ڕاپۆرتی جیهانی

05:55 - 24/09/2019

ئه‌و نۆتێلایه‌ی به‌عاره‌قی ناوچاوانی منداڵانی كورد دروستده‌كرێت‌

پەیسەر پرێس

توركیا پشكی به‌رهه‌مهێنانی سێ له‌سه‌ر چواری بندوقی جیهانی به‌رده‌كه‌وێت، دیارترین كڕیاری توركیاش بۆ بندوق كۆمپانیای به‌ناوبانگ (فێرێرۆ)یه‌ كه‌ شۆكۆلاته‌ی نۆتێلا به‌رهه‌مده‌هێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بندوقه‌كان كۆده‌كاته‌وه‌ تا جیهان ده‌می به‌ نۆتێلا شیرین بكات، خێزانی كۆچبه‌رانن و له‌نێویشیاندا ژماره‌یه‌كی زۆر منداڵ هه‌یه‌، كه‌ چه‌ندین كاتژمێری درێژ به‌رامبه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌كی كه‌م كارده‌كه‌ن، كه‌واته‌ ئێستا كۆمپانیای به‌ناوبانگی  فێرێرۆ له‌به‌رده‌م ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌دایه‌ كه‌"چیده‌كات بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی به‌شێوه‌یه‌ك به‌ ده‌ست نایه‌ت كه‌ تیایدا منداڵان ناچاری كاركردنی زۆر كرابن؟".

محه‌مه‌د كلاكجی، كه‌ فه‌رده‌یه‌كی گه‌وره‌ی بندوقی به‌ قه‌باره‌ی ٣٥ كیلۆگرام له‌سه‌ر سنگی هه‌ڵگرتووه‌ و هه‌ست به‌ قورسییه‌كه‌ی ده‌كرێت، ده‌ڵێت كاتێك گوێی له‌ وشه‌ی بندوق ده‌بێت مانای "خه‌م و كاری قورس" به‌و ده‌به‌خشێت.

كاره‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك قورسه‌ كه‌ كه‌سه‌كه‌ هاوسه‌نگی خۆی له‌ده‌ستده‌دات

له‌پاڵ محه‌مه‌د، له‌لێواری كێوێكدا خێزانێكی كوردیی كۆچبه‌ری دیكه‌ له‌نێو دره‌ختی بندوق ده‌بیندرێن، كه‌ باوكی خێزانه‌كه‌ گۆچانێك بۆ له‌راندنه‌وه‌ی لقی دره‌خته‌كه‌ به‌كارده‌هێنێت، بۆئه‌وه‌ی دواتر ژن و منداڵه‌كانی ئه‌و بندوقه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ سه‌ر زه‌وییه‌كه‌.

ئه‌م كاره‌ تاقه‌تپڕوكێنه‌ ڕۆژانه‌ بۆ ماوه‌ی ١٠ كاتژمێر به‌رده‌وام ده‌بێت، كاره‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك قورسه‌ كه‌ كه‌سه‌كه‌ هاوسه‌نگی خۆی له‌ده‌ستده‌دات، مسته‌فا و محه‌مه‌د دوان له‌و كه‌سانه‌ن كه‌ بندوق كۆده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام كاره‌كه‌ی ئه‌وان شێوه‌یه‌كی یاسایی نییه‌، چونكه‌ یه‌كه‌میان ته‌مه‌نی ته‌نیا ١٠ ساڵه‌ و ئه‌وه‌ی دووه‌میان ١٢ ساڵه‌، ئه‌وه‌ش كه‌مترین ته‌مه‌نه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی یاسایی له‌توركیا كاربكرێت.

ئه‌م دیمه‌نه‌ مانگی ئابی هه‌موو ساڵێك دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، كاتێك توركیا نزیكه‌ی له‌سه‌دا ٧٠ی به‌رهه‌می بندوق له‌ جیهان دابینده‌كات، زۆرینه‌ی ئه‌و كرێكارانه‌ی له‌و وه‌رزه‌دا به‌و كاره‌ قورسه‌ هه‌ڵده‌ستن له‌ باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی توركیاوه‌، ده‌چنه‌ شوێنی كۆكردنه‌وه‌ی بندوق و زۆرینه‌شیان كورده‌ هه‌ژاره‌كانن.

ته‌نیا ٩٥ لیره‌ (١٦دۆلار) بۆ هه‌ر رۆژێك كاركردن ده‌ده‌نه‌ كرێكاره‌ كورده‌كان

ده‌سه‌ڵاتدارانی ناوچه‌كه‌ ته‌نیا ٩٥ لیره‌ (١٦دۆلار) بۆ هه‌ر رۆژێك كاركردن ده‌ده‌نه‌ كرێكاره‌ كورده‌كان، ئه‌و پاره‌یه‌ش به‌گوێره‌ی كاتی كاركردنی ڕۆژانه‌ وه‌ربگیرێت كه‌مترین پاره‌ی یاساییه‌ بۆ كاركردن له‌ توركیا، كه‌ مانگانه‌ ده‌كاته‌ ٢٠٢٠ لیره‌، بۆ ٤٠ تا ٤٥ كاتژمێر كاركردنی قورس له‌هه‌فته‌یه‌كدا.

