ڕاپۆرتی جیهانی

10:52 - 02/01/2020

سەفەرێک بۆ کوبا.. وڵاتی پەیکەر و پشیلەکان‌

پەیسەر


کوبا تاکە وڵاتی سۆشیالیستییە لە دنیادا، زمانی قسەکردن لەکوبا ئیسپانییە، ژمارەیەکی کەمیان دەزانن بە ئینگلیزی قسەبکەن. بەپێی ئاماری ٢٠١٩ ژماری دانیشتوانی گەیشتووەتە ١١ ملیۆن کەس.
کوبا گەمارۆی ئابووری لەسەرە، تەنیا لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیاریکراودا هاوردەو هەناردەیان هەیە، لەوانەش ڤەنزەوێلا، کەنەدا، چین، هۆڵەندا، ئەڵمانیا، یەک دوو وڵاتی تر.
تاکە وڵاتە کە دەچیتە ناوی هەست بەجیاوازییەکی تەواو دەکەیت بەراورد بە وڵاتانی تر، یەكێکە لەسەلامەتترین وڵاتانی دنیا. لەوێ بەتەواوی هەست بەئارامیی دەکەیت، وڵاتێکە خاوەنی کەلتوورێکی بەرزو سیستمێکی مرۆڤدۆستییە.
ئەو جیهانگیرییەی باڵی بەسەر دنیادا کێشاوە لەڕووی تەکنەلۆژیاو بەرخۆری و مەسرەفگەرایی و مارکەو مۆدێلات و ئەو ڕۆڵەی ئێستا ژنان دەیگێڕن لە نمایشی جەستەی تاتۆکراو نەشتەرگەریکراو، ئەوانی نەگرتووەتەوە. ئەوەش زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارو دۆخە ئابووری و سیاسی و کەلتوورییە کە لەو وڵاتەدا هەیە.
سەرت لە جوانیی شاری هاڤانا سوڕدەمێنێ، دیمەنەکانی بۆخۆی کتێبێکە، دەتوانیت دێڕبەدێڕ بیخوێنیتەوەو پرسیارت لادروستبێ.
ئەم شارە بەو بارە ئابوورییە لاوازەوە چۆن ئەوەندە ئارتیستی و جوانە؟ ئەم خەڵکەی بۆ ئەوەندە هێمنن؟
ئەم هەموو پەیکەرە جوانانە، پەیکەری کێن؟ ئەم کەسانە کێن؟ چییان بەسەر ئەم وڵاتەوە هەیە کێن ئەوانەی ئەم پەیکەرانەیان دروستکردووە؟  هەر لەخۆتەوە ئارەزوو دەکەیت لێیان نزیک بکەویتەوە دەربارەیان بزانیت.
بەیانییەک لە خەو هەڵدەستی، دوای نانخواردنی بەیانیی ئامادە دەبیت بچی بۆ ماڵی ئەرنست هەمەنگوای، کراوە بە مۆزەخانە، بە ئۆتۆمبیلێکی مۆدێل پەنجاکان بە ٢٥ (پیسۆ) دراوی کوبایی، بەڕێدەکەویت بەرەو ماڵی ئەرنست هەمەنگوای رۆماننوسی بەناوبانگ، ڕێگە نیشاندەرێکیش لەگەڵ شۆفێرەکەدایە.
بەدەم ڕۆیشتنی ئۆتۆمبیلەکەوە باسی شوێنەکانت بۆ دەکات، ئاماژە بۆ هۆتێلێکی بەرزو جوان دەکات و دەڵێت ئەو هۆتێلە "هۆتێلی سەرەتۆگا" شوێنی گۆرانیبێژە سپانییەکانە. گۆرانیبێژانی وەکو بیانسەی، ڕییانە، مەدۆنا، ئەشەرو زۆری تر، کە دێن بۆ هاڤانا، لەوێ دەمێننەوە.

