ڕاپۆرتی جیهانی

01:40 - 26/12/2019

ئاماری نوێ و زانیاری ورد لەسەر ژمارەی دانیشتوان‌

پەیسەر

دامەزراوەیەکی ئەڵمانی، ژمارەی دانیشتووانی ئێستای جیهانی بە زیاتر لە ٧ ملیار و ٧٠٠ هەزار کەس راگەیاندووە. ئەمساڵ نزیک لە ٨٣ ملیۆن کەس بە ژمارەی دانیشووانی جیهان زیاد بووە. رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ژمارەی دانیشتووانی گۆی زەوی لە ساڵی ٢٠٥٠دا مەزندە کردووە.

بە پێی (DSW - دامەزراوەی ئەڵمانی دانیشتووانی جیهان)  ژمارەی دانیشتووانی گۆی زەوی تا کۆتایی ئەمساڵ، واتە چەند رۆژێکی دیکە، دەگاتە نزیک ٧ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن کەس.

لە مانگی ئەپریلی ئەمساڵیشدا رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکیدا بۆ کۆمسیۆنی ژمارەی دانیشتووان و پەرەسەندن، ژمارەی دانیشتووانی ئێستای گۆی زەوی بە هەمان ژمارە مەزەندە کرد.

بە پێی راپۆرتی دامەزراوە ئەڵمانییەکە، تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا نزیک لە ٨٣ ملیۆن کەس بە ژمارەی دانیشتووانی جیهان زیاد بووە، کە ئەم ژمارەیە نزیکە لە ژمارەی دانیشتووانی ئەڵمانیا.

لەو رووەوە کە ئاستی مامناوەندی تەمەنی تاک لە سەر گۆی زەوی بەرز بووەتەوە و رێژەی مردنی منداڵان بەراورد بە سەدەکانی رابردوو دابەزیوە. چاوەڕوان دەکرێت کە ژمارەی دانیشتووانی زەوی لە ساڵی ٢٠٢٣دا بگاتە ٨ ملیاری تەواو و لە ساڵی ٢٠٥٠یشدا بگاتە نزیک لە ١٠ملیار کەس.

رێژەی لەدایکبوون
بە پێی راپۆرتی (دامەزراوەی ئەڵمانی دانیشتووانی جیهان)، لە ماوەی هەر چرکەیەکدا بە شێوەی مامناوەند ٢/٦ کەس بە ژمارەی دانیشتووانی جیهان زیاد دەبێ.

رێژەی لەدایکبوون لە ئەفریقیا، لە ناوچەکانی دیکەی جیهان زیاترە. لەو کیشوەرەدا ژنان بە شێوەی مامناوەند ٤/٤ منداڵیان دەبێت. لە حاڵێکدا کە رێژەی مامناوەندی لەدایکبوون لە ئاستی جیهاندا ٤/٢ منداڵە.

بە پێی پێشبینی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی دانیشتووانی ئەفریقیا کە لە ئێستادا یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن کەسە، لە ساڵی ٢٠٥٠دا دەگاتە دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن کەس.

ریناتە بێهر، بەڕێوەبەری (دامەزراوەی ئەڵمانی دانیشتووانی جیهان) لەمبارەیەوە دەڵێت:" هۆکاری سەرەکی گەشەکردنی ژمارەی دانیشتووان لە وڵاتانی باشووری بیابانی ئەفریقیا، بەرزبوونی رێژەی منداڵبوونی لا ئیرادییە.

 خاتوو بێهر لەگەڵ ئەوەی جەخت دەکات کە نیوەی ژنانی کیشوەری ئەفریقیا ناتوانن بەر بە دووگیانبوونی خۆیان بگرن، دەڵێت:" ژنانی ئەفریقی بە پێچەوانەی هاوسەرەکانیان حەز دەکەن منداڵیان کەمتر بێت، بەڵام مافی ئەوەیان کە لەو بارەیەوە بڕیار بدەن.

(دامەزراوەی ئەڵمانی دانیشتووانی جیهان)، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چالاکی دەکات و گرنگترین ئامانجی هاوکاریکردنی رێکخستنی رێژەی دانیشتووانە. ئەم دامەزراوەیە لە بواری پەیوەندی سێکسی و بەرگرتن بە دووگیانبوون، پشتگیری گەنجانی رۆژهەڵاتی ئەفریقیا دەکات.

زۆرینەی دانیشتووانی جیهان لە کوێ دەژین؟
چوار ملیار کەس، واتە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی جیهان، لە کیشوەری ئاسیا دەژین. ژمارەی دانیشتووانی ئەفریقیایش  نزیک لە یەک ملیار کەسە. بە تایبەت لە باشووری بیابانی گەورەی ئەفریقیا، ژمارەی دانیشتووان بە خێرایی لە حاڵی گەشە کردندایە. 

پێشبینی دەکرێت کە ژمارەی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە تا ساڵی ٢٠٥٠ بگاتە دوو ملیار و ٥٠٠ هەزار کەس. بەو شێوەیەیش دوو جار و نیو لە رێژەی دانیشتووانی ئێستای زیاتر دەبێت. لە خشتەی گەشەکردنی ژمارەی دانیشتوواندا، ئاسیا لە دوای بیابانی گەورەی ئەفریقیایە و لە پلەی دووەمدا هاتووە.

