ڕاپۆرتی جیهانی

10:41 - 03/01/2020

ئایا جەنگ روو دەدات؟‌

كوردستان ئەحمەد

ئەمرۆ، هەموو لایەك بە هەواڵی كوشتنی گەورە جەنرالێكی ئێرانی لە عێراق  پێیان خستە رۆژێكی نوێوە، ئەم رووداوە تەنها  بە كوشتنی قاسم سولەیمانی كۆتای نایەت، بەڵكو سەر دەكێشێت بۆ رووداوێكی تری گەورەترو هەموو لایەك ترسی ئەوەیان لێ نیشتوە كە پێدەچێت دۆخەكە بەرەو شەرێكی گەورە سەر بكێشێت.

ئێستا كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ڕاگەیاندنی سێ رۆژ پشوی سەرتاسەری هەڕەشەی توند دەكات، سوپای جوڵاندووە و هێزی خستوەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە و لایەنە شیعەكانی عێراقی خستوەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، ئەوەش وەك پەیامی ئامادەكاری جەنگە لەلایەن ئێرانەوە بۆ ئەمریكا و پێدەچێت ئێران قبوڵی ئەو هێرشانەی ئەمریكا نەكات و هێز بۆ تۆڵە كردنەوە لە ئەمریكا بەكار بهێنێت.

لەلایەكی تریشەوە ئیسرائیل و ئەمریكا بەتەواوەتی سوپاكەیان خستوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێك كە بكرێتە سەریان، ئیسرائیل 22 هەزار سەربزای خستوەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە و ئەمریكاش تەنها لە كەنداو زیاتر لە 14 هەزار سەرباز و كەشتی خستوەتە حاڵەتی ئامادە باشییەوە.

لەهەر حاڵەتێكدا ئەمریكا دڵنیای داوەتە هەموو لایەك كە هەرگیز دەست بۆ شەر لەگەڵ ئێراندا راناكێشن و نایانەوێت لەگەڵ ئەو وڵاتە بكەونە شەڕەوە بەڵام دەستەوەستان نین و ئامادەشن بۆ ئەو شەڕە، ئامادەسازیەكەی ئەمریكا لەگەڵ ئامادە سازیەكەی ئێران جیاوازی هەیە، چونكە ئەمركیا بۆ بەرگری ئامادەیە نەوەك هێرش كردن، بەڵام ئێران دەڵێت ئێمە بۆ شەر ئامادەین و دەكرێت لە هەر ساتێكدا هێرش بكەن.

لەكاتێكدا هەردوو لایەنی ئێرانی و ئەمریكی لەسەر ئاستی باڵا ڕایانگەیاندووە كە نایانەوێت جەنگ رووبدات  نایانەوێت رووبەرووی یەكتری ببنەوە، بەڵام ئەوەی لەسەر زەوی دەبینرێت  دروست پێچەوانەی ئەو قسانەیە كە دەبینرێت، و رووداوەكان پێمان دەڵێن پێدەچێت لە هەر خولەكێكدا ئێرانی  و ئەمریكیەكان رووبەرووی یەكتر ببنەوە.

كێ دەیەوێت ئەمریكا و ئێران بچن بەگژ یەكدا؟
بەپێی بەڵگەنامەو زانیاریەكانی پنتاگۆن بێت ئەمریكا ئامادەسازی تەواوی كردووە بۆ ئەوەی رووبەرووی ئێران ببێتەوە و لە بەرامبەریشدا ئێران هەموو ئەو كارانەی كردووە كە پێویستن بۆ پاراستنی وڵاتەكەی و دەسەڵاتەكەی، بەڵام هەردوولاش دەڵێن نایانەوێت رووبەرووی یەكتر ببنەوە.

لەراستیدا دوو باڵی نهێنی لە نێو ئێران وئەمریكا و ئیسرائیلدا هەیە كە دەیەوێت شەر لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا رووبدات و رووبەرووی یەكتر ببنەوە، بەڵام تائێستاش روون نییە كە كێ بەتەواوەتی لەپشت خۆشكردنی ئاگری شەریی  ئەو دولایەنەیە بەڵام پەیتا پەیتا لە لایەن ئێران و ئەمریكاوە وردەپەلاماری یەكتری دەدەن بۆ ئەوەی شەرەكە گەورەترببێت.

ئەلحۆد ئەلەمۆدی ئیسرائیلی دەڵێت: دەوڵەتی ئیسرائیل بەبێ گەرانەوە بۆ هیچ وڵات و یاسایەك رووبەرووی ئەو هێزانە دەبێتەوە كە لە ئێرانەوە نزیكن ودەیانەوێت چەك لە ئێرانەوە بگەیەنێتە سنورەكانی ئیسرائیل و هێرش بكاتە سەر تەل ئەڤیڤ، بەڵگەش بۆ ئەوە ئەوەیە كە تەنها لە سێ مانگی رابردوودا  ئیسرائیل 78 ناوچەی لەناو سوریا و عێراق و لیبیا بۆردومان كردووە كە مۆساد دةڵێ بەپێیی بەڵگەكان ئێران موشەكی بالستی تێدا حەشارداوە و دەیەوێت ئاراستەی ئیسرائیلی بكات.

