ڕاپۆرتی جیهانی

08:35 - 25/12/2019

دەسەڵاتداران هەوڵ دەدەن ئەنتەرنێت لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندا بێت‌

پەیسەر

لە مانگی ئابی ٢٠١٣دا، شی جین پینگ، سەرۆک کۆماری چین، لە وتارێکی لە (کۆڕبەندی نیشتمانی چالاکییە بانگەشەکارانە و ئایدۆلۆژییەکان)دا، وتی: "ئەو هێزە خۆرئاواییانەی دژ بە چینن، بەردەوام هەوڵی بێهوودەیان داوە بۆ ئەوەی کە لە رێگەی خراپ بەکارهێنانی ئینتەرنێتەوە، چین بڕوخێنن... توانای ئێمە لە پێداگریکردن لە سەر هەڵویستەکانمان و سەرکەوتووبوونمان لە جەنگی ئینتەرنێتدا، پێوندی راستەوخۆی بە ئاسایشی نیشتمانی و ئایدۆلۆژیکی وڵاتەکەمانەوە هەیە".

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری روسیا، لە مانگی نیسانی ٢٠١٤دا لە کۆڕبەندی میدیایی لە سان پیتەرز بۆرگ، رایگەیاند:" ئینتەرنێت لە لایەن دەزگای هەواڵگری ئەمریکا CIA یەوە داهێندراوە، کەواتە بەشێکە لە پیلانەکانی دژ بە روسیا". لە هەمان ساڵدا پوتین بە جەختکردنەوە لە سەر پێویستی پاراستنی روسیا لە بەرامبەر (پلانی CIA)دا وتی: وڵاتەکەمان دەبێ لە بەرامبەر کاریگەری ئینتەرنێتدا رابوەستێ و لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانیدا لە دنیای ئینتەرنێتدا بجەنگێت.

 

ئایەتوڵا عەلی خامەنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ١٢ی ئایاری ٢٠٠٣دا، لە دیداری لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆی شەهید بەهەشتی، لە وەڵامی پرسیارێکدا لە بارەی سانسۆری توندی سەر ئینتەرنێت لە چین، بە جەختکردن لە سەر پێویستی بەکارهێنانی (فیلتەری گونجاو و پێویست)، وتی:" هەر وڵاتێک بە پێی هۆگری، بیروبۆچوون و ئەو بەرژەوەندییانەی هەیەتی، فیلتەرەکان بە کار دەهێنیت، ئەمەیش کارێکی ئاساییە".

لە ١٣ی ئابت ٢٠١٨یشدا لە دیداری لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتیدا، بە دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دۆخی ئینتەرنێت، وتی:" ئیستا کە ئینتەرنێت لە بەر دەستی هەموواندایە و بەردەوام لە سەد لاوە دەست دەکرێت بە پروپاگەندە لە دژی سیستەمی ئیسلامی و لە دژی ئیسلام و لە دژی هەموو دامودەزگاکانی وڵات، لە ئەنجامی هەڵەی فلان و فیسارە کەسێک، دوژمن سودی لێ دەبینێ و دیارە ئەوە کاری شەڕانگێزانەی دوژمنە، جا بەمشیوەیە کە دوژمن دەیەوێ پێشان بدات وڵاتەکەمان گەیشتووە بە بنبەست".

لەسەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، نزیک دوو هەفتە پێش بچڕانی سەرانسەریی ئینتەرنێت لە ئێران، لە روسیا یاسایەک جێبەجێ کرا کە رێگە بە حکومەتی ئەو وڵاتە دەدات پێوەندی روسیا لەگەڵ تۆڕی جیهانی ئینتەرنێت بپچڕێنێت. لەگەڵ ئەمەیش، حکومەتی پوتین بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئامانج لە پەسەند کردن و جێبەجێکردنی (یاسای ئینتەرێتی سەربەخۆ) بڕینی ئینتەرنێت نییە، بەڵکوو رێگریکردنە لە هێرشە ئەلەکترۆنییەکانی ئەمریکا.

