ڕاپۆرتی جیهانی

02:36 - 28/12/2019

كێ لە عێراق سەربازانی ئەمریکا دەكوژێت؟‌

كوردستان ئەحمەد

كوشتنی بەڵێندەرێكی سەربازیی ئەمریكی لە بنكەی سەربازیی كەی وەن لە كەركوك،  ئاڵۆزییەكی گەورەی لێكەوتووەتەوە و بەرپرسانی باڵای پنتاگۆن پەنجەی تۆمەت بۆ ئێرانییەكان ڕادەكێشن و دەڵێن: دەبێ ئێران باجی هەڵەكانی لە عێراق و سوریا بدات.

ئەوان هەروەها دەڵێن: پەلهاوێشتنەكانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت عێراق، پێویستە رێگەی لێ بگیرێ چیتر رێگە نەدەن ئەمریكیەكان ببنە قوربانی هێرشەكانی ئێران.

چەندین جار بەرپرسانی باڵای ئەمریكا باسیان لەوەكردووە كە ئێران، موشەك و چەكی قورسی ناردوەتە عێراق و سوریا. ئامانج لە ناردنی ئەو چەکانەش بۆ هێرشكردنە سەر بنكە و بارەگا گەورەكانی ئەمریكا لەو وڵاتانە، بەتایبەت ئەو بنكانەی كە چەكی قورسیان تێدایە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر لە لایەن سوپای ئیسرائیل و هێزی ئاسمانی ئەمریكاوە، چەندین بنكەی سەربازیی و حەشارگەی موشەكەكانی ئێران كراونەتە ئامانج و لەناو براون.

شەوی سێشەممە دوایین هەفتەی ساڵی 2019  ئیسرائیل ڕایگەیاند: سێ حەشارگەی گەورەی ئێرانیان لە سوریا كردوەتە ئامانج و خاپوریان كردوون، هەروەها چەندین سەربازو پلەداری باڵای ئێرانیان لە سوریا كوشتووە.

هەر لەو هەفتەیەشدا سوپای ئیسرائیل بە فڕۆكەی ئێف 16 چەند حەشارگەیەكی ئێرانیان لە عێراق بۆردومانكردووە كە موشەكی بالستی تێدا بووە.

لەبەرامبەریشدا چەندینجار هێرش كراوەتە سەر بنكە و كۆنسوڵخانەكانی ئەمریكا لە عێراق، لە مانگی 12 دا دوو جار هێرش كراوەتە سەر كونسوڵخانەی ئەمریكا لە عێراق بەڵام هیچ زیانێکی گیانیان لێنەكەوتووەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا چەندینجار موشەكی بالیستی و كاتیۆشە ئاراستەی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراقدا كراوە.

لەدوایین هێرشدا بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق، شەوی هەینی  بەموشەك هێرشكرایە سەر یەكێك لە بنكە سەربازییە گەورەكانی ئەمریكا لە کەرکوک. لە ئاکامدا بەڵێندەرێک و ڕاوێژكارێكی ئەمریكی كوژرا ن و چەند سەربازێكی دیكەش بریندار بوون.

 هێرشەكەی كەی وەن چۆن روویدا؟

سەعات ٧ی بەیانی رۆژی هەینی، بە موشەك هێرشكرایە سەر بنكەی سەربازیی ( كەی وەن) لە كەركوك، بەهۆی ئەو هێرشەوە گەورە بەڵێندەرێكی ئەمریكیی گیانیلەدەستدا و پێنج سەربازی تریش بریندار بوون.

سەبارەت بەو رووداوە، پنتاگۆن رایگەیاند: سەركۆنەی ئەو رووداوە دەكەین و كاری گەورە تر دەكەین بۆ ئەوەی رووبەرووی ئەو هێزانە ببینەوە كە دەیانەوێت سەربازەكانمان بكەنە ئامانج.

