ڕاپۆرتی جیهانی

01:50 - 26/08/2019

ئەو سەرۆكەی سێجار لە پەتی سێدارە ڕزگاری بوو‌

پەیسەر

"بۆ جێبەجێكردنی ئیرادەی گەل بە هەردوو پارچە عەرەبییە بەڕێزەكەوە، بە بەرپرسیارێتی خۆمی دەزانم ، هەموومان چووین بەدەم ڕاپرسی خەڵك كە وابڕیارە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری عەرەبی یەكگرتوو بكرێت لە رۆژی هەینی 21/2/1958 بۆ ئەوەی من وەك یەكەم كەس بم لەناو ئەو دەوڵەتە نوێیەدا  كە بەڕێز جەمال عەبدولناصر بۆ سەرۆكی ئەو دەوڵەتە دیاری دەكات."

ئەوەی سەرەوە بەشێك بوو لەو گوتارەی مێژووییەی كە سەرۆكی سوریا"شوكری قوەتلی" لە ئەنجومەنی نوێنەرانی سوریا پێشكەشی كرد. لەو گوتارەدا بە شێوەیەكی ئاشكرا دەستبەرداری دەسەڵاتەكەی خۆی بوو تاوەكو جەمال عەبدولناسر ببێتە سەرۆك كۆماری یەكگرتووی عەرەبی. شوكری قوەتلی یەكەمین سەرۆكی عەرەبی بوو كە دەستبەرداری حكومەكەی بوو. بەو كارەشی دێرێكی نوێی لە مێژووی عەرەب و سیاسی نووسی كە مێژووی نوێ تۆماری كردووە.

هەموو بەرخودانێكی قوەتلی لە پێناو سەربەخۆی سووریا بوو. لە چوارچێوەی گەشتە درێژەكەیدا سێ جار پەتی سێدارە خرایە گەردەنی و دواتر ڕزگاری بوو. ئەو لە كاتی خولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیدا دەستووری وڵاتی هەموار كردەوە. ئەوەش لە كاتێكدا بوو پێشتر لە لایەن "حوسنی زەعیم" كودەتای كرابووە سەر. دوای پێنج ساڵ جارێكی دیكە گەڕایەوە بۆ دەسەڵات بەڵام ئەمجارەیان لە پێناو یەكڕێزی لەگەڵ میسر دەستی لەكار كێشایەوە. ئەم كارەی ئەو كردی بووە جێگای تێڕامانی زۆرێك لە خەڵكی كە سەرۆكێك بە ئاسانی دەستی لەكار كێشایەوە. چ دەوڵەتێك؟ دەوڵەتێك كە ئێستا لە پێناو ئەوەی سەرۆكەكەی وازناهێنێت لە مانگی ئازاری 2011ەوە بە هەزاران كەس مردن و سەدان هەزار كەسی دیكەش ئاوارەی وڵاتان بوون. 

چیرۆكی خێزانەكەی قوەتلی
لە 21ی تشرینی 1891 لە گەڕەكی شاغوری شاری دیمەشقی كۆن، شوكری بن مەحمود بن عەبدولغەنی قوەتلی، لە دایكبوو. دوای سەربەخۆی یەكەمین سەرۆكی سوریا بووە. خێزانەكەی ئەوان بازرگان و خاوەن زەوی و زاربوون، ئەوان شەش سەدە لەوەوبەر لە عێراقەوە ئاوارەی سوریا بوون. خێزانی ئەو سەرۆكە خێزانێكی بەناوبانگ و خۆشگوزەرانی كۆمەڵگەی عەرەبی بوون. یەكێك لەوانە محەمەد سەعید قوەتلییە كە دەكاتە برای باپیری قوتلی و لە ڕێزی ئەو كەسانەدا بوو كە خدێوی ئیسماعیل لە مەراسیمی كردنەوەی كەناڵی سوێس بانگهێشتی كردبوو.

لەم ماڵەدا قوەتلی بە خۆشەویستی  زمانی عەرەبییەوە گەورە كرا. دواتر پەیوەندی كرد بە خوێندنگای " الاباء العازاريين" لە دیمەشق. بەڵام دەگوترێت قوەتلی كورد بووە. بۆیە گرنگیان بەوەداوە كە زمانی عەرەبی بەباشی فێربێت. دوای تەواوبوونی خوێندنەكەی پەیوەندی كرد بە ئامادەیی "عەنبەر" لە دیمەشق. پاشان بەشداری پێشبڕكێی زانكۆی "شاهانییە" لە ئەستانبوڵ كرد، ئەو سەردەمە ئەو یەكێك بوو لە خوێندنگا باشەكانی زانستی سیاسی و كارگێری دەوڵەتی عوسمانلی.  

