ڕاپۆرتی جیهانی

12:39 - 27/11/2019

فەرشی سوور لە ئەدەبیاتەوە بۆ سیاسەت‌

پەیسەر

هەركات فەرشی سوورمان بەرچاو دەكەوێت و لەچواردەوریدا خەڵكێكی زۆر لەپێشوازیدان و بەشێكیش لەوانە بە كامێراوە وەستاون، یەكسەر خەیاڵمان بۆ ئەوە دەچێت كەسێكی پایەبەرز، خاوەن شكۆیەك،  كەسێكی تایبەت لەوێوە تێدەپەڕێت، ئیمە هەموو ئەوانەمان زانیوە، بەڵام ئەوەی نەمانزانیوە ئەوەیە فەرشی سوور لە چییەوە هاتووە.

 
لە شانۆوە سەرچاوەی گرتووە:
شاعیری تراژیدی یۆنانی ئیسخیلۆس لە شانۆی –نەهامەتیەكانی ئەگامنون-دا باس لە پێشوازییەكی –كلیتمنسترا- دەكات بۆ هاوسەرەكەی كەلە جەنگی تەراودە گەڕاوەتەوە، هاوسەر لەخۆشی سەركەوتنەكان بە چاوێكی تەڕی ئاوتێزاوەوە وەستاوە، لەبەردەمیدا فەرشێكی سووری ئەرخەوانی ڕاخراوە، وەك ئەوەی بۆ پادشاكان ڕاخراوە، بەڵام ئەو رەتی دەكاتەوە بەسەریدا بڕوات، ئەو دەیەوێت هاوسەرەكەی تێبگەیەنێت كە رۆشتن بەسەر ئەو فەرشانەدا كاری پاشاكانە و لەم ناوەشێتەوە، ئەوە بەخشیشی خوداكانە و تەنها بە ئەرباب و خاوەن شكۆكانی بەخشیوە، فەرشی ڕاخراو گەورەیی و شكۆی بە ئەگامنون دەبەخشی بەڵام ئەو دەیویست خاكیانە تاجی سەركەوتن بكاتە سەر و هیچی تر، تاجێك كە شایانی سەركەوتنەكانی جەنگی تەروادە بێت.

ڕایەكی دیكە:
بۆچوونێكی دیكەش هەیە لەسەر سەرەتاكانی داهێنانی فەرشی سوور، كە دەگوترێت بابلیەكان یەكەمجار فەرشی سووریان بۆ پاشاكانیان ڕاخستووە، بەڵام بەڵگەیەكی تۆماركراو وەك ئەوەی یۆنانیەكان لەبەردەستدا نییە.

بێدەنگی:
لەنێوان هەستكردن بە شان و شكۆو ڕەنگی سووردا، فەرشێك تەعبیری لێدەكات كە بە كردار و بە بێ وشە مانای بەخێرهاتن دەگەیەنێت، ئەم ڕووداوە دوو هەزار ساڵ بەر لەئێستایە واتە ساڵی 458 ساڵ بەر لە هاتنە دونیای حەزرەتی مەسیح بووە، لەنێو شانۆی ئەگامنمونەوە داهێنانی فەرشی سوور هاتوەتە ئاراوە، پاشان بووەتە ئەمری واقیع و جێگەی خۆی كردووەتەوە بەجۆرێك هیچ سەرۆك و سەركردە و خاوەن شكۆ و هونەرمەندی باڵا و ناودارێك ناچێـتە جێگەیەكەوە كە فەرشی سووری بۆ ڕانەخرێت.

هونەر ڕۆڵی هەبووە:
فەرشی سوور لە شانۆگەرییەكەی ئیسخیلۆسی پێش زایینەوە گوازرایەوە بۆ ئەو گۆڕەپانەی كە فیلمی رۆبن هوودی تێدا پەخش كراوە لە ساڵی 1922 لە هۆڵیۆد، سیدنی باتریك جرومان یەكێك لە گەورە دەرهێنەر و ڕێكخەرەكانی هۆڵێۆدی ئەو سەردەمە سەرپەرشتی ئاهەنگەكە بووە، لە فیلمەكەدا دۆگڵاس فیربانكس كە ڕۆڵی پاڵەوانی دەگێڕێت، كاتێك دێتە ناو جەماوەرەكەوە بەسەر فەرشی سووردا دەڕوات، لەملاولای فەرشەكەوە ژمارەیەكی ئێجگار زۆر لەخەڵكی بینەر و میوان بۆ پێشوازیكردنی وەستاون، تا ئەو ئەكتەرانەی كە لە فیلمەكەدا ڕۆڵیان گێڕاوە ببینن كە وەك پادشاكان بەسەر فەرشی سووردا ڕێگە دەبڕن.

