ڕاپۆرتی جیهانی

08:56 - 31/12/2019

ئایا ئێران و ئەمریكا رووبەرووی یەكتر دەبنەوە ؟‌

كوردستان ئەحمەد

 گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە عێراق، تادێت چڕتر دەبێتەوە، لەلایەك ئێران لە ڕێگەی حەشدی شەعبی و كەتیبەكانی حزبوڵاوە هێرش دەكاتە سەر كۆنسوڵخانە و بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا لە عێراق، لە لایەكی تریش ئەمریكا هێرش دەكاتە سەر بنكە و بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق و بە فرۆكە بۆردمانی حەشارگە نهێنیەكانی ئێران لە عێراقدا دەكات.
ئەم هەفتەیەی كۆتای كانونی یەكەمی ساڵی 2019 ، شەرێكی گەرم لە نێوان هێزە میلیشیا عێراقیەئێرانیەكان و هێزەكانی ئەمریكادا روویدا، لەلایەك یەكەكانی حزبوڵا لە  كەركوك هێرشیان كردە سەر بنكەی سەربازی ئەمریكا و بەڵێندەرێكی ئەمریكی كوژرا و لەلایەكی تریشەوە ئەمریكا لە رێگەی فرۆكەی ئێف 15 و درۆنەوە لە ئەنبار هێرشی كردە سەر بارەگای یەكەكانی حزبوڵای سەر بەحەشدی شەعبی و بە دەیان چەكدار و بەرپرسی باڵای ئەو كەتیبەیەی كوشت و ئاڵۆزیەكەش گەیشتە ئەوەی حەشدی شەعبی هێرش بكاتە سەر كونسوڵخانەی ئەمریكا  لە عێراق و بەهۆیەوە زیانێكی گەورە بەر باڵەخانەی كۆنسوڵخانەكە گەیشت.

ئاڵۆزیەكان كەی دەستی پێكرد؟
لە سەرەتای ساڵی 2019 ەوە، چەندین جار سوپای ئیسڕائیل و ئەمریكا، بەهاوبەشی چەندین جار لە عێراق و سوریا هێرشیان كردە سەر چەند حەشارگەو بارەگایەك كە چەك و موشەكی بالستی ئێرانی تێدا بوون، كەئامانج لێیان هێرش كردنە سەر بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا لە عێراق و هەروەها سوریا بوو ، لەگەڵ ئەوەش ئەوان بۆ دەرفەتێك دەگەڕان كە لە كوچەیەكەوە لە عێراق بتوانن موشەك ئاراستەی تەل ئەڤیڤ بكەن، بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی ئەمریكی و ئێسڕائیلی كە قسەیان بۆ میدا ئەمریكیەكان كردووە دەڵێن ئێران بە نیازە لە ڕێگەی میلیشیاكانی عێراق و چەند هێزێكەوە لە سوریا هێرش بكاتە سەرمان و بۆردمانی بنكەكانمان بكەن.

لەبەرامبەریشدا پەیتا پەیتا چەند هێزێكی نەناسراو موشەكیان ئاراستەی بنكە و بارەگا سەربازیەكانی ئەمریكا  لە عێراق و سوریا دەكرد، لەو بارەیەوە پنتاگۆن دەڵێت: ئێمە زانیاری تەواومان هەیە كە ئەو موشەكانەی ئاراستەی بنكەكانمان دەكرێن لە لایەن حەشدی شەعبیەوەن و ئێران لە ڕێگەی قاچاخەوە لە سنورەكانەوە دەیانهێنێتە ناو عێراق و سوریا، هەرچەندە ئێران تا ئێستا بەفەرمیی ئەمی پشتڕاست نەكردوەتەوە، بەڵام بەرپرسانی باڵای ئێران دەڵێن: ئێراقیەكان دەیانەوێت دوژمن لە وڵاتەكەیان نەمێنێت.