ئەوەش بۆ ئیسرائیل جێگەی قبوڵ نییە و لەهەر حاڵەتێكدا بزانن گروپێك بەهاوكاریی ئێران چەكی دەست كەوتووە بێگومان ئەوان رووبەرووی دەبنەوە و ئەمریكاش رەزامەندی لەسەر ئەو بڕیارەی ئیسرائیل دەربڕیوە و هیچ كاردانەوەیەكیشی لەو بارەیەوە نەبوە و چەندین جاریش خۆی بۆردومانی بنكەكانی ئێرانی كردووە.

لەلایەكی تریشەوە كۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی گروپە چەكدارە شیعەكانەوە هێرشی كردوەتە سەر بنكە و بارەگاكانی ئەمریكا و لە دواین جاریشدا لە رێگەی گروپی حزبوڵای سەر بە حەشدی شەعبی  هێرشی كاتوشایی و موشەكی كردە سەر بنكەی كەی وەنی ئەمریكا لە كەركوك و چەندین سەربازی بریندار كرد و بەڵێندەرێكی ئەمریكی مەدەنیش لە بنكەكە كوژرا.

ئەم كارەش بەتەواوەتی ئەمریكای تورە كردو وەڵامی كارەكەی ئێرانی دایەوە و هێرشی كردە سەر بنكەیەكی حەشدی شەعبی و بەدەیان چەكداری لێكوشتن، و لەبەرامبەریشدا بە فەرمانی قاسم سولەیمانی سەركردایەتی شیعە و حەشدی شەعبی هێرشی كردە سەر كونسوڵخانەی ئەمریكا و ئاڵۆزیەكی گەورە دروست بوو.

ئێستا كە بەشێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریكاوە كوژراون ئاڵۆزی نێوان ئەمریكا و ئێرانی زیاتر كردووە بەڵام ئەوە بەو واتاییە نییە كە شەریی دەستەو یەخەی نێوان ئەو دوو لایەنە رووبدات، بەڵام لە هەر حاڵەتێكدا پێدەچێت بچوكترین هەڵە هەردوولا وا لێبكات هێرشبكەن.

ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ئێران و ئەمریكاش ئامادەنین بۆ هیچ جۆرەشەرێك بەتایبەتی ئەگەر شەڕێكی گەورەی وەك شەری نێوان ئێران و ئەمریكا بێت كە دەبێتە هۆی ناسەقامگیریەكی گەورە لە ناوچەكەدا.

زەهێڵی ئیسڕائیلی لەو بارەیەوە نوسیویەتی ئەگەر رووبەرووبونەوە لە نێوان ئێران و ئەرمیكادا رووبدات بێگومان عێراق و سوریا و بەشێكی زۆر لە وڵاتانی عەرەبی و تەنانەت ئیسرائیلیش دەكەوێتە ئەو شەرەوە بۆیە لە ئێستادا هیچ كام لەو دوو وڵاتە ئامادەنین رووبەرووی یەكتر ببنەوە.

بۆ ئەوەی ئەو شەرەش روونەدات دەبێت هەردوو لا ئەو بزوێنەرانە لەكار بخەن كە هۆكاری هەڵگیرساندن وتورەكردنی یەكترین، لەراستیدا ئەمریكا هەرگیز سزاكانی سەر ئێران لانابات و هەموو ئەو كەسانەش كە داواكراون لە هەر حاڵەتێكدا بگونجێت دەیانكوژێت وەك ئەوەی ئەمرۆ بەرامبەر بە ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی كردیان، وە ئێرانیش هەركاتێك لە هەر گۆشەیەكەوە بۆی بگونجێت بنكەو بارەگاكانی ئەمریكا بۆردومان دەكات و هێرش دەكاتە سەر ئیسڕائیل.

گرێ كوێرەی ئاڵۆزی و نائارامیەكانی ناوچەكە لە دەستی باڵی دەستڕۆشتو دەسەڵاتی ئێراندایە كە هێڵێكە لە نێوان سوپاو وەزارەتی بەرگری و دەزگایی هەوڵگری و باڵی توندرەوی شیعەی دەسەڵاتدار و هەروەها خودی خامنەیدا كە لە هەر كاتێكدا دەتوانێت دەستبكات بە گفتوگۆ و كۆتای بە نا ئارامیەكە بهێنێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەم ئۆفەرە تەنها تا ئەو كاتە لەبەر دەستە كە ئێران دەستی بە چەكی ناوەكی نەگات، خۆ ئەگەر لە هەر حاڵەتێكدا دەستی بەچەكی ناوەكی بگات بێگومان هەڵوێستی ئێران بەتەواوەتی لەو بارەیەوە دەگۆڕدرێت.

ئەوە لەكاتێكدایە ئەمریكاش هیچ هیوایەكی بۆ گفتوگۆ نەهێشتوەتەوە و تەواوی دەرگاكانی بەرووی ئێراندا داخشتوە و نەفەس خنكێنی كردووە، بەشێوەیەك كە ئێستا ئێرانیەكان بەهۆی ئەو فشارە گەورەیەی لەسەریانە قوتی رۆژانەشیان دەست ناكەوێت، هەرچەندە نیەتێك هەیە بۆ ئەوەی ئەمریكا سزاكان سوك بكات بەو مەرجەی ئێران دەرگای راستەقینەی گفتوگۆ لە نێوان خۆیان و ئەمریكا دا بكاتەوە.