ڕاپۆرتی جیهانی

06:58 - 11/09/2019

قاعیدە لە نێوان خزمەتكردن و نەیاریی ئەمەریكادا‌

پەیسەر

وەك شارەزایان باسی دەكەن ڕوداوی 11 سێبتەمبەری 2001 سەرجەم جیهانی لە خەوێكی قووڵ بە خەبەرهێنایەوە، هەندێكیش باس لەوە دەكەن بووە هۆی جیاكردنەوەی مێژووی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم، چوون لە پێش ئەو ڕوداوەدا خوێندنەوەیەك بۆ گروپە ئیسلامیە چەكدارەكان دەكراو و دوای ئەو ڕوداوەش چووە بواری ڕوبەڕووبووەنەوە، بووە سەرەتا و هەلێکی مێژوویی تا ئەمریکا لە ڕیگایەوە جێگاو رێگای روولەخواری ئەوکاتەی خۆی لە دنیادا سەرەو ژوو بكاتەوەو، خۆی  هێزەكانی چواردەویی خۆی پێناسە بکاتەوە و توانا و هەژموونی سیاسی و ئابوری و سەربازی و دیبلۆماسیەکەی نیشانی نەیارەکانی لە دنیادا بداتەوە.

 ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١١ی –سێبتەمبەر- ئەیلوولی ٢٠٠١ لەلایەن رێکخراوی ئەلقاعیدە لە خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕوویاندا، ئاڕاستەی چوار فڕۆکەی مەدەنی بازرگانی گۆڕان بەرەو ئامانجی دیاریکراو کە سیانیان سەرکەوتبوو لە پێکانی ئامانجەکانیاندا، و ئامانجەکانیشیان هەردوو تاوەری بازرگانی نێودەوڵەتی بوون لە منھاتن و بارەگای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن).

لە ئەنجامدا ٢٩٧٣کەس کوژران و چەندین کەس وونبوون لەگەڵ ھەزاران بریندار و تووشبوو لە ئەنجامی کەوتنەوەی دوکەڵی ئاگر و ھەڵمە ژاراوییەکاندا.


بە پێی گێڕانەوە فەڕمیەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١، نۆزدە کەس کە پەیوەندییان بە ڕێکخراوی ئەلقاعیدەوە ھەیە، ھەستاون بە جێبەجێکردنی ھێرشەکان بە فڕۆکەی مەدنی ڕفێنراولەناو فڕۆكەخانەكانی ئەمەریكادا، و جێبەجێکەرانی پلانەکە دابەش بوون بۆ چوار بەش ھەر یەکێک لەو کۆمەڵانە کەسێکی تێدابوو کە وانەی وەرگرتووە لە پەیمانگای فرینی ھەوایی ئەمریکییدا، و ھێرشەکە کراوە لە ڕێگەی فڕاندنی فڕۆکەی مەدنی بازرگانییەوە و پاشان ئاڕاستە کراون بە ئامانجی دیاریکراو، و یەکەم ھێرشیان دەورووبەری ٨:٤٦ی بەیانی بە کاتی نیویۆرک ئەنجامدرا، کە یەکێک لە فڕۆکەکان خۆی کێشا بە تاوەری باکووری ناوەندی بازرگانی جیھانی، كاتێك هەمووخەڵك تووشی شۆك ببون و كەس نەیدەزانی چی ڕویداوەو تەنها ئەوەندە بوو چۆن خەڵك لەوناوچەیە دوور بكەونەوە چەند خولەکێک دواتر، و لە دەورووبەری ٩:٠٣، فڕۆکەی دووەم خۆی کێشا بە تاوەری باشووری، و دوای زیاتر لە نیوسەعات، فڕۆکەی سێیەم خۆی کێشا بە بینای پنتاگۆندا، و فڕۆکەی چوارەم پێش ئەوەی بکاتە ئامانجەکەی شکا.


