ڕاپۆرتی جیهانی

05:51 - 18/12/2019

ئاڵۆزیەكانی نێوان ئەمریكا و توركیا بەچی دەگات؟‌

كوردستان ئەحمەد

زیاتر لە دوو ساڵە ئاڵۆزی گەورە لە نێوان ئەمریكا و توركیادا هەیە، پێدەچێت سەربكێشێت بۆ رووبەرووبونەوە بەشێوەیەكی جیاوازتر و بگاتە ئەوەی ئەمریكا، هەموو ڕێگایەك بگرێتەبەر بۆ ئەوەی توركیاش وەك ئێران سزابدات و لە رووی نێودەوڵەتیەوە گۆشەگیری بكات.

لەتازەترین كاری كۆنگرێس دژی توركیادا، كۆنگرێسی ئەمریكا بڕێاریدا ئابڵوقەی فرۆشتنی چەكی قورس بە قوبرس هەڵبگرێت و چەكی پێبفرۆشێت، ئەوەش جۆرێكە لە بچوكردنەوەی قەبارەی توركیا لە ناوچەكەداو هەروەها گەورەكردنی قەبارەی ئەو هێزانەیە كە توركیا چەندین سەدەیە دەیەوێت بچوكیان بكاتەوە و سەروەریان لێوەربگرێتەوە.

ئاڵۆزیەكانی نێوان ئەمریكا و توركیا چیین؟

سەرەڕای ئەوەی چەندینجار دۆناڵد ترەمپ توركیای بەشەریك و هاوپەیمانی گەورەی وڵاتەكەی ناوبردووە، بەڵام ئاڵۆزیەكی زۆر لە نێوان ئەو دوولایەنەدا هەیە و لەئێستاشدا لەبەرزترین ئاستی ناكۆكیدان و ئەمریكا هەرجارەو بەبیانویەكەوە سزای گەورەی توركیا دەدات، ئەم سزایانەش ڕاستەوخۆ كاریگەریی هەبووە لەسەر دۆخی ئابوری توركیا، ئێستا بەهای لیرەی توركی لە ئاستێكی زۆر خراپدایە، ئەوەش واتە توركیا بەهۆی سزاكانەوە توشی شكستی گەورە بووە.

سیستمی بەرگری ئێس 400
كاتێك توركیا ڕایگەیاند گرێبەستی گەورەیان لەگەڵ روسیا بەبەهای ملیاران دۆلار لەگەڵ ڕوسیا بۆ كرینی سیستمی بەرگری ئێس 400 كردووە، هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگری ئەمریكا هاتنە سەرخەت، ڕایانگەیاند: ئەگەر توركیا ئەو كارە بكات بێگومان سزای قورس بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنن.

ئەمپرسە لە ئەمریكا زۆر هەستیار و گرنگە، لەبەر ئەوەی كرینی سیستمی بەرگری ڕوسی لەلایەن توركیاوە، دەبێتە هۆی ئەوەی نهێنیو زانیاریەكانی فرۆكەی ئێف35 بگاتە دەستی ڕوسیا كەترسناكترین و پێشكەوتوترین فرۆكەی جیهانە و توركیاش بوەتە خاوەنی ئەم فرۆكەیە.

واتە ئەگەر توركیا ببێتەخاوەنی ئێس 400 و فرۆكەی ئێف 35 ئەوا ڕوسیا دەتوانێت زانیاریە نهێنی و هەواڵگریەكانی فرۆكەكە وەربگرێت و بەمشێوەیەش دەتوانێت تەواوی نهێنیە هەواڵگرییە ئاسمانی و سەربازیەكانی ئەمریكا بەدەست بهێنێت، ئەمزانیاریانەش ڕۆژنامەی ئیسڕائیل دەیلی تەلەگراف پشتراستی كردوەتەوە.

هەرچەندە ئەمریكا زۆر قەڵسە لە توركیا لەو بابەتەدا و بەڵێنی سزای قورسی داوە، بەڵام دەسەڵاتی یەكەمی ئەمریكا كە ترەمپە لەو پرسەدا نەرمەو نایەوێت توركیا بەو بۆنەیەوە سزای قورس وەربگرێت.

كاتێك ترەمپ دەربارەی ئەم كارەی توركیا قسەی كرد، وتی: لەراستیدا توركیا هەقی خۆیەتی بەرگری لە وڵاتەكەی خۆی بكات، مافی كرینی هەرسیستمێكی بەرگری هەیە كە بیەوێت،بەڵام دەبوو ئێس 400ی نەكریایە و سسیستمی بەرگری پاتریۆتی بكریایە،ئەی بۆ نەیكری؟ لەبەر ئەوەی سەرۆك ئۆباما رێگری لەپێدانی ئەو سیستمەی كردووە بە توركیا بۆیە توركیاش ناچار بووە روو لە روسیا بكات.

هەندێك سەرچاوەی روسیش باس لەوەدەكەن، ئەمریكا پێی خۆشە توركیا ئێس 400ی كریوە، لەبەر ئەوەی دەزگا هەواڵگریەكانی ئەمریكا دەتوانن دزەبكەنە ناو سیستمی بەرگری توركیاوە و نهێنیەكانی ئێس 400 بۆخۆیان وەربگرن، ئەم زانیاریەش ماڵپەری روسیا تودەی پشتڕاستی كردوەتەوە.