بەم شێوەیە گرژی و ئاڵۆزیەكان لە نێوان ئێران و ئەمریكا لە عێراق بەتەواوەتی پەرەی سەند، تا كار گەیشتە ئەوەی ئەمریكا هێرشی توندی كردە سەر بنكەكانی حەشدی شەعبی و چەندین سەربازو ئەفسەری پلە باڵای ئەو هێزەیان كوش، لە بەرامبەریشدا  ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە سەرانی حەشدی شەعبی و بەشێكی زۆر لەلایەنگران و تەنانەت كەسە هەرە بەهێزەكانی حەشد  ئاراستەی خۆپیشاندانەكانی عێراقیان بۆ بەردەم كۆنسوڵخانەی ئەمریكا لە عێراق گۆڕیی وبەشێكی زۆر لە باڵەخانەەیان سوتاند، هەرچەندە هیچ ئەمریكیەك  بەهۆی خۆپیشاندانەكەوە زیانی پێنەگەیشت بەڵام ئەمریكا ڕایگەیاند: هێزەكانیان بۆ هەر هێرش و پەلاماردانێكی ڕاستەوخۆ ئامادەن و رووبەرووی هەر دەسدرێژیەك دەبنەوە بكرێتە سەر  هێزەكانیان لە عێراق.

سوتاندنی كونسوڵخانە و دەسپێكرنی شەڕێكی گەورە

بەچەند كاتژمێرێك پێش ئەوەی هێرش بكرێتە سەر كونسوڵخانەی ئەمریكا لە بەغدادی پایتەخت لە لایەن لایەنگران و ئەندامانی حەشدی شەعبیەوە، هیچ كارمەندێكی كونسوڵخانەكە لە ناو بیناكەدا نەمابوون، تەنها پاسەوانەكانی كونسوڵخانەكە لەناو بیناكەدا مابوون و ڕاستەوخۆ لە ژێر فەرمانی پنتاگۆندا بوون بۆ پارێزگاری كردن لە باڵەخانەی كونسوڵخانەی ئەمریكا، كاتێك لایەنگرانی حەشدی شەعبی گەیشتنە كونسوڵخانەكە كامێرای چاودێری باڵەخانەكە و هەروەها دەروازەی سەرەكی و دەروازەی پشتەوەی باڵەخانەكەیان ئاگر تێبەردا و ئاڵای حەشدی شەعبی و وێنەی خومەینیان لەسەر دیواری باڵە خانەكە بەرز كردەوە و  بە دروشمی گەورە لەسەر دیواری باڵەخانەی كۆنسوڵ نوسیبویان قاسم سولەیمانی سەرۆكی ئێمەیە، ئەوەش پەیامێكی روون بوو بۆ ئەمریكا كە لەلایەن ئێرانەوە نەخشە بۆ خۆپیشاندان و هەڵكوتانە سەر باڵوێزخانەی ئەمریكا لە عێراق درابوو، بەڵام ئەوەی جێی تێڕامان بوو، هەموو سەركردەكانی حەشدی شەعبی و شیعە كە بەشێكیان داواكرابوون لە لایەن ئەمریكاوە ، لەناو خۆپیشاندانەكاندا بوون و دروشمی (كلا كلا امریكا)یان دەوتەوە و دژی ئەمریكا وتافیان دەكێشا و هیچ كەسیش نەیدەتوانی رێگریان لێبكات.

لەلایەكی تریشەوە، ئەمریكیەكان لە ڕێگەی مانگی دەستكرد و لەڕێگەی میدیاكانەوە چاودێری دۆخەكەیان دەكرد، بەڵام هیچ كاردانەوەیەكی ڕاستەوخۆیان نەبوو لەبەرامبەر سوتاندنی كونسوڵخانەكەیان، بەڵكو لە چەند بەیاننامە و تویتێكدا بەرپرسانی باڵا چەند لێدوانێكیان دا بە بێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ هێرشێك بكەن.

ئەمركیەكان چیان لەسەر دۆخەكە وت؟
دوای چەند خولەك لە هێرشی سەر كۆنسوڵخانەكە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند ئێران لە ڕێگەی حەشدەوە هێرشی كردوەتە سەرمان و  پێویستە چی زوترە لەو كارە دور بكەونەوە و عێراقیش بەرپرسیارە بەرامبەر هەر هێرشێك كەبركێتە سەر كونسوڵخانەكان و پێویستە دەستی ئێران لە عێراق ببڕدرێت  كاتی ئەوە هاتوە  ملیۆنان عێراقی لە دەستی ئێران ڕزگار بكەین و ئازادیان بۆ فەراهەم بكەین.

