ڕاپۆرتی جیهانی

04:11 - 13/11/2019

بۆ ئەوەی تەندروست و دەوڵەمەندبن ئەوا سێکس بکەن‌

هێرش جەلال

ئەگەر كێشەی داراییتان هەیەو موچەو داهاتەكانتان بەشی تا سەری مانگت ناكات، بڕۆن كاری سەرجێیی –سێكس- بكەن. لەبەر ئەوەی توێژینەوە زانستییەكان سەلماندوویانە كاری سێكسی و سەرجێیی، تەنها بۆ لایەنی تەندروستی جەستەیی و دەروونیی پێویست نییە، بەڵكو پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ داهات و گیرفانیشدا هەیە.

توێژینەوەكان دەریانخستووە ئەگەر سەرجێیی تەنگەنەفەسی، نەخۆشییەكانی دڵ، جەڵتەش كەم بكاتەوە، ئەوا سودێكی دیكەشی ئەوەیە مرۆڤ بە گەنجی دەهێڵێتەوە. نەك هەر ئەوەندە بەڵكو دەوڵەمەندیشی دەكات.

ئەوانەی كە هەفتانە 2-3 جار سێكس دەکەن، سەرەڕای ئەوەی تەندروستی دەروونیی و جەستەییان زۆر باشترە لەوانی دیكە

سەرجێی ئاستی بەرهەمهێنان دەباتە سەرەوە
توێژینەوەیەكی پرۆفیسۆر نیك دریداكیس لە زانكۆی ئەنگیلارۆسكن-ی كامبردجی بەریتانی دەریخستووە پەیوەندی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان ئەنجامدانی كاری سێكسی و پرۆسەی بەرهەمهێنان و چالاكی فەرمانبەر و كرێكاردا. ئەوەش كاریگەری لەسەر داهاتی مانگانەی تاك دروست دەكات.

ئەو پرۆفیسۆرە كاری لەسەر 7500 قوتابی زانكۆكە كردووە، بەتایبەتی ئەوانەی كە هەفتانە 2-3 جار سێكس دەکەن، سەرەڕای ئەوەی تەندروستی دەروونیی و جەستەییان زۆر باشترە لەوانی دیكە، بەرهەم و چالاكیشیان 4-5 بەرامبەری ئەو كەسانەیە كە سێكس ناکەن.

دیرادیكس لەو توێژینەوەیەدا گەشتووەتە دوو دەرئەنجام:

1- هەركەسێك سەرقاڵی كاری سەرجێی بێت لەكاروبارەكانی ژیانیدا سەركەوتوو دەبێ و ئاستی بەرهەمهێنانیشی لەوانی دیكە باشتر دەبێت.

2- ئەوانەی لە كاروباری رۆژانەیاندا سەركەوتووبن زۆرتر دەكەونە بەرچاو و دەتوانن ببنە جێی سەرنجی ئەوانی دیكەوە. ئەوەش دەبێتە هۆی پەیوەندی زیاتر و دڵخۆشی زیاتریان بۆ بەرهەم دێت و داهاتیشیان زیاتر دەكات.

 

بەختەوەریی پێوەیە
ئەوەی كە سەرجەم توێژینەوەكان پێیگەشتوون ئەوەیە، دوای هەموو سەرجێییەك مرۆڤ هەست بە خۆشبەختی و ئارامیی دەروونی دەكات. پێگەی ئینتەرنێتی (میلتی كامبس) بۆچوونی كۆمەڵێك پسپۆڕی خستوەتەڕوو كە باس لەوە دەكەن سەرجێیی، كۆمەڵێك هۆرمۆن لەجەستەدا دەجوڵێنن كەلە جەستەی مرۆڤدا بەرپرسن لە دروستکردنی بەختەوەریی.

پزیشكی پسپۆڕیی بواری سێكس  ئارۆن گوش باس لەوە دەكات هۆرمۆنی (ئۆكسیتۆسین) دەبێتە هۆكاری كەمبوونەوەی خودپەسەندی و وامان لێدەكات كە بڕوامان بەوانی دیكەش هەبێـ و تێكەڵیان ببین. هەروەها بەرپرسە لە هێنانی خۆشبەختی بۆ خاوەنەكەی.

ساڵی 2004 هەردوو پسپۆڕ داڤید بلانشفلاور – ئەندرۆسواڵد لەو بوارەدا گەشتوونەتە دەرئەنجامێكی سەیر کە پێویستە هەمووان بە بایەخەوە لێی بڕوانن: ئەوانەی كە سەرقاڵی پیشەو كارێكن ئەگەر جوتبوونەكانیان زۆرتر بكەن، ئەوا داهاتی مانگانەیان زیاتر دەبێ و خۆشبەخت و ئاسوودەیان دەكات.