 

شان و شكۆ:
بە پێی وتەی شارەزایان رۆشتن بەسەر ئەو فەرشەدا شان و شكۆی خۆی هەیە و كەسەكان هەست بەوە دەكەن كارێكی دیار و بەرجەستەیان ئەنجام داوە، سەرەڕای ئەوەی فەرشی سوور سەردەمانێك نرخەكەی زۆر گران بووە، لە هەمان كاتیشدا سەرنج ڕاكێشە و تەركیزی مرۆڤ بۆ خۆی دەبات.

سوور شای ڕەنگەكان:
ڕەنگی سوور ڕەگ و ڕیشەی مێژویی خۆی هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شازدەهەم، رەنگی سوور لە ڕەنگی قالۆنچەیەكی تایبەتەوە وەرگیراوە كە تەنها لە ئیمپراتۆریەتی ئازتیكی ئەمەریكای ناوەڕاست و باشووردا هەبووە، پاشان لە لایەن دیزاینەرەكانەوە ئەو ڕەنگە كاڵتر كراوەتەوە و تایبەت كراوە بە جل و بەرگی ئاهەنگەكان، پاشان ڕەنگی سووری قالۆنچەیی لەنێو بازاڕی ڕەنگەكانی ئاسیا و ئەوروپادا كڕیاری زۆری بۆ پەیدابوون، نەك هەر ئەوە بەڵكو لە سەرانسەری دونیادا بووە خاوەنی پێگەی خۆی و تا ئێستەش ڕەنگی سوور وەك باوكی هەموو ڕەنگەكان سەیر دەكرێت، بەتایبەتی لە بۆنە و ئاهەنگە خۆشیەكاندا. ڕەنگێك كە پێی بگوترێت شای ڕەنگەكان.

بایەخی سیاسی:
سەرۆك و خاوەن شكۆكان بایەخی زۆریان بە فەرشی سوور داوە، لە ڕووی ئەتەكیەتی پێشوازییەوە ئێستا بووەتە عورفی دبلۆماسی و هەر سەرۆكێك یان بەرپرسێكی باڵا دەچێتە وڵاتێكی دیكە تا بەردەم فڕۆكەكەی یان لە شوێنی دیاریكراوەوە پێشوازیی لێدەكرێت و بەسەر فەرشی سوودا دەچێتە شوێنە فەرمیەكان، دەگوترێت لە مێژووی ئەمەریكادا ساڵی 1821 فەرشی سوور براوەتە كەناری دەریا بۆ ئەوەی پێشوازی لە سەرۆكی پێنجەمی وڵات جیمس مۆنرۆ بكەن ، ساڵی 1902 بەمەبەستی سەرنج ڕاكێشانی خەڵك لەبەردەم هێڵی شەمەندەفەرەكاندا فەرشی سوریان ڕاخست، تا پێیان بگوترێت سواربوونی شەمەندەفەر شاهانەیە، بە پێی وتەی شارەزایان ئەو هەڵوێستە دوو شتی لێخوێنرایەوە، لایەك سادەكردنەوەی فەرشی سوور بوو بۆ ئاستی جەماوەریی و نەهێشتنی ئەو پیرۆزییە بوو كە یۆنانیەكان پێیان وابوو خواوەند دەسەڵاتی بە پاشا و پاشازادەكان داوە بۆیە فەرشی سوور هەر بۆ ئەوان ڕادەخرێت، لایەكەی تریشی بەكارهێنانی بوو لە بواری بازرگانی دا.

لە ئۆسكار:
ساڵی 1961 لە  ئاهەنگی سی و سێهەمین خەڵاتی ئۆسكاردا بۆ یەكەمجار فەرشی سوور برایە شوێنی ئاهەنگەكانەوە. لە ئێستادا هەڵسوڕێنەرانی خەڵاتی ئۆسكار بایەخی زۆری پێدەدەن و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ئەو فەرشە دەهێڵنەوە كە ڕووبەرەكەی 1532.9 مەتر چوارگۆشەیە و لە لایەن كۆمپانیای(The American Turf and Carpet) بەناوبانگی ئەمەریكاوە ئەو كارە ئەنجام دەدرێت و دابین دەكرێت. هەروەها لە ڤیستیڤاڵی كان و هۆڵێود و بۆڵێودو ئەوانی تریش كە لەسەر ئاستی جیهانیش نەبێت فەرشی سوور جێگەی و پێگەی خۆی هەیە و بووە بە بەشێك لە چالاكییەكان. بەجۆرێك لە نەبوونی رەخنە دەگیرێت و بە كاری ناكامڵ لێكدەدرێتەوە.