نووسەری ئەم بابەتە لە ماڵی هەمەنگوای

دەگەیتە ماڵەکەی ئەرنست هەمەنگوای لە لادێیەکە ٤٥ خولەک لە هاڤاناوە دوورە، ماڵێک لەناوەڕاستی دارستانێکی گەورە کە ڕووبەرەکەی چوار هیکتارە، ئەو خانووەی لە جەنەراڵێکی فەرەنسی کڕیوەتەوە. هەموو ژوورەکانی وەکو خۆی ماون، ژووری خوێندنەوەو نووسین و ژووری میوان، ژووری خەوتن، گەرماو. لە هەر سوچێکی ماڵەکەیدا کتێبخانەیەکی لێیە، بەهەموویەوە نۆ هەزار کتێبی تێدایە. دارستانەکەی جۆرەها داری تێدایە، یەکێک لەدارەکان تەمرهندییە.
کاتێک ئەو خانووەی کڕیوە، دارستانەکە تەنیا ئەو ماڵەی ئەوی لێبووە، دوای مردنی وردە وردە خانووی تری لێ دروستکراوەو بووە بە لادێ، ناوی لادێکەش Finca Vigía فینگە ڤیگییایە.
هەمەنگوای ٥٧ پشیلەی هەبووە، مانگایەکی هەبووە، شیرەکەی تەنیا بۆ پشیلەکان بووە. بەلەمێکی گەورەی هەبووە ٦ تەختە خەو، چێشتخانەیەکی تێدابووە، ناوی نهێنی یەکێک لە ژنەکانی لەبەلەمەکەی ناوە.
عەرەبانەیەکی هەبووە دوو ئەسپ ڕایانکێشاوە، شوێنی ئەسپ و عەرەبانەکەی وەک خۆی لەناو دارستانەکەدا ماوە. گۆڕستانی چوارسەگی کە زۆرخۆشیانی ویستووە لەناو دارستانەکەدایە، بەڕیزی یەکەوە لەسەر بەردی مەڕمەڕ ناویان نووسراوە/
تایپ ڕایتەرەکەی هەر لەماڵەوە لە نووسینگەکەی ماوە، کتێبەکانی وەک خۆیان ماون، ئەو شتانەی کە لەناو نەچوونە وەک خۆیان ماون، پەیکەرێکی هەمەنگوای لەدەرەوەی ماڵەکەیان لەناو دارستانەکەدایە. ناوی لەسەر نووسراوە.
کە ڕوو دەکەیتە گۆڕەپانی شۆڕش ئەم پەیکەرانە دەبینی: چەی گیڤارا و کەمیڵۆ سەینفییەیگۆی هاوڕێی، هەردوو پەیکەرەکە بەئاسن زۆر جوان دروستکراون.
کە ئەو دوو سەرکردە شۆڕشگێڕە دەبینیت، هەم دڵخۆشت دەکەن هەم دڵپڕ، چۆن کەسانێکی وا لە تەمەنێکی وا کورتدا ماڵئاواییان لەژیان کردووە.
کەس هەیە نەزانێ گیڤارا کێیە؟ ئەگەر نەشزانی کە پێت نایە ئەو وڵاتەوە دیمەن و بازاڕەکانی ئەو وڵاتە واتلێدەکەن بپرسیت و بگەڕێی بەدوای کتێب ونووسینەکانیدا یان ئەو کتێبانەی لەسەری نووسراون و ئەو فیلمانەی دەربارەی ژیانی شۆڕشگێڕیی و مرۆڤدۆستی ئەو نووسراون.

گۆرانیی "هاوڕیی هەمیشەییمان گیڤارا" زۆربەمان گوێمان لێبووە. ئەم گۆرانییە یان دەتوانین بڵێین ئەم سروودە پڕ سۆزو پڕحەماسەتە کە بەزمانی ئیسپانیە، وشەکانی گوزارشن لە نامەیەکی وەڵامدانەوە بە نامە ماڵئاواییەکەی چەی گیڤارا ئەو کاتەی کوبای جێهێشت.
گۆرانیی "هاوڕێی هەمیشەییمان گیڤارا" گۆرانیبیژو ئاکتەری فەڕەنسی"ناتڵی کاردۆن" بەدەنگە پڕسۆزەکەی دەیچڕێت، گۆرانیبێژی فارسی موحسین نامجۆش بە فارسی گوتوویەتییەوە.
