ڕاپۆرتی جیهانی

02:50 - 16/09/2019

کۆتایی پەیماننامەی لەناوبردنی چەکە ئەتۆمییە مەودا کورتەکان لەنێوان ئەمریکا و روسیادا‌

پەیسەر

دووی ئابی ئەمساڵ ئەمریکا لە پەیماننامەی چەکە ئەتۆمییە مەودا کورت و مامناوەندەکان پاشەکشێی کرد. پەیماننامەکە ساڵی ١٩٨٧ و لە سەردەمی جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتی جاراندا لە واشنتۆن لەلایەن ڕۆناڵد ڕیگانی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا و میخایل گۆرباچۆڤی سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەتەوە واژۆکرا.

بە پاشەکشێکردن لە پەیماننامەی چەکە ئەتۆمییەکان، ئەمریکا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ لەماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا لە سێ پەیماننامە و ڕێککەوتننامەی جیهانیی و ستراتیژی پاشەکشێی کردووە. ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆیەک، پەیماننامەی کەشوهەوای پاریس لەگەڵ پەیماننامەی چەکە ئەتۆمییە مەودا کورت و مامناوەندەکان لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی جاران.

ڕاگەیاندنی بڕیاری پاشەکشێ لە پەیماننامەی چەکە ئەتۆمییەکان چەندین خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کرا و چەندین پرسیاری بەدوای خۆیدا هێنا. ئایا سەرەتای جەنگێکی دیکەی ساردە لەنێوان ئەمریکا و روسیا؟ ئەمریکا دەیەوێ ڕێککەوتنێکی نوێ لەبارەی چەکە ئەتۆمییەکانەوە بکات؟ پەیوەندی بە تاقیکردنەوەی موشەکێکی ئەتۆمی روسیاوە هەیە؟ لەگەڵ چەندیدن پرسیاری دیکە.

پەیماننامەی ١٩٨٧ چیە؟
ساڵی ١٩٨٥ کە میخایل گۆرباچۆڤ بووە سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت، سیاسەتەکانی یەکێتییەکە پێیاننایە قۆناغێکی نوێوە. سۆڤیەت و ئەمریکا بەڕووی یەکتردا کرانەوە و گفتوگۆ و دانوستان دەستیانپێکرد.

دوای دوو ساڵ ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت پەیماننامەیەکیان بۆ لەناوبردنی موشەکە ئەتۆمییە مەودا کورت و مامناوەندەکان واژۆکرد. هۆکاری واژۆکردنی ئەو پەیمماننامەیە دەگەڕێنرێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی موشەکی مەودا ناوەندەکانی سۆڤیەت بەناوی ئێس ئێس ٢٠.

سەرەتای پەیماننامەکە بە ئەنجامدانی سێ کۆبوونەوەی لوتکە لە نێوان گۆرباچۆڤ و ڕیگان دەستیپێکرد و دواتر بە پەیماننامەیەکی مێژوویی ناوبرا.

بەپێی پەیماننامەکە دەبوو ئەمریکا و سۆڤیەت  تا ساڵی ١٩٩١ سەرجەم ئەو موشەکە ئەتۆمیانەیان لەناوببەن کە مەوداکانیان لە نێوان ٥٠٠ بۆ ٥٥٠٠ کیلۆمەتردا بوو، ژمارەیان دوو هەزار و ٦٩٢ موشەک دەبوو.

هەردوولاش بەڵێنیاندا هیچ جۆرە موشەکێکی بالیستی یان باڵدار یان مەودا ناوەند دروست نەکەن و تاقی نەکەنەوە و بڵاونەکەنەوە.

 ئەو موشەکانەی پەیماننامەکە دەیگرتنەوە (بیرشینگ ١ و٢)ی ئەمریکی و (ئێس ئێس ٢٠)ی سۆڤیەت بوون و ٤%ی جبەخانەی ئەتۆمی هەردوو وڵاتەکەیان پێکدەهێنا.

تا ساڵی ١٩٩١ یەکێتی سۆڤیەت هەزار و ٧٩٢ موشەکی (ئێس ئێس ٢٠) و ئەمریکاش ٨٥٩ موشەکی (بیرشینگ)یان لەناوبرد.

بەندێکی پەیماننامەکە باس لەوە دەکات کە هەر یەکێکیان مافی ئەوەی هەیە پەیماننامەکە هەڵبوەشێنێتەوە بەڵام بەو مەرجەی بەڵگەی پێویست بۆ چوونە دەرەوەکەی بدات بە دەستەوە.

بۆچی ئەمریکا کشایەوە؟
٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ بۆ یەکەمجار دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە پەیماننامەی موشەکە ئەتۆمییە مەودا کورت و مامناوەندەکان دەکشێتەوە.