بۆچی تەنها سوور؟
لەسەردەمی ڕێنیسانسەوە جارێكی دیكە بایەخی فەرشی سوور سەری هەڵداوەتەوە، لە بۆنە و ئاهەنگ و ڤیستیڤاڵەكاندا جێگەی تایبەتی خۆی هەیە، هەندێك لە داهێنانیشی تێدا كراوە، وەك دروستكردنی نەخش و نیگارو دانانی گوڵ و زنجیری تایبەت بۆ ئەوەی كەسانی ئەملاولا سنوورەكەی جیابكەنەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی هەر ڕەنگی سوور؟ لەو ماوە درێژەی تەمەنیدا تا ئێستا گۆڕانكاری بەسەردا  نەهاتووە؟
بەرپرسی مۆزەخانەی  (ڤیگتۆریا و ئەلبێرت)ی بەریتانی لە لەندەن -سونتیت ستانفیل- گوتویەتی: ڕەنگی سوور مێژووی دێرینی خۆی هەیە، ڕەنگێكی شاهانەیە، لەناو ڕەنگەكانی تردا زاڵە، لە نێو كایەی رۆشنبیریی و هونەریدا بە ڕەنگی خاوەن شكۆ و شان و شەوكەت ئەژمار دەكرێت. ڕەنگێكە پەسەندكراوی خەڵكی ئەرستۆكرات و كەسانی بەناوبانگە.

فاشیۆن:
دەركەوتن و ڕەنگدانەوەی  فەرشی سوور ئەوەندەی لەنێو نمایشی جلوبەرگدا دەردەكەوێت و كاریگەریی هەیە، پێدەچێت لەنێو مەراسیمی پێشوازییە سیاسیەكاندا ئەو بایەخەی نەبێت، چوون تێكەڵكردنی ڕەنگەكان لە ڕووی هونەرییەوە جوانی بە یەكتر دەبەخشن و دانانیان لە تەنیشتی یەكتریدا ڕەونەق بە یەكتریی دەدەن، كاتێكیش سوور دەچێتە تەنیشتی ڕنگەكانی دیكە خۆبەخۆ بەسەریاندا زاڵدەبێت و سەرنجەكان بۆخۆی كەمەندكێش دەكات.

حساب بۆكردن:
بە پێی وتەی شارەزایانی ئەتەكیەت و مامەڵە. جووڵەی هەر یەكێك لەوانەی بەسەر ئەو فەرشەدا دەڕۆن چركە بەچركەی لەژێر چاودێری كامێرادایە، هەر بۆیە ئەوانیش زیاتر لە هەر جێگەیەك و هەر كاتێك پابەندی ئەتەكیەتی خۆیانن، ئەوان هەست دەكەن هەموو شتێكیان لەژێر چاودێریدایە، بۆیە زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵە دەكەن، تەنانەت حساب بۆ بزەو پێكەنین و جوڵەی دەست و ئاڕاستەیچاویشیان دەكەن، بەتایبەتی كە ئێستا سۆشیاڵ میدیا و بواری بڵاوبوونەوەی وێنە زۆر لە جاران زیاتر بووە.

خەمی وێنەگرەكان:
گەرچی كاری وێنەگریی خزمەت كردنە بە خۆیان و پیشەكەیان ، بەڵام خەمی وێنەگرەكان لەوە گەورەترە، چوون ئەوان بە دوای ئەوەدا دەگەڕێن لە گۆشەیەكەوە وێنەی كەسایەتییەك بگرن كە ئەوانی دیكە پەییان بەو گۆشەیە نەبردبێت، بۆ ئەو مەبەستە وێنەگرەكان ڕیزی پێشەوەو نزیك لە فەرشە سوورەكەی بە شوێنێكی باش و گرنگ دەبینن، بۆ ئەوەی هەلەكە لە دەست نەدەن لە چركەیەكدا چەندین وێنە دەچركێنن، هەر بۆیە تیشكی فلاشی كامێراكانیش ڕۆڵی سەرەكییان هەیە لە نیشاندانی بایەخی كەسایەتیەكانی سەر ئەو فەرشە سوورەو ئەوەندەی تر فەرمی بوون دەدات بە دۆخەكە.