ڕاپۆرتی جیهانی

02:43 - 29/08/2019

دوکەلێک دیارە هێشتا ئاگرەکەی نەکراوەتەوە‌

پەیسەر

ئەمریکا وای نیشان دەدات ئەمجارە جدییە لە تێکشان یان لاوازکردنی ئێران. کەناراوەکانی ئەم ناوچەیەی پڕکردووە لە کەشتی زەبەلاح فڕۆکەهەڵگر و چەک و تفاقێکی زۆر.

ئێران کە لەژێر فشاری ئابڵوقە ئابوورییەکاندا تەنگەتاو کراوە، واخۆی نیشان دەدات کە ئامادەیە بۆ بەرگرییەکی پاڵەوانانە. بەڵام هەرچی روو بدات لەنێوان ئەم دوو دوژمنەی ئێستا و دۆستە گیانیی بە گیانییەی دوێنێدا، کڵپەی ئاگرەکەی دیسان بۆ کەنداو سوتێنەر دەبێ.

ئەمریکا بەهێزی زەبەلاح و ئێران بە هورمز زەمینەی ئاگرەکە خۆش دەکەن

گەرووی هورمز بە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان دادەنرێت کە زیاتر لە ٢٠%ی هەناردەی نەوتی جیهان بە دەریایی و وشکانیشەوە بە گەرووی هورمزدا دەگەیەنرێتە بازاڕەکانی جیهان. ئەم گەرووە لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە.

ئەم دوو وڵاتە ئەمریکا و ئێران لە سەردەمی محەمەد ڕەزا شادا لە لوتکەی هاوڕێیەتی و هاوپەیمانیدا بوون، ئەمریکا لەو سەردەمەدا ئێرانی کردبووە خاوەن پێنجەمین گەورەترین جبەخانەی سەربازیی لە جیهاندا.

دۆستایەتی گۆڕا بە دوژمنایەتی
دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٩دا بە ڕابەرایەتی خومەینی کودەتا بەسەر دەسەڵاتی شای ئێراندا کرا و دەسەڵاتەکەی کۆتایی پێهێنرا، محەمەدڕەزا شا هەڵات و بە نەخۆشی ڕووی کردە واشنتۆن و لەوێ چارەسەر دەکرا. وەک ناڕەزایی بەرامبەر چارەسەرکردنی شا لە ئەمریکا، ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆی تاران چوونە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ ٥٢ دیپلۆماتکاری ئەمریکایان بە بارمتەگرت.

 

داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و دەستگیرکردنی دیپلۆماتکارەکان، کۆتایی بە دۆستایەتی و پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات هێنا و لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٨٠دا ئەمریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاراندا بە تەواوی پچڕاند.

تا دەهات پەیوەندییەکانیانی واشنتۆن و تاران خراپتر دەبوو، بۆ یەکەمجار کە ئەمریکا سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، لەسەر قەیرانی ئەو دیپلۆماتکارانەبوو. هەموو پارە و سامانی ئێران لە ئەمریکا دەستیان بەسەردا گیرا. وا ٤١ ساڵە ئەم دوو وڵاتە چەقۆ لە ملی یەکتر دەسوون.

خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئێرانییەکە
گرژی و ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە گەیشتە ئاستێک لە ٣ی تەمموزی ١٩٨٨دا کەشتی جەنگیی ڤینسسی ئەمریکا فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئێرانی لە جۆری ئێرباس A300 بە ٢٩٠ سەرنشینەوە لە ئاوەکانی کەنداوی عەرەبیدا خستەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا.