هەركاتێكیش مرۆڤ ئاسوودەبوو بێگومان داهاتیشی باشتر دەبێ و دەبێتە مرۆڤێكی سەركەوتوو. هەربۆیە ئەو دوو پسپۆڕە پێشبینی ئەوەیان كردووە بارودۆخی ئابووریی ئەو خێزانانە زۆر باشتر دەبێ لە جاران.

هەموو  پسپۆڕانەیش پییانوایە: چەپاندن، بێبەشبوون لە سێکس، نەخۆشیی دەروونیی و جەستەیی لێ دەکەوێتەوەو هەژاریی و كەم دەرامەتی بەداوی خۆیدا دەهێنێت.

سێكس لە خودا نزیكت دەكاتەوە
بە پێی بۆچوونی زانایانی موسڵمان، ئایینی ئیسلام گرنگییەكی لە رادەبەدەری بە جووتبوونی نێوان هەردوو رەگەز داوە، بەو مەرجەی بەو شێوەیەبێ كە ئیسلام دایناوە. تەنانەت پیاو چەند بچێتە لای ژنەكەی خێری بۆ دەنووسرێ.

هەوەها ئەو كردارە نهێنییە و نابێ لەنێوان خۆیان زیاتر كەسی تر بیزانن و بیپارێزن. باسكردنی یاخود بە ئاگاداری كەسانی تر كارەكە ئەنجام نەدرێت، گوناهە و حەرامە، چەندین دەقی قورئان باس لە جووتبوونی هاوسەرەكان دەكەن.

جووتبوونی ژن و مێرد لەبەردەمی كوڕ و كچەكان، كارێكی گوناهە، تەنانەت پێغەمبەر (د.خ) دەڵێت: "جێگەی نووستنی منداڵەكانتان جیا بكەنەوە" واتە ژن ومێرد بەیەكەوە بخەون، دوور لە چاوی منداڵەكانیان ئەو كارە ئەنجام بدەن.

ئیبن عەرەبی لەوەش زیاتر دەڕوات و پێیوایە: بەرزترین لوتكەی دەرك كردنی خودا لەكاتی جوتبووندا دەردەكەوێت

هەموو زانایانی ئیسلامكۆكن لەسەر ئەوەی سێكسكردن لەگەڵ هاوسەر خێرەو پاداشتی هەیە. لەبەر ئەوەی ئەو دوو مرۆڤە لەدەرەوەی ڕێگەپێدراوەكان كاری خۆیان نەكردووەو یەكترییان دڵخۆشكردووە.

ئیبن عەرەبی لەوەش زیاتر دەڕوات و پێیوایە: بەرزترین لوتكەی دەرككردنی خودا لەكاتی جوتبووندا دەردەكەوێت. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم بابەتە تا ساڵانێكی زۆر بە نهێنی دەمایەوە هەرچەندە ئەگەر بەوردی سەرنجی ئایەت و فەرموودەكان بدرێت، پێچەوانەكەی ڕاستە.

زۆربەی ئەو كتێب و نووسراوانەش كە بەئاشكراو بێ پەردە باسیان لە جوتبوون و  سێكس كردووە، لە لایەن گەنجانی خوار تەمەن 30 ساڵانەوەیەوە بایەخی زۆرتری پێدراوەو زانایانی كۆنینەی جیهانی ئیسلامیش، لەڕێی نووسراو یان فەتواكانیانەوە سەرجەم لایەنەكانیان ڕوون كردوەتەوە.

سودە تەندروستیەكانی سێكس
لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نوێ له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندی سۆزداریی و سه‌رجێی له‌ نێوان ژن و مێرددا،  چەند پاڵنەرێكی دیاریكردووه‌ كه‌ واده‌كات ژن و مێرده‌كان زیاتر بچنه‌ لای یه‌ك و كاری سێكسی بکەن لەوانەش:

1-سێكس كالۆریی ده‌سوتێنێ و وه‌ك ئه‌نجامدانی وه‌رزش وایه‌ بۆ مرۆڤه‌كان.
2-پاش ئۆرگازم، لاشه‌ هه‌ست به‌ ئارامیی ده‌كات و باشتر ده‌توانی بخه‌ویت.
3-په‌ستانی خوێن كه‌م ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش راڕایی له‌ مرۆڤدا كه‌م ده‌كاته‌وه‌.
4-دڵ به‌هێزده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌هۆی جوڵاندن و به‌كارخستنی زیاتریه‌وه‌.
5-مرۆڤ له‌ شێرپه‌نجه‌ ده‌پارێزێ به‌ تایبه‌ت بۆ پیاوان كه‌ مه‌ترسی توشبوونی شێرپه‌نجه‌ی پرۆستاتیان له‌سه‌ر كه‌م ده‌كاته‌وه‌.
6-رێژه‌ی به‌رگریی له‌ لەشدا زیاتر ده‌كات و توانهاكه‌ی به‌رز ده‌كاته‌وه‌.
7-سه‌رئێشه‌و ئازاره‌لاوه‌كییه‌كانی جه‌سته‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی پشووپێدانیه‌وه‌.

