ڕاپۆرتی جیهانی

10:14 - 30/11/2019

جیاوازی سەردانەکەی ترەمپ بۆ عێراق و ئەفغانستان‌

پەیسەر

بە بۆنەی جەژنی سوپاسگوزاریەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بە سەردانێکی یەک ڕۆژە گەیشتە کابولی پایتەختی ئەفغانستان و لەگەڵ سەربازەکانیدا کۆبووەوە و ئاهەنگی جەژنی سوپاسگوزاری گێڕا.

 ئەوە لە کاتێکدایە ساڵی پێشوتر واتە 2018  سەرۆکی ئەمریکا بە بۆنەی ئاهەنگی سەری ساڵەوە بە سەردانێکی ڕانەگەیەنراو سەردانی  عێراقی کرد لەگەڵ سەربازەکانیدا کۆبووەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا یەکجار سەردانی عێراق و یەکجاریش سەردانی ئەفغانستانی کردووە.  دوو سەردانەکە جیاوازی زۆریان هەبووە، میدیاکانیش بە گرنگییەوە روانیویانەتە هەر دوو سەردانەکە،  چونکە ئەو دوو وڵاتە هەژمونی  ئەمریکایان بەسەرەوەیە و هەردووکیان لەلایەن ئەمریکاوە رژێمەکانی پێشوویان روخێنراوە و تێیدا شەڕی تیرۆر کراوە.

کاتێک دۆناڵد ترەمپ سەردانی عێراقی کرد، ئامادەنەبوو چاوی بەهیچ بەرپرسێکی عێراق بکەوێت و هەندێک سەرچاوەش دەیانوت تەنانەت یەک بەرپرسی عێراقی بە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانیشەوە نەیاندەزانی کە دۆناڵد ترەمپ سەردانی عێراق دەکات.

لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق وتارێکی پێشکەش کرد، بەڵام بە هیچ شێوەیەک باسی دۆخی ئەمنی و ئابوری عێراقی نەکرد، کەچی لە سەردانەکەیدا بۆ ئەفغانستان چاوی بە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کەوت و هەروەها لە وتارەکەیشیدا  بە گرنگییەوە باسی لە ئەفغانستان و دۆخی ئەو وڵاتە کرد. ئەم جیاوازیەش وایکرد کە خوێندنەوەیەکی جیاواز بکرێت بۆ سەردانەکەی ترەمپ بۆ عێراق بەراورد بە سەردانەکەی بۆ ئەفغانستان.
ئەو کاتە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق رایگەیاند، سەردانە نهێنییەکەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ بنەماکانی دیپلۆماسی و پەیوەندیی وڵاتان یەکناگریتەوە.وتیشی:

"سەردانە نهێنییەکەی ترەمپ زیان بە پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتۆن دەگەیەنێت، دەبێت هەموو وڵاتانی جیهان بزانن عێراقێکی بەهێز و خاوەن سەروەری، لە بەرژەوەندیی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و جیهاندایە".

کاتێک سەردانی ئەفغانستانی کرد، بۆ ماوەی  یازدە خولەک لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەدا کۆبوەوە و ڕایگەیاند: کە ئەمریکا بەگرنگیەوە دەڕوانێتە حکومەتی ئەو وڵاتە و هەروەها دۆخی ئەمنی و ئابوری مانەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان بە هەند وەردەگرێت.

راشیگەیاند ئەمریکا بەوردی کار لەسەر ئەوە دەکات کە هێزەکانیان لە ئەفغانستان بکشێننەوە و هەروەها بەگرنگییەوە باسی لەوە کرد کە پێویستە ئێران دەستی لە کاروباری ئەو وڵاتەدا وەرنەدات.

هەرچەندە ئەو کاتە دۆناڵد ترەمپ باسی لە هۆکاری بەنهێنی هاتنی بۆ عێراق کرد و وتی:  بەهۆی دامەزراوەی سەرۆکایەتییەوە زۆر دوو دڵ بووە له‌و گه‌شته‌، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی بیستوویەتی له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ پێیدا تێپه‌ڕێت.

ترەمپ وتیشی: ترسه‌كه‌ی من بۆ دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئەمەریکا بوو نه‌ك ته‌نها خۆم، ترسه‌كه‌م بۆ خانمی یه‌كه‌م میلانیاش بوو".

بەڵام کە سەردانی ئەفغانستانی کرد وتی: ئەوان ئێستا لە ئەفغانستانن و کار بۆ ئەوە دەکەن کە هیچ هێزێک نەبێت لە ناوچەکە رووبەرووی ئەوان ببێتەوە و دەبێت ئەم سەقامگیرییەی ئێستا بەهێز ترببێت و ئەو وڵاتە زیاتر بچێتە پێشەوە.

هەروەها وتبووشی کە ئەوان کار لەسەر ئەوە دەکەن هێزەکانیان لە ئەفغانستان بکشێننەوە بەڵام لە عێراق وتی ئەمریکا هیچ هێزێکی ناکشێنێتەوە و دەمێننەوە و کار لەسەر ئەوە دەکەن لە عێراقەوە چاودێری ئێران بکەن.

هەر لە بارەی سەردانەکەیەوە بۆ عێراق ترەمپ بە نیگەرانییەوە وتی : "بەداخەوە حەوت ترلیۆن دۆلارمان لە رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خه‌رجكردووە، به‌ڵام ده‌بێت به‌و شێوه‌ نهێنییه‌ سەردانی بکەین و چه‌ندین فڕۆكه‌ چوارده‌ورت بگرن تا ده‌چیت و دەگەڕێیتەوە. ئەوەش من نیگەران دەکات.
بەڵام لە ئەفغانستان هیچ گلەیەکی لە دۆخی ئەمنی دەرنەبڕی بەڵکو دڵخۆشتر دەردەکەت لەوەی چاوەڕوان دەکرا و بە گرنگییەوە ڕوانییە دۆخی ئێستای  ئەو وڵاتە و وتی پێویستە ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تالیبان و حکومەت بەباشی بچێتە پێشەوە و هەموو لایەک کار بۆ ئەوە بکەن دۆخەکە چارەسەر بکەن.

لە رووی جلو بەرگ و سەربازیشەوە کاتێک سەردانی عێراقی کرد ڕێوشوێنی زۆر توند گیرایەبەر، چوار فرۆکەی سەربازی چاودێریان دەکرد و لە ناو کەمپی سەربازەکانیش نەچووە دەرەوە و جلی سەربازییشی لەبەردا بوو. بەڵام کە سەردانی ئەفغانستانی کرد ڕێوشوێنە ئەمنیەکان هێندە توند نەبوون، تەنها فرۆکە پرۆتۆکۆلیەکانی لەگەڵدا بوو. جلی سەربازیشی نەپۆشی بوو.

لە رووی میدیایشەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کاتێک لە عێراق بوو بەهیچ شێوەیەک ڕێگەی نەدا سەردانەکەی ئاشکرا بکرێت تا گەڕایەوە واشنتۆن و پاش 24 کاتژمێر پنتاگۆن سەردانەکەی ڕاگەیاند.