بابەتی مایەی سەرنج ئەوەیە کە حکومەتی روسیایش وەکوو حکومەتی ئێران، ساڵی رابردوو هەوڵی دا رێگە لە دەستڕاگەیشتنی خەڵک بە ئەپڵیکەیشنی پەیامگەیێنی (تێلێگرام) بگرێت و دەستی دایە لا ناوبردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییە تایبەتییەکان، چونکە ڤی پی ئێن – ە کان کۆد بۆ رەوت یا هەمان تەرافیکی ئینتەرنێت دادەنێن.

هەر لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، ڤلادیمیر پوتین، داوای کرد نوسخەی ئەلیکترۆنی ئینسکلۆپیدیای گەورەی روسیا، بخرێتە شوێنی ویکی پیدیا، تاوەکوو زانیاری پشتڕاستکراوەتر لە بەر دەستی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتدا بێ. روسیا پێشتر و لە ساڵی ٢٠١٥دا بە شێویەکی کاتی ویکیپیدیای بلۆک کردبوو. بەڵگەنامە حکومییەکان پێشان دەدەن کە ئەو وڵاتە زیاتر لە ٢٠ ملیۆن دۆلاری خەرج کردووە، لە پێناو ئەوەیکە شوێنگرەوەیەکی ئۆنلاین بۆ ویکی پیدیا دروست بکات. بڕیارە ئەو ڤێرژنە روسییەی ویکی پیدیا، تا سێ ساڵی دیکە بکەوێتە بەر دەستی بەکارهێنەرە روسییەکانی ئینتەرنێت.

پوتین فەرمانی بە سەرۆک وەزیر و دامەزراوە حکومییەکان کردووە کە رێگە نەدەن زانیاری کەسیی هاووڵاتییانی روسیا بکەوێتە دەست بێگانەکان. هەر بۆیە روسیا داوای لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکوو فەیسبووک کردووە تاوەکوو سێرڤەر و خزمەتگوزارییەکانیان بگوازنەوە بۆ ناو روسیا. بەرپرسانی ئێرانیش زۆر جار داواکاری هاوشێوەیان لە پەیامگەیێن و تۆڕە کۆمەڵایەتییە نائێرانییەکان کردووە و لە بەرامبەر رەتکردنەوەی داواکانیاندا لە لایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە، رێگرییان کردووە لەوەی کە بەکارهێنەرانی ئێرانی دەستیان بە بەشێک لە گرنگترین پەیامگەیێن و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بگات و بلۆکیان کردوون.

 

بەم دواییە چاودێریکردنی یاندێکس، گەورەترین کۆمپانیای تەکنۆلۆژیا لە روسیا، گەورەترین ئامرازی گەڕانی ئینتەرنێتی بە زمانی روسی و پێنجەمین ئامرازی گەڕانی فرە لایەنگری جیهانی، رادەستی دەزگایەک کرد لە ژێر ناوی (دامەزراوەی دیاریکردنی بەرژەوەندی گشتی) کە پێوەندییەکی نزیکی لەگەڵ حکومەتی رووسیادا هەیە.

پشتیوانیکردنی هەمە لایەنەی حکومەتی ئێران لە پەیامگەیێن، ئامرازەکانی گەڕان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە، تێچوویەکی دارایی و سایکۆلۆژی زۆری بۆ ئێرانییەکان هەبووە.

ئایەتوڵا خامەنەیی لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا لە دیداری لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتدا وتی:" لە بارەی ئینتەرنێتەوە، ئەوەی کە لە هەموو شتێک گرنگترە، بابەتی تۆڕی نیشتمانی زانیارییە. بە داخەوە لەم بوارەدا کەمتەرخەمی کراوە و ئەوەی دەبوو بکرایە، نەکراوە. ئەوە نابێ بەو شێوەیە بێت و لە ژێر ناوی رێگرینەکردن لە ئینتەرنێتدا، کەمتەرخەمی روو بدات. ئەمە کێشەکە چارەسەر ناکات و لۆژیکێکی راستیش نییە .. بۆ دەبێ ئێمە رێگە بدەین ئەو شتانەی بە پێچەوانەی بەهاکانی ئێمەوەن، بە پێچەوانەی بنەما سەلمێنراوەکانی ئێمەوەن، بە پێچەوانەی هەموو توخم و پێکهاتە سەرەکییەکانی ناسنامەی نەتەوەیی ئێمەوەن، بە دەستی کەسانێک کە دوژمنی ئێمەن لە ناو وڵاتەکەماندا پەرە بسێنن؟".