ئەفغانستان كەوتە بەرهێرش:
دوای ئەو ڕوداوە گەورە و دەگمەنەی مێژوو گۆڕانکارییەکی گەورە ڕوویدا  لە ڕەوڕەوەی مێژووی سیاسی ئەمریکادا، دەستپێكی ئەو گۆڕانكارییانە ڕاگەیاندنی شەرێك بوو  لە دژی تیرۆری نێو دەوڵەتی و ئەو ڕێكخراوانەی كە بەناوی جۆراوجۆرەوە لە دونیادا بڵاوەیان كردبوو ، و ئەم گۆڕانە بووبەھۆی هێرشكردنە سەرئەفغانستان و ڕووخانی حكومەتی بزوتنەوەی تاڵیبان  كە تا ئێستەش بەردەوامەو جاروباریش گفت و گۆ دەكەوێتە نێوانیان،  بیانووی سەرەكیش بوونی بارەگای سەرەكی ڕێكخراوی قاعیدەو ئوسامە بن لادن بوو لەو وڵاتەدا، ئەمە جگە لەوەش كە مەبەستی شاراوەی دیكەش هەبوون لە ئارادا، وەك نزیك بوونەوە لە سنورەكانی ڕوسیای نەیاری هەمیشەیی و دێرینەی ئەمەریكا، پاشان دەست گەشتن بەهەندێك سەرچاوەی ئابووری گرنگ و دوست لێنەدراوی ئەو وڵاتە.

عێراقیش پێوەبوو:
بەدوای ئەویشدا لە ساڵی 2003 دا هێرشكرایە سەر وڵاتی عێراق، ئەو هێرشەی ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی بووە هۆی ڕوخانی ڕژێمی بەعس و حوکمی چەندین ساڵی سەدام لە عێراق، ئەگەر هێرشكردنە سەر وڵاتی ئەفغانستان بە پاساوی ئەوە بوو كە قاعیدە تاوانباری سەرەكی بوو لە هێرشەكاندا، بەڵام پەلاماردانی  سەدام حسین و ڕژێمەكەی لە 2003 دا هۆكارەكەی ئەوە بوو كە ڕژێمێكی یاخی و گوێنەگربوو بۆ بڕیارە نێو دەوڵەتیەكان، بەتایبەتی لە بەرهەم هێنانی چەكی ئەتۆمی و مەترسیداردا (هەرچەندە لە دوای تەواو بوونی جەنگەكە دەركەوت كە هیچێك لەو چەكانەیان نەبووە.


پاڵپیشت پەیدابوون:
دوای کەمتر لە ٢٤ سەعات بەسەر ھێرشەکاندا، ھاوپەیمانی ناتۆ ڕایگەیاند کە ھێرش کردنە سەر ھەر یەکێک لە وڵاتەکانی ئەندامی ناتۆ وەک ئەوەیە ھێرش کرابێتە سەر ھەر ١٩ وڵاتەکە، بەمەش وڵاتە یەکگرتووەکان پاڵپشتییەکی گەورەی وڵاتەکانی بە دەستھێنا و دوو پارتە سەرکیییەکەی ئەمریکا لە کۆنگرێس و مەجلیسی پیراندا ناکۆکییەکانی خۆیان لە بیر کردو خۆیان یەكلایی كردەوە بۆ ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ تیرۆر.

حكومەت و خەڵك:
هێرشی سەر ئەو دوو تاوەرە بازرگانییەی ئەمەریكاو دواتر هێرشەكانی ئەویش بۆ سەر جیهانی ئیسلامی، لەسەر وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان كاریگەریی گەورەی دروستكرد، بە جۆرێك دابەشی دوو ئاڕاستەی كردن،  هەڵوێستەكان لە نێوان شەقام و فەرمانڕەواكاندا دەركەوتن، بۆشایی و جیاوازییەکی زۆر فراوانی لەدوای خۆی خستەوە، چوون لە نێوان ڕای حکومەتە فەڕمییەکان و خەڵکدا  جیاوازی گەورە دروست بوون، کە كاردانەوەكانی شەڕ لە لایەن ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی پەلاماردانی سومبولە ئیسلامیەكان و جالیەی ئیسلامی بوو لە ڕۆژئاواو پاشان بۆ دوورخستنەوەی جەنگەكە سەرەتا پەلاماری ئەفغانستانیان كردو دوای ئەویش عێراق، ڕای زۆرینەی فەرمانڕەواكان لەگەڵ ڕای فەرمی ئەمەریكادا بوو بەڵام شەقام و میدیای میللی بە دەستێوەردانی ئەمریکا ئەبینی لە کارووباری جیھاندا.

