ڕاپۆرتی جیهانی

03:05 - 27/12/2019

ئایا ئیسرائیل بە تەنیا هێرش دەکاتە سەر ئێران؟‌

پەیسەر

ساڵی ٢٠١٩ لە حاڵێکدا بۆ ئیسرائیل بەرەو کۆتایی دەچێت کە بنبەستی سیاسی لە تەل ئەبیب دەرچەیەکی تێ نەکەوتووە. ئەو وڵاتە هێشتا نەیتوانیوە حکومەتێکی هاوپەیمانی پێکبێنێت و ئەگەری ئەوە لە ئارادایە هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە.

 
چ بنیامین نەتەنیاهۆ ژەنەراڵی بە ئەزموونی جولەکە هەڵبژێردرێتەوە، چ بێنی گانتس ژەنەراڵی خانەنشین لە دەسەڵاتی بخات، ئەولەوییەتە ئەمنییەکانی ئیسرائیل گۆڕانێکی ئەوتۆیان بەسەردا نایەت. ئەویش لە حاڵێکدا گۆڕانی ئاراستەی سیاسی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تا دێت خێراتر دەبێت و پێدەچێت بە قازانجی ئیسرائیل نەکەوێتەوە.

هەرچەنده‌ لە بەهاری رابردوودا سێبەری شەڕی نێوان ئێران و ئەمه‌ریکا باڵی بە سەر ئاسمانی کەنداودا کێشابوو، بەڵام پێناچێت لەو رووەوە زستانێکی پڕکێشە چاوەڕوانی مەلاکانی ئێران بکات. ئەمەش بابەتێکە وایکردووە ئیسرائیلییەکان بیر لە په‌یڕەوکردنی سیاسەتێکی سەربەخۆ بکەنەوە بەرامبەر ئێران.

بەراوردکردنی هەڵسوکەوتی ترەمپ لەگەڵ رۆژانی سەرەتای سەرۆکایەتیه‌كه‌یدا، بۆمان ئاشکرا دەکات کە بازرگانە سیاسییەکە رێگەیەکی موحافزکارانەی گرتووەتەبەر. ترەمپ ئێستا زیاتر لە رابردوو کەوتووەتە بەردەم مەترسی لێپێچینەوەی لەلایەن کۆنگرێسەوە. ئەو بەبێ ئاگاداری هاوپەیمانەکانی هێزەکانی لە سوریا کشاندووەتەوە و دەیەوێ هەمان کار لە ئەفغانستانیش بکات.

لە بەرامبەر ئێرانیشدا ئەنجومەنی ئاسایش نەک هەر نەیتوانیوە بە ئه‌نجامده‌ری رووداوەکانی کەنداو تۆمەتباری بکات، باس لە دانوستانێک دەکرێت کە بە گۆڕینەوەی زیندانییەکانی نێوان ئێران و ئەمه‌ریکا دەستیپێکردووە و نازانرێت بە چی کۆتایی دێت 

لە بەرامبەر ئێرانیشدا ئەنجومەنی ئاسایش نەک هەر نەیتوانیوە بە ئه‌نجامده‌ری رووداوەکانی کەنداو تۆمەتباری بکات، باس لە دانوستانێک دەکرێت کە بە گۆڕینەوەی زیندانییەکانی نێوان ئێران و ئەمه‌ریکا دەستیپێکردووە و نازانرێت بە چی کۆتایی دێت.

دەستەوه‌ستانبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران بۆ دەرچوونی لە رێککەوتنی ئەتۆمی و چاوپۆشیکردنی وڵاتانی خۆرئاوا لە سەرکوتکردنی کارەساتباری ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە، ئیسرائیلیان گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی کە ئه‌مه‌ریكا نایەوێت فشارەکانی بۆ سەر ئێران لەوە زیاتر بکات

هەرچەنده‌ سیاسەتی سه‌پاندنی سزا و فشارخستنه‌سه‌ر ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ هیچ گۆڕانکارییەکی دروستنه‌كردووه‌، بەڵام دەستەوه‌ستانبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران بۆ دەرچوونی لە رێککەوتنی ئەتۆمی و چاوپۆشیکردنی وڵاتانی خۆرئاوا لە سەرکوتکردنی کارەساتباری ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە، ئیسرائیلیان گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی کە ئه‌مه‌ریكا نایەوێت فشارەکانی بۆ سەر ئێران لەوە زیاتر بکات کە هەیە.