 لەلایەكی تریشەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا مایك پەمپیۆ وتی: هێرشەكانمان بۆ سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لەبەرامبەر دەستدرێژیەكانی ئەو هێزانەیە بۆسەر بنكە سەربازیەكانمان و ئێمە هەموو شتێك دەكەین لە پێناو پاراستنی سەروەریمان و رێگە نادەین هیچ هێزێك هێرشمان بكاتە سەر و ئامادەی هەموو بەرگریەكیشین لە پێگەو توانای خۆمان.

لەلایەكی تریشەوە پنتاگۆن ڕایگەیاند: هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە و ئامەدەی رووبەروو بونەوەی  هەر هێرشێكن و ئامادەش نین بە هیچ شێوەیەك بنكە و بارەگا و كۆنسوڵخانەكانیان لە عێراق بۆ هیچ هێز و لایەنێك چۆڵ بكەن و ئەوان كار پارێزگاری سەروەری عێراق دەكەن و دەیانەوێت عێراق بە سەروەری خۆیەوە بمێنێتەوە و ئەركی ئەوان لە عێراق سەر هەڵنەدانەوەی تیرۆر و پاراستنی مافی مرۆڤ و دیموكراسیە لە ناوچەكەدا.

ئێرانیەكان چی دەڵێن؟
 فۆكس نیوز دەڵێت: ئێرانیەكانی پلانی خۆپیشاندانی بەردەم كونسوڵخانەكەی ئەمریكایان داڕشتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ بەرپرسێكی ئێران لەو بارەیەوە لێدوانی نەداوە و بەبێدەنگی لە دۆخەكە دەڕوانن، هەرچەندە پێشتر بەرپرسانی باڵای ئێران لە ڕایانگەیاندبوو پێویستە عێراقیەكان سەروەری خۆیان بپارێزن و هێزەدەرەكی و داگیر كەرەكان لە وڵاتەكەیان بكەنە دەرەوە و دژیان بوەستنەوە.

خۆپیشاندەران چیان دەوێت؟

هەر لەسەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی بەردەم كۆنسوڵخانەی ئەمریكا، ئەمریكا، خۆپیشاندەران كە پێك هاتبوون لە لایەنگران و دەسەڵاتدارانی حەشدی شەعبی و بەشێك لە شیعەكان داوای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكایان لە عێراقدا دەكردو  هێرشیان كردە سەر باڵەخانەكە و بەشێكی زۆریان لە باڵەخانەكە سوتاند.

سەركردەكانی حەشدی شەعیی داوادەكەن ئەمریكا لە عێراق نەمێنێت و عێراق چۆڵبكات  لەو بارەیەوە  موقتەدا سەردر ڕایگەیاند: پێویستە بەشێوازی یاسایی و سیاسیی ئەمریكا لە عێراق بكەینە دەرەوە و سەروەری بۆ وڵاتەكەمان بگێڕینەوە و لەلایەكی تریشەوە قەیز خەز عەلی ڕایگەیاند: بەم زوانە دەوری تەواوی بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا لە ئێران دەدەین و هێرش دەكەینە سەر تەواوی بنكە و بارەگاكانی ئەمریكا لە عێراق و دەیانكەینە دەرەوە ڕێگە نادەین  خاكی ئێراق بەكار بهێنن و بەئارەزویی خۆیان كاری نەشیاو بكەن

چی دیكە روودەدات؟
خۆپیشاندانەكان تا ئێستا بەردەوامن و پێدەچێت بەم زوانە كۆتایی نەیەت لە دواین كاریشیاندا بەشێكی زۆر لە باڵەخانەی كونسوڵخانەكەیان سوتاندووە ، ئەمریكاش دەڵێت بە هیچ شێوەیەك باڵەخانەكەیان چۆڵ ناكەن و ڕێگە نادەن هیچ هێزێك بێتە ناو باڵەخانەكەوەة هەر هێزێكیش بێتە ناو باڵەخانەكەوە بەرپەرچی دەدەنەوە.

هەرچەندە هێزێكی زۆری ئەمریكا لە ناو باڵەخانەكەدان و فڕۆكەی سەربازی ئەمریكاش بەسەر باڵەخانەكەوە دەسوڕێتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ كاردانەوەیەكی ئەمریكیەكان بەبرامبەر بە خۆپیشاندەران نەبووە و تەنها چاودێریی دۆخەكە دەكەن، بەڵام پێدەچێت ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا  پێكدادان لە نێوان هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای ئەمریكا دا رووبدات و چەندین كوژراوی لێبكەوێتەوە.