ئەو پێشبڕكێیە جۆرێك لە تاقیكردنەوەبوو بۆ وەرگرتنی خوێندكار لە زانكۆكەدا، 350 خوێندكار بەشداری پێشبڕكێكەی كرد. تەنیا 40 كەس لەوان لە پێشبڕكێكە سەركەوتووبوون. شوكری لەتاقیكردنەوەیەدا پلەی پێنجەمی هێنا. بۆیە پاشان لە ساڵی 1908 پەیوەندی كرد بە زانكۆكەوە. ئەو ساڵە هەمان ساڵ بوو كە دەستوری عوسمانییەكان ڕاگەێندرا. لێرەوە وێستگەی سیاسی قوەتلی دەستی پێكرد. ساڵێك دوای ڕاگەیاندنی دەستوور، لەگەڵ هاوڕێكانیدا كۆمەڵەی" كۆڕبەندی ئەدەبی" لە ئەستانبوڵ دامەزراند. لەناو ئەو كۆمەڵەیەدا چەندین گەنجی عەرەبی لەوێ یەكیانگرتەوە. هەموو ئامانجێكی ئەو كۆمەڵەیەش بەرگریكردن بوو لە بەرژوەندییەكانی عەرەب و پێكهێنانی كیانێكی عەرەبی. كۆمەڵەكە دژی سیاسەتی حوكمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بوون و پاڵپشتی كودەتاكەی كۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقیان دەكرد. ئەوان توانیان جێپێی خۆیان لە كاری سیاسی جێگیربكەن چەندین گەنجی دیكە لە وڵاتانی عەرەبییەوە پەیوەندیان پێوەكردن. ئەم سەرەتا بوێرییە لە گۆڕەپانی سیاسەتدا وایكرد كە لە تاوەكو لە ژیاندا بوو بەردەوام بێت لە كارەكانی. 

خەبات بەرەو پەتی سێدارەی دەبات
ساڵی 1913 دوای تەواوبوونی زانكۆ قوەتلی گەڕایەوە بۆ دیمەشق. دەستیكرد بە كاركردن لە دیوان"ویلایەت" كە پێویستبوو هەر دەرچوویەكی زانكۆ ماوەی سێ ساڵ لەو شوێنە كار بكات. بەڵام بەخێرایی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش كرد. چونكە ئەو كاتە هەموو فەرمانبەرێك دەبوو ماچی دەستی والی بكات ئەمیش ئەوەی ڕەتكردەوە. ئەم كارەش وایكرد جارێكی دیكە بگەڕێتەوە سەر خەباتی سیاسی. لەوێوە پەیوەندیكرد بە كۆمەڵەی "لاوانی عەرەب  " كە بە نهێنی چالاكییان ئەنجامدەدا و لە وڵاتدا كاركردنیان قەدەغە بوو. ئەوان لە ساڵی 1911 لە پاریس كۆمەڵەكەیان دامەزراندبوو. لە ساڵی 1913 لقێكیان لە سوریا كردەوە و شوكری قوەتلی پەیوەندی پێوە كردن. ئەم كۆمەڵەیە توانی لە سوریادا سەركەوتن بەدەست بهێنێت. ئەوان دەیانەویست سوریا لەژێر دەستی عوسمانی نەمێنێت و واز لە پاشكۆیەتی عوسمانی بهێنن. ئەو كاتانە شازادە فەیسەڵ سەردانی دیمەشقی كرد و پەیوەندیكرد بە كۆمەڵەكەیانەوە. لەگەڵ ئەندامەكانیدا چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجامدا تاوەكو هەموو هەوڵێكیان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دەوڵەتی عوسمانی بخەنە گڕ.