یەكلایی كردنەوە:
لەسەرو بەندی هێرشەكەدا، كە هێشتا تەپ و تۆزی هێرشە بە تەواوی نەنیشتبوویەوە، نەدەزانرا چەند كەس لە ژێر داروپەردووی ئەو دوو تاوەرەدا ماونەتەوە، ئەمەریكا لەرێگەی سەرۆكەكەیەوە ڕایگەیاند: لەنێوان تیرۆر و دژە تیرۆردا شتێك نەماوەتەوە، یان لەگەڵمانن بۆ دژایەتی تیرۆر یان تیرۆریستن، ئەم بڕیارە یەكلاكەرەوەیە بووە جێگەی ڕەخنەی زۆرێك لە میدیاو بیرمەندو شرۆڤەكارانی سیاسی، بەڵام هیچیان نەبوونە كردار، هیچ وڵاتێك نەیوێرا بڵێت ئێمە لەگەڵت نین، هەربۆیە هێرش بۆ سەر ئەنجامدەرانی ئەو پرۆسەیە (قاعیدە)دەستی پێكردو ئەو بۆچوونە شۆڕبوویەوە بۆ ناو میدیا و شەقام و لەو میانەیەشدا دەیان و بگرە سەدان و هەزاران كەس تووشی كێشە بوون و لەسەر شەقام و لەگەڕەك و شوێنی كارەكانیان دەركران و كێشەیان بۆ دروست بوو.


دانپێدانان:
دوای چەند كاتژمێرێك لە دوای ئەنجامدانی  ھێرشەکە، وڵاتە یەکگرتووەکان پەنجەی تۆمەتی خستە سەر ڕێکخراوی ئەلقاعیدە و سەرکردەکەی ئوسامە بن لادن، بەو پێیەی كە تاكە رێكخراوی ئیسلامی بوو بتوانێت ئەو كارە ئەنجام بدات،  بە پێی گوتەی بەرپرە سەربازیەكان، ھێزە ئەمریکییەکان لە جەلال ئاباد لە تشرینی دووەمی٢٠٠١ شریتێکی ڤیدیۆییان دەستکەوتووە لە ماڵێکی وێرانکراوودا دا كەئوسامە بن لادن قسە بۆ (خالید کوری شێخ محمد عەودە) دەکات لەسەر جێبەجێکردنی ھیرشەکەو پلانەكە لەوێوە دادەڕێژن، ئەم شرێتە لە لایەن میدیاكان و خەڵكەوە قبوڵکرا  هەرچەندە شک و گومانێکی زۆر هەبوو لەسەر ڕاستییەکەی، بەڵام بۆ یەكلایی كردنەوەی ئوسامە بن لادن لە ساڵی ٢٠٠٤ و لە پێش ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٤دا دەرکەوت لە تۆمارێکی وێنەییدا و بەرپرسیاری ڕیکخراوی قاعیدەی لە ھێرشەکان ڕاگەیاندو گوتی ئیمە ئەنجاممان داوە، و بە پێی نووسینگەی لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان، (محەمەد عەتا سەید )کەسی بەرپرس بوو لە لە ئاڕاستەکردنی فڕۆکەی یەکەم و ھەر ئەو بە پلاندانەری سەرەکی ڕووداوەکانی تریش دانرا کە دواتر بە ١١ی سێپتەمبەر ناسرا.