ژمارەی ژنان لە جیهاندا زیاترە یا پیاوان؟
لە ئێستادا ٣ ملیار و ٨٢٠ ملیۆن ژن و ٣ ملیار و ٨٩٠ ملیۆن پیاو لە سەر گۆی زەوی دەژین. بەم پێیە و بە گشتی ژمارەی پیاوان نزیک لە ٧٠ ملیۆن کەس، لە ژمارەی ژنان زیاترە. دوورگەی مارتینیک لە ئەمریکای ناوەندی زۆرترین رێژەی ژنانی بەراورد بە پیاوان تیادایە. (٨٣ پیاو لە بەرامبەر ١٠٠ ژندا). وڵاتی قەتەر زۆرترین رێژەی پیاوی بەراورد بە ژن تیادایە، (٢٩٨ پیاو لە بەرامبەر ١٠٠ ژندا).

دانیشتووانی جیهان زیاتر لە گەنج پێک هاتووە یا لە بەساڵاچوو؟
زیاتر لە یەک لە سەر چوار (٢٦%)ی ئەو ٧ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن کەسەی کە ئێستا لە جیهاندا دەژین، تەمەنیان لە ژێر ١٥ ساڵەوەیە. ٦٦%ی دانیشتووانی جیهان کەسانی نێوان ١٥ بۆ ٦٤ ساڵ پێکیدێنن. تەنیا ٨%ی دانیشتووانی جیهان تەمەنیان لە سەرو ٦٤ ساڵەوەیە. زۆربەی منداڵان و مێرمنداڵان لەو وڵاتانەدا دەژین کە لە حاڵی گەشەسەندان.

هۆی چییە رێژەی دانیشتووانی جیهان رووی لە گەشەکردنە؟
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ گەشەکردنی رێژەی دانیشتووان لە هەر وڵاتێکدا، دووگیانبوونی لائیرادییە. نزیک لە ٢١٤ ملیۆن کچ و ژن لەگەڵ ئەوەی خۆیان حەز ناکەن، هێشتا دەسەڵاتی ئەوەیان نییە بەر بە دووگیانبوونی خۆیان بگرن. ئەمە پێشان دەدات کە پرسی دەستڕاگەیشتنی باشتر بە ئامرازەکانی بەرگرتن بە دووگیانبوون، گرنگی زۆری هەیە.

چڕبوونی دانیشتووان
چڕبوونی دانیشتووان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهاندا زۆر جیاوازە. بەرزترین ئاستی چڕبوونی دانیشتووان لە وڵاتێکدا بۆ مۆناکۆ تۆمار کراوە. لە مۆناکۆ، لە هەر کیلۆمەترێکی چوار گۆشەدا، ١٦ هەزار کەس دەژین. مەنگۆلیا هەر کیلۆمەترێکی چوارگۆشەدا دوو کەسی لە خۆ گرتووە، بەوەیش نزمترین ئاستی چڕبوونی دانیشتووانی هەیە. بە شێوەی مامناوەند، چڕبوونی دانیشتووانی سەر زەوی، نزیک ٥٠ كەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجادا.

شارەکان خەڵک بۆ لای خۆیان رادەکێشن
نزیک لە ٥٥%ی ٧/٧ ملیار دانیشتووەکەی سەر گۆی زەوی، لە شارەکاندا دەژین. رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشبینی کردووە کە لە داهاتووی نزیکدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکان زیاد بکات. تا ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی دانیشتووانی شارەکان بە رێژەی زیاتر لە ٦٠% زیاد دەکات. تا ساڵی ٢٠٥٠ رێژەی دانیشتووانی شارەکان بۆ نزیک لە ٧٠% بەرز دەبێتەوە. لە ئێستادا تۆکیۆ بە ٣٧ ملیۆن دانیشتووەوە قەرەباڵغترین شاری جیهانە.

پرۆسەی پیربوون
لە سەرانسەری جیهاندا، نرخی هیوا بە ژیانی مرۆڤ لە حاڵی بەرزبوونەوەدایە. ئەم راستییە لەگەڵ دابەزینی هێواشی نرخی لەدایکبوون لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەسەندندا، بووەتە هۆی زۆربوونی ژمارەی بەساڵاچووان. لە ساڵی ٢٠١٧دا لە سەرانسەری جیهاندا نزیک لە ٩٦٢ ملیۆن کەس تەمەنیان لە سەروو ٦٠ ساڵەوە بوو، تا ساڵی ٢٠٥٠، ئەم ژمارەیە دوو جار بەرز دەبێت و دەگاتە دوو ملیار و سەد ملیۆن کەس.

داهاتوو چۆن دەبێ؟
پێشبینییەکانی توێژەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاشکرای کردووە کە تا ساڵی ٢٠٥٠، ژمارەی دانیشتووانی گۆی زەوی دەگاتە نزیک ٩ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن کەس. ئەم ژمارەیە تا ساڵی ٢١٠٠ تەنانەت دەگاتە زیاتر لە ١٠ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن کەس. لەگەڵ ئەمەیشدا شارەزایان بڕوایان وایە کە ژێرەی دانیشتووانی جیهان بۆ هەمیشە و بە شێوەی بەردەوام گەشە ناکات و دوای گەیشتن بە ١١ ملیار کەس، چیدی جێگیر دەبێ.

سەرچاوە: دۆیچەڤێللە