بەهۆی ئەو هەوڵە سیاسییەوە دەسەڵاتدارانی عوسمانی توانیان شوكری قوەتلی و هەندێك لە هاوڕێكانی دەستگیربكەن. دوای ماوەیەك ئازادكرا و خرایە ژێر چاودێرییەوە. بەڵام ئەوان شكستیان هێنا كە بگەنە ناوەڕاستیان. بۆیە جارێكی دیكە ڕەوانەی زیندان كرانەوە، لەوێ فشارێكی زۆریان لێدەكرا. بە چەندین شێوە  تووشی ئەشكەنجە و ئازاربووەوە لە نێوان ئاشكراكردنی هاوڕێكانی و مردن، بڕیاریدا كە خۆی بكوژێت تاوەكو دانبەهیچ شتێكدا نەنێت. بەڵام هەوڵەكەی سەركەوتوو نەبوو. بۆیە ماوەی یەك مانگ ڕەوانەی نەخۆشخانەی زیندانكرا. بۆیە جارێكی دیكە گەڕێندرایەوە بۆ زیندان و لەوێ بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو. بەڵام بەهۆی ڕاپەڕینی شەریف حوسێن كە شۆڕشی گەورەی عەرەبی لە ساڵی 1916 بەرپای كرد، بڕیاری لە سێدارەدانەكە جێبەجێ نەكرا. ئەگەر بێت و هەڕەشەی لە سێدارەدان بكەن، ئەوا چەندین ئەفسەر و سەربازی تورك كە بە دیلی جەنگ گیرابوون، لە سێدارە دەدرێن. بۆیە ئەوەش وایكرد كە شوكری قوەتلی و هاوڕێكانی ئازادبكرێن و لە پەتی سێدارە ڕزگاریان بێت. 

لە ساڵی 1920 بە شێوەی ئامادەنەبوو سزای لە سێدارەدانی بۆ 34 كەس دەركرد یەكێك لەوانەش شوكری قوەتلی بوو. بەڵام توانی خۆی و هاوڕێكانی لە سوریا هەڵبێن. لەنێوان وڵاتانی میسر و فەلەستین و وڵاتانی ئەوروپیدا دەهاتن و دەچوون

لەو چوارچێوەشدا شۆڕشی گەورەی عەرەبی سەركەوتنی بەدەستهێنا و توانیان دەسەڵاتی عوسمانی لە سوریا شكست پێ بهێنن. مەلیك فەیسەڵ كرا بە فەرمانڕەوای هەرێمی سوریا. داوای لە قوەتلی-یش كرد كە حكومەتی ویلایەتی دیمەشق پێك بهێنێت. لەوسەروبەندەشدا بەریتانیا و فەرەنسا پەیماننامەی سایكس بیكۆیان واژۆكرد تاوەكو وڵاتانی عەرەبی بەش بەش بكەن. سوریا بوو بە پشكی فەرەنسا. بۆیە راستەوخۆ دەسەڵاتی مەلیك فەیسەڵ كۆتای پێهات، لێرەوە بووبە دەروازەیەك تاوەكو سوریا ببێتە ژێر دەستەی فەرەنسا. 

لە ساڵی 1918 شوكری قوەتلی توانی حیزبی ئیستقلال دابمەزرێنێت. كە بووە درێژپێدەری كۆمەڵەی"لاوانی عەرەب  " تاوەكو بتوانن لە پێناو جەنگی دژی فەرەنسای داگیركەر بجەنگن. لە 26ی نیسانی 1920 كۆنگرەی سان ڕیمۆ بەسترا و كە فەرەنسا بەردەوامبوو لە فەرمانڕەوایەتی كردنی سوریا. لە هەمان ساڵدا جەنگی میسلۆن لە نێوان شۆڕشگێران و فەرەنسا ڕوویدا. لەو شەڕەدا یوسف عەزممەی وەزیری بەرگری سوریا كوژرا و فەرەنسا توانی شەڕەكە بباتەوە. پاشان دەستیكرد بە ڕاوەدوونانی كەسانی ئۆپۆزسیۆن بۆیە لە ساڵی 1920 بە شێوەی ئامادەنەبوو سزای لە سێدارەدانی بۆ 34 كەس دەركرد یەكێك لەوانەش شوكری قوەتلی بوو. بەڵام توانی خۆی و هاوڕێكانی لە سوریا هەڵبێن. لەنێوان وڵاتانی میسر و فەلەستین و وڵاتانی ئەوروپیدا دەهاتن و دەچوون.