واتە توركیا بوەتە بەرداشی نێوان ئەمریكا و ڕوسیا و بەئارەزویی خۆیان گەمەی پێدەكەنو لەلایەكی تریشەوە دەسخەرۆیانكردووە كە ناتوانێت لە نێوان ئەو دوو دەسەڵاتەدا ئاراستەكیان وەربگرێت، ئەگەریش روو لە هەر لایەكیان بكات لاكەی تر وێرانی دەكات.

هێرشی توركیا بۆ سەر سوریا
خاڵێكی ترلە خاڵەكانی ئاڵۆزی نێوان ئەو دوو وڵاتە، بەهۆی هێرشەكانی توركیاوەیە بۆ سوریا، بەمەبەستی سرینەوەی كورد و لەناوبردنی ئەو هێزەی كە بەنوێنەرایەتی هەموو جیهان شەڕی داعشی دەكرد، ئەم كارەی توركیا لە ئاستی باڵای ئەمریكادا كاردانەوەی هەبوو، گەورە سیناتۆرەكان وتەنانەت سەرۆكی كۆنگرێس و سەرۆكی وڵاتیش هەرچەندە ئاڵۆزی زۆر هەیە لە نێوانیاندا هاودەنگ بوون لەسەر ئەوەوەی توركیا هەڵەیەكی گەورەدەكات، ئەو كاتە نانسی پیلۆسی سەرۆكی  كۆنگرێس ڕایگەیاند: توركیا لەهەڵەیەكی گەورەدایەو سزایەكی وەهای دەدەین هەست بەئازارەكەی بكات و ترەمپیش نامەیەكی بۆ ئەرۆدغان نارد، بۆینوسی بوو: گەمژە مەبە و گوێ بگرە هێرشەكانت ڕاگرە و دەبێت هەموولایەك لە سوریا مافەكانی بەدەست بهێنێت.


سەرئەندام ڕێككەوتن كرا و توركیا شەڕەكەی ڕاگرت، بەڵام سزاكانی ئەمریكا بۆ توركیا كەمەر شكێن بوون و دەستیان پێكرد، بەشێكی زۆر لەو سزایانە بەهۆی ئەوەبوو كە توركیا لە سوریا تەنها شەڕی نەكرد،بەڵكو قەتڵوعامی كرد، خەڵكێكی زۆری كوشت تاوانی جەنگی ئەنجامدا و ئێستاش كار بۆ گۆرانی دیمۆگرافیای سوریادەكات، كە كورد بكات بەقوربانی ئەو ناوچە ستراتیژیانەی كە نەوتیان تێدایە كۆنترۆڵی بكات، بەڵام هەر زوو ئەو خەونەیی لەگڵ نراو ئەمریكا بەهێزێكی زۆرەوە ناوچەكە نەوتیەكانی كۆنترۆڵ كرد، ترەمپ رایگەیاند نەوتی سوریا لەگەڵ كوردەكان بەهاوبەشی بەڕێوەدەبەن.

لەبەر ئەو كارە قێزەونامەی كە توركیا لەشەڕی سوریادا ئەنجامی دابوون، ئێستاش بەردەوامە لە كوشتنی خەڵكی مەدەنی و تێگدانی ناوچەكوردیەكان،سزای قورس بەسەر توركیادا سەپێنراون و پێدەچێـ دۆخی سزاكان بكات بە ئاستێك كەتوركیا وەك ئێرانی لێبێت و گۆشەگیر بكرێت.

هەندێك لە پێشنیارەكان لە ئەمریكا بۆ سزادانی توركیا لەناو كۆشكی سپی و كۆنگرێس و وەزراەتی دەروەو بەرگری ئەمریكادا بەڕادەیەكن كە دەیانەوێت ئاستی ئابوری توركیا لە ساڵی نوێدا نزیك بكەنەوە لە نیوە و هەروەها سزای قورسی سەربازی بدەن بۆ ئەوەی توركیا نەتوانێت لە پەلهاوێشتنەكانی بۆ دراوسێكانی بەردەوام بێت.
كێشەی قوریس

توركيا بەهۆی قوبرسەوە خۆی خستوەتە كێشەیەكی گەورەوە هەم لەگەڵ ئەمریكا و هەم لەگەڵ ئەوروپاش ئێستا بەهۆی قوبرسەوە چەندین سزا بەسەر توركیادا سەپێنراوە، ئەگەر توركیا نەتوانێت كێشەكانی لەگەڵ قوبرس چارەسەر نەكات ئەوا توشی سزای دیكە دەبێتەوە ، كەبریتین لە بچوكتر كردنەوەی قەبارەی توركیا لە ناوچەكەدا، ئێستا ئەمریكا ئابڵوقەی لەسەر قوبرس بۆ كرینی چەكی قورس لابردووە و پێدەچێت چەكی گەورە لە وڵاتەكەیەوە بەرو قوبرس بكشێنێت ئەوەش وادەكات ئەو وڵاتە ببێتە بەربەست لەبەردەم توركیادا بۆ بەهێزبونی ئابوریی.