لەو گەشتەدا کە بە گەشتی ژمارە ٦٥٥ ناسراوە، فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی بەندەرعەباسی نێودەوڵەتییەوە بەرەو دوبەی دەفڕی. ئەمریکا تێکشکاندنی فڕۆکەکەی بە ڕووداوێک ناوبرد و گوتی، وایانزانیوە فڕۆکەکە سەربازییە. لەسەر ئەو ڕووداوە ساڵی ١٩٨٩ ئێران پەنای بۆ دادگای دادی نێودەوڵەتی برد. ساڵی ١٩٩٦ بۆ ئەوەی ئێران سکاڵاکەی بکێشێتەوە، ئەمریکا نزیکەی ١٣٢ ملیۆن دۆلاری دایە دەسەڵاتدارانی تاران، بەڵام تائێستاش بەرپرسیارێتی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

٤١ ساڵە ئێران و ئەمریکا چەقۆ لە ملی یەک دەسوون، بەڵام ئەمجارە هەڕەشەکان جدین و پاشەکشەی لێی مەحاڵە

وا ڕێکەوت لە دوای داگیرکردنی کوەیت لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، هەرچی تا ساڵی ٢٠١٨ بەسەر عێراقدا هات هەمووی لە بەرژەوەندی ئێراندا شکایەوە.

جەنگی هەشت ساڵەی ئێران لەگەڵ عێراق، ئەو وڵاتەی لە هەموو ڕوویەکەوە شەکەت کردبوو. ڕێککەوتنی هەردوولا و کۆتاییهاتنی جەنگەکە، ئاهێکی بە بەری ئێراندا هێنایەوە.

سەپاندنی ئابڵوقەی ئابووری عێراقی هێندە لاواز و شپرزە کردبوو بیری دژایەتیکردنی ئێرانی نەما، جەنگی کەنداو گورزێکی هێندە توندی لە سوپای عێراق دا کە ڕۆژی کەوتنی بەغدا لە ٢٠٠٣دا جێی خۆی پێنەگیرایەوە. عێراق تووشی تێکشکانێکی سەربازیی و سیاسی و ئابووریی سەخت بووەوە و زۆربەی وڵاتانی کەنداو لە دژی وەستانەوە و بەغدا هەژموونی بەسەر پایتەختەکانی وڵاتانی عەرەبییەوە نەما.

رۆژی ٣ی تەمموزی ١٩٨٨ئەمریکا فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئێرانی لە بە ٢٩٠ سەرنشینەوە خستەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا

لە ٢٠٠٣دا ئەمریکا بە پاساوی هەبوونی چەکی کۆکوژ و هاوکاریکردنی گروپە تیرۆریستیەکانی وەک ڕیکخراوی قاعیدە، عێراقی داگیرکرد و کۆتایی بە دەسەڵاتی بەعس هێنا.

زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی ئەوکاتی ئەمریکا لە عێراق، لە بیرەوەرییەکانیدا دەگێڕێتەوە و دەڵێت، لەکاتی جەنگەکەدا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف ئەنجامداوە زەریف ئەو کاتە نوێنەری ئێران بوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان و داوای لێکردووە ئاستەنگ بۆ فڕۆکەکانی ئەمریکا دروستنەکەن و نەیانخەنە خوارەوە، لە بەرامبەریشدا زەریف داوایکردووە، وێڕای پاککردنەوە و سوپا و دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق لە بەعسیەکان، بەشداری لە بنیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوەی عێراقدا بکەن.

ڕووخاندنی حزبی بەعس بووە سەرەتای دوورکەوتنەوەی سوننەکانی عێراق لە دەسەڵات، سوپای عێراق کە بووبووە دێوەزمە بۆ ئێران، هەڵوەشایەوە.
دوژمنەکان لە عێراق یەک دەگرنەوە

ساڵی ١٩٧٩ لەسەروبەندی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ٤٤٤ رۆژ دەیان دیپلۆماتی ئەمریکای دەستەبەرکران

لە دوای روخاندنی رژێمی سەدام حسێن بەتایبەت لە ٢٠٠٥ بەدواوە، سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئێران لە عێراق دەستلەملانی یەکتربوون. ئەمریکا شەڕی ئەو گروپە سوننانەی دەستپێکرد کە لەژێر ناوی بەرگرییدا ڕووبەڕووی سوپاکەی بووبوونەوە و بەهۆیانەوە نەیدەتوانی ئەو عێراقە سەقامگیرە دروستبکات کە پلانی بۆ دانابوو. لە سەرکوتکردنی ئەم گروپە چەکدارییانەدا ئەمریکا پشتی بە بەشێک لە هۆزە سوننەکان و حزبە شیعەکان بەست و لە ئاست زیادبوونی هەژموون و جموجوڵەکانی ئێران بێدەنگ بوو.