لەگەڵ گەیشتنی قوەتلی بۆ ئەڵمانیا قوەتلی توانی" كۆنگرەی سوری-فەلەستینی" دامەزرێنێت و داوای كرد كە ناوچەی وڵاتانی عەرەبی لە داگیركەری بێگانە ئازاد بكەن. ئەنجامی ئەو داواكارییەش ئەوەبوو فەرەنسا لێبوردنی گشتی بۆ قوەتلی و زیندانیانی سیاسی دەركرد كە زۆربەیان بە لە سێدارەدان سزا درابوون. ساڵی 1924 شوكری قوەتلی گەڕایەوە بۆ سوریا. بەڵام ڕەتیكردەوە لەگەڵ فەرەنسا ڕێكەوتن بكات. لە ساڵی 1926 جارێكی دیكە فەرەنسا سزای لە سێدارەدانی بۆ دەركرد ئەمجارەیان بە تۆمەتی ئەوەی كە پاڵپشتی دارایی بۆ شۆڕشی سوریا دەكات. ئەویش هیچی پێ نەكرا جگە لەوەی سوریای بەجێهێشت و لەنێوان وڵاتانی میسر و فەلەستین و سعودییە دەهات و دەچوو. بۆیە جارێكی دیكە فەرەنسا بڕیاری لە سێدارەدانەكەی هەڵوەشاندنەوە، بۆیە لە ساڵی 1930 گەڕایەوە بۆ سوریا.

لە سێدارەوە بۆ سەرۆكایەتی
لە ساڵی 1930ەوە مەلیك فەیسەڵ واژۆی لەسەر ئەوە كرد كە دەسەڵاتی عوسمانی لە سوریا كۆتایهاتووە. داواشی كرد كە وڵاتێكی عەرەبی یەكگرتوو لە ژێر ڕۆشنایی " پەیماننامەی ئینگلیزی –عێراقی" دابمەزرێنن. ئەودەمانە بەریتانیا مافی ئەوەی هەبوو كارگێڕی دەرەكی و ناوەكی عێراق بەرێوەبەرێت. لێرەوە شوكری قوەتلی گەورەترین دۆستی خۆی لە دەستدا، بۆیە هیچ رێگایەكی دیكەی بۆ نەمایەوە جگە لەوەی كە دژی داگیركەران بجەنگێت. لە ساڵی 1931 بەشداری كۆنگرەی (نەتەوەی عەرەبی" كرد لە قودس، ئامانجەكەش دژایەتیكردنی داگیركەران بوو. لە ساڵی 1932 قوەتلی و هاوڕێكانی (هاشم ئەتاسی، جەمیل مەردم بەگ، فەخری بارودی) كوتلەی نیشتیمانیان پێكهێنا و داوای سەربەخۆی سوریان دەكرد. ئەو دەستەیە ڕەزامەندبوون بەوەی كە گەلی سوری لەگەڵ فەرەنسای داگیركەر هەمواری دەستووری وڵات بكەنەوە. یەكێك لە دیارتری بەندەكانی ئەوەبوو" حكومەتێكی نمایشكار و دەستورێكی لیبراڵی" بەڵام فەرەنسای داگیركەر پێنج لە بەندەكانی بە بیانووی ئەوەی دژی دەسەڵاتی داگیركەرە جێبەجێ نەكرد. ئەمكارەش بە بەستی پەیمانی سوریا لە ساڵی 1936 كۆتایی هات.

لە هەمان ساڵدا قوەتلی بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی سوریا. كاتێك جەمیل مەردم حكومەتی پێكهێنا. قوەتلی بوو بە وەزیری بەرگری و دارایی سوریا. لە ماوەیەشدا وەزارەتی بەرگری پێكهێنرا. لە هەمان ساڵدا توانیان ڕێكەوتنێك لەگەڵ سعودییە بكەن تاوەكو هێلی ئاسنین درووست بكرێت و دیمەشق و حیجاز پێكەوە گڕێ بدات. ئەوەش وایكرد فەرەنسا تووڕە بێت، قوەتلی چووە سعوییە بە نوێنەرایەتی جەمیل مەردم ڕێكەوتننامەی" بانكی سوریا و پیترۆڵ"یان واژۆكرد. ڕێگەیدا كە فەرەنسا پسپۆرانی خۆی بنێرێت تاوەكو هاوكاری نێوان ئەو بكەن و رێز لە مافی كەمە نەتەواییەتەكان بگیرێت. بەڵام ئەو ڕێكەوتنە بووە هۆی تووڕەیی وەزیر و ئەندامی پەرلەمان. هەر بۆیە قوەتلی تووڕە بوو دەستی لە وەزارەتەكە كێشایەوە كە ساڵی 22ی ئازاری 1938 بوو. قوەتلی جگە لەو دەستلەكار كێشانەوەیە هێشا وەكو پەرلەمانتار مابوویەوە. بۆیە گەشتی كرد بۆ ئەوروپا و داوای سەربەخۆی سوریا كرد.