گۆرانییەکە باسی گرنگی چرکەکانی شۆڕشی کوبا دەکات، کەسایەتی گیڤارا بەرز دەنرخێنێ، ڕۆڵی گیڤارا وەکو سەرکردەیەکی شۆڕشگێڕ وێنا دەکات. ئەم گۆرانییە دوای کۆچی گیڤارا بووە بە ڕەمزێکی جیانەکراوە لە خەبات و تێکۆشانی گیڤارا.
لەبەرانبەر ئەو دوو پەیکەرە ئاسنەدا پەیکەرێکی تر دەبینی، لەبەردەم مۆزەخانەی کەلتووریی لەسەر شەقامی پاسییۆ، ئەوەش پەیکەری شاعیرو ڕۆژنامەنووس و پرۆفیسۆرو نووسەری کوبی یۆزەی جلیان مارتیە، دەنگێکی ئازادیخوازی دیاری ناو ئەدەبی ئەمریکای لاتین.
بە شەقامەکاندا پیاسە دەکەیت، کافتریاوباڕێک دەبینیت، واژۆی ئەرنست هەمەنگوای لەسەرە، دەچیتە ژوورەوە، دەبینیت پەیکەرێکی گەورەو ڕەنگ بڕۆنزی زۆر جوانی ئەرنست هەمەنگوای لەوێیە، هەروەکو ئەوە وایە کە جێی هەمیشەیی ئەوبێ، وەکو ئەوە وایە هەمیشە لەگەڵ میوانەکانی ئەوێ ئامادەیی هەبێ و لەگەڵیاندا بەدەم خواردن و خواردنەوەوە باسی ئەدەب و نووسین بکات.
ڕۆژێکی تر ئۆتۆمبیلێکی مۆدێلی ساڵی پەنجاکان لە هۆتێلەوە بە بیست پیسوی کوبی دەتگەیەنێتە ناو هاڤانای کۆن، لای مۆزەخانەی شۆڕش دادەبەزیت. بینایەکی گەورە لەدەرگای سەرەکی دەچیتە ژوورەوە یەکسەر چاو بەرز دەکەیتەوە، پەیکەرێکی گیڤاراو کەمیڵۆ سەینفییەیگۆی هاوڕێی بەچەکەوە دەبینیت لەناو جەنگەڵێکن، دەڵێی لە چاوەڕوانی هاتنی دوژنمدان.
دەچیتە نهۆمی سەرەوە، هەمووی وێنەی چەی گیڤاراو کەمیلۆو فیدڵ کاسترۆن، ئەو چەکانەی بەکاریان هێناوە، دووربین، پێڵاو، دەستنووس، ئامێری تایپ... هەموو ڕوونکردنەوەیەک بەزمانی ئیسپانی نووسراوە.
هاڤانا شارێکە، دارو دیواری بە وێنەو پەیکەری جوانی شۆڕشگێڕان ،ئازادیخوازان، شاعیران، نووسەران، ڕۆماننووسان، گۆرانیبێژان و.... نەخشێندراوە، سەرچاوەیەکی باشە بۆ ناسینی ئەو کەسانەی کە جێ پەنجەیان لە کردنی کاری باش بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی دیارە.
ئەو پەیکەرانەی ناو شارو ئەو وێنە کێشراوانەی سەردیوارەکان و ئۆتۆمبیلی مۆدێل کۆن و تاکسی ئەسپ و عەرەبانەو تاکسی پاسکیل و شەپۆلی ئاوی ئۆقیانووسی ئەتڵەسی شارەکەیان ڕازاندووەتەوەو دیمەنی ناو شارەکەیان جوانتر کردووە.
هەموو سوچێکی ئەو وڵاتە جوان و ئارامبەخشە.


لەکوبا کەس پەیکەر ناشکێنێ، کەس دیوار پیس ناکات، شەقامەکان پاک و خاوێنن، ئەوان مەسرەفگەرا نین، سود لە هەموو پاشماوەیەک وەردەگرن، هیچ شتێک بەهەدەر نادەن.
ئەوەی هەیانە شتێکی کەمە، شتی زۆر لەخۆیان کەڵەکە ناکەن. بایی ئەوەیان هەیە پێی بژین و بەس.
ڕۆژێکی تر بەپاس دەچی بۆ سەنتەری هاڤانا، ئەو شوێنەی لەوێ کیلۆمەتری سفر دەستپیدەکات بۆ بەردەم پەرلەمان.