دەگوترێت:
دوای ئەوەی شریتێكی ڤیدیۆیی ئوسامە بن لادن بڵاوكرایەوە و دانی بەوەدا نا كە ڕێكخراوی قاعیدە بەو كارە هەستاوە، ڕەخنەگرانی ئەو بابەتە گوتیان ئەو كەسەی نیشاندراوەو قسەی كردووە، بەهیچ شێوەیەك ئوسامە بن لادن نەبووە، بەڵگەشیان بۆ ئەوە ئەوەیە كە ئەوەی لە وێنەكاندا دەردەكەوێت بەدەستی چەپ شت دەنوسێت، ئەمە لە كاتێكدا كە ئوسامە هەرگیز دەستی چەپی بۆ نوسین بەكار نەهێناوەو خۆی ڕاستەیە، پاشان لە دەستیدا موستیلەی زێڕ –ئاڵتوون- دەبینرێت ، ئەمە لە كاتێكدا كە بەكارهێنان و لەدەستكردنی ئاڵتوون بۆ پیاوان ڕێگە پێدراو نیەو حەرامە.

ئەگەر لە حاڵێكدا ئەو گرتە ڤیدیۆییەش ڕاست نەبێت، ئەوا ئەدەبیات و مێژووی ئەلقاعیدە ئەوەی سەلماندووە كە ئەو ڕووداوە لەلایەن ئەندامانی ڕێكخراوی قاعیدەوە ئەنجام دراوە.  ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بریتی بوون لە 15 سعودی و 2 ئیماراتی و میسریییەك و لوبنانیەك و هەمووشیان ئەندامی قاعیدە بوون، هەموو میدیاكان كۆكن لەسەر ئەوەی ئەو تەنها میسرییەی كە لە گروپەكەدا بووە محمد عەتا بووە، دانانی پلانەكەو سەرجەم وردەكارییەكان لەلایەن ئەوەوە ئەنجام دراوەو لە ڕێگەی (رەمزی بن شەیبە)ەوە ئەنجام دراوە. كە خەڵكی وڵاتی یەمەن بووە. بەشێك لەو كەسانەش دەستگیركراون و براونەتە زیندانی گوانتانامۆ.


تەڕو وشك پێكەوە سوتان:
 بۆ ئەمریکا جەنگی دژە تیرۆر بووە دەستكەوتێكی گەورە كە بكەوێتەوە پێشی وڵاتانی رۆژئاواو جیهان و ڕۆڵی براگەورەیی بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە، ئەو بیانوویەكی بەدەستەوە گرت و لەماوەیەکی کورتدا شەیپوری جەنگ دژی تیرۆری لە دنیادا لێدا، سەرەتا ئەفغانستان و پاشان عێراق کرانە نۆبەرەی جەنگی دژە تیرۆر. هەردوو دەسەڵاتی تاڵیبان و بەعس، وەلانران و لەو نێوەشدا،  شوێنەواریك لە مەدەنیەت، ژێر بینای ئابوری، خزمەتگوزارییەکان و ژیانی ئاسایی نەمایەوە. بەهەزاران خەڵكی سڤیل و بێتاوان لە ئاگری جەنگ و پاشان لە بەیەکدادانی تیرۆریستیدا بونە قەرەبروت، خۆ ئەگەر نەكوژرابن، ئەوا بریندارو بێسەروشوێن كراون.