لە ساڵی 1940 ڕووداوێك بووە هۆی راگرتنی كاری كوتلەی نیشتمانی. چونكە ئەندامانی ئەم كوتلەیە تۆمەتباركران بە كوشتنی عەبدولڕەحمان شابەندەر، قوەتلی پەنای بردە بەر كونسوڵخانەی سعودییە تاوەكو بیپارێزن. دوای ئەوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كرا، قوەتلی بە چەندین بەڵگەوە سەلماندی كە خۆی و ئەندامەكانی لە پشت كوژرانی ئەو كەسەوە نین. لە ساڵی 1941 قوەتلی كاندیدكرا بۆ سەرۆكی كوتلەی نیشتیمانی كە ببێتە جێگرەوەی ئیبراهیم هنانۆ كە لە دڵی جەماوەردا بوو. ئەوەش وایكرد فەرەنسیەكان دووربن لە كۆمەڵێك دەست تێوەردان. بەوجۆرە بەردەوام بوون تاوەكو ساڵی 1941 كە سوریا سەربەخۆی بە دەستهێنا.

دوای مردنی سەرۆكی سوریا تاج ئەلدین حوسنی ساڵی 1943 قوەتلی خۆی بۆ سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە كاندید كرد. لە 17ی ئابی 1943 قوەتلی سەركەوتنی ڕاگەیاند و بووە یەكەمین سەرۆكی سەربەخۆی سوریا. بەڵام فەرەنسا بەو ئاسانییە دەستبەرداری سوریا نەدەبوو. لە ساڵی 1945 بۆردومانی بینای پەرلەمانی سوریای كرد. ڕێگەپێدراوی بەریتانیا داوای لە قوەتلی كرد كە ڕێكەوتن لەگەڵ فەرەنسا بكات، بەڵام قوەتلی ڕەتیكردەوە. بۆیە لێرەوە فەرەنسا دەستی كرد بە بڵاوكردنەوەی دەنگۆ یەكێك لەوانە لە سێدارەدانی شوكری قوەتلی بوو. پاشان گوتیان زۆربەی ئەندامانی حكومەت بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵهاتوون. ئەوەش زیاتر لە جاران قوەتلی سوورتركرد لە بەگژداچوونەوەی داگیركەران. هەڕەشەی لە ئەندامانی حیزبەكی كرد ئەگەر بێت و هەریەكێك لەوانە دەست لەكار بكێشێتەوە ڕووبەڕووی دادگای دەبێتەوە. ئەو كارانەش وایكرد كە لە 17ی نیسانی 1946 سوپای فەرەنسا خاكی سوریا بەجێبهێڵت و سوریا بە تەواوەتی سەربەخۆ بوو.


لە سەرۆكایەتیەوە بۆ كودەتا
ژیانێكی سیاسی جێگر لە سوریا دەستی پێكرد. زۆر حیزبی سیاسی نوێ دامەزرا. بەڵام لە هەموویان دەركەوتووتر بزوتنەوەی ئیخوان موسلمینی سوریی بوو. كە هاوكاری هێزە نیشتمانیەكان و قوتلی بوون لە دژی پرۆسەی سوریای گەورە كە ئەردەن پێشنیازی بۆ سوریا كردبوو. بەڵام ئەم جێگرییە زۆری نەكێشا بە تایبەتی دوای كێشەی فەلەستین، قوەتلی هەمواری دەستووری كردەوە تاوەكو بۆ جاری دووەم بێتە سەرۆكی وڵات. جگە لەوەش كوتلەی نیشتمانی دابەشی دوو تیم كران. تیمێكیان بە ناوی " حیزبی نیشتمانی" كە كۆنەدامەزرێنەرەكانی كوتلەی تێدابوون لە سەرووی هەموویانەوە قوەتلی، تیمی دووەم بە حیزبی"گەل" دەناسرا. ئەمەش وایكرد لەناو كۆمەڵگەی سوریدا چەندین دەستەو تاقم جیاببنەوە.

