ڕاپۆرتی جیهانی

03:21 - 28/08/2019

چۆن سەرۆك وەزیران بە شەوێك هەزاران ئۆپۆزسیۆنی كوشت؟‌

پەیسەر

سروشتی ژیان وایە، هەر مرۆڤێك زۆر دڕەندە و بەدخوو بێت، بۆ هەمیشە ناوی دەمێنێتەوە. ماوەی چەند دەیەیەك مرۆڤێك بە ناوی " لی پینگ" كە سەرۆك وەزیرانی وڵاتی چین بوو، ببووە سەرچاوەی ترس لە وڵاتەكەیدا. ئەو هەمیشە سومبوڵێك بووە بۆ ترس لەناو مێژووی ئەو وڵاتەدا. هەر ئەو ترسەش وایكرد كە خەڵكی ڕوو لەوە بكات ژیانی ئەم بەرپرسەی چین چ ئاراستەیەكی گرتۆتە بەر. ئەو ئەندازیاری قەتڵوعامەكانی وڵاتەكەی دادەنرێت، گرنگترینیشیان " قەتڵوعامی تیانانمین" كە پێش 30 ساڵ ڕوویدا.

مردنی ئەم پیاوە كە چەند مانگێك پێش ئێستا بوو، دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو، ئەو هەمیشە سەرجەم ئەو كەسانەی دەستگیردەكرد كە باسی ئەو ڕۆژانە دەكەن ئەو تاوانكاری تێدا ئەنجامداوە. لەم راپۆرتەدا چەند وێستگەیەكی ئەو پیاوەی كە بە" قەسابەكەی پەكین" ناسراوە دەخەینە ڕوو.

ژیانی فەرمی
لە وڵاتێكدا كە سیستمی دەسەڵاتەكەی لە دیكتاتۆریدا ڕۆچووە. چین یەكێك لەو وڵاتانەیە كە دۆخی دانیشتووانەكەی بە زانیارییەك ئاراستەی زیندانت دەكات. گێڕانەوەیەكی دەوڵەت دەبێتە تاكە گێڕانەوەیەك كە لە نێوان هاونیشتمانیەكانیدا دەماودەمی پێدەكرێت، ئەگەر بێت و بیانەوێت بژین و ڕووبەڕووی مەترسی نەبنەوە.

بەم شێوەیە مێژووی سومبوڵەكانی چین لە نێوان گێڕانەوەیەكی فەرمی و كە خەڵكانی سەربە دەسەڵات پیادەی دەكەن و لە پێناو بەرپرسەكانیان جەنگ دەكەن. لە لایەكی دیكەشەوە ئەو كەسانەی كە گێڕانەوەی نافەرمیان هەیە بە شێوەیەكی پاڵەوانی هاوبەش دەردەكەون.

لێرەدا بە شێوەیەكی فەرمی باس لە "لی پینگ" دەكرێت كە لەنێوان پۆستەكانی ناوخۆی وڵاتەكەیدا تەراتێنی كردووە. ئەو سەرۆكی ئەنجوومەنی وڵات، ئەندامی لیژەی هەمیشەیی مەكتەبی سیاسی لیژنەكانی 13، 14، 15ی حیزبی شیوعی چین بووە. ئەندامی مەكتەبی سیاسی، ئەندامی سكرتاریەتی "لیژنەی مەركەزی 12"ی حیزبی شیوعی چینی بووە.

ئاژانسی"شینهوا" ی چینی دەڵێت" ئەو پیاوەی كە لە نێوان ساڵانی 1988-1998 لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا بوو، چەند هەنگاوێكی پێویستی بۆ سەركووتكردن و داپڵۆسینی دژە شۆڕشەكان گرتەبەر."

لی پینگ دەیویست بە دەستێكی ئاسنین و ئەو رۆڵەی لە پۆستەكاندا هەیبوو، وێنەیەكی دیكەی ئابووری وڵات لە قۆناغێكدا بكێشێتەوە. ئەوەی پێیدەگوترێت "ئابووری بازاڕی هاوبەش" كە پشكێكی گەورەی هەبوو لە گۆڕانكارییەكانی سیستمی ئابوری.