پورەدانی تیرۆریستان:
دوای ڕاگەیاندنی شەڕی دژەتیرۆری گشتگیر دەیان و سەدان بەچکە سەدام، سەدان باندی تیرۆریستی شیوە تاڵیبانی، سەریان بەرزکردەوەو لەدایك بوون، ئەوان بیانووی مەزڵومیەتی خۆیان بەرزكردەوەیەوە. ژینگەی تیرۆر فراونترو بەرینتر بوو. کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەگشتی كەوتە ژیانێكی  نائارام و چاوەڕێی جەنگی گشتی و جیهانی سێیەم دەکرا. هەموو گۆشەو کەنارێکی دنیا بوونە دورگەی نائارام و ترس. هەواڵی کردەوە و شەرە تیرۆریستەکان بوونە سەردێری یەکەم هەوڵی نزیک بەیەکی میدیای بینراو بیستراو نوسراو. ئەگەر قاعیدە تەنها ڕێكخراوێكی تیرۆرستی جیهانی بووبێت، ئەوا لە دوای ئەو چەندانی دیكە لە ژێر ناو و ناونیشانی جیاوازدا دەركەوتن كە مەترسیدارترینیان (بۆكۆحەرام)و پاشان (داعش)بوون. شارەزایان باس لەوە دەكەن ئەگەر قاعیدە لەئاستی فەرمانڕەوا ناوخۆییەكاندا دەست و دەمی پاراستبێت و سەری ڕمەكەی لە ئەمەریكا و رۆژئاواییەكان بوو بێت، ئەوا ئەوانی دیكە تەڕو وشكیان پێكەوە دەستوتاندو تەنانەت شۆڕدەبوونەوە بۆناو پەیوەندیە كەسیەكان و قسەیان لە سەر هەموو شتەكانی تاك بەتاكی كۆمەڵگەكان دەكرد. چەكی تەكفیریان خستە سەر زاری هەمووان و ڕێگەیان كردەوە بۆ ڕژانی خوێنی هەزاران كەس لەبەر ئەنجامدانی ئاكار و ڕەفتارێكی خیلافی و بچووكیش.

 دروستبوونی گومان:
جەنگی دژە تیرۆرەكەی ئەمەریكا، دنیای دابەشی دوو بەرەی جەنگ كرد، هەرندێك لەوانەی نەچوونە ژێر باری ئەو بەرەیەی كە ئەمەریكا كردیەوە گوتیان تیرۆریزم دوو بەشە، تیرۆرزمی نێودەوڵەتی بەسەرکردایەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەكانیەتی، چوون ئەگەر ڕوخاندنی دوو تاوەرو كوشتنی ژمارەیەك خەڵكی دیاریكراو ڕێكخراوێك بكاتە تیرۆریست، ئەی چۆن تێكدانی دوو وڵات و دەرهێنانی لەڕەگ و ڕیشەوە چی پێدەگوترێت؟  هەرچی بەشی دووەمیشە، تیرۆریزمی کوێرانەی رەوتە ئیسلامییەكان بوو. هەموو رووداو کێشمەکێشێکی ناو ئەم گۆی زەوییە کەوتە ژێرکاریگەری ئەم جەنگی تیرۆرستییە تا ئەو ڕادەیەیی دەستێوەردانی ئەمریکا لەزوربەی زۆری جەنگ و کیشمەکیش و روداوەکانی دنیادا بووە راستیەکی حاشا هەڵنەگرو ڕێگە پێدراو. هیچ جموجۆل و رووداو جەنگ و ڕوبەروبوونەوەیەک نەما مۆری هەژمونی ئەمریکا پێوە نەلکێ، هەربۆیە بەشێك لە شرۆڤەكاران باسیان لەوە دەكرد پێدەچێت ئەو هێرشە پلان بۆداڕێژراوی خودی ئەمەریكیەكان بێت، ئەگینا ئەو كەسانە چۆن توانییان ئەو هەموو وردەكارییە لەناو دەزگای فڕۆكەوانی ئەمەریكادا ئەنجام بدەن؟ یان چۆن سیستەمی بەرگریەكانی ئەمەریكا ڕێگرییان لە ئەنجامدانی دوو هیرشەكەی دوای هێرشی یەكەم نەكرد؟