ئێستا حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری ئێران بیر لە پێشنیازەکانی شینزۆ ئابی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن دەکاتەوە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ئه‌مه‌ریكا خستوویەتیە بەردەمی، سعودیه‌ كه‌ بێ هیوابووه‌ له‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هێرش بكاته‌ سەر ئێران، کلیلی کردنەوەی دەرگا دیپلۆماسییەکانی بۆ ئێران بە دەستەوەگرتووە. بۆیە دەبێ بپرسین لەم كاته‌دا ئیسرائیل چی دەکات بەرامبەر دوژمنێک کە چوار دەیەیە پلانی لەناوبردنی بۆ داڕشتووە؟

کات بۆ ئیسرائیل خێراتر لە رابردوو تێدەپەڕێ و پێدەچێت هێرشەکانیان بۆ سەر پێگەکانی ئێران لە ناوچەکەدا زیاتر بکەن. تەنانەت بیر لەوەش بکەنەوە سنوورەکان ببەزێنن و ناوخۆی ئێران بکەنە ئامانج

کات بۆ ئیسرائیل خێراتر لە رابردوو تێدەپەڕێ و پێدەچێت هێرشەکانیان بۆ سەر پێگەکانی ئێران لە ناوچەکەدا زیاتر بکەن. تەنانەت بیر لەوەش بکەنەوە سنوورەکان ببەزێنن و ناوخۆی ئێران بکەنە ئامانج.

هەرچەنده‌ کاریگەری لۆبی ئیسرائیل لە ئه‌مه‌ریكا بە هێز و توانای پێشووی خۆیەوە بەردەوامە و ناتانیاهۆ، ترەمپ بە باشترین هاوڕێی ئیسرائیل دەزانێ، بەڵام تا کاتی هەڵبژاردنەکانی نۆڤەمبەری٢٠٢٠ی ئه‌مه‌ریكا، دوور نییە هاوپەیمانییەکی دیکە دروست ببێت. لەم كاته‌دا ئایا لۆبی ئیسرائیل پشتگیری ترەمپ دەکات تا دووباره‌ ببێته‌وه‌ بە سەرۆک؟ ئەگەر لۆبی ئیسرائیل پشتگیری ترەمپ نەکات، ئەوە ئاماژەیە بۆ دەستبەکاربوونی سەربەخۆییانەی ئیسرائیلییەکان بەرامبەر ئێران؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە کارێکی قورسە، بەڵام ئەو ئاماژانەی تا ئێستا لەو رووەوە دەرکەوتوون ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیسرائیل بەرەو ئه‌وه‌ ده‌چێت سیاسەتێکی سەربەخۆ لە سیاسەتەکانی ئه‌مه‌ریكا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست په‌یڕه‌و بكات.

به‌مزووانه‌ سعودیه‌ و ئێران و کوه‌یت بۆ رێککەوتنێکی دەریایی دەست بە دانوستان دەکەن

رۆژنامەی (القبس)ی کوه‌یتی لە زمانی سەرچاوەی ئاگادارەوە رایگەیاندووە، به‌مزووانه‌ سعودیه‌ و ئێران و کوه‌یت بۆ رێککەوتنێکی دەریایی دەست بە دانوستان دەکەن. بە جۆرێک لەو دانوستانەدا ئێران لایەکی گفتوگۆكه‌ و سعودیه‌ و کوه‌یتیش پێکەوە لایەکی دیکەی پێکدەهێنن.

چەند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر نه‌فتالی بێنت وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشداری دایە ئێران کە لە ئەگەری هەر جوڵەیەکی نەخوازراودا سوریا دەکاتە ڤێتنام بۆ ئێرانیه‌كان. وەزیری بەرگری ئیسرائیل پێیوایە پێویستە وڵاتەکەی ئاراستەی هێرشبەرانە بەرامبەر ئێران بگرێتەبەر و چاوەڕێکردنی هەنگاوەکانی داهاتووی ئێران بە کارێکی دروست نازانێت.

ئیسرائیل هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە پێشە و ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە کاریگەری راستەوخۆی لە سەر بە‌هێزبوون یا لاوازبوونی ئەو ئاراستەیە دەبێت کە بە سیاسەتی سەربەخۆی ئیسرائیل به‌رامبه‌ر ئێران ناوی دەهێنرێت

ئەمانە لە كاتێكدان کە ئیسرائیل هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە پێشە و ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە کاریگەری راستەوخۆی لە سەر بە‌هێزبوون یا لاوازبوونی ئەو ئاراستەیە دەبێت کە بە سیاسەتی سەربەخۆی ئیسرائیل به‌رامبه‌ر ئێران ناوی دەهێنرێت. سیاسەتێک ئه‌وه‌ یه‌كلاده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئەو وڵاتە بە تەنیا ده‌چێتە شەڕی ئێرانه‌وه‌ یان نا؟