ڕاپۆرتی جیهانی

05:04 - 26/09/2019

زاناکان: زەمکردن بۆ مرۆڤ لە سێکس و خواردن گرنگترە‌

پەیسەر

هەموومان کەم یان زۆر لەپشتەملە باسی یەکتری دەکەین یاخود زەمی یەکتری دەکەین، بەڵام کەم کەس هەیە قبوڵی بکات زەمی کەسانی تر دەکات. زانایان دەڵێن، زەمکردن پێویستیەکی ئاساییە و هەندێک جار سوودیشی هەیە.

زانایان دەڵێن، ٪٦٥ تا ٪٩٠ی ئەو قسانەی مرۆڤێک لە ڕۆژێکدا دەیانکات، پەیوەندی بەو کەسانەوە هەیە کە لەو کاتەدا ئامادەنين. واتە لەپشتەملە باسکردنى خەڵكه‌. لەو بڕوایەشدان، ' زەمکردن بۆ مرۆڤ لە سێکس و خواردن گرنگترە'.

ژمارەیەک زانای هۆڵەندی لێکۆڵینەوەیان لە سەر زەمکردن کردووە و دەڵێن، "وا دەردەکەوێت، ئەو کەسانەی لەپشتەملە باسی خەڵکی تر دەکەن، هەوڵدەدەن شتێکی خراپ بکەن یان هەژموونی خۆیان لەناو کۆمەڵگادا فراوان بکه‌ن. بەڵام زەمکردن کارێکی ئەوەندە خراپیش نییە و پێویستیەکی قوڵی ناخی مرۆڤەکانە."

یان ئینگلمان دەرونناس لە زانکۆی برکلی  کالیفورنیا لەمبارەیەوە بۆ دویچەڤێلا وتی، "بە زەمکردن و پشتەملەقسەکردن، بۆمان دەردەکەوێت چ کەسێک دەتوانێت هاوکار و هاوبەشێکی باش بێت و دەبێت لە چ کەسێک خۆمان بەدووربگرین."

زەمکردن لەنێوان دوو کەسدا دەبێتە هۆی ئەوەی بۆمان دەربکەوێت، کەسانی دەوروبەر دەتوانن لە ژیانماندا سوودێکمان پێبگەیەنن یان دەبنە هۆی زیانگەیاندن. لە ڕاستیدا ئەوەی کە ئێمە بە نائەخلاقی دەبینین، یارمەتیمان دەدات لە دۆزینەوەی هاوڕێ و هاوسەر بڕیاری خۆمان بدەین. ئینگلمان دەڵێت، "ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە و منداڵانیش لەکاتی یاریکردن و دیاریکردنی هاورێکانیان، قسەدەکەن و یەکتری هوشیار دەکەنەوە."

بە پێی چه‌ند لێکۆڵینەوەیه‌ك، زەمکردن نەک یارمەتیمان دەدات خەڵکی دەوروبەر باشتر بناسین، بەڵکو گروپەکانیش زیاتر لەیەکتری نزیکدەکاتەوە. دوو کەس کە بە گوێچکەی یەکتردا دەچرپێنن، بێئەوەی هەستیشی پێبکەن دڵخۆش دەبن. زۆربەی ئەو کەسانەی زەمدەکە نیەتێکی خراپیان نییە، ئەوان حەز دەکەن هەواڵی نوێ ببیستن.

دەبێت بیرمان نەچێت، ئەندامانی گروپێکیش لەپشتەملە باسی یەکتری دەکەن. لەوانەیە ڕامان وابێت ئەمە ئەوپەری نائەخلاقیە! بەڵام زانایان وه‌ڵامێکی ئەرینیان بۆ ئەو پرسە هەیە و ده‌ڵێن، کەسێک کە لە چوارچێوەی گروپێکدا کاردەکات و دواتر سەرکەوتوو دەبێت، ڕووبەڕووی قسەی هاوکارانی دەبێتەوە و لەپشتەملە زەمی دەکەن، ئەمەش نیشانەی سەرکەوتنەکانیەتی.

بەو شێوەیە لە هەندێک حاڵەتدا زەمکردن لە بەرژەوەندی مرۆڤەکاندایە و بەو ڕێگەیە هەندێک زانیاری بەدەست دەهێنن کە هەژموونیان ببەسەر خەڵکانی تردا زیاتر دەبێت.
ئێمە کاتێک لەبارەی کەسی سێیەمەوە قسە دەکەین. کاریگەری لەسەر کەسی بەرامبەرمان دادەنێین. هەروەها کاتێک بەرامبەرەکەمان لەبارەی کەسێکەوە قسەدەکات، ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر بۆچوونمان دروست دەکات.

لە ئەنجامدا زۆربەی پێشبینیەکانمان لەبارەی کەسێکی ترەوە، لە ئەنجامی ئازارێکی ڕۆحیەوە سەرچاوە دەگرێت و جاری وا هەیە بە خراپە باسی کەسی سێیەم دەکرێت. بەو پێیە دوور نییە کە وەک هەڵوێستێکی نائەخلاقی لە کۆمەڵگادا ببینرێت. ئینگمان زانای ئەمریکی دەڵێت، کەس نایەوێت لە دەوروبەرەکەیدا زەمکردن هەبێت، لەبەرئەوەی دەترسێت زەمی ئەویش بکرێت. کاتێک کۆنتڕۆڵ لەدەستمان دەرچوو ناومان بە خراپی بڵاودەبێتەوە.

لە ئایینەکاندا زەمکردن بە کارێکی زۆر ناشیاو و خراپ لەقەڵەمدراوە و لە ڕۆژی دواییدا دەبێت باجەکەی بدات. لە ناو که‌لتووری کوردیشدا زەمکردن ناشیاوە، بەڵام زاناکان دەڵێن، پێویستە زەمکردن وەک کارێکی نائەخلاقی ته‌ماشانه‌كرێت. جاری واش هەیە به‌ زه‌مكردن سوود بە بەرامبەرەکەمان ده‌گەیەنین.

دەوترێت، پێویستە مرۆڤ رێگە بە خەڵک بدات زەمی بکەن لەبەرئەوەی، هەندێک جار ئەو کەموکورتیەی کە لە خۆتدا نایانبینیت، لە ڕێی زەمکردنەوە دەردەکەون و دەتوانین کەموکورتیەکانمان چارەسەر بکەین.