بە کورتی دەتوانین بڵێین کە بە بۆچوونی رابەری ئێران، "دوژمن" لە دنیای ئینتەرنێتدا "ئاراستەی سەربازی وەرگرتووە" و "سەرقاڵی پلان دانانن بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە گورز لە وڵات بوەشێنن". ئەو ئامۆژگاری بەرپرسانی وڵاتەکەی دەکات کە "ئاگاداری هێرشی تۆپخانەکانی دوژمن بن لە ئینتەرنێتدا".

ئایەتوڵا خامەنەیی تەنانەت بانگەشەی ئەوە دەکات کە "ئەمریکییەکان و دەست و پێوەندەکانی ئیسرائیل" لە دراوسێیەتی ئێراندا دوو بنکەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ئینتەرنێتییان دروست کردووە بۆ ئاراستەکردنی ناڕەزایەتییەکانی کانونی دووەمی ٢٠١٨. هیچ سەیر نییە کە خامەنەیی زۆر جار جەختی لە سەر (پێویستی خێراکردنی پێکهێنانی تۆڕی نیشتمانی زانیاری) کردووە، چونکە پێیوایە "دنیای ئینتەرنێت دەتوانێ ئامرازێک بێ بۆ ئەوەی دەمی دوژمنی پێ بشکێنێت".

 

دامەزراوەی ناحکومی (پەیامنێرانی بێسنوور)، بە دوای یەکدا ئێران و چین و روسیای لە ساڵانی ٢٠٠٦، ٢٠٠٨، ٢٠١٤ و تا ئێستایش، لە لیستی دوژمنانی ئینتەرنێتدا داناوە.

رابەڕانی دەسەڵاتخوازی هەر سێ وڵاتی (دزسالار) دەسەڵاتیان لە دەستی خۆیاندا قۆرغ کردووە و کەسان و دامەزراوەی سەر بە خۆیان لە بوارە جۆراوجۆرە سیاسی، کەلتووری و ئابورییەکاندا پێش خستووە.

لەو سێ وڵاتەدا، میدیای حکومی، نیوە حکومی و شێوە حکومی بە پەرەپێدانی تیۆرە جۆراوجۆرەکانی پیلان، خەڵک وا تێدەگەیێنن کە هێزە خۆرئاواییەکان چاوی تەماحیان بڕیوەتە سەرزەمینی ئەوان و دەیانەوێ بە لاوازکردن یا روخاندنی رابەرە دەسەڵاتدارەکانی ئەوان، سەقامگیری و ئاسایشی ئەو وڵاتانە لە ناو ببەن.

کای ستریمەتێر، نووسەر و رۆژنامەنووسی ئەڵمانی، دەڵێت: " حزبی کۆمۆنیستی چین، رابەرەکەی، واتە شی جین پینگ – ی لە پێگەیەکی وادا داناوە کە لە دوای ماو تسیتۆنگەوە هاوشێوەی نەبووە؛ لە سەرو هەموو شتێکەوە و لە ئاسمانەکانە. چین جارێکی دیکە یەک سوکان بەدەستی هەیە. شی و حزبەکەی سەرقاڵی دروستکردنی سیستەمێکی دیکتاتۆرین بۆ سەردەمی زانیاریی .. حکومەتی چین نەک هەر دەتوانێ جەستەی هاووڵاتییانی لە ناو بەرێت، بەڵکو دەتوانێ مێشک و بیریشیان لە ناو بەرێت.

