ڕاپۆرتی جیهانی

04:50 - 11/09/2019

خۆکوشتن گەورەترین هۆکاری مردنی گەنجانی ١٩ بۆ ٢٩ ساڵە‌

پەیسەر

10ی ئەم مانگە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی خۆکوشتن بوو. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ساڵانە ٨٠٠ هەزار کەس لە سەرتاسەری جیهان خۆیان دەکوژن، بەڵام لە زۆربەی وڵاتەکاندا هەنگاوی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو حاڵەتە ناگیرێتەبەر.

ڕێکخراوەکە دەڵێت، دوای ڕووداوه‌كانی هاتوچوو، خۆکوشتن گەورەترین هۆکاری مردنی گەنجانی ١٩ بۆ ٢٩ ساڵە و ڕایدەگەیەنێت، دەتوانرێت ڕێ لە حاڵەتی خۆکوشتن بگیرێت بەڵام پێویستە هەموو وڵاتانی جیهان بەیەکەوە کار بۆ بەهێزکردنی لایەنی دەروونی مرۆڤەکان بکەن.

ئاشکرایدەکات، بڵاوبوونه‌وه‌ی چەک و مادە كیمیاییه‌كان لەناو کۆمەڵگه‌دا هۆکاری سەرەکین کە مرۆڤەکان بتوانن خۆیانبکوژن و داوادەکات ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشیە دەروونیەکان دەبنەوە، چاودێری بکرێن.


خۆکوشتن بەڵایەکی کۆمەڵایەتیە
لە زانستی دەرونناسیدا دەگوترێت، نەخۆشییە دەروونیەکان هۆکاری خۆکوشتنن و لە خەیاڵەوە سەرچاوە دەگرێت. سیگمۆند فرۆید زانای گەورەی نەمسایی دەڵێت، کەسێک کە خۆی دەکوژێت، لە خۆشەویستی بەتاڵ بووە و مردنی قبوڵکردووە.

مردن ڕاستیەکی قبوڵنەکراوی تاڵە و ژیان شیرین و بێ گەڕانەوەیە. مرۆڤەکان دۆستی ژیان و دوژمنی مردنن. بۆچی هەندێک مرۆڤ جوانیەکانی جیهان و ژیان لەبیردەکەن و کۆتایی بە ژیانیان دەهێنن؟

خۆکوشتن پرسێکی کۆمەڵایەتیە
ئایا خۆکوشتن پەیوەندی بە رەگەز و هەژاری و تێربوون و ئایین و تەمەن و کارەوە هەیە؟ دوای سەدەی هەڤدەیەم هەندێک زانای ڕۆژئاوا، حاڵەتی خۆکوشتن وەک پرسێکی کۆمەڵایەتی لەقەڵەمدەدەن و ئامارەکان بەپێی چینەکانی کۆمەڵگه‌ جیای دەکەنەوە و تاوتوێی دەکەن.


ئیمیل دورکایم زانای فەڕەنسی یەکەم كه‌سه‌ کە خۆکوشتنی وەک حاڵەتێکی کۆمەڵایەتی پێناسە کردووە و تا ئێستاش لەو چوارچێوەیەدا کار لەسەر ئەو حاڵەتە دەکرێت. دورکایم باس لە قەیرانەکانی ناو کۆمەڵگه‌ دەکات و وەک کۆتاییهێنان بە خەونەکانی تاکەکانی کۆمەڵگه‌ی لەقەڵەمدەدات. بە پێی بۆچوونی ئەو زانایە، لێکترازانی کۆمەڵگه‌ ڕێگە بۆ خۆکوشتنی تاک دەکاتەوە و هەر کەسێکیش خۆی دەکوژێت تاوانبار نییە، بەڵکو قوربانیە.

دوو تیۆری خۆکوشتن هەیە
لەسەدەی ١٩دا دوو تیۆره‌ لەبارەی خۆکوشتنەوە ڕووبەڕووی یەکتری بوونەوە. تیوریه‌کی دەرونناسان و تیۆریەکی کۆمەڵناسان. ژان دومینیک ئیسکیرول دامەزرێنەری تیۆره‌ی دەرونناسی لەبارەی خۆکوشتنەوە دەڵێت، مرۆڤ بە تەنها لە ئەنجامی گۆشەگیری و خۆدوورگرتن لە کۆمەڵگه‌ و نەخۆشی دەروونیەوە خۆی دەکوژێت. بەڵام ئیمیل دورکایم زانای فەڕەنسی و دامەزرێنەری تیۆری کۆمەڵناسی لەبارەی خۆکوشتنەوە دەڵێت، کێشە کۆمەڵایەتیەکان و ڕووداوەکانی ناو کۆمەڵگه‌ و بوونی سیستمی چینایەتی هۆکاری سەرەکی حاڵەته‌كانی خۆکوشتنن.


خۆکوشتن لە ئایینەکاندا
لە هیچ ئایینێکدا ڕێگە بە خۆکوشتن نادرێت و حەرامکراوە. بە تایبەتی ئایینی ئیسلام خۆکوشتن وەک تاوانێکی گەویە لەقەڵەمدەدات. لە یاساکانی یۆنانی کۆنیشدا ئەگەر کەسێک خۆی بکوشتایه‌، دەستەکانیان لێدەکردەوە و بەجیا دەیانناشت.

خۆکوشتن لە کۆمەڵگه‌ی پێشکەوتوودا
خۆکوشتن لە هەموو کۆمەڵگایەکدا هەیە. پیشکەوتن و تەکنەلۆژیا نەک نەیانتوانیوە حاڵەتەکە کەمبکه‌نەوە بەڵکو ڕوو لەزیادبوونە. بەپێی ئامارەکان، ئاماری خۆکوشتن لە ئەمریکای باکوور و که‌نه‌دا لە ئەفریقا زیاترە، بەو پێیە پێشکەوتنی کۆمەڵگه‌ کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی حاڵەتی خۆکوشتن دانانێت. لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا هۆکارەکانی خۆکوشتن زیاتر تەمەن و رەگەزە. بۆ نموونە لە ئەمریکا خۆکوشتن زیاتر لە ناو گەنجانی تەمەن ١٥ بۆ ٢٤ ساڵدا هەیە. ژنان سێ ئەوەندەی پیاوان هەوڵی خۆکوشتن دەدەن، بەڵام ئاماری مردنی پیاوان بەهۆی خۆکوشتنەوە زیاترە. هۆکارەکەشی ئەوەیە رێگەکانی پیاوان لە رێگەکانی ژنان بۆ خۆکوشتن کاریگەرترن.