فڕۆكەكان چی بوون؟
ھەندێک ئاماژە بەوە دەدەن، کە ئەو دوو فڕۆکەیەی ھێرشیان کردە سەر تاوەرەکان بێ پەنجەرە بوون و كاتێك لییان ورد دەبیتەوە هەستدەكرێت فڕۆكەكان لە فڕۆكەی ئاسایی نەفەر هەڵگر نین، ئەمەش وا ئەکات کە زۆرکەس بڕوایان وایە ئەوانە فڕۆکەی جەنگی بوون نەک مەدەنی، و لە خوارەوەی ھەر یەکێکیانداڕۆکێتێک ھەبوو کە لە فڕۆکەی مەدنیدا نیە، و لە فێدیۆی ڕووداوەکەدا ئەبینرێت چەند ساتێک پێش بەیەکدا کێشانەکەدا لەو شوێنەدا گڕدەسێنێت ، لە كاتی پێداكێشانی فڕۆكەی دووەم بە تاوەری دووەمیش دا بەجۆرێك خۆی ڕێكدەخاتەوە كە دەڵێی زۆرشارەزایانە كارەكە دەكرێت، بەجۆرێك شارەزایانی ئەندازیاریی باس لەوە دەكەن كە سەنتەرو چەقی هەر مادەیەك بایەخی هەیە لە تێكشكان و ڕووخانی ئەو مادەیەدا. هەروەك شارەزایانیش باسی دەكەن فڕۆكەكان هەڵگری بڕێكی زۆر بەنزین بوون. ئەمەش بەو مانایە دێت كە هەموو ئامادەكارییەكان بە ئاسایی ئەنجام دراون و فرۆكەكان بە هەمان فیلتەرو سیستەمی ئاساییدا تێپەڕیان كردووە.

تەقینەوەی دیكە:
بە پێی وتەی ئەو كەسانەی كە لە نزیكی ڕوداوەكەبوون، یان قسەی پیاوانی ئاگركوژێنەوە كە گەشتبوونە قاتی 78 ، گوایە لەناو بیناكەدا دەنگی تەقینەوە هەبووە، هەرچەندە لێكۆڵینەوە فەرمیەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا لەبارەی ئەم دەنگۆیانەوە بێدەنگی هەڵبژاردووە، بەڵام ئەگەر وابێت ئەوا  گومانی دیكە دێتە كایەوە، ئەویش ئەوەیە كە بەشێك لە دەسەڵاتداران ئاگایان لەو پلانە هەبووە كە ویستویانە ئەو دوو تاوەرە بڕوخێت و لە جێگەی ئەوان شتی تر دروستبكرێت، یەكێك لەو بەڵگانەی لایەنگرانی ئەم بۆچوون پشتی پیدەبەستن ئەوەیە بۆچی بیناكانی دیكە زیانی ئەوتۆیان بەرنەكەوت و ئەوان بە شێوەیەكی ئەندازەیی پێشكەوتوو هاتنە خوارەوە؟


دوو تاوەرەكە:
پێکھاتنی بورجەکانی ناوەندی بازرگانی جیھانی لە ڕووی بیناوە لە پێکھاتنی بینا نویکانی ئێستا بوو، تا 11 سێبتەمبەر لە سەر ئاستی هەموو جیهان بە بەرزترین تاوەری جیهان دادەنرا، بەرزیی تاوەرەکان ئەگەیشتنە ٤١٥ و ٤١٧ مەتر، و بەرزترین بینا بوون لە کاتی دروستکردنیاندا لە ساڵی ١٩٧٠، و ئەندازەی تاوەرەکان ھۆکاربوو بۆ ئەوەی کە بورجەکان بۆ ماوەی سەعاتێک خۆیان بگرن لە دوای پێکدادانەکە و ئەمەش بوو بە ھۆی ڕزگارکردنی ھەزاران کەس لە ڕووداوەکەدا.