ئەم گۆڕانكارییانەی كاریگەری گەورەی هەبوو لە تێپەڕاندنی پەكین بۆ دۆزینەوەی خۆیان لە سیستمی هاوبەش كە لە نێوان كۆتایی هەشتاكان و سەرەتای نەوەتەكان بوو. چین لێرەدا ئابووری ئاسایی تێپەڕاند كە پشتی دەبەست بە هەناردەكردنی شتومەك بۆ كۆریای باشوور و سەنگاپوورە و مالیزیا. پاشان ڕێگەیدا كە كۆمپانیا گەورەكانی جیهان لە بواری هەناردەكردن ئیش بكەن.

گرنگترین ئەم بازدانەش سەركەوتنی چین بوو بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكانی ئاسیا. كە دیارترینیان هەڵئاوسانی بازاڕبوو لە سەرەتای نەوەتەكاندا. لی پینگ ئەندازیارێكی نوێی سیاسەتی ئابووری وڵاتەكەی بوو كە توانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت لەوەی نرخەكان جێگیربكات و سیاسەتی نەختێنە ڕێك بكاتەوە و گەشەی گەورە بۆ وڵاتەكەی دەستەبەر بكات.

قەسابەكە هەزاران خوێندكاری"تیانانمین"ی كوشت
سەرەڕای ئەوەی لەسەر لی پینگ دەگوترێت، كە لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی چین بوو لە نێوان ساڵانی 1988-1998 وێنەیەكی دیكەی پیشان دەدرێت ئەویش كوشتنی خوێندكارەكانە كە بە قەتڵوعامی تیانانمین دەناسرێتەوە. ئەم كۆمەڵكوژیە لە 4ی حوزەیرانی 1989 لە گۆڕەپانێكی پەكینی پایتەخت كۆبوونەوە. لی ویستی خێران مەیدانەكە چۆڵ بكرێت  لەو كەسانەی كە داوای چاكسازی و گۆڕانكاری سیاسی دەكەن، ئەوەش بە پاڵپشتی هەزاران خوێندكاری زانكۆ. لە رۆژانی یەكەمدا هەزاران كەس كۆبوونەوە. لی پینگ هەستا بە دابەشكردنی هێزێكی زۆر بۆ سەركووتكردنی خۆپیشاندەران ئەوەش لە ڕێگەی دار و فیشەكەوە. بەڵام ئەم هەوڵە هیچی بە دوای خۆیدا نەهێنا چونكە هێزەكان نەیانتوانی لەبەرامبەر هەوڵەكانی خۆپیشاندەران خۆڕاگربن. خوێندكارەكان ماوەی حەوت هەفتە داوای گۆڕانكاری دیموكراسیان دەكرد.

دوای تێپەڕبوونی ئەو كاتە، لی پینگ فەرمانێكی دەركرد كە دەبێت تانكەكانی سوپای چین و زرێپۆشەكان بڕژێنە سەر شەقامەكان، دواتر لەوێوە تەقە لە خۆپیشاندەرانكرا و بە هەزاران تەرم كەوتن، دواتریش تەرمەكان سووتێنران و زۆرێكیش لەوان هەڵهاتن. زیندانەكان پڕبوون لە سەركردەی ڕەوتە خوێندكارییەكان. باس كردن لە دیموكراتی و مافی مرۆڤ قەدەغەكرا.

ئەوانەی لەو كۆمەڵكوژییە ڕزگاریان بوو بە بیستنی هەواڵی مەرگی لی پینگ دڵخۆشبوون. ووئەر كایكسی كە یەكێكە لەو سەركردانەی خۆپیشاندانەكان و لە ئێستادا لە دەرەوەی چین دەژی لە لێدوانێكیدا بۆ " بی بی سی" دەڵێت" قەتڵوعامەكەی 4ی حوزەیران دەبێت لە مێشكی هەموو جیهان و مێژوودا بمێنێتەوە، هیوادارین رۆژێك ئەو یادە لەناو مێژووی چیندا جێگەی بكرێتەوە. ئەو كەسانەی كە لەو رۆژەدا ئازیزانیان لە دەستداوە هێشتا چاوەڕوانی دادپەوەرین."

