ڕاپۆرتی جیهانی

10:14 - 20/12/2018

ئه‌و گونده‌ی به‌ شێوازێكی دیكه‌ ده‌دوێن‌

پەیسەر

كاتێك مرۆڤێك گه‌شت بۆ وڵاتێكی دیكه‌ ده‌كات، ئامانجێكی له‌ پشته‌وه‌یه‌.یان بۆ به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆشه‌، سه‌ردانی شوێنی مێژووی، وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر، ڕاوكردن.به‌ڵام له‌ ئێستادا گوندێك له‌ توركیا به‌ بۆبینی شتێكی جیاوازتر سه‌ردانی ده‌كرێت و له‌ لایه‌ن گه‌شتیارانه‌وه‌ بووه‌ به‌ شوێنكی له‌زه‌ت به‌خش بۆیان.چونكه‌ خه‌ڵكی ئه‌و گونده‌ به‌ فیكه‌ پێكه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن و هه‌موو شتێكیش له‌یه‌كتر تێده‌گه‌ن.

ژماره‌ی زمانه‌كانی جیهان
له‌م جیهانه‌دا شه‌ش هه‌زارو پێنج سه‌ت زمان بوونی هه‌یه‌ و زمانی ماندرینی چینی یه‌ك ملیار و 213 ملیۆن خه‌ڵك پێی ده‌دوێن، به‌ده‌ش له‌ویش نزیكه‌ی دوو هه‌زار زمانی دیكه‌ ژماره‌ی به‌كارهێنه‌رانی له‌ هه‌زار كه‌س تێ ناپه‌ڕێت. كێ ناڵێت گوندی(قووش كۆی) یه‌كێك بێت له‌و زمانانه‌.؟.

گوندی قووش كۆی
ئه‌گه‌ر ناوی گونده‌كه‌ بكوردێنێن ئاوا قووش كۆی ده‌بێته‌ گوندی باڵنده‌. ئه‌م گونده‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی (جان ئاكچه) سه‌ر به‌ شاری گیرسون 175 كم له‌ شاری ترابزۆنه‌وه‌ دووره‌ و ده‌كه‌وێته‌ باكووری خۆڕهه‌ڵاتی توركیاوه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ی بوون به‌ داهێنه‌ری ئه‌و زمانه‌ی كه‌ ئه‌سته‌مه‌ زۆر كه‌س قسه‌ی پێ بكرێت، ئه‌ویش زمانی فیكه‌یه‌.ئه‌م زمانه‌ش وایكردووه‌، كاره‌با هه‌بێت و نه‌بێت، ته‌كنه‌لۆژیا هه‌بێت یان نا، هیچ كێشه‌یه‌كیان بۆ دروست نه‌كات.ده‌توانن بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌و زمانه‌ قسه‌ بكه‌ن و په‌یامه‌كانیان بگات.زمانی فیكه‌ زیاتر له‌ 400 ساڵه‌ به‌و زمانه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن، خه‌ڵكی گونده‌كه‌ش ناوی زمانه‌كه‌یان ناوه‌(زمانی باڵنده‌).

بۆچی یه‌كه‌مجار ئه‌م زمانه‌یان هه‌ڵبژارد؟
هه‌ڵكه‌وته‌ی گونده‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌یه‌كی شاخاوی و پڕ له‌ به‌رد و تاوێری گه‌وره‌، بۆیه‌ كاتێك قسه‌ ده‌كه‌یت، ده‌نگ ده‌داته‌وه‌ و ناتوانێت قسه‌كان بۆ مه‌ودایه‌كی درێژ بڕبكات.بۆیه‌ سه‌ره‌تا له‌ فیكه‌ی بچووكه‌وه‌ ده‌ستیان پێكرد تاوه‌كو گونده‌كانی دراوسێیان له‌ مه‌ترسی ئاژه‌ڵی دڕنده‌ یاخود كاری رۆژانه‌یان ئاگادار بكه‌نه‌وه‌.ئه‌وجا بیریشان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م زمانه‌ پێویستی به‌وه‌ نییه‌ خۆت شین و مۆر بكه‌یته‌وه‌ و وزه‌یه‌كی زۆر خه‌رج بكه‌یت یان به‌ پێ ماوه‌یه‌كی باش ببڕیت تاوه‌كو به‌رامبه‌ره‌كه‌ت له‌ ئامانجی قسه‌كردنه‌كه‌ت تێ بگات.

له‌گه‌ڵ گونده‌كانی دراوسێ نێوانیان خۆشه‌
به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام ئاگایان له‌ یه‌كتره‌، كه‌مترین كات ناخۆشی ده‌كه‌وێته‌ نێوان ئه‌م گونده‌ و گونده‌كانی دراوسێیان. هه‌ركات پێویسیتان به‌ هاوكاری هه‌بێت، فیكه‌یه‌ك لێده‌ده‌ن ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هانای یه‌كتره‌وه‌ بچن.به‌ڵام دوای هاتنی كاره‌با بۆ گونده‌كه‌یان له‌ساڵی 1986ه‌وه‌، ئیتر نه‌وه‌ی نوێی ئه‌و گونده‌ ورده‌ ورده‌ سه‌رقاڵی ژیان و به‌سه‌ربردنی كاته‌كانی خۆیان بوون. ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ زمانه‌كه‌یان كه‌متر به‌كاربهێنرێت بۆیه‌ له‌ چوارچێوه‌ی به‌ ته‌مه‌نه‌كانی گونده‌كه‌ به‌ قه‌تیسكراوه‌ی مایه‌وه‌.

گه‌شتیاران
به‌ مه‌به‌ستی گه‌شتیاری ساڵانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر ‌ ڕوو له‌م گونده‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی فێربن یاخود گوێ له‌و زمانه‌ بگرن كه‌ پێیان نامۆیه‌. كوێخای گونده‌كه‌ محه‌مه‌د فاتیح كارا هه‌وڵێكی زۆری داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و زمانه‌ له‌ ناو نه‌چێت و زیاتر به‌ناوبانگ بێت به‌ تایبه‌تی له‌ ناو چینی گه‌نجاندا تاوه‌كو ڕێگا زیاتر خۆش بكات بۆ ڕووتێكردنی گه‌شتیار. له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌شدایه‌ ساڵانه‌ فیستیڤاڵێكی ڕێكبخرێت تاوه‌كو خه‌ڵكی دیكه‌ هان بدرێت و له‌و فیستیڤاڵه‌ 20 هه‌زار سه‌ردانیكه‌ر و گه‌شتیار ئاماده‌ی بن.