لە دوای ٢٠٠٣وە هەر حکومەتێک لە عێراق پێکهێنرابێت بە ڕەزامەندی واشنتۆن و تاران بووە، لە پێکهێنانی دوایین کابینەی حکومەتی عێراقدا ململانێی ئەمریکا و ئێران بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر حکومەتەوە هەوڵی ژێربەژێر و نهێنی تێپەڕاند و بە ئاشکرا دیاربوو.

بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران
مێژووی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو و سەردەمی پاشایەتی، وەک بەشێک لە پرۆژەی ئەتۆم لە پێناو ئاشتیدا ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا لە بونیادنانی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێراندا بەشداربوون، بەڵام لەدوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، خومەینی ڕێبەری باڵای شۆڕشەکە فەرمانیدا پرۆگرامە ئەتۆمییەکە هەڵبوەشێنرێتەوە، چونکە لە تێڕوانینی ئەودا لەگەڵ ڕەوشت و فیقهی ئیسلامیدا یەکانگیر نەبوو. دواتر خومەینی داوایکرد لەچەند بوارێکی کەمدا پرۆژەکە دەستپێبکرێتەوە، تا ئەوەبوو لە دوای مردنی بە چڕی دەستیپێکرایەوە.

١٤ی ئابی ٢٠٠٢ عەلی ڕەزا جەعفەرزادە، وتەبێژی موجاهیدینی خەلقی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، ئاشکرایکرد کە ئێران بە نهێنی سەرقاڵی دروستکردنی دوو وێستگەی ئەتۆمییە لە نەتانز و ئەراک.

دوای ئاشکرابوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، مشتومڕ و گفتوگۆکان لەسەر ئەوە چڕبوونەوە ئاخۆ بۆ مەبەستی ئاشتییە یان دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و ئەنجومەنی ئاسایش کەوتنەخۆ، لەو ساڵەوە ئاژانسەکە زیاتر لە ٢٠ ڕاپۆرتی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئامادەکردووە، ئەنجومەنی ئاسایشیش حەوت بڕیاری دژی ئێران دەرکرد، بڕیارەکان بە داواکاری بۆ وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆم دەستیانپێکرد، تا گەیشتە ئەوەی کۆمەڵێک سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنرێت و کڕینی چەک و کەلوپەلی بەکارهاتووی لە پرۆگرامی موشەکی بالیستی لێ قەدەغە کرا.


ڕوحانی و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران
لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠١٣دا حەسەن ڕوحانی بە سەرۆکی ئێران هەڵبژێردرا. ئەمریکا و ئەوروپا خۆشحاڵی خۆیان بە هەڵبژاردنی ڕوحانی نیشاندا، چونکە بەوە ناسرابوو کەسێکی میانڕەوە و لە ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠٠٥ بەرپرسی دۆسیەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو.

لە سەردەمی ڕوحانی و لە بەرامبەریشدا باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکادا، گفتوگۆ و دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران چڕکرانەوە، ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا لەگەڵ ئێران، بەرهەمی ئەو دانوستانانە بوو.

ئۆباما گوتی: ڕێککەوتنەکە هەموو ڕێگەکان بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی لەبەردەم ئێراندا دادەخات. حەسەن ڕوحانیش گوتی: قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی ئێران و جیهان دەستپێدەکات.

ترەمپ و پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران
هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧دا کۆتایی بە خۆشییەکانی ئێران هێنا. ترەمپ ڕێککەوتنەکەی بە خراپترین لەسەر ئاستی جیهان ناوبرد و گوتی: ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە نەیتوانیوە ڕێ لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بگرێت.

ئەمریکا تاکلایەنە لە ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکە کشایەوە و کۆمەڵێک سزای نوێی بەسەر تاراندا سەپاند. سزاکان بە چەند قۆناغێک جێبەجێکران، هەموویان بۆ لاوازکردنی ئابووریی ئێران و سفرکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوتەکەی بوون.