ئەوان تاکە حیزبێکیان هەیە ئەوەش پارتی سۆشیالیستە، پێویستیان بە پەرلەمان و هەڵبژاردن نییە. ئەو شوێنە کراوە بە مۆزەخانە.
بینای پەرلەمان لە ١٩٢٦ بەشێوەیەکی ئەندازیاریی زۆر وردوجوان درووستکراوە، بینایەکی گەورەو بەرزە، بە ٦٠ پێپلیکانە دەچیتە سەرەوە، دارو دیوارو زەوی وئاسمانی نەخشی ڕەنگاو ڕەنگی جوانە. نازانی سەیری چی بکەی.
پڕی پەیکەرو وێنەی جوانە، پڕی مێزو کورسی سەدەی ڕابوردووە بەڵام بەکواڵتی نوێ، چەندەها هۆڵی گەورەی کۆبوونەوەو نانخواردن و کتێبخانەی تێدایە.
کەمێکی تر دەڕۆیت ڕێستۆرانتێک سەرنجت ڕادەکێشێت ناوەکەی نووسراوە El Gato Tuerto: پشیلەی یەک چاو، دەچیتە نهۆمی سەرەوە، پێشوازیت لێدەکەن و لەسەر کورسییەک و لەبەردەم مێزێک دادەنیشیت، چاو دەگێڕیت، تەماشای ئەو وێنە جوانانە دەکەیت کە هەڵواسراون، لیستی خواردنەکانت بۆ دەهێنن، چەند خواردنێک هەڵدەبژێریت وکەمێک لەگەڵ کارمەندانی ناو ڕێستۆرانتەکە گفتوگۆ دەکەیت، نانێکی سادەو بەتام دەخۆیت و دەتەوێت ئەوێ بەجێبهێڵیت، دەبینی لەسەر دیواری پەنای پێپلیکانەکان تابلۆیەکی زۆر گەورەی پشیلەیەکی یەکچاو لەسەر دیوارەکە وێنەکراوە، لەکاتی هاتنتدا هەستت پێ نەکردووە.
کەبەسەر شەقامەکاندا دەڕۆێت، چەندەها دوکانی جوانی کتێبخانەو سەنتەری ڕۆشنبیریت بەرچاو دەکەوێت، ناتوانیت هەڵوەستە نەکەیت و نەچیت چاوێک بە کتێبەکاندا نەگێڕیت، کتێبەکانیان زۆربەی بە زمانی ئیسپانیین، کتێبی ئینگلیزیش هەیە، بەڵام کەمتر.
یەک دوو هەنگاو دەنێیت چاوت بە پەیکەرێک دەکەوێت، پیاوێک بەسەر ئەسپێکەوە، لێی نزیک دەبیتەوە، لە تەنیشت پەیکەرەکە نووسراوە سیمۆن یۆزەی بۆلیڤار، ئۆو ئەمە ئەو جەنگاوەرەیە یەک دوو هەفتە لەمەوبەر فیلمی ژیانیم بینی، کەسێکی سەربازی و سیاسی ڤەنزەویلییە، لە ٢٤ی جوڵای ١٧٨٣ لەدایک بووە، دامەزرێنەرو سەرۆکی کۆلەمبیایە،
سیمۆن یەکێکە لە کەسایەتییە بەرزەکان، ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕزگارکردنی زۆربەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین هەبووە. کە لەژێر حوکمی ئیسپانیادا بوونە، لە سەدەی شانزە، وەکو کۆڵەمبیا، ڤەنزویلا، ئەکوادۆر، پیرۆ، بۆلیڤیاو پەنەما.