ناوبەناو ڕوسیا و ئەمریکا یەکتریان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە پەیماننامەکەیان پێشێلکردووە. ئەمریکا ڕوسیای بە پەرەپێدانی جۆرێکی تایبەت لە موشەک و تەرخانکردنی بودجەیەکی زۆر بۆ پەرەپێدانی سیستمە موشەکییەکەی تۆمەتبار دەکرد. ڕوسیاش ڕەخنەی لە پەرەپێدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا دەگرت و دەیگوت، واشنتۆن سەکۆی موشەکی ئێم کەی ٤١ ی لە کەشتییەکانییەوە بردووەتە سەر زەوی و لە رۆمانیا و پۆڵەندا جێگیری کردوون.

بەڵام ڕوسیا وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان بە پێشێلکردنی پەیماننامەکە، بۆچوونێکی تری لەبارەی پاشەکشێی ئەمریکا هەیە و دەڵێت: واشنتۆن دەیەوێت ببێتە تاکە جەمسەری جیهان و هیچ وڵات و هێزێک شان لە شانی نەدات. بەڵامئەمریکا لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو نابێ.

کێبڕکێی خۆپڕچەککردن دەستپێدەکاتەوە؟
ئیستا ئەگەری سەرهەڵدانەوەی جەنگێکی سارد یەکێکە لە ئەگەر و مەترسییە جدییەکان لەئارادایە. چەند کاتژمێرێک دوای پاشەکشێی ئەمریکا لە پەیماننامەی موشەکە ئەتۆمییە مەودا کورت و مامناوەندە ئەتۆمییەکان، کارلا گریسۆن وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، دەستیانکردووە بە دروستکردنی جۆرێک موشەکی زەوی بە ئاسمان کە پێشتر بە پێی پەیماننامەکە قەدەغەبووە.

گوتەکان پێچەوانەی کردارەکانن، لەلایەک وەزارەتی بەرگریی دەڵێت، واشنتۆن ناچێتە کێبڕکێ خۆپڕچەککردن لەگەڵ روسیا، لەولاشەوە هەردوو وڵاتە ئەتۆمییە زلهێزەکە جۆرێکی نوێی موشەکی مەودا ناوەند پەرەپێدەدەن.

کاردانەوەی ڕوسیا بەرامبەر بڕیاری پاشەکشێی ئەمریکا توند بوو. دەستبەجێ ڤلادیمێر پوتین کارکردنی وڵاتەکەی بە پەیماننامەی موشەکە ئەتۆمییە مەودا کورت و مامناوەندەکان هەڵپەسارد و دەمودەست ڕەزامەندی لەسەر بەرهەمهێنانی موشەکێکی مەودا ناوەند نیشاندا کە خێراییەکەی لەخێرایی دەنگ زیاترە.

سەرۆکی ڕوسیا هەڕەشەی ئەوەشی کرد، ئەگەر ئەمریکا موشەکەکانی لە وڵاتانی ئەوروپا جێگیربکات، روسیاش هەمان هەنگاو دەنێ، جۆرێک موشەک جێگیر دەکات کە توانای بە ئامانجگرتنی ئەمریکای هەیە.
لە بەرامبەریشدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گوتی: جبەخانە ئەتۆمییەکەمان نوێ دەکەینەوە و هیوادارم ناچار نەبین جبەخانە ئەتۆمییەکەمان بەکاربهێنین. زیاتریشی گوت، "بەپێی مادەی دووەم لە دەستوری ئەمریکا سەرۆک مافی هەیە هەرچی دەیەوێت بیکات".

هەڵوێستی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا
روسیا هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ" هەموو جارێک کە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ گرژییان تێدەکەوێ، هەم وڵاتانی ئەوروپا و هەم ناتۆش لایەنگریی واشنتۆن دەکەن.

مەترسییەکانی ئەوروپا لە هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەکەی نێوان روسیا و ئەمریکا لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە موشەکە مەودا کورت و مامناوەندەکانی روسیا، دەگەنە بەرلین و پاریس و لەندەن نەک واشنتۆن و نیویۆرک. ئەمریکاش ئەوە دەزانێ کە روسیا لە نزیک سنوورەکانی ئەوروپا چەندین موشەکی کروزی جێگیرکردووە و ئەوەشی کردووە بە بەڵگە بەسەر روسیاوە بۆ کشانەوە لە پەیماننامەکە.

ئەوروپا و ناتۆ لەسەرەتای پاشەکشێی ئەمریکا لە پەیماننامەکە ڕایانگەیاند، لەگەڵ ئەوەدانین دووبارە کێبڕکێی خۆپڕچەککردن و جەنگێکی سارد لەنێوان، ئەگەر ڕاستبێت بوترێت هەردوو بلۆکی خۆرهەڵات و خۆرئاوادا، دەستپێبکاتەوە.

ئەی چین چ کارەیە؟
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بە کشانەوە لە پەیماننامەکە دەیەوێت گۆمەکە بشڵەقێنێ، زۆر ڕاشکاوانەش باسی لەوە کرد، دەیەوێت ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ سنوردارکردن و ڕێگرتن لەچەکی ئەتۆمی لەگەڵ روسیا و چینیش واژۆبکات.

ترەمپ خۆی دەڵێت: ئەگەر گەیشتین بە ڕێککەوتنێک بۆ کەمکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانمان، ئەوە دەبێتە شتێکی نوێ بۆ جیهان.

لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، ناوهێنانی چین لەو بابەتەدا لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ 
چین یەکێکە لەو وڵاتانەی سەرقاڵی پەرەپێدانی توانا موشەکییەکانیەتی، بە تایبەت موشەکە مەودا ناوەندەکان و بڵاوکردنەوەی لە خۆرهەڵاتی ئاسیادا بەبێ ئەوەی هیچ کۆت و بەندێکی لەسەربێ.

لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩دا چین ٢٨٥ ملیار دۆلاری لە پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانیدا خەرجکردووە، کە ٨٥ ملیار لە خەرجی روسیا لەو بوارەدا زیاترە.

ئەم هەنگاوەی چین ترسی لای ئەمریکا دروستکردووە تا ئاستی ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا بە مەترسییەکی ستراتیژی بزانێت.

پێشتر ئەمریکا داوایکرد چینش بهێنرێتە ناو ڕێککەوتنەکەوە، بەڵام روسیا ڕەتیکردەوە و پێیوایە چین پەیوەندی بەو بابەتەوە نییە.

دەسەڵاتدارانی چین توانا ئەتۆمییەکانیان لەو ئاستەدا نابینن کە شان لە شانی روسیا و ئەمریکا بدەن تا پێویست بکات بچنە ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمییەوە، ئەگەر ڕێککەوتنەکە بکرێت.

ئەمریکا موشەکەکانی چین بەمەترسی دەزانێ بۆ سەر ئەو کەشتیانەی لە ئاوەکانی باشوور و خۆرهەڵاتی چیندا هەن. دووری ئەو کەشتیانە لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کۆریای باشوور و ژاپۆنەوە بە جۆرێکە بەهاناوە چوون و فریاکەوتنیان لەکاتی بەرکەوتنیان، پێویستی بە ٦ بۆ ٨ ڕۆژە. بەو حاڵەشەوە ڕەوانەکردنی کەشتیە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ ئاوەکانی دەریای چین ڕیسکێکی مەترسیدارە، چونکە دەتوانرێ ئەو کەشتیانە بە ئاسانی بکرێنە ئامانج.

ڕێککەوتنەکانی دکە چییان بەسەردێت؟
ئەگەر پاشەکشێی ئەمریکا لە پەیماننامەی موشەکە ئەتۆمییە مەودا کورت و ناوەندەکان  و هەڵپەساردنی لەلایەن روسیاوە هێندە مەترسی لێبکرێت، ئەی ڕێککەوتنەکانی ستارت  ١ و ٢ و ٣ چییان بەسەردێت و پاشەکشێکردن لێیان چ مەترسیەکی لێدەکەوێتەوە؟
ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتی جاران و روسیای ئێستا سێ ڕێککەوتنی ئەتۆمی دوو قۆڵییان واژۆکردووە کە بە ڕێککەوتنەکانی ستارت ناسراون.

یەکەم ڕێککەوتنیان مانگی تەمموزی ١٩٩١ لە نێوان میخایل گۆرباچۆڤی سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت و جۆرج بوشی باوکدا لە مۆسکۆ واژۆکرا. ڕێککەوتنی دووەم کانونی دووەمی ١٩٩٣ لە نێوان بۆریس یەڵتسن سەرۆکی ئەو کاتی روسیا و جۆرج بوشی باوکدا لە مۆسکۆ واژۆکرا. ڕێککەوتنی سێیەمیش جێی ئەو دوو ڕێککەوتنەی گرتەوە و نیسانی ٢٠١٠ لە براگی پایتەختی چیک لەلایەن دیمتری مێدڤێدێڤی سەرۆکی ئەو کاتی روسیا و باراک ئۆبامادا واژۆکرا.

هەرسێ ڕێککەوتنەکە تایبەت بوون بە کەمکردنەوەی چەکە ئەتۆمییە ستراتیژییەکانی هەردوولا.

بەپێی ڕێککەوتنەکە دەبێت روسیا و ئەمریکا کڵاوە ئەتۆمییەکانیان بۆ هەزار و ٥٥٠ کڵاوەی ئەتۆمی و موشەکە کیشوەربڕە بالیستییەکانیشان بۆ ٧٠٠ یەکە کەمبکەنەوە. ڕێککەوتنەکە بەجۆرێک بوو کە لە ماوەی ١٠ ساڵدا جێبەجێ بکرێت و ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ بۆ دانراوە.

دەکرێت بوترێت سەردەمی سەرۆکایەتی ترەمپ، سەردەمی پاشەکشێی ئەمریکایە لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە ستراتیژییەکان، کە چەندین ساڵە جیهان بەهۆی ئەو ڕێککەوتنانەوە تا ئاستێکی باش لە سەقامگیریدایە.

ئەو مەترسییەش کە لە ئێستادا لەدەرگای جیهان دەدات دووبارە سەرهەڵدانەوەی جەنگێکی ساردە لە نێوان ئەو دوو زلهێزەی جیهان و هاوپەیمانەکانیان، کە دوور نییە ئەمجارە چەند وڵاتێکی دیکەش تێوەبگلێن یان خۆیان بەشداری تێدابکەن.