پنتاگۆن هەروەها دەڵێت”: ئێمە زانیاری وردمان لەبەردەستدایە كە لەڕێگەی چەند هێزێكی سەربازیی عێراقییەوە، موشەكی بالستی  لە جۆری شەهاب و كروز  لەلایەن ئێرانەوە هێنراونەتە  عێراقەوە و  بۆ ئەوەی ئەمریكییەكانی پێ بكوژن”.

ئەوە لەكاتێكدایە پێگەی نیوزویك گفتوگۆی لەگەڵ گەورە بەرپرسێكی ئەمریكای كردووە و دەڵێت: "دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ هێرشه‌كه‌، سیستمێكی ئاراسته‌كردنی موشه‌كی كاتیۆشایان له‌ شوێنێكی چۆڵه‌وانی نزیك بنكه‌ی كه‌ی وه‌ن  دۆزیوه‌ته‌وه‌، ‌لایه‌نیكه‌م‌ 11  موشه‌ك ئاراسته‌ی بنكه‌كه‌ كراوه”‌.

 هەرچەندە لێدوانی بەرپرسانی پنتاگۆن زۆر رون و ئاشكراو توندە لەسەر ئەوەی ئێران هێرشەكەی ئەنجامداوە و پشتیوانی هێرشەكانی دیكەشی كردووە، بەڵام هێشتا به‌ فه‌رمی واشنتۆن ئۆباڵی هێرشه‌كه‌ی نه‌خستووه‌ته‌ ئه‌ستۆی هیچ لایه‌نێكی دیاریكراو.

ئەوشە لەكاتێكدایە تائێستا هیچ گروپێكیش به‌رپرسیارێتی خۆی له‌و هێرشه رانه‌گه‌یاندووه، هەرچەندە پێشبینی دەکرێ كە هێرشەكە لە لایەن چەكدارانی داعشەوە ئەنجام درابێ، بەڵام تائێستا ئەمە پشتڕاست نەكراوەتەوە.

گرنگی بنكەی كەی وەن بۆ ئەمریكا
ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا  هێزی زەمینی و ئاسمانیی و دەریایی هەیە ،لە عێراقدا 12 بنكەی سەربازی گەورەی هەیە، لە هەرێمی كوردستاندا ئەمریكا تەنیا 2 بنكەی سەربازیی هەیە،یەك بنكەش لە كەركوك هەیە كە یەكێكە لە بنكە گەورەكانی ئەم وڵاتە لەعێراقدا.

هەندێك سەرچاوە دەڵێن: ئەمریكا لە عێراق تەنیا 5 هەزار سەربازی هەیە، بەڵام ئەم ژمارەیە تائێستا لە لایەن واشنتۆنەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە. زۆربەی هەرە زۆری سەربازەكانی ئەمریكاش لە بنكە سەربازیی كەی وەنن.

ئەم بنكەیە لە توانایدایە فڕۆكەی بارهەڵگری سەربازیی و فرۆكەی شەڕكەری تێدا بنیشێتەوە.

ئەم بنکەیە توانای پێشوازیكردنی لە 15 فرۆكەی ئێف16 هەیە و  بەشێكی زۆر لە چەكو پێداویستی سەربازییەكەی ئەمریكا لەم بنكەیەدایە.

سەربازە كوژراوەكانی ئەمریكا لە عێراق
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پشتڕاستیكردوەتەوە، لەماوەی شەڕی عێراق لە ٢٠٠٣ـەوە تائێستا، چوار هەزار و 384 سەربازی وڵاتەكەیان لە عێراقدا كوژراون و زیاتر لە 32 هەزار سەربازی تر بریندار بوون.

ئێستا ئەمریكا لە عێراق هەشت بنكەی سەربازیی هەیە كە چەكی قورس و چەكی سووكیان تێدایە. پێشتریش سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو: بنكە سەربازییەكانیان لەعێراق گەورەتر دەكەن و بەكاریان دەهێنن بۆ چاودێریكردنی جومجۆڵەكانی ئێران لە عێراق و دەورووبەری.