و پێکداکێشانی فڕۆکەی یەکەم چەند پایەیکی بیناکەی تێکشکاند و ئەمەش بوو بە ھۆی لاوازکردنی پەیکەری بیناکەو دارووخانی ناوەندەکەی، تاکو ڕووخانی یەک نھۆم بەس بێت بۆ کەوتنی ھەموو نھۆمەکانی سەرەوە و بەشەکانی تری بیناکە بەر لێدان ئەکەوتن لەگەڵ ڕووخانی ھەر نھۆمێکدا کە ئەمەش بوو بە ھۆی ڕووخانی ھەموو بیناکە نھۆم لە دوای نھۆم و بەخێراییەکی زۆر و بە شێوەییەکی یەک لە دوای یەک، و بورجی دووەم کە فڕۆکەی دووەم خۆی پیاکێشا زووتر داڕما و ڕووخا لە پێش بورجی یەکەمەوە. دووەم بورج ماوەی ٥٥ خولەك خۆی ڕاگرت لە کاتێکدا ئەوی تریان سەعاتێک و چل دەقە خۆی ڕاگرت پێش ئەوەی بڕوخێت، وەك شارەزایان باسی دەكەن ئەگەر (باڵابەر- مەصعەدە)ەكانی ناو ئەو دووتاوەرە پەكیان نەكەوتایە پێدەچوو كەمترین زیاننی مرۆیی لێبكەوتایەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ژماریەك هاوڵاتی لەئەنجامی ترس و شۆكێكی زۆر لە بەرزاییەكی زۆری تاوەری یەكەمەوە خۆیان فڕێ دەدەنە خوارەوە.

ئاگر كوژێنەوە:
بە پێی وتەی شارەزایان دروستكردنی تاوەرەكان زۆر گەشەیان كردووە، بەڵام هاوشانی ئەو گەشەكردنە سێكتەری ئاگركوژێنەوەو فریاكەوتن گەشەی نەكردووە، بۆیە ئەگەر سیستەمی بە هاناوەچوون و ئاگر كوژێنەوە هاوشانی بینا بەرزەكان بوایە ئەوەندە زیانی لێنەدەكەوتەوە، چوون زیاتر لە هەزار كەس لەناو ئاگرەكان و لەسەر قادرمەكان گیران خواردبوو، هەربۆیە كاتێك بە پێوەری كلاسیك و ئەزموونی لە پێشینەی ئاگركوژێنەوەكان مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕوداوەكرا، ژمارەیەكی زۆر لە فەرمانبەرانی ئاگركوژێنەوەش بوونە قوربانی.


زیانەكان بەژمارە:
بە پێی ئامار و بەدواداچوونەكانی لایەنە پەیوەندیداری ئەمەریكا گۆڕانكاری زۆر ورد ڕویانداوەو ئەو ژمارانەی كە تۆمار كراون هەر ئەوە نیە دوو بورجی بازرگانی لەگەڵ كۆمەڵێك كارمەندو بەرپرسی پلە مام ناوەندی ئەمەریگی گیانیان لەدەست دابێت، بەڵكو ژمارەكان زۆر لەوە وردتر بەدواداچوونیان بۆ كراوە، هەفتەیەك لە دوای ڕوداوەكە، 25% ی رێژەی بەكارهێنانی مادە كحولیەكان بەرزبووەتەوە، 10% بەكارهێنانی جگەرە زیادی كردووە، پۆلیسی فیدراڵی و لایەنی پەیوەندیدار نەیانتوانیوە سندوقی ڕەشی هەر دوو فڕۆكەكە بدۆزنەوە كە لێرەدا گومانی زۆر لەسەر دۆخەكە زیاتر دروست دەكات، بەو پێیەی هیچ فڕۆكەیەك ڕێگەی پێنادرێت بچێتە بۆشاییەكانی ئاسمان تا پشكنینی تەواوی  بۆ نەكرێت، لە كۆی2973 كەس كە لەناو تاوەرەكاندا بوون تەنها تەرمی  219 كەسیان دۆزراونەتەوە. ئەو كەسانەی گیانینان لەدەست دا لە 80 نەتەوەو ڕەگەزی جیاواز پێكاتبوون. ئەوانەی كەوتبوونە ژێر دارو پەردوو لە ماوەی دوو رۆژی یەكەمدا 20 كەس بوون. 38 ژن سكەكانیان لەبارچوو، ئەوەش لە ئەنجامی خورپەو دڵەڕاوكێ و ترسی لەناكاوو زۆر.


