆر لە خۆرهەڵاتەوە پەڕینەوە خۆرئاوا. دوای ئەوە خەڵک لە هەردوولاوە دەستیانکرد بە ڕووخانی دیوارەکە و کۆتاییان بەو دابەشبوونە جوگرافی و سیاسی و ئایدیۆلۆژییە هێنا.

ڕووخانی دیواری بەرلین بووە یەکەم هەنگاوی یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیا، تەنانەت کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و لەبەریەک هەڵوەشانی یەکێتی سۆڤیەتیش. 

دوای ڕووخانی دیوارەکە
بەپێی ئەو ڕاپرسیانەی لەسەر یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیا کراون ٧٥%ی خەڵکی ئەڵمانیای خۆرهەڵات پێیانوایە کە ڕووخانی دیوارەکە ئاستی بژێوی بەرزکردوونەتەوە، ١٥%ش پێیانوایە، ئەگەر دیوارەکە وەک خۆی بمایە ژیانیان باشتر دەبوو.


ئێستا بەشێک لە دیواری ڕووخاوی بەرلین لە شوێنی خۆیدا پارێزراوە و بووەتە یەکێک لە گەورەترین گەلەرییەکانی سەر شەقام لە جیهاندا.

سەرەڕای ئەو جەنگانەی بەسەر ئەڵمانیادا هاتوون، سەرەڕای دابەشبوون و جیاکردنەوەی گەلی پایتەختەکەی بە دیوارێک، بەڵام ئەڵمانیا توانی هەستێتەوە و ئێستا بووەتە وڵاتێکی زلهێز و خاوەن ئابوورییەکی بەهێزی جیهان و ئەوروپا.

لە چیرۆکی هەستانەوە و سەرکەوتنی ئەڵمانیاوە تروسکایی ئومێدێک بەدیدەکرێت بۆ یەکگرتنەوەی گەلێک کە چەندین دەیەیە بەسەر چوار وڵاتدا دابەشکراوە و گەلەکەی پەرتەوازە کراون.