كاتە گونجاوەكەی جوتبوون
ھەندێک کات پیاوان و ئافرەتان ئارەزوو دەکەن کاری سەرجێیی لەگەڵ یەکتر بکەن، بەڵام زۆرجار ئەو کاتە گونجاوە نادۆزنەوە کە تێیدا ئاسوودەبن و کارەکە بە شێوەیەکی رێکوپێک ئەنجام بدەن .

بەپێی توێژینەوەیەکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، باشترین کات بۆ ئەنجامدانی سێکسی لەنێوان ھاوسەران، کاتەکانی بەیانییە بەتایبەتی دوای ٤٥ خولەک لە خەو ھەستان . 

ئەگەرچی بەشێک لە هاوسەران پێش نووستنی شەوان کاری سەرجێی دەکەن،بەڵام هەموو تویژینەوەکان ڕێنمایی هاوسەران دەکەن کە کاتی بەیانیان باشترین کاتە بۆ بۆ سێکسی .

لێرەدا کۆمەڵێک هۆکار خراوەتەڕوو کە گونجاوی کاتی بەیانیان بۆ کاری سێکس نیشان دەدات

ڕۆژێکی ئارامت پێ دەبەخشێ، بەشێوازێکی جوانتر و کەشخەتر دەر دەکەویت. دوورت دەخاتەوە لە کاری ناشایستە، مێشک و دەروونی تۆ توانای کارکردنی زیاترە، دوورت دەخاتەو لە کاریگەری خەو بینین، بەینانیان کاتێکی گونجاوە بۆ مێرد بەو پێیەی زۆربەی پیاوان لە بەیانیاندا و لە دوای هەستان لە خەو دوچاری ئەوە دەبنەوە کە لەو کاتەدا لەڕووی ورووژاندنەوە زیاتر ئامادەن و حەز بە سێکس دەکەن.

بێگومان سەرجێیی بەیانیان بۆ پیاوان گونجاوترە.

تەمەن كاریگەریی هەیە
سەنتەری (Instituti Kinsey) توێژینەوەیەكی نوێی لەسەر توانای مرۆڤ بۆ ئەنجامدانی كاری سەرجێیی بڵاوكردوەتەوە كە تیایدا هاتووە: لە تەمەنی 18-29 ساڵی دەتوانرێ لە ساڵێکدا 112 جار  سێكس بکرێت. بەو پێیەش هەفتانە 9جار دەتوانن سێکس بکەن.

لە تەمەنی 30-39 كەم دەبێتەوە بۆ 86 جار لە ساڵێكدا واتە مانگانە دەكاتە 7 جار، لە تەمەنی 40-49 ساڵیشدا ئارەزووی سێكسی كەمتر دەبێتەوە بۆ 69جار كە مانگانە دەكاتە 6 جار.

كەواتە ئەوانەی كە تەمەنیان دەكەوێتە سەرووی50 ساڵییەوە ئارەزووی سێكسكردنیان بەرەودابەزین دەچێ و لە توێژینەوەكەشدا بە سروشتی ناوی هاتووە.

سێكس كالۆریی ده‌سوتێنێ و وه‌ك ئه‌نجامدانی وه‌رزش وایه‌ بۆ مرۆڤ

ماوەتەوە بگوترێت ئەنجامدانی كاری سەرجێیی بەشێوەی موجەڕەد و بێ هاندان لەم ڕاپۆرتەدا باسكراوە، بەهیچ شێوەیەك لەدەرگای یاسایی و حەڵاڵ و حەرامییەكەیمان نەداوەو بەكاری ئەم ڕاپۆرتەمان نەزانیوە، ئەوەی كەویستومانە بیخەینە ڕوو ئەوەیە كە جوتبوون بۆ تەندروستی جەستەیی و دەروونی مرۆڤ بەسوودەو چالاكتری دەكات لەو ڕێگەیەشەوە پڕبەرهەمتری دەكات و پاشان دەردەكەوێت كە دۆخی دارایی باشتر دەبێ.