کوشت و بڕی گۆڕەپانی تیان ئانمێن لە ساڵی ١٩٨٩ و رووداوەکانی ساڵانی دوایی، ئەو راستییەی بە روونی پێشان داوە.. ئەو خوێنڕشتنانە نەک هەر گیانێکی تازەی کردەوە بە بەر حزبی کۆمۆنیستدا، بەڵکو دەرفەتێکیشی رەخساند تاوەکوو دەسەڵاتی دەزگای کۆنترۆڵکردنی بیروبۆچوونەکانیش نمایش بکات، ئەویش زۆر بەر لەوەی چاخی زانیاری سەر هەڵ بدات. بیرەوەری ئەو کوشت و بڕە بە تەواوەتی لە چین سڕدراوەتەوە. فەرامۆشکاری سەپێندراو لە لایەن حکومەتەوە، تەواو کاریگەر بووە. حزبی کۆمۆنیستیش وەکوو جۆرج ئۆروێل (نووسەری رۆمانی کێڵگەی ئاژەڵان)، زۆر بە باشی دەزانێ هەر کەس رابردوو کۆنترۆڵ بکات، داهاتوویش کۆنترۆڵ دەکات.. شی جی پینگ وتوویەتی:"ئایا دەبێ رێگە بدەین دزەکان بێنە ناو ماڵمان؟ ئاشکرایە کە نابێ! هەر کات لە دەور و پشتی ماڵمان دەرکەوتن، دەبێ چی بکەین؟ دیواری بەرز دروست دەکەین و قوفڵی گەورە بە کار دێنین. کەواتە ئاشکرایە ئەوەی بۆ ماڵەکەمانی دەکەین، پێویستە بۆ ئینتەرنێتی فراوان و گەورەیش بیکەین".

 

ئەم قسەیە بە گۆڕانکارییەکی کەمەوە، بۆ ئێران و روسیا و روانینی رابەرەکانیشیان بۆ ئینتەرنێت راست دەکەوەێتەوە.

ئینتەرنێتی ئازاد، دەرفەتێکە بۆ خۆڕاگری تاک لە بەرامبەر درۆکانی حکومەتەکاندا، چونکە رێگە بە بەکارهێنەران دەدات، لە ئاست گوتاری زەبەلاحی دەسەڵاتخوازانەدا، وردە گوتاری رکابەر بخەنە روو و بۆ بەرەوڕووبوونەوەی بیرەوەرییە ساختە فەرمییەکان، دژە بیرەوەی بێننە ئاراوە. بە سود وەرگرتن لە ئینتەرنێت دەکرێت، وەک هانا ئارێنت دەڵێ؛ لە سەردەمی دیکتاتۆریدا بەرامبەر بەرپرسیارێتییە کەسییەکان پابەند بین و هەوڵ بدەین بە خولقاندنەوەی بەشێک لە بیرەوەرییەکان لەمپەر و گێڕەرەوەیەک لە بەرامبەر سەپاندنی درۆدا دروست بکەین.

ئەگەر راستی بە بنەما و کۆڵەکەی دنیای هاوبەش بزانین و درۆ بە وێرانکەری ئەو دنیا فرە بەشە دابنێین، ئەوا ئینتەرنێتی ئازاد دەتوانێ ئامرازێک بێ بۆ خۆڕاگری بونیاتنەر لە بەرامبەر دەزگایەکی زەبەلاحی پڕوپاگەندەدا کە بە بێ وەستان چنگ دەخاتە ناو یادەوەری و درۆ بڵاو دەکاتەوە و بە وتەی جۆرج ئۆروێڵ "واقیع دەستەمو دەکات". بێگومان ئینتەرنێت یەکێک لە کاریگەرترین شێوازەکانی خۆڕاگرییە لە بەرامبەر "ئیمپراتۆرییەتی درۆ"دا و راستی ئاشکرا دەکات.

ئەو دەسەڵاتخوازانەی بۆ بەردەوامبوونی دەسەڵاتیان قەرزداری "تاریکیی درۆ"ن، لە هەر شتێک یارمەتیدەر بێ بۆ هەڵهاتنی "خۆرەتاوی راستی" دەترسن، وەک شەمشەمە کوێرەیەکی ترساو کە لە رووناکی را دەکات.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا 
وەرگێڕ: عیرفان سابتی