لای هه‌ندێك له‌ كرێكاره‌كان پاره‌كه‌یان بۆ ٦٥ لیره‌ داده‌به‌زێت، چونكه‌ له‌سه‌دا ١٠ی پاره‌كه‌ ده‌چێت بۆ ئه‌وكه‌سه‌ی كاره‌كه‌ی بۆ خێزانه‌ كورده‌كان دۆزیوه‌ته‌وه‌.

كازم یامان، خاوه‌نی یه‌كێك له‌ باخه‌كانی بندوقه‌، ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ منداڵان بۆ كاركردن ناچار بكات، به‌ڵكو ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌وه‌ خێزانی منداڵه‌كانه‌ وه‌ك ئامێرێك منداڵه‌كانیان بۆ كاركردن به‌كارده‌هێنن و ده‌یانه‌وێت له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ داهاتیان زیاد بكات.

 خێزانه‌كانیان هه‌ڕه‌شه‌ی جێهێشتنی كاره‌كانیان كردووه‌ گه‌ر منداڵه‌كانیان كارنه‌كه‌ن

كازم نایشارێته‌وه‌ خاوه‌نی باخه‌كانی دیكه‌ی بندوق كێشه‌یان له‌گه‌ڵ كاركردنی منداڵان نییه‌، چونكه‌ باوكی ئه‌و منداڵانه‌ سورن له‌سه‌رئه‌وه‌ی كار به‌ منداڵه‌كانیان بكه‌ن، ئه‌و ده‌شڵێت "هه‌وڵمداوه‌ نه‌هێڵم منداڵه‌كانیان كاربكه‌ن، به‌ڵام خێزانه‌كانیان هه‌ڕه‌شه‌ی جێهێشتنی كاره‌كانیان كردووه‌ گه‌ر منداڵه‌كانیان كارنه‌كه‌ن".

كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ له‌ توركیا نزیكه‌ی ٤٠٠ هه‌زار باخی بندوق هه‌یه‌، هه‌رجۆره‌ هه‌وڵێكیش بۆئه‌وه‌ی ڕێگریی له‌كاركردنی منداڵان له‌و باخانه‌ بكرێت ئه‌سته‌مه‌.

لقی توركیای كۆمپانیای ناسراو "فێرێرۆ" كه‌ خاوه‌ندارێتییه‌كه‌ی بۆ خێزانێكی ئیتاڵیی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و شۆكۆلاته‌ی نۆتێلا، فێرۆرۆ رۆشیه‌ و كینده‌ر دروستده‌كه‌ن، نزیكه‌ی سێ یه‌كی بندوقه‌كه‌یان له‌توركیاوه‌ به‌ده‌ستده‌هێنن، ته‌نیا ئه‌و شۆكۆلاته‌یه‌ی نۆتێلا به‌هۆی بندوقه‌كانی توركیاوه‌ دروستیده‌كات، یه‌كسانه‌ به‌ باڵه‌خانه‌ی ئیمپایه‌ر سته‌یت-ی ئه‌مریكی كه‌ نزیكه‌ی ٣٦٥ هه‌زار تۆنه‌.

كۆمپانیای فێرێرۆ له‌ جوتیاره‌كان ناپرسێت ئه‌و بندوقه‌ چۆن كۆكراوه‌ته‌وه‌

ئینجینای ئاكجای، كه‌ له‌شارۆچكه‌ی ئۆردو له‌سه‌ر ده‌ریای ڕه‌ش ده‌ژی و شارۆكه‌كه‌ی پشت به‌ به‌رهه‌مهێنانی بندوق ده‌به‌ستێت، له‌ جوتیاره‌كان بندوقی خۆی وه‌رده‌گرێت و له‌به‌رامبه‌ردا پاره‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌یان ده‌داتێ، ئه‌و زیاتر پشت به‌ كوالیتی بندوقه‌كه‌ ده‌به‌ستێت كه‌ دواتر چه‌ند ده‌توانرێت له‌ دروستكردنی شۆكۆلاته‌ سودی لێببیندرێت، پاشان بندوقه‌كه‌ به‌ كارگه‌ی ته‌كسیر یاخود كۆمپانیاكانی دیكه‌ ده‌فرۆشێته‌وه‌، تا ئه‌وانیش بیده‌نه‌ كۆمپانیای فێرێرۆ.