یەک دوو هەنگاوێک دەڕۆیت و پەیکەرێک دەبینیت، لێی ورد دەبیتەوە، پەیکەری شکسپیر، یەکسەر دەتباتەوە بۆ پۆلی شەشەمی ئامادەیی خوێندنی کتێبی " بازرگانی ڤینیسیا,The merchant of Venice
بیرمان بۆ کتێبەکانی تری شکسپیر دەچێ ڕۆمیۆو جولییەت،کینگ لییەر، هاملێت، ماکبێس، ڕەشەبا، نیوەشەوێکی هاوین، ئۆتیلۆ، دوانزەهەمین شەو، ئەنتۆنی و کلیۆپاترا، .... بیرمان بۆ ئەو وتە باوەی شکسپیر دەچێto be or not to be
بەدەم ڕۆیشتنەوە چاوت بە سێ وچوار پشیلەی ڕەنگ پرتەقاڵی و ڕەش و سپی و قاوەیی دەکەوێت، لەناو باخێکی سەرنجراکێشەری بەردەرگایەکی گەورەی ئاسنی خەتخەتی ڕەش، لێیان نزیک دەبیتەوەو لە تەنیشتیان دادەنیشی. ئەوانیش لێت نزیک دەبنەوە، لێت ناترسن، ئەزانن کەس ئازاریان نادا، دەستی سۆز دەهێنی بەسەرو پشتیاندا، دڵخۆش دەبیت پێیان، ئەوانیش دڵخۆشن بە بینینت.
سەرهەڵدەبڕێت، ئۆو حەوشەی ئەودیو دەرگا ڕەشەکە پڕە لەپشیلەی جوان، هەڵدەستیتە سەرپێ و هەنگاو بۆژوورەوە دەنێیت، پشیلە دەورت دەدەن، تۆو پشیلەکان تەماشای یەکتر دەکەن، بە پێکەنینەوە سڵاو لەو دوو ژنە ئێسک سوکە دەکەیت کە لە پەنجەرەی کوختێکی بچوکەوە پێشوازی لە سەردانیکەران دەکەن، دەپرسیت ئەم هەموو پشیلەیە چین؟ ئەم شوێنە چییە؟ ئەویش دەڵێت ئەمە ماڵی پشیلەیە، ٣٧ پشیلە لەم شوێنە دەژین، دەوڵەت ئەم شوێنەی تەرخان کردووە بۆیان، ئێمە ئاگامان لێیان دەبێت نان وئاویان دەدەینێ، بەخششیش قبوڵ دەکەین بۆ مەسرەفی پشیلەکان.
کەمێکی تر دەڕۆیت چاوت بە پەیکەری ڕۆماننووسی ئیسپانی مگێل دی سرڤانتس نووسەری ڕۆمانی دۆنکیشۆت دەکەوێت،
چاوت بەدوو پەیکەری تر دەکەوێت، ئۆو ئەمانە دۆنکیشۆت و سانچۆن..
لەوێ پەیکەر دوایی نایات، هەر دەڕۆیت و یەک بەدوای یەکدا پەیکەر دێت. ئای چەند جوانن.


سەر هەڵدەبڕیت باڵکۆنییەکان بە دارو ئاسن نەخشێنراون، ئەو شتە جوانانە ڕات دەگرن، لەجوانییان ڕادەمێنیت و بیر دەکەیتەوە، ئەگەر دەوڵەت سامانەکەی بۆ خزمەتی خەڵکەکەی خۆی نەبێت ئیتر بەکەڵکی چی دێت.
کەمێکی تر دەڕۆیت مۆزەخانەی ڤکتۆر هۆگۆی ڕۆماننووس و شاعیری فەرەنسییە، نووسەری ڕۆمانی "پشت کۆمەکەی نۆتردام" ئەم ڕۆمانە بایەخ و گرنگی خۆی هەیە، هەروەها ڕۆمانی بێنەوایان... هتد
کەمێکیتر دەڕۆیت فیدراسیۆنی ژنان و وەزارەتی پەروەدەوفێرکردن، کتێبخانەی گشتی، پارکی جۆن لەننی شاعیرو گۆرانیبیژو پارکی لینین، پەیکەرێکی ئەتاتۆرک یش هەیە بۆ بەردبارانکردن باشە.
دەچیتە سەر دەریای ئەتڵەسی، لە بەرینی و ڕەنگی شینی ئەو ئاوە ڕادەمێنی، لەناکاو شەپۆڵیکی ئاو دێ بەسەرتدا، تامی ئاوەکە دەکەیت، زۆر سوێرەو گەرمە، وردە وردە باران دەست بەبارین دەکات، بارانێکی گەرم، پلەی گەرما بیست وحەوتەو هەوایەکی خۆشی هەیە.