كورد عەلی بیرمەند و ئەدیبی سوری لەسەر شوكری قوەتلی دەڵێت" وەزارەتەكان پڕبوون لە كەسانی كەم ئەزموون و بێ توانا. ئەوانەش دادەنران تەنیا لەبەر دڵسۆزی سیاسی هێنرابوون. داوای لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە كرد كە تاوەكو ڕێگای تایبەت لەسەر بودجەی وڵات بۆ زەوی و زار و موڵكەكانیان بكرێتەوە. پارەیەكی خەیاڵی بەسەر ئەو نووسەر و شاعیرانەدا دەبارا كاتێك لەسەر ئەو شتیان دەنووسی، دادگاكانیش بەهۆی هێنانی خەڵكی سەربەخۆیانەوە وێران كران." 

ئەو نووسەرە دەڵێت" قوەتلی دەسەڵاتەكەی بۆ دەوڵەمەندی خۆی بەكارنەدەهێنا. ئەو خاوەنی میراتێكی زۆر خێزانەكەی بوو. ئەوەی زیادیكرد پرۆژەكانی كشتوكاڵی و بارزگانی و پیشەسازی بوون. تەنانەت نازناوی" پادشای قەیسیان" لێنا. ئەو ئامانجێكی دیكەی هەبوو ئەویش بەكارهێنانی ئەجێندای سیاسی بوو تاوەكو بتوانێت ئەو شتانە لە پێناو خۆی و دەستە سیاسیە هاوڕێكەی بەكاربهێنت. "


خالد عەزم سەرۆك وەزیرانی حكومەتەكەی قوەتلی دەڵێت" ئەو هەمیشە دەهات تۆی ڕكابەری و ئالنگاری لە نێوان كەسایەتیە سیاسیەكان درووست دەكرد تاوەكو هیچ كەس نەتوانێت دژی خۆی بوەستێتەوە. ئەوەش واتای ئەوەبوو، تەنیا خۆی دەتوانێت بەسەر كێشەكاندا زاڵ بێت."

لە هەمان كاتدا پاڵپشتی چەندین حیزبی دەكرد لەوانەش حیزبی بەعس، حیزبی سوری نەتەوەیی، دەیویست دەسەڵاتی بەسەر دامەزراوە سیاسیەكان هەبێت. ئەمانەش وایكرد ڕێگە بۆ حوسنی زەعیم بكرێتەوە، ئەو كە ئەفسەرێكی سوریی بوو بەوە ناسرابوو كە ژیانی خۆی لە پێناو سەربازی بەخت كردووە. تاوەكو پلەی عەقید چوو. ڕۆڵێكی گەورەی هەبوو لە ئازادی گەلان، بۆیە ساڵی 1941 لایەن سوپای دیگۆڵی فەرەنسسیەوە دەستگیركرا و لەساڵی 1944 قوەتلی ئازادیكرد. ڕێگەی پێدا بگەڕێتەوە سەر كارەكەی. چەندین پۆستی گرتە دەست و تاوەكو ئەو كاتەی بووبە سوپاسالاری سوریا. یەكەمین كودەتای سەربازی بە بێ خوێن لە سێی ئازاری 1949 بەرپاكرد و توانی قوەتلی دەستگیربكات بەڵام دوای ئەوەی كە دەستی لەكار كێشایەوە شوكری قوەتلی ئازادكرا. شوكری قوەتلی سوریای جێهێشت و ڕوو لە میسر كرد و لە شاری ئەسكەندەرییە نیشتەجێ بوو. چەند مانگێ لەوێ مایەوە تاوەكو لە 14ی ئابی 1949 لە لایەن سامی حەناوی كودەتا كرا بەسەر حوسنی زەعیم لە دادگایەكی سەربازیدا لە سێدارەدرا. دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ ئەدیب چیچەكلی بە ڕەگەزكورد كودەتای سەربازی كرد بەسەر سامی حەناوی لە زیندانی فڕێ دا. دواتر ئازادیكرد. پاش ماوەیەكیش لە ساڵی 1950 لە بەیروت حەناوی تیرۆركرا. 