لە بەرامبەردا ترەمپ پێشنیازی ڕێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ تاراندا کرد، بەو مەرجەی پرۆگرامی مووشەکە بالیستییەکەشی بگرێتەوە.

ئێران لەسەر زاری محەمە جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی وەڵامی ترەمپی دایەوە و ڕایگەیاند: ئەگەر ئەمریکا دەیەوێت لەسەر پرۆگرامە موشەکییەکەمان دانوستان دەستپێبکەین، دەبێت فرۆشتنی ئەو هەموو چەکە بە وڵاتانی ناوچەکە بوەستێنێت. وەک ئاماژەیەک بۆ فرۆشتنی چەک بە عەرەبستانی سعودی.

ئێران کە یەکێکە لەو وڵاتانەی دەکەونە سەر گەرووی هورمز، یان ڕاستتر بڵێین خۆی بە خاوەنی گەرووی هورمز دەزانێ، ناتوانێت ئەگەر بە قاچاغ نەبێت بەرمیلێک نەوتیشی پێدا هەناردە بکات.

بچوککردنەوەی بازنەی پەیوەندییەکانی ئێران و تەنگپێهەڵچنینی لە ڕووی ئابوورییەوە، کاردانەوەی تارانی بەدوای خۆیدا هێنا. ٨ی ئایاری ڕابردوو حەسەن ڕووحانی ڕایگەیاند، کارکردنیان بە چەند بڕگەیەکی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ٢٠١٥ هەڵپەساردووە، مۆڵەتی ٦٠ ڕۆژی دایە وڵاتانی ئەوروپا پابەندبوونی خۆیان بە تەواوی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکەوە نیشان بدەن.ڕوحانی هەڕەشەی ئەوەشی کرد، لەدوای ئەو وادەیەوە وڵاتەکەی دەستدەکاتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستێکی باڵادا. 

هورمز.. چەقی کێشەکان
دوو مانگی ڕابردوو گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران لەلایەک و ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا لەلایەکی تر هێندە توندبوونەوە هێرشکردنە سەر کەشتی نەوتهەڵگر کە ئێرانی پێ تۆمەتبارکرا و خستنە خوارەوەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا و ئێران و دەستبەسەرداگرتنی چەند کەشتییەکی دیکەی لەلایەن بەریتانیا و ئێرانەوە لێکەوتەوە.
ئەمریکا سەرەتا ویستی لە کاردانەوەی خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەیدا هێرشی ئاسمانیی بکاتە سەر ئێران، بەڵام دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، لە چرکە ساتەکانی کۆتاییدا و بۆ پاراستنی گیانی ١٥١ کەس لە ئەنجامدانی هێرشەکە پەشیمان بووەتەوە.

هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا لە ٢٠١٧دا کۆتایی بە دڵخۆشییەکانی ئێران هێنا سەبارەت بە رێککەوتنامەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران

لە بەرامبەر ئەو هەوڵسوکەوتانەی ئێران لە گەرووی هورمزدا، لە دەستگرتن بەسەر کەشتی نەوتهەڵگر و ئاستەنگ خستنەبەردەم ئازادی کەشتیوانی، کە بەگوێرەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بە ناوچەیەکی نێودەوڵەتی دادەنرێت و موڵکی تایبەتی هیچ کەسێک نییە، هاوکات لەگەڵ پێشێلکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە و دەستکردنەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە، وڵاتانی ئەوروپا سەرقاڵی سەپاندنی زنجیرەیەک سزای ئابووری دیکەن بەسەر تاراندا.

بەڵام سەرەڕای ڕەوانەکردن و کۆکردنەوەی هێزی ئەمریکا لە سعودیە و هەڕەشە بەردەوامەکانی بەریتانیا و فەرەنسا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا، ئەو وڵاتانە و ئێرانیش دەڵێن، نایانەوێت جەنگێک لە ناوچەکەدا بەرپابکەن و خوازیارن کێشەکان بە ڕێگەی دیپلۆماسیانە چارەسەربکەن.