ئەو سامانە سروشتییەی کوبا هەیەتی و پشتی پێبەستووە توتن، شەکر، ماسی. دار، ئاسن. مس، ستیل، خواردنەوەی کحولی و سرکە، کاربۆن ،داوو دەرمان، زینک، هەمووی لەلایەن دەوڵەتەوە کۆنترۆڵ کراوە.
لە کوبا نەخۆشخانەو داوو دەرمان بەخۆڕاییە بۆ هەموو کەسێکی ئەو وڵاتە، قورسترین چارەسەرو نەشتەرگەری بەهەموو جۆرەکانییەوە بەخۆڕاییە، نەخۆش چەندی پێویست بێت و چەند نرخیشی گرانبێت بەخۆڕاییە،
قوتابخانە موڵکی دەوڵەتە، بەهیچ جۆرێک قوتابخانەی تایبەت نییە، قوتابی لە پۆلی یەکەوە تاکو پۆلی ١٥ هەرهەمووی جلی یەکپۆش لەبەردەکەن، بەخۆڕایی بەبێ جیاوازی تەمەن و ڕەگەز بەسەر قوتابیاندا دابەش دەکرێن، هەموو شوێنە سەرەکییی و گشتییەکانی وەکو فڕۆکەخانە، مۆزەخانە، قوتابخانە، نەخۆشخانە، بەنزینخانە، بانق، هۆتێل، تاکسی، پاس... لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدان.
قوتابخانە تاکو دوای پۆلی ١٢ بەزۆرە، هەموو کەسێک دەبێ قۆناغی ١٢ تەواو بکات، وڵاتەکە نەخوێندەواری تێدا نییە.
قوتابخانە تاکو تەواو کردنی دواناوەندی و کۆلێژ و دانشگاو تاکو بەرزترین قۆناغی خوێندن بۆ هەموو کەسێکی ئەوێ بەخۆڕاییە. هەرچییەکیش کە ئارەزووی دەکەن دەتوانن بیخوێنن.

هەموو کەسێک خانوووی بۆ دابین کراوەو مانگی ٣٠ دۆلار وەردەگرێت ئەگەر کاربکات یان پەککەوتەبێت و نەتوانێت کار بکات، ئەو بڕە پارەیە بەشی پێداویستییەکانی ئەو ژیانە سادەیەیان دەکات.
بەڵام خەڵکی ئەوێ هەوڵ دەدەن خۆشتر بژین بەدوای کاردا دەگەڕێن، دوو جۆر خەڵک دەبینی، خەڵک هەن زۆر هەژار دیارن و لەخانووی تەسک و ناخۆش دا دەژین و زۆربەشیان پێشی ماڵەکەیان کردووە بە دوکان و وردە واڵەو کاری دەستی خۆیانی تێدا دەفرۆشن، وەکو جل وبەرگی دوراوو چنراو. خەڵکی تریش هەن لەگەڕەکی خۆشترو خانووی جوانتردا دەژین ئۆتۆمبیلی خۆیان هەیە.
مۆبایلیان هەیە کە بەرهەمی وڵاتەکەی خۆیان نییە، خەڵک هەیە کەسوکاری لەدەرەوەیەو پارەی بۆ دەچێ، دەتوانێت جیاواز لە خەڵکی تری ئەوێ بژێت، کوباش پێوەی دیارە کە بەرەو سیستیمی سەرمایەداریی هەنگاو دەنێ. هیوادارم وا نەبێ.
خەڵکی کوبا، خەڵکانێکی مرۆڤدۆست وئاژەڵدۆست وژێنگەدۆستن، خۆشەویستییان بۆ داروبەردو هەمووشتێکیتر هەیە، ئازاری کەس نادەن، نە بەقسەی تاڵ و ناخۆش نە ئازاری جەستەیی، کەسانێکن کەدەزانن خەڵکی ئەو وڵاتە نیت، هەمیشە لێت دەپرسن، یارمەتیت پێویستە؟ ئەتەوێ بۆ کوێ بچیت؟ ئەگەر بڵێی سوپاس هیچم ناوێ، یان هەر هیچ وەڵام نەدەیتەوە، واز دەهێنن بێزارت ناکەن.