چیەچكلی تاوەكو ساڵی 1954 لە بەڕێوبردنی سوریا بەردەوامبوو. پاش ماوەیەك دەستی لەكار كێشایەوە و ڕایكرد بۆ بەیروت و لەوێشەوە چووە سعودییە، دوای ماوەیەك ڕۆیشت لە بەرازیل نیشتەجێ بوو. لە ساڵی 1960 لەسەر دەستی پیاوێكی درزی تیرۆركرا. دوای ئەو هاشم ئەتاسی هاتە سەر حكوم، لە ساڵی 1955 وەكو وەفد سەردانی چەندین وڵاتی جیهانی كرد. هەموو هەوڵێكی ئەوە بوو كە قوەتلی بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات. لە شەشی ئەیلولی 1955 لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران كۆبووەوە و بۆ جاری سێهەم شوكری قوەتلی گەڕایەوە بۆ دەسەڵات و بووبە سەرۆكی سوریا. 

تێكەڵبوونی دوو وڵات 
لە 22ی شوباتی 1958 هەردوولا یەكێتی نێوان سوریا و میسریان واژۆ كرد. سەرۆكی سوریا وازی لە دەسەڵاتەكەی خۆی هێنا بۆ جەمال عەبدولناسڕ. نازناوی هاوڵاتی یەكەمی عەرەبی"یان پێبەخشی بەو پێیەی یەكەمین سەرۆكە دەستی لەكار كێشابێتەوە بۆ كەسانی دیكە. كاتێك دەستی لەكار كێشایەوە، قوەتلی بە ناسڕ دەڵیت" سوورییەكانت پێشكەش بێت، هەر كەسێك لەوان خۆی بە سیاسی دەزانێت. لە نێوان دووكەسیاندا كەسێكیان خۆی سەركردەیەكی نیشتمانی دەزانێت. لە چوار كەسیش یەك كەسیان خۆی بە پێغەمبەر دەزانێت، لە كۆی 10 مرۆڤیش كەسێكیان پێی وایە خوایە." قوەتلی هەمیشە كەسێك بوو پشتیوانی تایبەت بەخۆی هەبوو. بۆیە دوای ماوەیەك پشیوانی لەوە دەكرد كە سوریا لە میسر جیابێیتەوە چونكە ناسر لە بڕیاردان زۆر تاكڕەوبوو. دوای ئەوەی كودەتاكرا، دەستگیرا بەسەر موڵكوماڵی قوەتلی. ئەوەش وایكرد بچێت بۆ بەیروت. لە 30ی حوزەیرانی 1967 مرد. لە دیمەشق بەخاك سپێڕدرا. زۆرێك لە سیاسیەكان چوونە پێشوازی تەرمەكەی بەڵام خەڵكی دیمەشق لەسەر سینگ بەرەو سنوور چوون، تاوەكو دەسەڵاتداران ڕێگیان بدەنە بچنە ئەودیوی سنوور، لەوێ تەرمەكەی هەڵگرن و لە مزگەوتی ئەمەوی نوێژی لەسەر بكەن. بەوجۆرە چیرۆكی یەكەمین سەرۆكی عەرەبی كە دەستی لەكار كێشایەوە كۆتایی هات.

سەرچاوەكان
1شكري القوتلي تاريخ أمة في حياة رجل-عبداللطيف يونس
2شكري القوتلي بطل الجلاء
3العرب و المسلمين والعالميين)
4شكري القوتلي - الأيام السورية
5مدخل في الحياة السياسية السورية:من تأسيس الكيان إلى الثورة
6شكري القوتلي - الأيام السورية، السابق
7شكري القوتلي تاريخ أمة في حياة رجل-عبداللطيف يونس، السابق
8شكري القوتلي بطل الجلاء، السابق
9مدخل في الحياة-السياسية-السورية: من تأسيس الكيان إلى الثورة -9
10شكري القوتلي - الأيام السورية، السابق
11مدخل في الحياة السياسية السورية:من تأسيس الكيان-إلى الثورة، السابق
12دروس في الماضي والحاضر..لماذا لم يسقط-نظام (عن سلطوية القوتلي)
13سورية من الاستقلال إلى حافظ الأسد
14شكري القوتلي في سطور
15شكري القوتلي تاريخ أمة في حياة رجل-عبداللطيف يونس، السابق
16الوحدة العربية بين زمنين - مركز المستقبل
17الوحدة بين سورية ومصر ثم الانفصال.. كيف ومن ولماذا؟
18ثأرا الصورة السوريين في عين القوتلي - جريدة الحياة
19القوتلي وعبد الناصر والآلهة السورية | القدس العربي
20حكاوي الجوادي عن شكري القوتلي
21شكري القوتلي.. رئيس سوريا الجدلي
22شكري القوتلي | التاريخ السوري المعاصر