ئاكجار ده‌ڵێ، كۆمپانیای فێرێرۆ له‌ جوتیاره‌كان ناپرسێت ئه‌و بندوقه‌ چۆن كۆكراوه‌ته‌وه‌، یاخود بارودۆخی كاركردنی كرێكاره‌كان له‌ باخه‌كه‌یدا چۆنه‌، ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندیی به‌ كاركردنی منداڵانیشه‌وه‌ نییه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ ده‌بێت ده‌وڵه‌ت و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان چاودێریی بكه‌ن.

عوسمان جه‌قماق، یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی بندوق له‌ بازرگانه‌كان ده‌كڕێته‌وه‌ و پاشان به‌ كۆمپانیای فێرێرۆی ده‌فرۆشێته‌وه‌، هه‌مان قسه‌ی ئاكجای دووپاتده‌كاته‌وه‌ ده‌ڵێت "من ده‌كڕم و پاشان ده‌فرۆشمه‌وه‌، ئه‌سته‌مه‌ به‌دوای لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و هه‌زاران تۆنه‌ له‌بندوق بچم".

كۆمپانیای ڕۆشیه‌ له‌ساڵانی ڕابردوودا، چه‌ندین خولی كردووەته‌وه‌ بۆ شێوازی ئاماده‌كردنی بندوق له‌ كێڵگه‌كان، مافی كرێكاران و ڕێگریكردن له‌وه‌ی منداڵان له‌ كێڵگه‌كاندا كاربكه‌ن، كه‌واته‌ ئێستا پرسیارێك دێته‌ ئاراوه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ چۆن كۆمپانیا دڵنیاده‌بێته‌وه‌ له‌وه‌ی منداڵان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی بندوق به‌كارنه‌هێندراون؟

له‌به‌رامبه‌ردا بامسی ئاكین، به‌ڕێوه‌به‌ری لقی توركیای كۆمپانیای فێرێرۆ رۆشیه‌ ده‌ڵێت، كۆمپانیاكه‌یان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هیچ بارهه‌ڵگرێكی بندوقدا ناكات، ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت له‌ژێر بارودۆخێكی نایاسایی له‌كاتی به‌رهه‌مهێنانیدا ئاماده‌كراوه‌، ده‌شڵێت:"ده‌مانه‌وێت شێواز و ڕه‌وشتی كاركردن له‌م بواره‌دا باش بكه‌ین، به‌ڵام ئاخۆ سه‌رجه‌م ئه‌ڵقه‌كانی په‌یوه‌ندی نێوان به‌رهه‌مهێنان و فرۆشتن و گواستنه‌وه‌ به‌شێوازێكی دروست به‌ڕێوه‌ده‌چێت؟ ناتوانین له‌ئێستادا له‌وه‌ دڵنیابینه‌وه‌". ئاكینیش به‌هه‌مانشێوه‌ بێوه‌ڵامه‌ له‌ئاست كاركردن به‌ منداڵان له‌باخه‌كانی بندوق، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌گوێره‌ی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤـ به‌نایاسایی هه‌ژمارده‌كرێت.

به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی لقی توركیای كۆمپانیای فێرێرۆ، ئاماده‌یه‌ ناوی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ بخاته‌ڕوو كه‌ هه‌ڵسوڕێنه‌ری بازرگانیی بندوقن بۆ ئه‌و كۆمپانیایه‌، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا ده‌شڵێت ناتوانن له‌ ناوی سه‌رجه‌م خاوه‌نی باخه‌كانی بندوق دڵنیا ببنه‌وه‌.

من نه‌مخواردوه‌، ناشمه‌وێت بیبینم چونكه‌ بینینی ئه‌وه‌ خه‌م و هه‌ژاریم بیرده‌خاته‌وه‌

هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری لقی توركیای كۆمپانیای فێرێرۆ، ناتوانن به‌رامبه‌ر وێنه‌ی منداڵێك كه‌ له‌باخی بندوق كارده‌كات و بارێكی قورسی له‌شان ناوه‌ وه‌ڵامێكی دروست بداته‌وه‌.

خێزانێكی دیكه‌ی كورد، كه‌ له‌باوك و دایك و دوو كچ  و كوڕی گه‌وره‌ پێكهاتبوون، له‌ كوخێكی سه‌ره‌تایی نیشته‌جێبوون و بندوقیان كۆده‌كرده‌وه‌، دۆخی كوخه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بووه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ نه‌ ئاو، نه‌كاره‌با و نه‌ ئاوه‌ڕۆی تێدا بووه‌!

دایكی عایشه‌، یه‌كێكه‌ له‌ كرێكاره‌كان و پرسیارم لێكرد:"چه‌ند جار شۆكۆلاته‌ت به‌ بندوق خواردووه‌؟" به‌پێكه‌نینه‌وه‌ وه‌ڵامیدامه‌وه‌: "من نه‌مخواردوه‌، ناشمه‌وێت بیبینم چونكه‌ بینینی ئه‌وه‌ خه‌م و هه‌ژاریم بیرده‌خاته‌وه‌"