دوای ئەوەی 100 رۆژ تیپەڕی كرد ئەوجا ئەو ئاگرەی كەوتبوویەوە لە ئەنجامی تەقینەوەكە كوژایەوە، ئەو كەسانەی كاریان لەخاوێنكرنەوەی شوێنەواری كارەساتەكەدا كردووە، دوای ساڵێك بۆیان دەركەوتووە 100 كەسیان تووشی شێرپەنجەی سیەكانیان بوون. ئەمە سەرەڕای ئەو زیانە زۆرەی بەر ئابووری وڵاتی ئەمەریكا كەوت و تەنها لە ناو بیناكەدا 100 ملیۆن دۆلار زیانی بەركەوتووە، بەدرێژایی مێژووی ئەمەریكا یەكەمجار بوو بۆ ماوەی 3 رۆژ لەسەریەك جموجوڵی فڕۆكەوانی لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا ڕابگیرێت جگە لەو فڕۆكانەی كە بەفەرمانی تایبەت دەچوونە بۆشاییەكانی ئاسمان، بزوێنەری یەكێك لەو فڕۆكانەی كە خۆیان كێشا بەو تاوەرانەدا بەساغی دۆزراوەتەوە هەرچەندە تەقینەوەی هەردوكیان و ڕووخانی ئەو دوو تاوەرە گەورەیە دەبوو زیانی گەورەیان لێبدات. بە هەزاران كرێكارو ئەندازیارو تیمی هونەری ماوەیەكی زۆر كاریان تێدا كردتا توانییان 21 ملیۆن تەن لەپاشماوە بگوازنەوەو خاوێنی بكەنەوە. بڕی تێچوونی خاوێنكردنەوەكەی 57 ملێۆن دۆلاری تێچووە، 350 هەزار تۆن لە ئاسنیان ناردەوە كارگەكانی تواندنەوەی ئاسن بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بەكاری بهیننەوە، لەكاتی ڕوداوەكەدا زۆرترین وشە (ئەی خوایە- مای گەد)بووە، بە پێی ئاماریكی كۆمپانیای گوگڵ لە ماوەی یەك ساڵدا زۆرترین سێرچ بۆ (ناوەندی بازرگانی جیهان، ئوسامە بن لادن، نۆسترادامۆس، وەزیری بەرگری ئەمەریكا، ئەفغانستان، محمد عەتا )كراوە.

كۆتایی نەهاتووە:
دۆسیەی 11 سێبتەمبەر تەنها ڕوداوێك و ڕوخاندنی دووتاوەرو كوشتنی چەند هەزار كەسێك نەبوو، بەڵكو خاڵی وەرچەرخانی مێژووی پەیوەندیەكانی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا بوو، دەستگیرێك بوو بۆ ئەمەریكیەكان كە براگەورەیی خۆیانی پێ بێیننەوە پێش و بەڵگەیەكی گەورەش بوو بۆ ئامادەبوونیان لە ناوچەكەدا، هەروەها بی تاوانباركردن و تێوەگلانی هەر لایەن و دەوڵەتێك كە بیانەوێت تێوەی بگلێنن، ئەوەتا سعودیەو ئیمارات و یەمەن و تەنانەت ئێرانیش بەوە تاوانبار دەكەن كە هاوڵاتیەكانیان ڕۆڵیان هەبووە . هەربۆیە دەكرێت بگوترێت ئەمەریكا توانی 11 سێبتەمبەر بەباشی بۆ خۆی بەكاربهێنێت و ئەوەی بیەوێت ئەنجامی بدات بەو پاساوە بۆی دەچێتە سەرو كەسیش نیە بڵێت حەقت بەدەستەوە نیە. كەواتە ئەوانەی كە دەڵێن قاعیدە گەورەترین خزمەتی بە ئەمەریكا كردووە دوور نیە لە ڕاستیەوە