کەس سەیری کەس ناکات چ جۆرە جل وبەرگێک دەپۆشیت، هەر جێگەی باس نییە بەهیچ جۆرێک، لەوێ هەموو کەس ئازادە چ جۆرە جلێک دەپۆشێت، ئازادیت پەیڕەوی دین ئەکەیت یا نا، کەسیش بەهۆی ئەم جۆرە شتانەوە ناکوژرێت.
لە کوبا مارکەو براند نییە، کەس نابینیت جل وبەرگی مارکەی لەبەربێ یان جانتای مارکەی بەدەستەوەبیت.
ڕێکلامیان نییە، چونکە تەنیا بەرهەمی ناوخۆیان هەیە.


ژن وپیاو زۆر سادەن، کەس نابینی نەشتەرگەری جەستەی کردبێ، کەس نابینی خۆی کردبێ بەجامخانەو کیلۆیەک ئاڵتونی بە مل و دەست وپێیدا هەڵواسیبێ.
لەوێ مانگا سەربڕین قەدەغەیە، نایانەوێ ئەو مانگایانەی کە هەیانە تەواوبن، چونکە شیرو ماست و پەنیر بەرهەمی مانگایە. هەرکەسێک مانگا سەربڕێت سزاکەی قورسە، ٥-١٠ ساڵ زیندانی دەکرێت، تەنیا گۆشتی ئەو مانگایانە دەخورێت کە خەریکە مردارببنەوە یان تازە مرداربوونەتەوە یاخۆد پیرن و خەریکن مردارببنەوە، ئەوەش تەنیا ئەوانەی مۆڵەتیان هەیە دەتوانن سەری ببڕن. بەڵام سەربڕینی بەراز ئاساییە، چونکە بەراز هیچ بەرهەمێکی نییە بەڵام ئەوەش مۆڵەتی دەوێت.
کوبا وڵاتێکی سەوزە، کە دەچیتە ئەوێ وا هەست دەکەیت لەناو دارستانیت، ئەوان ژینگە پارێزن، ژینگەیەکی پاک وجوانیان هەیە، ئاژەڵ دۆستن، ڕۆژانە دووسێ سەگ بەوناوەدا دەسوڕانەوەو دەهاتنە ناو هۆتێلەکانەوە، کەس نەک هەر ئازاری نەدەدان و دەری نەدەکردن بەڵکو دەستی سۆزیان بەسەریاندا دەهێناو خۆشەویستیان پێ دەبەخشین، ئاژەڵیش وەکو مرۆڤ تەنیا پێویستی بە خواردن نییە، بەڵکو لە خواردن زیاتر پێویستی بە خۆشەویستییە.
لە کوبا دوو جۆر پارەیان هەیە، گەشتیار جۆرێک پارە بەکار دەهێنێت، هاوڵاتی جۆرێکی تر، بۆ هاوڵاتی نرخ هەرزانترە. بەڵام بۆ گەشتیار نرخ گرانترە.
لە کوبا تاک تاک سواڵکەر دەبینیت، کەس بێزار ناکەن، خۆت شتێکیان پێببەخشیت وەریدەگرن، ئەگەر نا، بێدەنگن و داوای هیچ ناکەن.
لە کوبا تەنیا چوار بۆنەو ڕۆژی پشویان هەبووە ٢ی جەنیوەری ڕۆژی سەرکەوتنە، ١ی مەی ڕۆژی جیهانی کرێکارە، ١٠ی ئۆکتۆبەر ڕۆژی سەربەخۆییە، لەدوای ١٩٩٨ ەوە دوای ئەوەی پاپا جۆن پۆڵ سەردانی کوبای کردووە، ٢٥ی دیسەمبەر "کرسمس" کراوە بە پشوو. لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک کرسمس و ساڵی نوێیان پێ گرنگ نییە ، تەنیا لە هۆتێلەکان بەبۆنەی گەشتیارەوە کەمێک گڵۆپی ڕەنگاوڕەنگ دادەنرێت.

نووسەر و وەرگێڕ شلێر رەشید، کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ سەردانێکی ٨ رۆژەی بۆ ئەم وڵاتە کردووەو ئەم گەشتنامەیەی نووسیوە.