یەكێكی دیكە لەوانەی گەواهیدەری رووداوەكەیە ناوی" فانگ چیانگ"ە، سەرۆكی دامەزراوەی پەروەردەیی دیموكراتیە و بارەگاكەی لە تایوانە دەڵێت: " لە ماوەی چاو تروكاندێكدا تانكەكان گەیشتنە سەر شۆستەكانن، لوولەی تانكەكە بە چەند سانیتمەترێك لە دەموچاومەوە دووربوو. خۆم فڕێدایە سەر زەوییەكە و بە تەقڵە خۆم ڕزگاركرد. بەشی سەرەوەی جەستەم لە ناو تانكە بوو، بەڵام تانكەكە قاچمی كردە ژێرەوە. " ئەم پیاوە دواتر لە نەخۆشخانە چاو دەكاتەوە و قاچەكانیان بڕیووەتەوە. دواتریش توانی وڵات بەجێ بهێڵێت و هەڵبێت.

لی پینگ تەنیا پێشلكاری لەسەر داوای دیموكراتی نەكرد، بەڵكو ئەو بوو بە ئەندازیارێك بۆ دەسەڵاتی دیكتاتۆری لە لایەن دووبارە دامەزراندنەوەی حیزبی شیوعی دەسەڵاتدارەوە. لەوێوە زنجیرەیەك یاسایی لە دژی كەسانی ئۆپۆزسیۆن دەركرد، ئەمەش وایكرد هەیكەلی 90 ملیۆن ئەندامی حیزب بگۆڕێت و توانی وڵات بكەوێتە ژێر دەستی سەركردەكانی حیزبەوە.

ئەم ئەركانە ئاماژە بەوە دەكات كە ئامارەكان زیاتری كردووە كە 80% ئەندامانی ئێستای حیزبی شیوعی هاتنە ناو لیژنەی ناوەندی 11ی حیزی شیوعیەوە ئەم ماوەیەش بە كاتی ئاڵتونی لی پینگ دادەنرێت چونكە بەرزترین بەرپرسی وڵات بوو. ئەم پیاوە توانی گەشە بە هەستە نەتەوایەتیەكان بدات و لە لایەن دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە ببووە جێگای بایەخی وڵاتان.

بەرپرسان چۆن باسی قەتڵوعامەكە دەكەن؟
لی پینگ لە مێژووی چیندا ڕۆڵێكی گەورەی هەبووە و بە ئەندازیاری گۆڕانكارییە نموونەیەكیانی سیاسەتی دەرەكی و ناوخۆی چین دادەنرێت. دەسەڵاتداران دەیانەوێت ژیاننامەی ئەم پیاوە لە ئەرشیفی وڵاتەكەیاندا بە شێوەیەك دابنێن كە ئەو لی پینگ بە داڕێژەی سیاسەتی ئاسنینی وڵات دابنرێت، ئەو بۆیە خۆپیشاندانەكانی سەركووتكردووە لە دژی بوون. بە تایبەتی دیارترینیان" قەتڵوعامی تیانانمین" كە 30 ساڵ پێش ئێستا ڕوویداوە. لە سەرووی هەموویانەوە دەزگاكانی ڕاگەیاندنی چینە كە دەیانەوێت هەموو ئەو شتانە بسڕنەوە و لەناو بدەن كە قسە بەو پیاوە دەلێت و قەدەغەشە باسی یادكردنەوەی ئەو قەتڵوعامە بكرێت. كاتێكیش ئەو بەروارە نزیك دەبێتەوە زۆر بە توندی چاودێڕی دەخرێتە سەر ئەنتەرنێت، بە هەر شێوەیەكیش وێنەیەك یان ئاماژەیەك بۆ ئەو ڕۆژە بێت ئەوا لەسەرجەم تۆڕە كۆمەڵاتیەكاندا دەسڕدرێتەوە. خەڵكیش ئایكۆنی مۆم بۆ یاركردنەوەی ئەو ڕۆژە بەكاردەهێنێت. لەبەرامبەردا دەسەڵاتدارانی چین بەڵێنان بەو كەسانە داوە كە لە قەتڵوعامەكە ڕزگاریان بووە، پلەی زانكۆیان پێبدرێت و لەبەرامبەر بێدەنگیان هەلی كاریان دەخرێتە بەر دەست.

میشێل بونین پسپۆری زانستی شارستانیەت دەڵێت" ئەم سەدەیە پشت بەوە دەبەسترێت كە هەمووان بیردانگیان لە دەست بدەن."

لی پینگ لە تەمەنی 91 ساڵیدا بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجەی میزەڵدان لە 23ی حوزەیرانی 2019 لە وڵاتی چین مرد.