ڕاپۆرتی جیهانی

02:37 - 02/01/2020

سەرۆکی کۆمپانیای نیسان چۆن لە ژاپۆن هەڵات؟‌

پەیسەر

لە دوای دامرکانەوەی یارییە ئاگرینەکان و ئاهەنگەکانی پێشوازی لە ساڵی ٢٠٢٠ هەواڵی هەڵاتنی (کارلۆس گۆن) ملیاردێری جیهانیی و سەرۆکی پێشووی کۆمپانیای ئوتۆمبیلسازی (نیسان NISSAN) لە ژاپۆن، بووەتە هەواڵی سەرەکی میدیاکان.
کارلۆس گۆن کۆتایی ساڵی ٢٠١٨ تۆمەتبارکرا بە، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی و خەرجکردنی داهاتی کۆمپانیا بۆ مەرامی شەخسیی.
ساڵی ٢٠١٩ دادگای ژاپۆن بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی پێشووی نیسان دەرکرد و چوار مانگ لە زیندان ‌هێڵرایەوە.
هەڵاتن لەناو جانتای ئامێرە مۆسیقییەکاندا
هیچ کەس لەو باوەڕەدا نەبوو کە کارلۆس گۆن بتوانێ، پۆلیسی ژاپۆن بخاڵافێنێ و بەناو دەیان خاڵی پشکنین و فڕۆکەخانەدا دەربازی ببێ. هیچ لایەک بەو هەڵاتنەی نەزانی تا، یەکەم رۆژی ساڵی ٢٠٢٠ گۆن لە بەیروتی پایتەختی لوبنان سەری دەرهێنا.
بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان، کارلۆس گۆن لە تورکیاوە پەڕیوەتەوە بۆ لوبنان. بۆیە ئێستا حکومەتی تورکیا دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە تا بزانرێ ئەو کابرایە چۆن و لەکوێوە چووەتە ناو تورکیا و دواتر دەربچێ بۆ لوبنان.
جۆن شیرۆ هێروکامی، پارێزەری یاسایی سەرۆکی پیشووی کۆمپانیای نیسان، سەرسوڕمانی خۆی لە هەڵاتنی نیشانداوەو گوتوویەتی:"هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبووە کارلۆس گۆن، بەوڕادەیە فێڵ بکات و بە دزییەوە وڵات بەجێ بهێڵێ. دەمم بەستراوەو هیچم بۆ ناگوترێ"


ئێستا زیاد لە وڵاتێک سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە کێشەی کارلۆس گۆن. فەرەنسا دەڵێ: ئەگەر گۆن بجێتە وڵاتەکەیەوە، ناتوانێ رادەستی ژاپۆنی بکاتەوە چونکە ئەو هەڵگری رەگەزنامەی فەرەنسییە.
لوبنان و تورکیا تێوەگلاون لەوەی دەستیان هەبووبێ لە ئاسانکاریی بۆ هەڵاتنی کارلۆس گۆن، بەڵام بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە تەنیا ئەوەیان گوتووە کە لێکۆڵینەوە لەم رووداوە دەکەن.
دیپلۆماتکارانی ژاپۆنی نایشارنەوە کە گومانیان هەیە، وڵاتێک یان چەند وڵات دەستیان لە ئاسانکاریی بۆ هەڵاتنی سەرۆکی پیشووی نیسان هەیە. بەڵام ناوی هیچ وڵاتێکیان نەهێناوە.
بەڵام میدیاکانی جیهان دەڵێن: ئەو هەڵاتنەی سەرۆکی پێشووی نیسان، کارێک نییە هەروا بە سەرپێی کرابێ. بەڵکو ئەوە لەناوخۆی ژاپۆن بەرنامەڕێژی بۆ کراوەو لە شوێنانی تر دەسگیرۆیی پیلانداڕێژەران کراوە.
کارلۆس گۆنی تەمەن ٦٤ ساڵان لە یەک کاتدا، پشکی لە سێ کۆمپانیای ئوتۆمبیلسازی نیسان٣٤٪ و میتسۆبیشی ٣٤٪ و رەنۆی ژاپۆنیی ١٥٪بوو.
میدیاکانی ژاپۆن دەڵێن، داهاتی ساڵانەی کارلۆس گۆن ٥ ملیار دۆلار بووە.